چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

پەیامی هاوسەری گیانبەختکردوو کاک شەریف باجوەر بۆ خەڵکی  کوردستان

هاوسەری گیانبەختکردوو “شەریف باجوەر”، لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردووانی ژینگەی کوردستان، پەیامێکی پێشکەش بە هاوڵاتیانی کوردستان کرد.

زاگرۆس پۆست: ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا، خەڵکی مەریوان و کوردستان، لەسەر گڵکۆی کاک “شەریف باجوەر” و کاک “ئومید کۆنەپۆشی” ئامادە بوون و یادی گیانبەختکردووانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.هەروەها لەم ڕێوەڕسمەدا، سەرجەم ئەنجومەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت ژینگەپارێزان، ئەنجومەنەکانی ئەدەبی و هونەری بەشدار بوون و پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە و سوێندی وەفا بە ڕێبازی گیانبەختکردووان دووپات کرایەوە و هەروەها هاوسەری گیانبەختکردوو کاک “شەریف باجوەر” پەیامێکی پێشکەش بە بەشدار بووان و خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە:

خەڵکی نیشتیمانپەروەر و ژینگەپارێزی کوردستان

هاوشارییە دڵسۆز و بەئەمەگەکانمان

لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەسەر گڵکۆی شەهیدان، “شەریف باجوەر” و کاک “ئومێد”دا ، کۆبووینەتەوە تا ڕێز لە یاد و بیرەوەری و هزر و ئایدیا کەسکەکانیان بگرین و تاسەی دیداریان بشکێنین .

“شەریف” بۆ من، هاوسەرێکی خەمخۆر و دڵسۆز و خەمڕەوێن بوو. بەڵام ئێستا ئیتر ئەو تێکەڵ بە دار و دەوەن و بنچک و گژوگیای زاگرۆس بووە و ئەو لە ” تاکەکەسەوە ” بووەتە ئیدە و هێمای پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان. هەر بۆیەشە، ئێوەی بەڕێز وەک من لێرە ئامادەن و بە ئامادەبوونتان، دڵی ئێمەتان خۆش و ڕۆحی شەهیدی نیشتمانیشتان، شاد کردووە

“شەریف” کورد بوو و هەر لەم مەریوانەی خۆمانەوە شەیدای زرێبار و مراوییەکانی بوو و هەر لێرەشەوە، پەیمانی هاوڕێیەتی لەگەڵ میراجی و سوورێن و قەلەبەرد و زەڕەوەدا بەست. هەر لێرەشەوە بوو کە بووە ئەڤینداری بست بە بست و پێدەشت بە پێدەشت و تاڤگە بە تاڤگە و ڕەوەز بە ڕەوەزی زاگرۆس و لە گیانیدا ئەڤینێکی کەسک کەسک چرۆی دەرکرد.

ئەو لە خۆشەویستیی کوردەوە، فێر بوو هەموو مرۆڤی خۆش بوێت و لە خۆشەویستیی کوردستانەوە فێر بوو، هەموو زەوی بە لانکە و دایکی خۆی بزانێت. هەر لەو پێناوەشدا بوو بیرۆکەی “پێنج شەممەی مێهرەبانی” لە زەینیدا شکڵی گرت و وەک ئامانج و هیوایەک بۆ داهاتوویەکی مرۆڤدۆستانە گرنگییەکی زۆری پێدا و یەکەم هەنگاوەکانی بۆ پەرەپێدان و گشتگیرکردنی ئەو بیرۆکەیە هەڵگرت. ئەو لە قووڵایی ناخیدا، مرۆڤێکی بە مانای تەواوی وشە بوو، هەر بۆیە لە کار و کردەوە و پەیڤیدا، مرۆڤایەتیی دەکەوتە شەپۆلان .

“شەریف”، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە مرۆڤێکی دڵناسک و نەرم و نیان بوو، فێری کردین کە لە بەرامبەر نەهامەتی و وەیشوومە و زریاندا، ئاویەر و بێستوونێ بین لە بەرخۆدان و بەچۆکدانەهاتن.

ئەو قوتابخانەی کاری دڵسۆزانەی بێ چاوەڕوانیی پاداش بوو. فێری کردین ژینگەی نیشتمان، دایکە و دەبێ ڕێزی بگرین. ئەو پێی وابوو، کاولکردنی ژینگە، کاولکردنی مرۆڤە و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤ، دەبێ گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەکاری هەرەوەز و ئەڤینێکی داگیرساوەوە، ژینگەکەیان بپارێزن.

لە کۆتاییدا، پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازیان، لەسەر گڵکۆی ئەم دوو شەهیدە سەربەرزانەمان، دووپات دەکەینەوە و ڕێگەی کەسکیان تا بەدیهاتنی ئایدیا و هزرە درەوشاوەکانیان، دەپێوین. چۆن لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا و سەرباری ئەو تەنگەژە و گرفتانەی بۆم دروستکران، ڕێگاکەی شەریفم بەرنەدا، بەڵێن دەدەم لەمەودوا بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە ئەو ڕێگایە بەردەوام بکەم و بەڵێنیش دەدەم تاکوو بە هاوکاریی ئێوەی ئازیز بیرۆکەی “پێنجشەممەی مێهرەبانی”یش پەرە پێبدەم و بیگەینمە لووتکە.

 

ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانیان، پڕ ڕێبوار بێت.

سپاس بۆ ئامادەبوونتان

سپاس بۆ خەمخۆریتان

سپاس بۆ هێژاییتان

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …