بڵێ نا / ئەسعەد دروودی

بوونی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی جینسییەتی کە دەزانێ توندوتیژی چییە و مافەکانی ژنان کامەن و ئەو سنوورانەی پیاوان بۆیان نییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و شەخشی و خانەوادەییەکاندا بیانبەزێنن کامەن هەنگاوی یەکەمی خەبات بۆ سڕینەوەی ئەو دیاردە دزێوەیە کە کۆمەڵگای بەشەریی تەنیوە و بەداخەوە لە کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا بەردەوامە. ئەم نووسراوەیە هەوڵێکە بۆ باسی زیاتر و ناسینی جۆرەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان.

توندوتیژی پیاوان بەرانبەر بە ژنان لە هەموو دونیادا و لە نێو هەموو کولتوورەکاندا هەیە، ئەمڕۆکە ئەو دیاردەیە وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتیی نێودەوڵەتی چاوی لێدەکرێ و وەکوو یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار. دیارە ڕادەی ئەو توندوتیژییە پەیوەندیی بە کولتوور و ئایین و یاسا و شێوازی دەسەڵاتەوە هەیە و شوێنی ژیان و پەروەردە و زۆر فاکتۆری دیکە کاریگەرییان لەسەر هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی تەندوروستی نزیکەی لە سەدا ٦٠ی ژنان لانیکەم یەکجار لە ژیانیاندا کەوتوونەتەبەر توندوتیژیی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی. دیارە ئەم ئامارە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە ئاشکرا یان نهێنی پەیوەندییان بە ڕێکخراوە و دامودەزگای جۆراوجۆرەوە گرتووە و لە ئامارەکاندا حیساب کراون، بەشێکی بەرچاوی ئەو توندوتیژییانە ــ بەتایبەت ئەو جۆرەی کە پێی دەگوترێ توندوتیژی لە پەیوەندییە نزیکەکاندا ــ لەم ئامارەدا نییە و ئەو ڕێژەیە بەدڵنیاییەوە لەوە زیاترە.

ساڵی ١٩٩٣ی زاینی لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ڕاگەیاندنی نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان پەسەند کرا و وەکوو سەنەدێک کرایە بنەما بۆ کارکردن بۆ ئەو مەبەستە .

یەکێک لە هۆکارەکای دەرکرانی ڕاگەیاندنی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، لادان و گۆڕینی ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان بوو کە توندوتیژی دژی ژنان لە ماڵەوەیان، بە شتێکی خوسووسی و شەخسی دەزانی و بە پێویستیان نەدەزانی لەو مەسئەلەیەدا دەخالەت بکەن.

لەو ڕاگەیاندنەدا جەخت لەسەر پێویستیی خێرای دەستەبەرکرانی مافەکانی مرۆڤ وەکوو یەکسانی، ئەمنییەت، ئازادی ، ئینتگریتی و بایەخە مرۆییەکان لەئاستی جیهانیدا بۆ ژنان کراوە.

بە پێی پێناسەیەک کە لە ڕاگەیاندنی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کراوە. هەموو توندوتیژییەک کە پەیوەندیی بە جنسییەتەوە هەبێ و ببێتە هۆی گەزەن و سەدەمەی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی یان ئازاردیتنی ژنان و هەروەها هەڕەشەی ئەوجۆرە ئاکارانە، یان هەر جۆرە ناچارکردنی ژنان بە ئاکارێک یان ئەستاندنەوەی ئازادییەکانیان، جا لە ژیانی شەخسیدا بێت یان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، وەکوو توندوتیژی دژی ژنان دێتە ئەژمار.

ئەوتوندوتیژییە لە سێ ئاستدا باسدەکرێ بەڵام دەتوانێ فراوانتر و بەرینتر لەوەش بێ.

١. توندوتیژی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی کە لە نێو خانەوادەدا ڕوودەدا کە لێدان، دەسدرێژی جنسی بۆ سەر منداڵانی کچ، دەسدرێژیی جینسی لە پەیوەندیی هاوسەریەتی، خەتەنەکردنی کچان، سەدەمە گیاندنی دیکە کە لە سونەتە دواکەوتووانەکانەوە دێن   و هەروەها توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانێک کە لە ماڵەکاندا کار دەکەن و هتد لەخۆدەگرێ.

٢. توندوتیژیی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی کە لە کۆمەڵگادا ڕودەدا کە دەسدرێژی جینسی، سوئیستفادەی جنسی، ئازاردانی جینسی و دروستکردنی دۆخی نائاسوودەیی لەپەیوەند لەگەڵ مەسئەلەی جینسی لە شوێنی کار و خوێندن و شوێنەکانی دیکە، بەکارهێنای ژنان وەکوو بەردەی جینسی بەمەبەستی قازانجی ئابووری و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشی و هتد لەخۆ دەگرێ.

٣. توندوتیژیی جەستەیی، ڕۆحی یان جینسی کە لەلایەن دەوڵەت یان دەسەڵاتدارانەوە لە هەر شێواز و فۆرمێکدا بەسەر ژناندا دەسەپێن یان دەوڵەت و دەسەڵات خۆیان لە ڕوودانی ئەو توندوتیژییە بەخاوەن ناکەن.

جۆرەکانی توندوتیژی خۆیان فراوانن کە دەکرێ بەرچاوترینەکانیان ئاوا باسکەین.

  1. توندوتیژیی جەستەیی  کە خۆی شێوازی جۆراوجۆری هەیە و دەتوانێ زللەیەک بێت یان پاڵپێوەنانێک یان بەکارهێنانی هەر ئامرازێک بۆ لێدان کە ئازار بە جەستە بگەیەنێ و ئاخرین ئاستی دەگاتە کوشتن.
  2. توندوتیژیی ڕۆحیش هەر وەکوو توندوتیژیی جەستەیی شێوازی زۆری هەیە نموونەکانی ئەمانەن، هەڕەشی لێدان و تۆقاندن، ناچارکردنی ژن بە کردنی کاری نەشیاو و نەبەدڵ، بێحورمەتی پێکردن و بەکارهێنانی وشەی ناشیرین، ڕیگەنەدان بە چوونەدەرەوە لە ماڵ یان پەیوەندیگرتن بە خەڵکی دیکە و کەس و کارەوە، ڕێگەنەدان بە کردنی ئەو کار و چالاکییەی ژن پێیخۆشە تێیدا بەشدار بێ، شکاندن و سووکایەتی پێکردن بە تەنها یان لەپێشچاوی خەڵکی دیکە لەلایەن هاوەسەرەوە و هتد.
  • توندوتیژیی جینسی، ئازاردران لە ڕێگەی پەیوەندیی جینسی، دەسدرێژی جینسی، ناچارکردنی ژن بە کارێک لە پەیوەندیی جینسیدا کە پێیخۆش نییە و بە گشتی هەموو ئاکارێک لە پەیوەندیی جینسیدا کە کاریگەریی ناخۆشی لە زەین و دەروون و جەستەی ژن دەبێ، لەخۆدەگرێ. بەزاندنی سنوورەکان و خۆ بە خاوەن هەموو مافێک زانین لە لایەن پیاوەوە لە پەیوەندیی جینسیدا بەتایبەت لە کاتێکدا کە دوو کەس پێکەوەن (جا لە ژێر ناوی هەر یاسایەکدا بێ یان نەبێ، تەنها پێخۆش بوونی دوو کەسەکە بێ یان پێکەوە ژیانێکی فەرمی بێ یان پەیوەندییەک تەنها بۆ یەک جار) یەکێک لە بەرینترین نموونەکانی توندوتیژیە کە بەداخەوە لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا بە ئاشکرا هەیە و وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی چاوی لێدەکرێ. بەڵام لە ڕاستیدا قەبووڵکردنی جۆرێک لە پەیوەندیی جینسی و ڕێگەدان بە کەسی بەرانبەر بۆ ئەو کارە بە مانای دانی ئیجازەی هەموو شتێک لە پەیوەندییەکەدا نییە، هەر جۆرێک لە پەیوەندی بۆ ئەوەی بچێتە خانەی پەیوەندییەکی دڵخواز و ئازادانە دەبێ بە ڕوونی لە هەر دوولاوە قەبووڵ کرابێ و هەردوولا ڕێز لە سنوورە دیاریکراوەکان بگرن دەنا وەکوو تاوانێک دێتە ئەژمار.
  1. لە جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی کە کەمتر باسدەکرێن دەکرێ ئاماژە بە چەند خاڵ بکرێ. کونترۆڵی ئابووری و دەسگرتن بە سەر هەموو بڕیارەکانی لەو بابەتە لە لایەن پیاوانەوە لە ژیانی هاوبەشدا و تەنانەت لە پەیوەندییەکی خۆشەویستانەدا کە دوو لایەنەکە پێکەوە ناژین. ئەو جۆرە لە توندوتیژی وادەکا ژنانی قوربانی کەمدەسەڵاتتر بن و ڕزگاربوون لەو پەیوەندییە بۆیان زەحمەتتر بێ.
  2. شکاندنی شت و مەک و تێکدانی ماڵ و خراپکردنی ئەو شتانەی مڵکی ژنن ــ وەکوو جل و بەرگ و شت و مەکی شەخسی ــ کە ئەمەش خۆی جۆرێک لە توندوتیژیی ڕۆحییە کە هەستی نائەمنی و ترس لە قوربانیدا دروست دەکا.

 

بۆ ڕۆشتن بەرەو کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی بارهێنانی نەویەکی نوێ کە ماف و سنوورەکان دەناسێ و ڕێزی بۆ خۆی و بەرانبەرەکەی هەیە خاڵێکی سەرەکییە. سیستمی پەروەردە بە هەموو بەشەکانیەوە، کە دیارترینیان خانەوادە و خوێندنگە و میدیا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کار بۆ یەکسانین، ئەو ئەرکەیان ئەکەوێتە سەرشان. ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە تەنها بەوەی کە کچان فێرکرێن توندوتیژی قەبووڵ نەکەن نەسڕێتەوە و پیاوانێک کە خاوەنی تێگەیشتنێکی دروست لە سنوورەکانن و ڕێ بە خۆیان نادەن لە پەیوەندییەکانیاندا توندوتیژ بن لایەنێکە کە بەقەد لایەنەکەی دیکە گرینگە. یەکسانی ئەرکی هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخوازە نەک هەر ژنان بە تەنها.

ئەوەندەش دەگەڕێتە سەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران ــ چ لە ئاستی دەوڵەتێکدا بێ یان کۆمەڵگەیەکی بچووک ــ تێگەیشتن لە ساختارە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و چۆنیەتیی کارکردنی دەسەڵات، لەبەر ئەوەی دیاریکەری یاسا و سیاسەت و ئابووریی کۆمەڵگان و فۆرم و جۆری ژیان تا ڕادەیەکی زۆر تەئسیریان لێوەردەگرێ، کاریگەرییان لەسەر ڕادەی یەکسانی لە کۆمەڵگا و چۆنیەتیی و شێوازی زوڵم لە ژنان هەیە و بەوپێیە جیاوازی دروست دەکەن لە چۆنیەتیی کارکردن و ڕێگەکانی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان.  بوونی یاسای بەهێز و دیار و، ڕەچاوکردنی تەواوی ئەو یاسایە پاڵپشت و تەواوکەری پەروەردەی دروستە و کۆمەڵگا بەرەو ڕزگاری لەو دیاردە دزێوە دەبا.

بە یاسا و پەروەردەی دروست و ڕەوا و ئینسانی کولتووری ناو کۆمەڵگا بەرەبەرە دەگۆڕدرێ و ڕوانینی ئینسانەکان بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەبێتە ڕوانینێکی مرۆڤانی و لە حاڵەتی ڕوودانی توندوتیژیش جێی تاوانبار و قوربانی دیارە و تاوانباران دەدرێنە دەستی سیستمی داد و قوربانیان یارمەتی و پشتیوانی کۆمەڵگا و سیستم و کەس و کاریان لە پشت دەبێ و دەتوانن ئاسانتر بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان.

بە هیوای کۆمەڵگایەکی دوور لە توندوتیژی

بژی یەکسانی

 

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …