سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ

لە یادی ٣٩ساڵەی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان

خەڵکی مافخواز و خۆڕاگری کوردستان!
هاونیشتمانانی خۆشەویست!
٣٩ ساڵ لەوەپێش و لە وەها وەرزێک‌دا، حکومەتی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نوێنەرایەتیی بیرۆکەی بناژۆخوازی مەزهەبی کە دەیهەویست وەک هاوتا داعشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی خۆی پێناسە بکات، لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا، بە بیانووگەلێکی بەدوور لە ڕاستی و بێ‌بنەما، دەستی دایە هێرشێکی بەربڵاو و هەمەلایەنە بۆ سەر خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
تەنیا ٩ مانگ دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و لە کاتێکدا کە کوردستان وەک دووڕگەی ئەهوەن و سەقامگیر وێنا دەکرا، لە تاران و لە پشت مێحرابی مزگەوتەکان و تریبوونە جۆراوجۆرەکانەوە، دەنگۆ و بۆختان بۆ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکەی هەڵدەبەسترا و بە ئاشکرا بۆ کوشتن و بڕینی خەڵکی کوردستان بانگەوازی جیهاد دەکرا.
لە لایەک رێبەر و ئیمامی رێژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشوو (خومەینی)، کوردەکانی وەک کافر و فاسد پێناسە دەکرد و فتوای جیهادی لە دژیان دەردەکرد و لە لایەکی‌ ترەوە کاربەدەستانی دیکەی ئەم رێژیمە بە هاندانی هێزە سەرکوتگەر و دەمارگرژەکان، ڕشتنی خوێنی خەڵکی کوردستانیان بە حەڵاڵ دەزانی و بڕیاری پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم میللەتەیان دەردەکرد.
لەم ماوەیەدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵک لە کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ‌هێزە سیاسییەکان کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە گەشانەوە و پێشکەوتن هەنگاوی دەنا، بە پێچەوانەکەی لە تاران و شوێنەکانی دیکەی ئێران، لە ژێر چەپۆکی بیری کۆنەپەرەستانەی کۆمەڵێک ئاخوند و فاشیزمی مەزهەبیدا شێوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە خێرایی بەرەو پاش دەگەڕایەوە، ژنان بەردەباران دەکران و چارشێوی ڕەش بەسەریاندا دەکێشرا، تاقم و گرووپی تۆقێنەر بەناوی حیزبوڵڵا ئازادییەکانیان لە خەڵک زەوت دەکرد، دەنگی ناڕازییان و دژبەران کپ دەکران، مافی کەمایەتییە ئایینییەکان پێشیڵ دەکران و ماڵ و سامانیان تاڵان و ئاگر تێ‌بەردەدرا، جیابیران دەمکوت دەکران، پێنووسە ئازا و سەربەخۆکان دەشکێندران و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان یەک لەدوای یەک دادەخران.
لەو کاتە کورت ماوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕش‌دا، خەڵکی کوردستان سەردەمێکی نوێی لە ئازادژیان و پێکەوەژیانیانی دێموکراتیکانەی تەجرووبە دەکرد. شوورای گوند و شارەکان و ئەنجوومەنە سینفییەکان دامەزرابوون و خەڵک ئازادانەدا خۆیان بەڕێوە دەبرد. لایەنە سیاسی و فکرییەکان ئازادانە بیرۆکەی خۆیان بانگەشە دەکرد و کرانەویەکی سیاسیی واقعی سەری هەڵدابوو. ڕێز لە بێروڕا جیاوازەکان و باوڕە جۆراوجۆرە ئایینییەکان دەگیردرا و ژنان وەکوو نیوەی هێز و وزەی کۆمەڵگا لە گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕەکاندا لە گەشەسەند‌ا بوون. بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکان ئازادانە بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان بڵاو دەکردەوە و ڕێکخراو و یەکییەتییە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەرەو پەرەسەندن دەچولە پەرەسەند‌دا بوون.
زۆری نەخایاند کە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی بە دەسەڵات گەیشتوو ڕوون بوویەوە، تاقە ڕێگای داسەپاندنی دەسەڵات بەسەر وڵات‌دا، دژایەتیکردنی کورد و کوردستان و لەنێوبردنی ئەو ئەزموونە ساوا و لە هەمانکات‌دا سەرکەوتوویەی کوردستان بوو. لای ئەوان سەرکوتکردنی کوردستانی ئازاد، گرتنی دوایین سەنگەری ئازادی لە ئێران‌دا بوو. لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی ئەو هێرشە، نەک ئەو ئیدیعا و چەواشەکارییە پووچ و بێ‌مانایانە بوون کە دەکران، بەڵکوو هەبوونی کوردستانێکی ئازاد و دێمۆکرات و سکۆلار بوو کە بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی ناوەند قبووڵ نەدەکرا. هەر بەم بۆنەوە، لە ناوەندەوە و ڕاست لە لایەن نوێنەرانی بیرۆکەی ڕەشی مەزهەبییەوە فەرمان دەرکرا بۆ ئەوەی هەموو هێزە سەرەکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هەموو شوێنەکانی ئێرانەوە ڕەوانەی کوردستان بکرێن.
بەڵام جەماوەری خۆڕاگری گەلی کورد و حیزبە سیاسییەکانی، کە چەند مانگ پێشتری بە شێوازی دێمۆکراتیک و مەدەنیانە بە بەشدارینەکردن لە بەناو ڕێفراندۆمی! خاکەلێوەی ١٣٥٨دا، بەم ڕێژیمەیان وتبوو نا، بڕیاریان دا بۆ پارێزگاری لەو دەسکەوت و بەهایانەی کە دەستیان کەوتبوو، لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا بە هەموو تواناوە لە بەرامبەر هێرشی هێز و لەشکری سەرکوتکەرا بوەستنەوە و بۆ جارێکی دیکە [نا]یەکی دیکە بەم نیزامە دژی‌گەلییە بڵێنەوە. لە ئاکامی ئەم بەرەنگارییە ڕەوایەدا بەرانبەر بە هێرشی رێژیم بۆ سەر کوردستان کە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستان‌دا بە “بەرگریی خەڵکی کوردستان لە شەڕی سێ مانگە”دا ناسراوە، ڕژیم ناچار بە وتووێژ و گوێ ڕاگرتن لە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کرا.
بەم شێوەیە بوو کە کوردستان بە خۆڕاگرییەکی بێ‌وێنه و فیداکردنی گیانی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەر و خەباتکار، خۆی وەک یەکەم سەنگەری بەرەنگاری لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا وێنا کرد و هەتا ئێستایشی لەگەڵ بێت خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازەکەی جدیترین و لێبڕاوترین دژبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.
ئەمساڵ کە ٣٩ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان تێپەڕ دەبێ، لە سەروبەندێکدا ڕێز لە خۆڕاگریی مێژوویی خەڵکەکەمان دەگرین کە زۆربەی نزیک بە تەواوی شوینە جیاجیاکانی ئێران بەڕانبەر بە سیاسەتەکانی ئەم رێژیمە هەرکامەیان بوونەتە کوردستانێک و خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران لەدژی ئەم دەسەڵاتە هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستانن و داوای ئاڵۆگۆڕی قوڵ و بنەڕەتی لە نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دەکەن.
لەدوای نزیک بە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارێی ئەم رێژیمە بە سەر خەڵکی ئێران و کوردستان‌دا، تا ئێستایش ناو و ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، خولقێنەر و وەبیرهێنەرەوەی تێرۆر، مەرگ، زیندان، سەرکوت و بەرەو پاش گەڕانەوەیە. بەرهەمەکانی ئەم نیزامە بۆ خەڵک لەم چوار دەیەدا بەشی زۆری بریتین لە: هەژاری، برسییەتی، گەندەڵی، بێکاری، پەرەسەندنی مەسرەفی مادەهۆشبەرەکان، کەم‌ئاویی، تەڵاق، خۆکوشتن و دەیان دیاردەی دزێوی دیکەی سیاسیم ئابووری و کۆمەڵایەتی. سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی تەنیا یەکساڵی ڕابردوو خەڵکی ئێران بە گشتی سەلمێنەری ئەو راستییەیە خەڵک بە تەواوەتی لەم رێژیمە بێزراون و خوازیاری لاچوون و کۆتایی هاتنی ئەم نیزامەن.
لەسەر ئەم شێوه دەسەڵاتانه پێشتریش مێژوو بڕیاری خۆی داوە، هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و دژی‌گەلی نەیتوانیوە و ناتوانێ تا سەر لە بەرنانبەر ئیرادەی خەڵکەکەی خۆی ڕابوەستێ. کۆماری ئیسڵامیش لەو قاعیدەیە بەدەر نیه. سەروەری بۆ ئەوانه دەمێنێتەوە کە بەرانبەری وەستانەوە و ئیلهامی ئازادی، سەربەستی و کەرامەتی مرۆڤ هانی دان بۆ دوارۆژێکی گەش کە تێیدا دەسەڵاتێکی دێموکراتیک زامنی مافی هەموومان بێت.
ئێستا کە کۆماری کۆنەپەرەستی تێرۆر و سێدارە رووبەردووی دەیان قەیرانی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی بۆتەوەو و کۆمەڵانی خەڵک لێبڕاوانەتر لە هەمیشە بەرانبەری ڕاوەستاون، ئێمە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستمان لە نێو دەستی یەکتر، بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک، بە ئیرادەیەکی قورسترەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشاوە یەککەوتووین و خۆ ڕێکدەخەین تاکوو هەنگاوەکانمان پتەوتر لە هەمیشە بەرەوپێش بهاوێین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …