ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز و هەروەها بازاڕیان و خەڵکی ئەو شارە لە دوای بەنگەوازی چالاکانی مەدەنی، بۆ ڕێز لێنان لە گیانبەختکردوانی ژینگە، لە چیای ئاویەری ئەو شارە ڕێو ڕەسمێکی پڕ شکۆیان بە ڕێوە برد.
لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،هاووڵاتییانی کوردستان بۆ ڕیز لێنان و بەرز ڕاگرتنی یادی قوربانیانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان، بە کۆبوونە و داگیرسانی مۆم و هەڵگرتنی درووشمی نووسراوە،یادی گیانبەختکردوانی ژینگە پارێزیان بەرز ڕاگرت.
سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان، لە گوێزەکوێری چیای ئاویەر لە شاری سنە، چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان و دانیشتوانی خەڵکی ئەو شارە، بۆ ڕێزلێنان لە کار و چالاکی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان بە خوێندنەوەی سروود و شێعر بەڕێوەبرد.هەروەها پەیامی هاو خەمی ئەنجومەنە فەرهەنگی و ژینگەپارێزی و مەدەنییەکان، لە شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ گیان لە دەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە هەناردبوو کە لەو کۆبوونەوەدا خوێندرایەوە.
ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی “شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمینیا و محەممەد پژوهی” لە کاتی کوژانەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەو شارە گیانیان لەدەست دا.
تا ئێستا بەرپرسانی ڕژیمی ئێران، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی ٣ی خەرمانان، کە ٤ ژینگەپارێزی شاری مەریوان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستدا، هیچ لێداونێکیان سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە نەداوە و تەنانەت بەرپرسانی ڕژیم لێدوانی دژبەیەکیان سەبارەت بەو ڕووداوە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو کردووەتەوە.