نوسینی مێژووی هاوچەرخ هەر بە کەڵگ وەر گرتن لە دیکومینتەکان و بەڵگە نامەکان تەواو نابێت و کامیل نیە ، بەڵام هەمیشە بە نرخ و گرانبەهان . وێنەکان سەرچاوەیەکی جێ متمانە و بێگەرد و پێویستن . وێنەی ڕووداوەکان و مرۆڤەکان و ، بەتایبەت شکاندن و سوکایەتی بە کچان و ژنان، دەتوانێت مێژوو نووس لە ڕووداوە تاڵ و سامناکەکان و لە سەرکەوتنەکان و شکستەکان زۆر نزیک کاتەوە . ئەگەر ڕووسەکان لە بواری نووسینی مێژوودا ، تا ڕادیەک سەرکەوتنیان بەدەس هێناوە ، دەگەڕێتەوە بۆ زانیاریەکانیان سەبارەت بە بەڵگەنامەکان ، سەنەدەکان و دیکۆمینتەکان و لە هەمان کاتدا ، وێنەکانیان بە هەند و فرە جیددی وەر گرتوە . تەنیا یەک وێنە ی مناڵێکی ئاوارەی سەر کۆڵان و شەقامەکانی ئیستانبول ،یەشار کەمالی ،هان داوە کە کتێبی “سەربازانی خودا” بنوسێت . سەمەدی بیهرەنگی ، چاوی بە منداڵیکی هەژار دەکەوێت کە لە پشت جامی دووکانێک بە حەسرەتەوە چاو لە موسەلسەلێک دەکات و هەر ئەم دیمەنە ، ماتریالی کتێبیکی بوە . جان ئیشتاین بک ، کۆچی پەنابەرانی ئامریکا ڕوو بە ڕۆژئاوای ئامریکا دەبێنێت و ماتریالی کتێبی بەناو بانگی بە ناوی ” هێشوەکانی توڕەیی ” ( خوشەهای خشم ) بووە . ژیانی شارۆمەندانی ئیستیپەکانی ڕووسیا و قەراخی ڕووباری دون ، ماتریالی نووسینی کتێبی بە ناو بانگی شولوخوف بە ناوی “دون ئارام “بووە .
بوریس باستێرناک لە سانسور و بێ عەدالەتی کۆمەڵگا و سیستەمی دەورانی نیکیتا خورشچۆف ، ئامان و ئۆقرەی نامێنیت و ئەندێشە و هزری بەرخودان لە کتێبی ” دوکتور ژیڤاگۆ” ناڕاستەوخۆ باس دەکات. وەزعی شەق و شڕی دەزگاکانی حکومەتی تورکیا و ڕووسیای پێشوو، ماتریالی ساتیر و نووسینە گاڵتەئامێزەکانی گوگول وعەزیز نسین بووە کە شاکاری جیهانیان خولقاندووە . هەل و مەرجی ترسناکی زیندانی فاشیستەکان و نازیەکان و بار و دۆخی شەرم هێنەری یەهودیەکان سەرچاوەی دەیان کتێب دژی سیستەمی نازیسم و فاشیزم بووە . لە نوسەرانی کورد ، بەرهەمە جوانەکانی ڕێزداران : پشکۆ نەجمەدین و حاتەم مەنبەری ، دەگەڕێتەوە بۆ وێنە خوێناویەکانی شەڕی ناوخویی و دیمەنی خۆیان لە هەل و مەرجی زۆرسەخت و تاقەت پڕووکێنی پێشمەرگایەتی و زیندان . دوکتور ئیسمایل بیشکچی لە باکوری کوردستان سەرباز بووە ، شێوەکانی ستەمی نەتەوایەتی کە حکومەتی تورکیا بە سەر میللەتی کوردا ، دایسەپاندووە ، بە چاوی خۆی دەبێنێت و هەستی فرە بریندار دەکات و کتێبی ” کوردستان کولونی هاوبەشی چەند دەوڵەت ” دەنوسێت .
ئەحمەد خودا دادە دانیشتووی کرماشان ویەکەمین ڕۆمان نوسی کورد ، چەوسانەوەی وەرزیرانی کورد دەبێنیت و کتێبی “چارە ڕەشی وەرزێر” لە ساڵی ١٣٠٦ ی هەتاوی( ١٩٢٦ی زایینی ) دەنوسێت . سیلۆنە نووسەری ئیتالیائی “نان و شەرابی” نووسی کە ئاوێنەی تەواو قەدی ژیانی سەختی شارۆمەندانی ئەو سەردەمەی ئیتالیایە . دوو کچی ناسکۆڵە ، لە قامیشلوو کە هەموو کەس و کاریان و دایک و باوکیان کوژراوە و ، لە بەرانبە ڕۆژنامەنووسەکان بێ هێوا و بێکەس ڕاوەستاون ، وێنەکەیان سنووری نێو نەتەویی تێپەڕاند و بڵاو بوەوە و ویچدانی ، وێجدان دارەکانی بریندار کرد ، دەتوانێت ماتریالی کتێبێک بێت کە شەڕی داسەپاوی داگیرکاران دژی میللەتی کورد و شارۆمەندانی دەڤەرەکە باس بکات . ڕفاندن وسوکایەتی و شکاندنی کەرامەتی کچان و ژنانی ئیزەدی لە لایەن مێشک بەردینەکانی ئیسلامی سیاسیەوە ،دیل کردنی ناجوامێرانەی عەبدوللە ئۆجەلان ، تیروری دوکتور قاسملو ، دادوەر سەدیقی کەمانگەر، دوکتور شەرفکەندی ، تیربارانەکانی پادەگانی مەریوان ، فڕۆکەخانەی سنە، شاری پاوە،ژنوسایدی شارۆمەندانی هەڵەبجە و باشوری کوردستان، تیروری سولیمان موعینی ، ئیسمایل شەریف زادە ،ڕۆژنامەوانەکانی باشوور، دوکتور مارتین لۆترکینگ، دوکتور چەگڤارا، دوکتور سالوادور ئالیندە ،ئۆلاف پالمە ، کوشتاری دانیشتوانی مەقەڕی حیزبی دیموکرات لە شاری کۆیە و … ماتریال و سەرچاوەی زۆر جیددی و فرە بەنرخن ، کە مێژوو نووس دەتوانێت لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی پێ بڕازێنیتەوە . ئیتر باس لە نووسەرانی ئامریکای لاتین و ئافریکا ، جێگای تایبەتی خۆیان هەیە .
پاییزی ١٣٩٧ی هەتاوی( ئاخری ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی )