سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

بیر و ڕەفتاری خۆکوژی ،کارەساتێکی مەترسیدارە لە رۆژهەلاتی کوردستان⁄ زانیار عەزیزنژاد

ھەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە.

دیاردەی کارەساتباری خۆکوژییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا رۆژبەدوای رۆژ زیادی کردوەو هەرچەند وەخت جارێک هەواڵێکی دڵتەزێنی لەم چەشنە بڵاو دەبێتەوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕادەی خۆکوژییەکان لە کوردستان، زیاتر گوندەکان و شارەکانی سەرسنووری گرتۆتەوە و قوربانییەکانی کارەساتی خۆکوژی سەربە چینی کەم‌داهات و دەسکورتی کۆمەڵگان.

هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ڕادەی خۆکوژییەکان لە کوردستان گوشاری ئابووری، بێکاری و دەسکورتی و کێشەی بنەماڵەیی لەبەرچاوترین هۆکارەکانن، لەگەڵ ئەمەش  زاڵبوونی بیری پیاوسالارانە و خەسارەکانی تەڵڵاق لە هۆکارەکانی خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستانە.
بویە بە پیویستی دەزانم هەڵسنگاندنی بیر و رەفتاری خوکوژی بزانین

هەڵسەنگاندن: پێویستە پرسیاری بیر و هەڵسوکەوتی خۆکوژی لە هەموو ئەوکەسانە بکرێت کە ئەگەری کۆتایهێنان بە ژیانی خۆیان هەیە، وە بەپێی زانستی دەرونناسی و ئەنجامی توێژینەوەکان پرسیارکردن بە هیچ جۆرێک بیری خۆکوژی ناخاتە مێشکی هیچ تاکێکەوە، بەڵام بە پرسیارنەکردن ئەگەری لەدەستدانی هەلی پێشکەشکردنی هاوکاری و ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشەکان زۆرە. لە کاتێکدا ئەگەر کەسەکە باسی خۆکوژی کرد یاخود هەر ڕەفتارێکی خۆکوژی لێ بەدی کرا پێویستە پرسیار لە هۆکارەکەی بکرێت و پاشان هەر ڕێگایەک کە ڕەچاوی کردبێت بۆ خۆکوشتن.

هەر وتەیەک وەک؛ هیچ داهاتوویەک نابینم، ئەم ژیانە هیچ واتا و خۆشیەکی نیە، یاخود هەر ڕەفتارێک وەک؛ بەبێ هۆ ماڵئاوایی لە کەسوکار و هاوڕێکانی بکات، بێ بوونی نەخۆشی دەرمان بکڕێت و کۆی بکاتەوە، زەنگێکن بۆ خێزان و هاوڕێکانی و پێویستە بەوریاییەوە چاودێری بکەن و هانا بۆ چارەسەری بارودۆخەکە بەرن.

بەپێ ی توێژینەوە زانستیەکان دەرکەوتوە، زۆربەی ئەوکەسانەی خۆیان کوشتوە، لانی کەم جارێک ئاماژەیان بۆ بیری خۆکوژی کردووە. ئەگەر هەر مەترسیەکی گەورە لەسەر ژیانی کەسێک هەبێت وەک هەبوونی بیری توندی خۆکوژی، یاخود هەوڵی خۆکوژی، پێویستە دەستبەجێ لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، تەنانەت ئەگەر بەزۆر و بێ ڕازیبوونی نەخۆشەکە بێت. پاش مانەوە لە نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، هەریەک لە ئەندامانی تیمی پزیشکی دەرونی ڕۆڵی خۆیان دەبینن لە گۆڕینی بیر و ڕەفتاری خۆکوژی و هێورکردنەوەی، و هانی نەخۆش دەدرێت هەر بیرێکی ئاڵۆز یاخود شتێکی هەیە، بە ئازادی باسی بکات، تا بتوانرێت باشتر چارەسەری بۆ بکرێت. هەروەها دەبێت هەرئامرازێکی خۆکوژی نە‌هێڵرێت لە ژینگەی نەخۆشەکە تا بەدوربێت لە بەکارهێنانیان. بەپێ ی توندێتی بیری خۆکوژیەکە، پێویستە نەخۆشەکە چاودێری بکرێت و ناوبەناو سەردانی بکرێت بۆ دڵنیابونەوە لە سەلامەتی، بۆ نمونە هەموو چارەکێک یان نیوسەعات جارێک، بەڵام لەو کەسانەی کە بەڕادەیەکی مەترسیدار بیر و هەوڵی خۆکوژیان هەیە، پێویستە هاوەڵی نەخۆشەکە، و لەو نەخۆشخانانەی کە هاوەڵیان نیە، تەنها پەرستار هاوەڵیان دەکات، پێویستە بەردەوام لە ژێر چاودێری دابنرێت تەنانەت لەوکاتانەی کە خەوتووە، نەک بە مەبەست خۆی کردبێت بە خەوتوو، و لە هەلێکدا خۆی بکوژێت. لەو کەسانەی گرفتاری نەخۆشیەک یان زیاتری دەرونین، دەبێت چارەسەری پێویست و خێرای حاڵەتەکانیان بکرێت، چونکە زۆرکات بیری خۆکوژیەکە ڕەنگدانەوەی نەخۆشیەکەیەتی، بۆ نمونە لەو نەخۆشانەی کە خەمۆکی گەورەیان هەیە و وازیان لە نان خواردن و ئاوخواردنەوە هێناوە، و مەترسی وشک بونەوە و لەدەستدانی گورچیلەکانیان لێدەکرێت، دوای خەواندنی لە نەخۆشخانە، چارەسەری تەزووی کارەبایان بۆ دەکرێت. پێویستە لەهەندێ قۆناغی نەخۆشیەکاندا چاودێریەکی زیاتری نەخۆشەکان بکرێت، بۆ نمونە لە نەخۆشی خەمۆکی گەورە، کاتێک خاو و خلیچکی نامێنێت، لەبەرئەوەی هەندێ نەخۆش بیری خۆکوژی هەیە بەڵام لەبەر لاوازی ناتوانێت پەنای بۆ بەرێت، و کاتێک چالاک دەبێتەوە هەوڵەکەدەدات، یاخود لەو نەخۆشانەی وەک شیزۆفرینیا، کاتێک نەخۆشەکە بە ئاگا دێتەوە کەنەخۆشیەکی هەیە و لە حاڵەتەکەی تێدەگات، هەندێ جار پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، لەبەر لاوازی و بێ ئومێدیان لە بەرامبەر نەخۆشیەکە، هەربۆیە دەبێت هانیان بدرێت بۆ بەردەوام بوون لە وەرگرتنی چارەسەر و دڵنیاکردنەوەیان.

ڕێگاکانی پاراستنی تاک لە خۆکوژی

بێگومان هەموو چین و توێژ، و خێزان و ناوەندە پەروەردەیی و ڕۆشنبیریەکان دەبێت ڕۆڵ بگێڕن لە هوشیارکردنەوەی تاک و پاراستنیان لە هەوڵی خۆکوژی.

پێویستە لەسەر حکومەت هێڵێکی گەرم وەک هێڵی فریاکەوتن و ئاگرکەوتنەوە دابنێت بۆ بەرەنگاربونەوەی خۆکوشتن، بەجۆرێک هەرکەسێک ویستی پەنابەرێتە بەرخۆکوشتن، بتوانێت پەیوەندیان پێوەبکەن و لایەنی پەیوەندیدار فریایان بکەون، چونکە ئەوکەسانەی خۆیان دەکوژن هەموو هەوڵێک دەدەن، و کاتێک لەهەمووشتێک بێ هیوا دەبن، ئەوکاتپ ەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن.

هەروەها پێویستە لەسەر میدیاکان ئەو فیلم و درامایانەی کە خۆکوشتن وەک قارەمانێتی نمایش دەکەن، بڵاونەکەنەوە تا کاریگەری لەسەر کەس دروست نەکات، بەتایبەت چینی هەرزەکاران. پێویستە لەسەر کۆمەڵگا نەخۆشی دەرونی وەک هەرنەخۆشیەکی تر تەماشا بکات، کە بنەمای زانستی هەیە، و چارەسەری پێویستی هەیە، تا ئەوانەی گرفتارن بەنەخۆشی دەرونی لە لەکە ی کۆمەڵگا نەترسن و شەرمیان لە بەهاناوەچونی چارەسەری دەرونی نەبێت.

کوگای زانستی دكتۆر هێمن فاتح حمەکریم
پزیشکی پسپۆڕی دەرونی

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …