پێنج شه‌ممه‌ 18 نیسان 2024

چاندنی دووبارەی تۆوی مەرگ؛ قوربانییەکانی تەقینەوەی مین لە کوردستان⁄ ھاوڕێ یوسفی

ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەی مین لە ناوچەکانی ڕۆژاوای ئێران، بە تایبەت لە سنوورەکانی کوردستان پاش سێ دەیە لە کۆتایی‌هاتنی جەنگی ئێران و عێراق، ساڵ بە ساڵ تا دێت زیاتر دەکات و سەرباری گومان‌کردن لە ڕاستیی بانگەشەی بەرپرسانی دەوڵەتی بۆ پاکسازیی ناوچە مین‌ڕێژکراوەکان، دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کۆردستان کە ژیان و بژێوییان بەندە بەم سنوورانەوە، باس لە چاندنەوەی دووبارەی مین لە هەندێک لەم ناوچانەدا دەکەن.

بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەی مین لە کاتێک‌دایە که ئێران تاکوو ئێستا خۆی لە پەیوەست‌بوون بە “کۆنڤانسیۆنی ئۆتاوا” (پەیمانی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مینی دژەنەفەر) بواردووە.

“ئێران‌وایەر” هەر لەم پێوەندەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە قوربانییەکانی مین لەم ناوچانەدا وتووێژی تایبەتی کردووە و جگە لە گێڕانەوەی ڕەنج و ئازارەکانیان، پەرژاوەتە سەر ڕادەی پشتیوانی و خزمەت‌گوزاریی پزیشکیی ئۆرگانە دەوڵەتییەکان و هەروەها ئەو مەرجانەی کە پێویستن بە وەرگرتنی قوربانییەکان وەک کەمەندام لە لایەن فەرمانداریی شارەکانی ئەم ناوچانەوە.

***

جەنگی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٣٦٧ی دوای سەدان هەزار کوژراو، بریندار و کەمەندامی کۆتایی پێ‌هات بەڵام مینە بەجێ‌ماوەکانی ئەم جەنگە، تا ئێستایشی لەگەڵ بێت ئێرانی لە پلەی یەکەمی قوربانییەکانی مین لە جیهان‌دا هێشتۆتەوە. دانیشتوانی هەر پێنج پارێزگای کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان و خووزستان، پاش تێپەڕبوونی سێ دەیە، هێشتا لەگەڵ مەترسیی تەقینەوەی مینەکان‌دا بەرەوڕوون.

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی “ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو”، لە تازەترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی‌دا باس لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی مین لە ناوچە سنوورەییەکان و شارەکانی کوردستان‌دا دەکات.

بە گوتەی ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٤٠ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان‌دا بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە لەم ژمارەیە ٣٠ کەس بریندار و ١٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

ئەمە لە حاڵێک‌دایە کە “محەمەدحسێن ئەمیرئەحمەدی”، سەرۆکی “ناوەندی پاکسازیی مین لە ئێران” پیش‌تر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لەو ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆنمەی کە لە هەر پێنج پارێزگاکەدا مینیان تێدایە، تەنیا ٧٩ هەزار دۆنمی پاک نەکراوەتەوە.

چاندنی دووبارەی مین؛ دانیشتوانی سەرسنوورەکان چی دەڵێن؟

“ئەرسەلان”، کە لە سەرەتاکانی ئەم ساڵ‌دا بە هۆی تەقینەوەی مین لە کاتی کۆڵ‌بەری لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی سەربە شاری بانە قاچی ڕاستی پەڕیوە بە جۆرێکی‌تر باس لە بابەتەکە دەکات.

ئەو کە خۆی بە یەکێک لە قوربانییەکانی مینە تازە چێندراوەکان دەزانێت، بە ئێران‌وایەری وت کە سەرباری ئاشنابوون بە ڕێگاکانی هات‌وچۆ لەسەر سنوور و ناوچە مێن‌ڕێژکراوەکان، لەو پەڕێ ناباوەڕێ‌دا هەر لەو ڕێگا هەمیشەیی و ئەمینەوە کە هات‌وچۆی کردووە، مینە تازە چێندراوەکان تەقینوەتەوە؛ ئەوەیش لە مەودای نێوان سێ ڕۆژدا.

ئەو دەڵێت: “سێ ڕۆژ پێش ڕووداوەکە هەر لەو ڕێگایەوە بەبێ هێچ کێشەیەک بە سنووردا پەڕینەوە. بەڵام بۆ جاری دووهەم کە هیشتا لە سنوورەکە نەپەڕیبووینەوە تەقینەوەکە ڕووی‌دا و پاش پەڕێنی قاچی ڕاستم دەسبەجێ گوێزرامەوە بۆ خەستەخانەی بانە. تا پیش ئەوەی لە خەستەخانە لەسەر خۆ بچم بڕوام نەدەکرد لاقێکم پەڕیوە.”

