دوو هاوڵاتی كه له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئه‌منییه‌كانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنیکی نادیار كرابوون هیچ هەواڵێک له مەڕ چاره‌نووسیان له‌به‌ر ده‌ستدا نیه.
به پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری زاگرۆ پۆست؛ دوو هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی “عەلی مەحموودی و جەزا مەکاری”،خەڵکی شاری نۆدشە سەر بە پارێزگای کرماشان ڕۆژی سێ شەممە ١١ی پووشپەڕ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیمەوە ده‌ستبه‌سه‌ر کراون،سه‌ره‌ڕای به‌دواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ دڵنیابوونه‌وه له چارەنووسی ڕۆڵه‌كانیان، تا ئێستا نەیاتوانیوە هیج زانیارییەک بە دەست بێنن.
هێزە ئەمنیەکانی ڕژیم، ئەم دوو هاوڵاتیە کوردەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیمی ئێران”، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.