لەمێژساڵە کوردوستان لە ژێر چەکمەی جەللادان دەناڵێ.ئەگەر تەنیاماوە و قۆناغی هاتنە سەرکاری کۆماری سێدارەی ئیسلامی وەرگرین ئەوە نزیک بە چل سالە کوردوستان لە بواری سیاسی، ئابوریی،کۆمەلایەتی و کولتوورییەوە هیچ مافەکانی پێشێل دەکرێن، هیچ بەدید و تێڕوانینێکی تەواو ئەمنییەتی و هەڵاواردنێکی سیستیماتیک و بەپێی بڕگەو خاڵەکانی یاسای بنەڕەتی و دژەگەلانی کۆماری ئیسلامی دەچەوسێتەوە و دانیشتووانی وەک خەڵکانێکی پلە دوو و سێ سەیردەکرێن ،و سەرەڕای ئەمانەش کوردوستان زانکۆیەک بووە بۆ بەرپرسان و کاربەدەستانی رژێم بۆ چوونە سەرەوەی پلەو پایەو پۆست و مەقامیان. واتە “کێ” لە کوردوستان زۆرترین جینایەت ئەنجام بدات و بێ بەزەییانە ئەرکی کوشتن و سەرکوت و خەنکاندن بە باشترین شێوە بەرێوە ببات میدالیای پاڵەوانیی و چاکترین “بچەهای انقلاب” وە دەگرێت و پلەو ئاست و شوێنی کارو مووچەی بەرەو هەڵچوون وئاستی باشترو سەرەوەتر دەروات.
ئەمە راستییەکە کە کۆنە فەرماندەکانی سوپاو زۆریەک لە جەللادەکانی تری رژیم لە سەر بووردەو بیرەوەرییەکانی خۆیاندا وەک ئەرکیکی پیرۆز و بە شانازییەوە باسی لێدەکەن و دەیگێرنەوە، کەوایە ئەوەی روونە زوڵم، کوشتار، بێ حورمەتی، بێ مافی، راوەدونان، ئیعدام و سێدارەو کۆمەڵکوژی و… هتد لە کوردوستان بەپێی یاسای بنەرەتی رژێم و بە “فیتوا” و “ئیجتیهاد”ی مەلا مێشک رزیوەکان کارێکی سیستیماتیک، پلان بۆ دانراو و بیر لێکراوەیە، واتە ئەمە کارێکی مەبەستدارو بەرنامە بۆ داڕێژراوە نەک هەڵەو خراپی ئەم پاسدار یا فڵان مۆرەی ئیتلاعاتی بێت. لە لایەکی ترەوە گەلی کوردو رۆڵەکانی هیچکات دەست لە سەردەست و بێ هەڵوێست نەبوون و بەشێوە گەلی جۆراوجۆری مەدەنی و سیاسی و شارستانی، پێکهێنانی بنکەو جەمعییەتەکان، شوورای شارەکان، کۆمەڵەی خوێندکاران، کۆمەڵەی مامۆستایان، گوروپی شانۆ، شیعروپەخشان، مانگرتن، کۆچ و خەباتی چەکداری و بزوتنەوەی خوراگری و بەرەنگار بوونەوە داکۆکییان لە پێناسەی نەتەوەیی و مافە سیاسی و ئابوریی و کۆمەلایەتییەکانی خۆیان و… هتد کردووە.دیفاعیان لە ئازادی، دیمۆکراسی، سێکۆلاریزم، یەکسانی ژن و پیاو و بە گشتی مافەەکانی ئینسان نەک هەر بۆ خۆیان بەڵکو بۆ گەلانیتری ئێرانیش کردووە و یارمەتیدەری کەسە ئازادیخواز و شۆرشگێره ئێرانییەکان و سەنگەر و پشت و پەنای وەها کەس و لایەن گەلێکیش بوون.
کوردستان دوورگەی دێمۆکراسی و بێشکەو لانکەو داهێنەری خەباتی مەدەنی و جەماوەریش بووە کە بەحەق شانازی ئەو شێوە خەباتە بۆ کۆمەڵە بە رێبەریی ئەندازیار و میعماری خەباتی مەدەنی و شارستانی و جەماوەری واتە “کاک فوئاد” دەگەریتەوە. ئەگەر کۆچی مێژوویی مەریوان کە بە ئیبتیکار و رێبەریی کاک فوئاد ئەنجام درا هی کورد نەبوایەو هی هەر نەتەوەیەکی تر دەبوو تا ئێستاش لێکدانەوەو توێژینەوە، شانو، کاری سینەمایی، چیرۆک و پەخشان و رۆمان و دەیان شتی تری بۆ دەکرا کە دەبێ بە حەق هەرواش بێ.
مەبەستم ئەوەیە ئێمە گەڵێکی سیاسی، شارستانی، دێمۆکرات و کراوەو ئاشتیخوازبووین و بەزۆر ناچار کراوین دەست بۆ چەک بەرین و سەر ئەنجام وەک ئاخرین رێگەی داکۆکی و دیفاعی ڕەواو “مشروع” لە خۆمان بەم جۆرەش رووبەرووی داگیرکەران بووینەتەوە بەڵام کاتێک کە ناچار کراین و بۆمان دەرکەوتووە کە دوژمنی ئێمە زمانی ئاشتی نەناسیوە و نایناسێ بزووتنەوەی خۆراگری و موقاومەتی خەڵکی کوردوستان دەرسی زۆر گەورەی بە داگیرکەران داوە و دیفاعی لە مافەکانی خۆی کردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا خەبات و کۆڵنەدان درێژەی هەیەو دیارە زۆر هەورازو نشێو و هەڵکشان و داکشانیشی بووهە بەڵام خەبات و خۆ راگری و ئیدامەو مانەوەی جێگەی هیواو هومێدو دڵخۆشییەو ئێستاش “سەردارانی” سەرداری وەک هەڵو و فەرزادو شێرکۆ معارفی ، و… هەیە.لە ساڵڕۆژی لە سێدارە درانی ئەم قارەمانانە با هەموومان ڕێز لە یاد و خۆراگرییان بگرین و پەیمانی درێژەدانی رێگەکەیان نوێ کەینەوە.