بە گوتەی ئەرسەلان زۆربەی ئەو کۆڵ‌بەرانەی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مینە چێنراوەکان، بەشی هەرە زۆریان ڕێک ئەم ئەزموونەی منیان هەیە و بە هۆی دڵنیابوون لە ڕێگایەک کە هەمیشە پێی‌دا ڕۆیشتوون، لە سنوور پەڕیونەتەوە و بوونەتە قوربانی؛ واتە ئەو ڕێگایانەی کە پێش‌تر مین‌ڕێژ نەکرابوون بەڵام دوای ماوەیەکی کورت سەر لە نوێ مین‌ڕێژ کراونەتەوە.

ئەرسەلان لە درێژەدا جگە لە ئاماژەدان بە تێچووی قورسی ڕەوتی دەرمان و عەمەلی بڕینەوەی لاقی باس لە گرتنەبەری ڕێگاوشوێنی یاسایی و شکست‌هێنانی دەکات بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و قبووڵ‌کردنی وەک کەمەندام لە لایەن فەرمانداریی شاری بانەوە.

ئەو دەڵێت: “هەنگی مەرزیی بانه دوای پشت‌ڕاست‌کردنەوەی تەقینەوەی مین و سەردان‌کردن لە شوێنی ڕووداوەکە لە لایەن پاسگاکەی سەر بە خۆیانەوە، بە نامەیەک چۆنییەتیی ڕووداوەکەیان بۆ فەرمانداری باس کرد. بەڵام چونکە لە نامەکەدا وترابوو کە تەقینەوەی مینەکە لە خاکی عێراق‌دا ڕووی‌داوە ئیدارەی فەرمانداری دۆسییەکەی داخست و دۆسییەکەی من هیچ کات نەگەیشتە ئیدارەی بونیاد شەهید و کاروباری ئیسارگەران و بەدواداچوونەکانی ئێمەیش هیچ دەرەنجامێکی نەبوو. لە حاڵێک‌دا کە بە شایەتیی ئەو شایەتانەی لەوێ بوون و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە بوون ئەو تەقینەوەیە لە خاکی ئێران‌دا ڕووی‌دا.”

“ئەردەڵان تەپەڕەشی”، شارۆمەندی خەڵکی شاری پیران‌شار کە ئەویش یەکێکە قوربانییەکانی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورەییەکانی ئەم شارە و لاقی چەپی پەڕیوە، ئەزموونەکەی هاوشێوەی ئەزموونەکەی ئەرسەلانە.

ئەردەڵانی تەمەن ٤٢ ساڵ، کە تاقە کاسبکاری بنەماڵەکەیشیەتی و دوای بڕینەوەی لاقی چەپی سەرقاڵی دەسفرۆشییە لە سەر جادە، دەوری ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران‌دا بەر مین کەوت و لاقی چەپی هەر لە هەمان ڕێگاوە کە پێی‌دا هاتبوون و ڕێگای هەمیشەییان بوو، پەڕی.

ئەردەڵانیش بە ئاماژەدان بە چاندنەوەی دووبارەی مین لە هەندێک لە ناوچەکان و ڕێگاکانی هات‌وچۆی بەردەوامی کۆڵ‌بەران لە سنوورەکانی “پیران‌شار”دا گومانی قووڵی هەیە لە تەقینەوەی مین لەو ڕێگایانەی کە هەمیشە پێیان‌دا تێپەڕیون و پێش‌تر ڕێگایەکی ئەمنی پەڕنەوەیان بووە.

بە گوتەی ئەو: “مومکین نییە لەو ڕێگایانەی کە پێش‌تر هیچ تەقینەوەیەک تێی‌دا ڕووی‌ نەداوە لە ناکاو و لە مەودای چەند ڕۆژدا ژمارەیەک لە کۆڵ‌بەران، وەرزێران و شوانەکانی توولەڕێگا تاقی‌کراوەکان و ڕێگاوبانە دیاری‌کراوان تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین ببن. ئەگەر هات‌وچۆکان دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ و هەروەها دوای باران‌ بارین و جێگۆڕکێی مین بە هۆی کشانی زەوی بووبا، قبووڵ‌کراو بوو؛ بەڵام نەک لە مەودای چەند ڕۆژ و چەند حەوتوودا.”

ئەم شارۆمەندە پیران‌شارییەیش یەکێکە لەو قوربانییانەی کە هەوڵی داوە و داوای کردووە کە وەک کەمەندام لە لایەن بونیادی شەهیدەوە پشتیوانی و پاڵپشتی بکرێت بەڵام بە بیانووی سەقەت‌بوونی دۆسییەکەیەوە لە لایەن “فەرمانداریی پیران‌شار”ەوە داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە: “فەرمانداریی پیران‌شار سەرباری پشت‌ڕاست‌کردنەوەی ڕوودانی ڕووداوەکە لە خاکی ئێران‌ و سەردان و وێنەگەڵگرتن لە ئاسەوارەکانی ڕووداوەکە لە لایەن هەنگی مەرزیییەوە، بەبێ هیچ هۆکاری و پاساوێک ڕێگری کرد و بووە لەمپەری بەردەم دۆسییەکە و ناردنی بۆ بونیادی شەهید.”

ئەو پێیوایە کە لە بارودۆخی ئێستادا وەرگرتنی دۆسییەی بریندارەکان و بەرکەوتووەکانی تەقینەوەی مین‌دا “پارتی و پێشنیار”ی کەسایەتییە بە دەسەڵاتەکان لە ناو ئۆرگانە هاوئاستاستە دەوڵەتییەکان‌دا هیچ‌کات ڕەوتی ئیداری و تەواوبوونی دۆسییەکە بەرەوپیش ناچێت و ڕێگریی جیدی لێ‌دەکرێت: “نموونەی زۆر هەن کە ئیدارەی فەرمانداری سەرباری هەبوونی زانیاری درووست لەسەر زیان و برینداربوونی ڕووکەشە و ئاسایی کەسەکان، تەنیا بە بۆنەی پارتی و پیشنیاری کاربەدەستانەوە دۆسییەکەنیان نێردراوە بۆ بونیاد شەهید و وەک کەمەندامی چل تا شەست لە سەد بەر خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکانی بونیادی شەهید کەوتوون.”

“عایشێ”یش یەکێکی‌ترە لە قوربانییەکانی تەقینەوەی مین لە شاری “مەریوان” کە هەشت ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دەستەیەک لە شاخەوانانی مەریوانی‌دا، بە هۆی تەقینەوەی مینی دژەنەفەر لە یەکێک لە شاخەکانی دەوروبەری مەریوان‌دا لاقی چەپی لە دەست داوە.

هەڵبەت بەدواداچوونە ئیداری و پزیشکییەکانی ئەو لە کۆتایی‌دا دۆسییەکەی بردۆتە نێو “کۆمسیۆنی مادەی دووهەم” لە هێلال ئەحمەری سنە و دوای توێژینەوەیەکی زۆر و پشت‌ڕاست‌کردنەوەی کۆتایی، بەبێ دانەوەی تێچووەکانی لاقی مەسنووعی و پرۆسەی دەرمانەکەی لە خەستەخانە، ئەوەیان وەک کەمەندامی چل لە سەد هەژمار و ناویان لە لیستی کەمەندامان‌دا تۆمار کردووە.

ئەو بە ئێران‌وایەری وت کە “دوای تەقینەەوەکە دەسبەجێ برامە خەستەخانەی مەریوان و دوای عەمەل لاقی چەپیان بڕیمەوە. بەڵام پاش ماوەیەک لەگەڵ براکەم شوێنی دۆسییەکەم بۆ وەرگرتنی کارتی کەمەندامی کەوتم کە لە کۆتایی‌دا فەرمانداریی مەریوان بە ناردنەوەی دۆسییەکەم بۆ کۆمسیۆنی مادەی دووهەمی هێلال ئەحمەری سنە و دوای قبووڵ‌کردنی دۆسییەکەم کارتی کەمەندامیی چل لە سەدیان بۆ دەرکردم؛ بەڵام خۆیان لە دانی تێچووی خەستەخانە و لاقە مەسنووعییەکەم بوارد.”

ئەو لە ددرێژەدا بە ئاماژەدان بە ئاستی هەرە نزمی خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکان و هەروەها هەڵس‌وکەوتی دووفاقی و هەڵاوێردکارانەی بونیادی شەهید لەگەڵ کەمەندامان‌، لەو باوەڕەدایە کە گەندەڵی تەنانەت ئەم دامەزراوەیشی گرتۆتەوە و دەکرێت دیاری‌کردنی ئاستی بەرکەوتنی قوربانییەکانیش بە هاسانی لە لایەن بەرپرسە پێوەندی‌دارەکانەوە کەم یان زیاد بکرێت.

ئەو دەڵێت کە دوای قبووڵ‌کردنی دۆسییەکەی وەک کەمەندامی چل لە سەد نزیک ساڵێکە کە پارەیەکی ٧٥٠ هەزار تمەنییان وەک مافی پەرەستاری، ئەویش دوای ناڕەزایەتیی دەستەجەمعیی کەمەندامان و تاقی‌کردنەوەی دووبارەی پزیشکی، بۆ هەندێک لە قوربانییەکانیان بڕیوەتەوە: “بەڵام لەم ناوەدا کەسانێک هەن کە لە ڕێگەی ئەو پێوەندییانەوە کە هەیانە، جگە لە مووچەی مانگانە، خزمەتگوزاریی پزیشکی و لاوەکیان لە ئێمە زیاترە لە کاتێک‌دا دۆسییەکەنمان وەک یەکن یان جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.”

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …