ڕێو ڕەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی گیانبەختکردووانی ژینگە پارێزی شاری مەریوان،بە بەشداری ژمارەیەکی بەر چاو لە خەڵکی شاری مەریوان و هەوەها شارەکانی دیکەی کوردستان بە ڕێو چوو.
سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان، خەڵکی شاری مەریوان و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی شارەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی چوار چالاکی ژینگەپاریزی شاری مەریوان بە تایبەتی شەریف باجوەر، بەشداریان کرد و ڕێو ڕەسمێکی پڕ شکۆیان بە ڕێوە برد.
سەعاتی دەی بەیانی ڕۆژی یەک شەممە خەڵکێکی زۆر لە سەرجەم شارەکانی کوردستان و هەروەها بە بەشداری خەڵک لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە لە بەردەم بینای مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیووبی ئەو شارە لەگەڵ تەرمی شەریف باجوەر و هاوڕێیەکانی بەرەو گۆڕستانی دارسەیران کە ١٠ کیلۆمێتر دەبێت بە پیادەتاکوو ئەو شوێنە ڕۆیشتن.
خەڵکی کوردستان و شاری مەریوان لە گەڵ تەرمی گیانبەختکردوانی ژینگە پارێزی مەریوان تا گەیشتن بە گۆڕستانی دارسەیران، دروشمی “زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت”،”سپای پاسداران تاوانبارە لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان” ،”فەرماندار فەرماندار بەرکنار” و “شەریف باجوەر ڕێگات درێژەی هەیە”،دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ لە گەڵ ئەو ڕێپێوانەدا هیچ هێزێکی نیزامیی و ئەمنییەتی ڕژیم لە ترسی تووڕەیی خەڵک دژ بە ڕژیم و هێزەکانی، نەیانوێرا نزیک ئەو خەڵکە ببنەوە.
ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی “شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پژوهی” لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی سەڵەسی ئەم شارە گیانیان لەدەستدا.