چەتە چەکدارەکانی ڕێگای ئەهواز تەنگیان بە شۆفیر کامیۆنەکانی کوردستان هەڵچنیوە⁄ ھاوڕێ یوسفی

ئەو شۆفیر کامیۆنانەی کە بە جادەکانی ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای ئێران‌دا هات‌وچۆ دەکەن دەڵێن لە چەند مانگی ڕابردوودا چەتەگەریی چەکدارە ڕێگرەکان زیادی کردووە و پەنچەربوونی تایەری کامیۆنەکە یان کێشەیەکی بچووک کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی کامیۆنەکەیان کارەساتێکی گەورەیە. سەرچاوە خۆجێییەکان بە “ئێران‌وایەر”یان وت کە لە سێ مانگی ڕابردوودا نموونەکانی ڕێگری و چەتەگەری و کوشتنی ئەوانەی کە خۆیان بە دەستەوە نادەن و خۆڕاگری دەکەن زیادی کردووە. هەندێک لە شۆفیرەکان و کامیۆندارانیش دەڵێن کە کۆی ئەم ڕووداوانە لە بێ‌دەنگی و گوێنەدانی هێزی ئینتزامی و سپای پاسداران‌دا ڕوو دەدات.

***

هەواڵی کوژرانی “ئەشکان کشاوەرز”، شۆفێر کامیۆنەکەی خەڵکی کامیاران، ٩ سەرماوەزی ١٣٩٩ بڵاو کرایەوە. ئەشکان کشاوەرز لە جادەی ئەهواز و بەدەستی چەتە چەکدارەکان کوژرا. دەنگدانەوەی کوشتنی ئەم شۆفیر کامیۆنە جگە لە نیگەران‌کردنی زۆربەی ئەو شۆفیر کامیۆنانەی ناچارن بە جادەکانی ئەو ناوچانەدا بڕۆن، زۆربەی هەرە زۆری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆندارانی پارێزگای کوردستانی نیگەران و بێ‌تاقەت کردووە.

بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، دەوری ساڵێکە کە هەڵێنجانی خاکی ئاسن لە هەر سێ کانگاکەی “حەسەن‌سەلاران”، “عەلی‌ئاوای چاخلوو” و “یاپشخان”، سەربە شاری سەقز لە پارێزگای کوردستان، لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران‌دا دەستی پێ‌کردووە. ڕۆژانە دەیان کامیۆن، بە تایبەتی کامیۆنەکانی هەر دو شاری دیواندەرە و سەقز، خاکی ئەم کانگایانە بار دەکەن و بەرەو کارخانەکانی کۆنسانترەی ئاسن لە شاری زەرەندی پارێزگای کرمان وەڕێ دەکەون.

ئەم شۆفیرانە ناچارن لەم ڕێگایەوە، سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، تێبپەڕێن. یەکێک لە شۆفیرە دیواندەرەییەکان بە ئێران‌وایەری وت کە پەنچەربوونی تایەری کامیۆنێک لە جادەکانی نێوان ئەم سێ شارەدا کابووسێکی گەورەیە: “سرویس و پیشوودا، چوار کامیۆنی سەقزی و دیواندەرەیی بەرەو کرمان وەڕێکەوتین کە کامیۆنەکەی من هەر لەم ناوچەیەدا پەنچەربوو. بە تێلێفۆن لەگەڵ شۆفیرەکانی پێش و پاش خۆم قسەم کرد و داوام لێکردن زوو بە زوو بگەنە لام. چونکە پەنچەربوون لەم ڕێگایەدا ڕێک وەک کارەسات وایە، نازانی چی ڕوو دەدات. هەموویان هاتن و بەدیارمەوە ڕاوەستان تاکوو تایەرەکان بگۆڕم.”

بە گوتەی یەکێکی‌تر لە شۆفیرەکان کە بۆخۆی قوربانیی دەستی ئەم چەتە چەکدارانە بووە، “لە جادەی نێوان شووش و ئەندیمێشک‌دا سەیارەیەکی جۆری پڕاید پێشی بە کامیۆنەکە گرت. دەسبەجێ چوار کەس لەو سەیارەیە دابەزین. دوانیان چەکدار بوون. یەکێک لە چەتەکان چەقۆیەکی خستە سەر ملم و ئەوی‌تریشیان گیرفانەکانی ڕووت کردمەوە. یەکێکی‌تریش چووە نێو کامیۆنەکە و هەموو ئەوو شتانەی کە پارەیان دەکرد دەری‌هێنا. زۆریان لێ‌پاڕامەوە کە من شۆفیرم و ژن و منداڵم هەیە. هەر دەڵێی لەگەڵ ئەوانیشم نەبووبێ. چی هەبوو بردیان؛ مۆبایل، پارەی کاش، کاتژمێرەکەی دەستم و پەخشی ماشینەکەم.”

هەر ئەم کەسە گوتی، دوو شۆفیری دیکەیش دوای خاڵی‌کردنی بارەکەیان و کاتێک دەگڕانەوە شوێنی خۆیان هەر کامەیان کوولێر گازیەک و یەخچاڵێکیان لە بەندەری گناوەوە بۆ تاران دەبرد، هەر لەم جادەیەدا چەتە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەریان: “چەتە چەکدارەکان پێش کامیۆنەکانیان گرتبوو و دوای بردنی هەموو شتومەکە بەهادارەکانی ناو کامیۆنەکە و پارەی کاشی شۆفیرەکان، چادری کامیۆنەکانیان پارچە پارچە کرد و کوولێر و یەخچاڵەکانیان برد.”

شۆفیرێکی سەقزیش ئاماژەی کرد بە ئەزموونە ترسناکەی خۆی هەر لەم جادەیەدا و بە ئێران‌وایەری وت کە دەوری دوو مانگ پێش، کاتێک کە زۆر ماندوو بووە و ناچار بووە لە نزیک شاری شووش پشوویەک وەربگرێت، چەتەکان پەلاماریان داوە و هێرشیان کردۆتەسەری: “نیوە شەو بوو. شیشەی کامیۆنەکەیان شکاند. لە خەو داچڵەکام. واقم‌ڕماوبوو و خوێنم تێ‌دا نەمابوو. عەبەسابووم و زمانم شکابوو. دەرگای کامیۆنەکەیان کردەوە و ڕایان کێشامە خوارەوە. هەرچی هەبوو و نەبوو بردیان.”

هەر ئەم شۆفیرە سەقزییە لە زمانی یەکێک لە هاوکارەنییەوە لە شاری زەرەند دەڵێت لە سێ مانگی ڕابردوودا چەتە چەکدارەکان سێ- چوار شۆفیریان کوشتووە. بۆ نموونە دوو مانگ پێش شۆفیر کامیۆنێکی خەڵکی شاری مەشهەدیان لەگەڵ کوڕەکەی‌دا کوشت.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە چەتەکان زۆرجاران پەلاماری ئەو سەیارە و کامیۆنانە دەدەن کە پێ‌دەچێت غەریب بن و پلاکی سەیارە و کامیۆنەکانیان هی ئەو ناوچەیە نەبن.

هەندێک لە کامیۆندارەکان ئاماژیان‌دایە ڕووداوێک لە حەوتووی ڕابردوودا. شۆفیرێکی گەنجی تارانی لە نزیک شاری شووش‌دا کامیۆنەکەی ڕاگرتبوو بۆ ئەوەی فلاسکی چاییەکەی پڕ بکات. لەو چەند خولەکەدا دوو چەتە خۆیان دەخەنە کەلێنی نێوان کەلەی کامیۆنەکە و مەخزەنەکەیەوە و شۆفیرەکەیش سواری کامیۆنەکە دەبێت پێیان نازانێت: “پاش ئەوەی کامیۆنەکە لەو ناوچەیە دوور کەوتبوەوە، هەر دوو چەتەکە بە مست دابوویان لە بەدەنەی سەیارەکە و دوایان لە شۆفیرەکە کردبوو کە کامیۆنەکە ڕابگرێت. دەگوترێ بۆریی گازۆییلی کامیۆنەکەیان قرتاندبوو تا ناچاری بکەن کامیۆنەکە ڕابگرێت. دوای ڕاگرتنی کامیۆنەکە تێریان لێداوە و هەرچیی پێ‌بووە بردوویان و ڕووتیان کردۆتەوە.”

شۆفیرە سەقز و دیواندەرەییەکان دەڵێن پاش ئەم ڕووداوانە ناچارن لەگەڵ یەک‌تر هەماهەنگی بکەن و چوار – پێنج کامیۆن پێکەوە و بە ڕیز و لە نزیک یەکەوە لەم هێڵەوە تێبپەڕێن: “بە درێژایی ڕێگاکە لە ئاوێنەکەوە چاودێریی یەک‌تر دەکەین. کەس ئەوی‌تر بەجێ‌ ناهێڵێت و بەردەوام بە تێلێفۆن ئاگاداری یەک‌ترین. ئەگەر تەنیا نەبین پێ‌ناچێت هێرش بکەنە سەرمان. زۆربەی شۆفیرەکان بۆ بەرگری لە خۆیان باتۆمی کارەبایی، سپری و چەقۆیان بۆ ڕووداوێکی نەخوازراو پێیە.”

بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە زۆربەی شۆفیرەکان جگە لە ڕەخنەی تووندیان لە گوێنەدانی هێزی ئینتزامی و سپای پاسداران لەم ناوچەیەدا، دەڵێن کە بێدەنگیی سپای پاسداران و ڕووبەڕوونەبوونەوەی هێزی ئینتزامی لەگەڵ ئەم چەتە و ڕێگرە چەدارانە بە ڕاستی جێگای گومانە. هێندە ئەم ڕووداوانە دووپات بوونەتەوە کە خەریکی دەبێتە باو.

یەکێک لە شۆفیرەکان لە کاتی قسەکردن‌دا دەنگی دەلەرزی و بە بوغزێکەوە وتی: “چار نییە و ناچارین خۆمان لەگەڵ ئەم هەڕشانەدا بگونجێنین. چونکە بەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییەوە ڕێگایەک نییە جگە لە درێژەدان بە کار بۆ دابین‌کردنی قووت و بژێویی ژیان. وڵات داڕماوە. دزی تان‌وپۆی وڵاتی داگرتووە. کەس ناوێرێ بەرپرسیارێتیی شتێک وەئەستۆ بگرێت. ژیان و گوزەرانی کەس باش نییە.”

سەرچاوە: ئێران وایر

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …