«بێکاری و یاریکردن بە ژمارەکان» / رێباز« محەممەد» ئەمینیان


بێکاری و یاریکردن بەژمارەکان

کەمکردنی رێژەی بێکاری لە ئێران، ئەویش لە رۆژانێکدا کە هیچ گەشەیەک لە ئابووریی ئەو وڵاتەوە بەدیناکرێت، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ سیاسەتەکانی حکومەت. ئەگەرچی تۆمارکردنی رێژەی بێکاری ساڵی 1398ی هەتاوی لەنێوان مانگی رێبەنداندا بووە و پێش بڵاوبوونەوەی ویروسی کۆرۆنا بووە، بەڵام بێ لەبەرچاوگرتنی رێژەی هەڵئاوسان و نەبوونی گەشەی ئابووری، بە جۆرێک لە یاریکردن بە ژمارەکان دەچێت.
بەپێی ئامارەکانی حکومەت لە ساڵی 1398ی هەتاویدا تا ئێستا رێژەی بێکاریی لاوانی 15 تا 24 ساڵ لە سەدا 26 و رێژەی بێکاریی کەسانی 18 تا 35 ساڵ لە سەدا 17.9 بووە. هەروەها لە سەدا 50.3ی ئەو کەسانە لە بەشە خزمەتگوزارییەکاندا، لە سەدا 32یان لە بەشی پیشەسازیدا و لە سەدا 17.7یشیان لە بەشی کشتوکاڵدا کاریان کردووە و لە سەدا 28ی چینی خوێندەواریش بێکارن. رێژەی بێکاری لە ئێران لە ئاستێکدایە کە حکومەت تەنیا لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانییەوە گرینگیی پێدەدات و جیا لەوە هەنگاوێکی جیددیی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نەناوە.

بێکاری بەشێکی جیا نەکراوەی نیزامی سەرمایەدارییە. هێزی کار لەم نیزامەدا کالایەکە کە وەک هەموو کالایەکی دیکە، هەرچی زیاتر کەوتبێتە بازاڕەوە، نرخەکەی هەرزانتر دەبێت و ئەمە ڕاست ئەو شتەیە کە سەرمایەداران وەک کڕیارانی هێزی کار، بەشوێنیەوەن. کەڵەکە کردنی سەرمایە، بەرهەمی چەوساندنەوەی هێزی کارە و هەرچی هێزی کار هەرزانتر بێت، قازانجی سەرمایە زیاتر و کەڵەکە بوونیشی خێراتر و قەبەتر دەبێت. بۆ کۆماری ئیسلامیش وەک دژی خەڵکی ترین ڕژیمی سەرمایەداری لە جۆری خۆی، بوونی لەشکری بەرینی بێکاران، ئیمکانی هەرزانتر بوونی هێزی کاری بۆ فەراهەم دەکات. لەم ڕووەوە نە تەنیا بوونی بێکاری خۆی لەخۆیدا مەتڵوبە، بەڵکوو سەرمایەداران دەست لە دەستی دەوڵەتدا هەوڵ ئەدەن تا بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگرن. ئەگەر نیگەرانیی لە پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوە گرتوو لە گوشاری خەباتی کۆمەڵایەتیی نەبوایە، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان، بە بێ سڵ کردن و پرینگانەوە ئەم دیاردەیان لە خزمەت تەماح و زێدەخوازی خۆیاندا هەرچی زیاتر بەکار دێنا. بەڵام ئاشکرایە کە چینی کرێکار کۆیلەی بێ ئیرادەی قازانج پەرستی ئەوان نییە. تا ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا خەباتی چینی کرێکار گەلێک بەربەستی خستۆتە سەر ڕێی ئەم قازانج پەرستییەوە. بۆ نموونە ئەم خەباتە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانی ناچار کردووە کە بێمەی بێکاری بدەن بە کرێکارانی بێکار.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بێکاری لە ئێران بوونی لەشکری بەرینی بێکارانی ئەو کەسانەیە کە خوێنەدنی دەبیرستان و زانکۆیان تەواو کردووە. لاوانی زیاتر لە بەینی تەمەنەکانی ١٥ بۆ ٣٠ ساڵیدا یەک لەسەر سێی جەمعیەت و ڕەقەمێکی نزیک لە ٢٥ بۆ ٣٠ میلیۆن کەسی پێکدێنن. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ڕژیمەوە بڵاو بوونەتەوە نزیکەی ١٢ میلیۆن کەس لە جەمعیەتی ئێران یان خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە یان لەحاڵی خوێندنیدان. ئەوە لەحاڵیکدایە کە فولادوەند ئەندامی کۆمیسیۆنی دیفاع لە بەرهەمهێنانی میللی مەجلیس وتویەتی “کە بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ئاستی ٣٥ لەسەد”. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتوودا دەستیان لە کار و پێشیەکی گونجاو گیربێت، لەمرۆدا دەبینن نە تەنیا ئەم ئامانجەیان بەدینەهاتوە، بەڵکوو خوێندنی زانکۆش بۆتە گرفتێک بۆ دۆزینەوەی کارێک بۆ لاوەکانیان. ئەگەرچی دانی ئامار لە لایەن ئۆرگان و ناوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامیەوە، بە تایبەت لەوێدا کە دەگەڕێتەوە بۆ دانی وێنایەکی ڕوون لە مەسایل و موشکلاتی کۆمەڵگا، جیی متمانە نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی بەرینی ئەو کێشە و گرفتانەی کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ژیانی خۆیاندا لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا لەگەڵی دەستەویەخەن، بەرپرسانی دەوڵەتی ناچار دەکات کە هەر جارناجارێک گۆشەیەک لە ڕاستییەکان بۆ داپۆشینی سەرجەم ڕاستییە تاڵەکانی ژیان لە ئێران بخەنەڕوو. دانی ئامار لە پێوەند لەگەڵ گرفتی بێکاری لەنێو لاواندا لەو بابەتەیە.
کار و ئەمنییەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاری کافی، خواست و مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کرێکارانی لەسەر کار و بێکار و لاوانی خوازیاری کارە. بەڵام ئەم مافە بە خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و هەڵبەت تەنیا بە بەرپا کردنی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیەک کە بارودۆخە عەینیەکەی ئامادەیە. هێزی بیلقوەی ئەم بزوتنەوەیە نە تەنیا هێزی میلیۆنی کرێکارانی بێکار، بەڵکوو بەمیلیۆن کرێکاری لەسەرکار و بنەماڵەکانیشیان کە دیوەزمەی بێکاری ئەمنییەتی پیشەیی لێزەوت کردون دەگرێتەوە. بزوتنەوەیەک کە بە هۆی درێژەی قەیرانی ئابووریی، بەرینتر بوونەوەی بێکارسازییەکان و داخوازیە هاوبەشەکان، دەکرێ بە خێرایی جەماوەری و بەهێز بێت. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ پیلانی بێکاری کە لە لایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوە بۆ درووستکردنی تەفرەقە لە ڕیزی کرێکاراندا بەکاردێت، پۆچەڵ بکاتەوە . بەڵام بەروپێش بردنی ئەم خەباتە و گەشە پێدانی تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ، پێویستی بە هاوپشتی هەڵسوڕان ، تۆڕ و مەحفەلە و شیارەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی کرێکار ئیراندا هەیە. لەشکری بەرینی بێکاران و ئاگاداربوون لەمەترسی ئەوخەسارە پر ئازارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیاندان ، زەرفیەتی زۆر و بەرزی ناڕەزایەتییەکان، بە تایبەت لە نێو بەشی خوێندەواری بێکاراندا کە گشت ئاوات و ئارەزوەکانیان بە فەوتاو دەبینن ، بەدی هێناوە . شکڵ گرتنی و شیارانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەمانحاڵدا دەبێتە زەمینەساز و ڕیگە خوشکەری بەرپا بوونی رێکخراوە جەماوەرییەکان و بە بەردەوام بوونی کاری کرێکاران .

نووسەر: رێباز «محەممەد»ئەمینیان

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …