چوار شه‌ممه‌ 24 نیسان 2024

نامەی سەرئاوەڵای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ سەرۆکی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوایان کردووە سنوورێک بۆ پێشێلکاری و یاغیگەرییەکانی ڕێژیمی ئێران دابنرێت.

دەقی نامەکە؛ 
بە زوویی حەفتاوسێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ دەکات و بەپێی بەرنامەیەک کە دانراوە، بڕیار وایە حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سێپتامبێر لەم کۆبوونەوەیەدا قسە بکات.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە پێویستی دەزانین لێرەدا کار بکرێت و مێکانیزمێک دیاری بکرێ بۆ ئەوەی بەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران بگیرێت. چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە، ڕۆحانی و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوەوە و یاغیگەرییەکانی لە دەرەوەی وڵات، بە بەرپرس بزانێت.
رۆحانی وەک سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا لەم دانیشتنەدا وتار پێشکەش دەکات، کە ئەم ڕێژیمە سەرچاوەی قەیرانی جۆراوجۆر لە نێوخۆی وڵات و هۆکاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە هەر دوو بواری ژیانی سیاسی و ئابووریی خه ڵكە، هەر لەو کاتەشدا هۆکاری بشێوی و نائارامی لە ناوچەکەدایە. ئێعدام وەک سزایەکی یاسایی لە ئێران بەردەوام جێبەجێ دەکرێت و ئێعدامی سیاسی و جیاوازیدانانی نەتەوەیی بەرامبەر نەتەوەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری و هەروەها کوشتنی جیابیران بە شێوەی سیستماتیک لەم وڵاتە خراپتر لە پێشوو بەڕێوە دەچێت. ئەمەش لە حاڵێکدایە كە ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە و پێویستە مافی هەموو نەتەوەكان وەک یەک بپارێزرێت.
لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوە و دوای هەڵبژاردنی ڕۆحانی وەک سەرکۆمار، شەپۆلی ئێعدامەکان ٥١ ٪ زیادی کردووە. هەروەها گوشاری گەورە لەسەر چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەپارێزی لە ئێران و کوردستان هەیە.
هەر لە ئەساسدا ئەم دەسەڵاتە چ بە گوێرەی یاساکانی و هەروەها بەپێی داڕشتە و پێکهاتەکەی، سروشتێکی دژ بە مافی مرۆڤی هەیە. هەروەها سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشین کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بەپێی ئامارەکان، ٨٦ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.
لە ٦ مانگی یەکەمی سالی ٢٠١٨یشدا، ١٠٤ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لە دەست داوە. هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی سیستماتیک کە ئەو ڕێژیمە بەڕێوەی دەبا، تەنانەت خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگەی کرماشانیشی گرتووەتەوە و بووە بە هۆی ئەوە دەسەڵاتداران و دامودەزگا حکوومەتییەکان، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ئەوپەڕی کەمتەرخەمی لە پێڕاگەیشتنی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو لە خۆیان نیشان بدەن.
لە ماوەی پێنج ساڵ سەرکۆماریی ڕۆحانیدا خەڵکی ئیران بەرەوڕووی کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوونەتەوە. دەسەڵات لێبڕاوە بەردەوام بێت لەسەر گوشار خستنەسەر شارۆمەندانی ئێران، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، یاساناسان و پارێزەران، مامۆستایان، کرێکاران، چالاکانی ژینگەپارێزی، ڕووناکبیران، رۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی بوێریی ئەوەیان هەیە ڕەوایی و مەشرووعیەتی ئەم دەسەڵاتە ببەنە ژێر پرسیارەوە. چالاکانی بواری ژنان بەردەوام لەژێر هێرش و گوشاری ئەم دەسەڵاتەدان و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر و زیندانی دەکرێن و لە ڕاستیدا جیاوازی و هەڵاواردنێکی زۆری جنسییەتی بەپێی یاسا ئێسلامییەکان لە ئێران هەیە.
دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و یەک لەوان دەوڵەتی ڕۆحانی دەوری بەرچاویان گێڕاوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خەڵکدا و بە توندی رووبەڕووی هەر چەشنە جووڵە و ناڕەزایەتیدەربڕینێکی هێمنانەش دەبنەوە.
رۆژی ١٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ مانگرتنێکی بەرفراوان زۆربەی زۆری شارە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە. ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە، ناڕەزایەتیدەربڕینێکی گشتی بوو بەرامبەر ئیعدامی سێ لاوی کورد و هەروەها مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە له باشووری کوردستان کە بە هۆیەوە ١٦ کەس گیانیان لە دەست دا و ٤٠ کەسیش بریندار بوون. دوا بە دوای مانگرتنە گشتییەکە، ١٢ کەس لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری لە شارەکانی کوردستان دەستگیر کراون و تا ئێستە لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و بێسەروشوێنن. ئەمەش لە درێژەی کردەوەی تیرۆریستی و خراپکارانەی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەرەوەی وڵات بە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد و ئێرانییە.
مەبەست لە نووسینی ئەم نامەیە ئەوەیە وەبیر بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێنینەوە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤ لە ئێران و هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیریی لە ناوچەکەن. حەسەن ڕۆحانی وەک سەرکۆماری ئێران، لە حاڵێکدا دەیەوێت باس لە مافی مرۆڤ و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی دیکە بکات، کە دەسەڵاتەکەی خۆی گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە و خەڵکی ئێران و کوردستان لە زیندانێکی گەورەدان، کە لە لایەن ئەم حکوومەتەوە بۆیان دروست کراوە.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ئامادەبوون و بەشداریی حەسەن ڕۆحانی لە حەفتاوسێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و قسەکردنی بە ناوی خەڵکی ئێرانەوە، بە بێڕێزی بە پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران دەزانین و مەحکوومی دەکەین. ئێمە بەتەواوی لەسەر ئەو باوەڕەین کە کۆماری ئیسلامی پێشێلکاری بنەڕەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران و هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چاوەڕوانی و داوای ئێمە لە بەڕێزتان و کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە، پشتیوانیی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بن و سنوورێک بۆ پێشێلکاری و یاغیگەرییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران 

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …