چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

ژنانی خەباتکاری کوردو گۆڕانی هاوسەنگی هێز / گەلاویژ عەبدیکانی

دواکەوتوویی و توندوتیژی ئایینی کە بەرهەمی ئیدۆلۆژی ئیسلامییە، زیاتر لە 1500 ساڵە کە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سێبەری خۆی خستوەتە سەر توێژگەلی جۆراجۆری کۆمەڵایەتی و دانیشتووانی ئەم ناوچە.

هۆکارو چۆنییەتی دەرکەوتنی ئەم دیاردە و بە تایبەتی کردەوەیان لە دژی خەڵکی چەوساوەو ئازادیخوازی کوردستان لە هیچکەس شاراوە نیە، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە چاوخشاندنێکی خێرایە بەسەر رۆڵی ژنانی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی جەللادانی مێژووی مرۆڤایەتی. هەر بەم پێیە سەرەتا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە دوو شوێن لە کوردستان و لە نیشتمانێکی هاوبەش و تەقریبەن لە یەک کاتدا، بووە سوژەی زۆربەی هەواڵنێرییە جیهانییەکان، واتە یەکێکیان شەنگال و ئەوی دیکەش کۆبانێ. کە یەکەمیان هێماو وەبیرهینەرەوەی دەردو رەنج و کۆیلایەتییەکی رەش و شەرمهێنەر لە رۆڵی بەڕێوەبەرییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەوی دیکەش کۆبانێ وەک بەرگێکی زێڕین و پڕ لە سەروەری کە بووە وێردی سەر زمانی هەموو ئازادیخوازانی جیهان.

چ شتێک دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە دوو کردەوەو بەرهەمی بە تەواوی دژ بەیەک لەم ئەزموونە بەدەست بێت..

لە راستیدا لەو کۆمەڵگایانەی کە دیاردەی پیاوسالاری بەسەریدا زاڵە، ژنان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئابوورییەوە بەرەو پەراوێز پاڵ پێوەدەنرێن و لە ژێر هێژمۆنی پیاوان و لە درێژەی مسۆگەربوونی مەبەستەکانی ئەوان وەکوو کەرەسەیەک بەکار دەهێنرێن، تا ئەو جێگەی کە بە تەواوی سەربەخۆیی فیکری و کۆمەڵایەتی خۆیان لەدەست دەدەن. وە ئەمە تەنیا بەرهەمی تێڕوانینی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە سیستەمی حوکمڕانیان لەسەر هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن بنیات نراوە، واتە سیستەمێکە هیچ پەیوەندییەکی بە سۆسیالیزمەوە نیە تا ئەوەی مەجالی گەشەکردن بە شێوەی یەکسان بۆ هەموو کۆمەڵگا بڕەخسێنێت. لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە واتە دەسەڵات لە دەستی کۆمەڵێک کەسدا قۆرخ دەکرێت و هەموو بڕیارەکان لە سەرەوە بەرەو خوار بەڕێدەکرین و بەمشێوە جەماوەری خەڵک واتە سەرەکیترین بەشی کۆمەڵگا لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێبەش دەکرێت. لەم سیستەمانەدا دابەشکردنی دەسەڵات تەواو ناعادڵانەیە، هەر بۆیە لە سەرەکیترین بەرهەمەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئابووریەکان لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان بکەین. عەفرین و شەنگال دوو نموونەی تازەی مێژووین کە دەتوانن کۆمەڵێک بابەتمان لەمبارەوە بۆ وێنا بکەن، لە عەفریندا ئێمە وێنەی بەرخۆدانێکی جەماوەریی گەورە دەبینین کە ژنان بە بەشداریی چالاک و گەرم و گوڕیان ئەو خەباتەو ناووناوبانگی ژنی کوردو ئەو بزووتنەوەیان گەیاندە لووتکەو بە پێچەوانەش لە شەنگال بە هۆی نەبوونی حیزبێکی جەماوەری و هەمەگیر کە بتوانێ خەڵک بۆ ئەو بەرخۆدانە رێکبخات و بە دوای ئەویشدا بتوانێ سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیمۆکراتیک ئامادە بکات کە هەموو پوتانسیەل و وزەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەو بەرخۆدانە، لەبارچوو.  ئەم مەسەلە کە بە پەراوێزخستنی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان و لەبەرچاونەگرتنی توانایی و زەرفیەتیان بۆ ئامادەبوون لە بەرانبەر رووداوگەلی نەخوازراو بووە هۆی ئەوەی کارەساتی شەنگال و بەدیلگرتن و ژێرپێخستنی کەرامەتی ئینسانی لێبکەوێتەوە.

ساڵی 1357 کە کۆمەڵە چالاکی خۆی ئاشکراکرد کاک فۆئاد هەنگاوی یەکەمی بۆ بە فەرمی ناسینی مافی ژنان هەڵگرت و ئەم مەسەلەی کە ژنان دەبێ بێنە ناو مەیدانی خەباتی سیاسی و نیزامی و بڕوا بە تواناییەکانی خۆیان بهێنن. ژنان دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە بەهرەو ئێستعدایان خۆیان بگەیەنە پلەی واقیعی خۆیان لە نێو کۆمەڵگا. بۆیە لە مەریوان یەکەم رێکخراوی ژنان لە ئاستی خەباتی سیاسی دامەزراندو بەم پێیە دەتوانین بڵێن کە ئەمە یەکەم رەوتی هاتنە مەیدانی ژنان بۆ ناو قووڵایی خەباتێک بوو کە تا ئەوکاتە لە دەستی پیاواندا بوو. ئێستا پاش چەند دەیە ژنانی کۆبانێ ئەو مێژووە دووپات دەکەنەوە کە دەتوانین بڵێین کە ئەمە کاریگەریەکی راستەوخۆی ئەو سەردەمەی پێوەیە کە لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خەبات خۆی نیشاندا.

کۆبانێ وەک شارێک و رەمزێک بۆ بەرخۆدان، شارێکە حەماسەی خۆڕاگری ژنانی لە بەرانبەر ئیدۆلۆژی ئیسلامیدا خولقاندو ناوی ژنی کوردی بە هەموو جیهان ناساند. چ شتێک بووە هۆکاری ئەوەی ئەم باسە ناوبانگ دەربکات و جیهانیی بێتەوە؟

ئایا جیا لەوە بوو کە سیستەمێکە دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو رێزی بۆ پێگەی ژن و تواناییەکانیان دادەناو بە کەرەسەکردنی نیوەی کۆمەڵگای رەتدەکردەوە؟ وە بەم شێوە نیشانیدا کە مەجالی گەشەی ژنان لە کۆمەڵگایەکی ئازادو دێمۆکراتیک دەدرێت کە تێیدا هەموو کەس مافی چارەی خۆنووسینی هەیەو دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان ناسنامەی سەربەخۆی خۆیان جیا لە پیاوان ببێت و مەجالی گەشەیان بۆ دەڕەخسێت کە خۆیان بدۆزنەوەو بڕوا بە تواناییەکانیان بهێنن. ئەمە خۆی دەتوانێ بەرهەمی جۆرێک دێمۆکراسی راستەوخۆیە کە دەسەڵات مەجال بە ژنان دەدات، بە بڕوا بە خۆبوون و ورەی بەرز بەرەو بەدەستەوەگرتنی بەرپرسیایەتی هەنگاو بنێن کە ئەمەش لە خۆیدا لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەی چەپ و سۆسیالیستی ماناو پیگەی واقیعی خۆیان لە نێو کۆمەڵگا بەدەست بهێنن و هاوکات بە دروستکردنی مەجالی دەرکەوتن، شانبەشانی پیاوان بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا هەنگاوی بنەڕەتی هەڵبگرێت.

داعش وەک پریشکی دیاردەیەکی ناتەبا بە ناوەرۆکی تیرۆریستی و ئایینی کە بە خێراییەکی تەواو هێرشی هێناو بە دروستکردنی کەش و هەوای تۆقاندن لە حاڵی بەرەپێشچوون بوو، وە مەترسی ئەوە هەبوو کە پانتاییەکی گەورەی جوگرافی بۆ خۆی مسۆگەر بکات، کچان و ژنانی کۆبانێ لە بەرانبەریدا راوەستان و بە خۆڕاگری و بەرخۆدانی بێوێنەیان ئەم دێوە زەبەلاحە کە کوشتارو تیرۆر سەرچاوەی بیرۆکەی بوو، تووشی راوەستان کردوو لە هەمانکاتیشدا سەرەتای پاشەکشەیان هەر لەوێوە دەستیپێکرد.

وە ئەمە لە راستیدا بەرهەمی رێکخستنێک بوو کە لە بیرۆکەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو سەرچاوەی دەگرت، بیرۆکەیەک کە باوەڕی بە بەشداری ژنان لە مەیدانی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بە شێوەی بەرابەر بوو.

 

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …