چرکەساتەکان نزیکو نزیکتر دەبنەوە لە گەمارۆ نوێکانی “وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا” بە دژی رژیمی ئیسلامی ئێرانو شەڕە دەنووکەکانیش زیاتر پەرە دەستێنێتو ئێران بەرەو ئاقارێکی نادیار هەنگاو دەنێت.
سەرەتا “خامنەی” رێبەری رژیمی ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتە وتی: متمانە بە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مەکەنو پشتیوانیشی لە وتەکانی “رۆحانی” کردبوو کە پێستر هەرەشەی داخستی “تنگەی هورمز”ی کردبوو. ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کە “رۆحانی” پشت ئەستوورتر بێتو رایبگەێنێت کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رازی نابێتو قەبووڵی ناکات هەرەشەی لێ بکرێتو بەرانبەر هەر هەڕەشەو دۆخێکی نائاسایی دەبێتەوە.
ئێستا “رۆحانی” وەک ” ئەحمەدی نژاد” دەبیندرێ، کەسێک کە بێ بیرکردنەوە لەوەی بەسەر ئێراندا هاتوە دەئاخوێتو لە درێژەدا دەڵێت: ئاشتی لەگەڵ ئێران وەک دایکی ئاشتی وایەو شەڕ لەگەڵ ئێران وەک دایکی هەموو شەڕەکانە، ئەمەش وایکردوە کاردانەوەی توندی “ترامپ” سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە دوای خۆیدا بێنێتو لە تویتەکەی خۆیدا ئاماژە بە وتەکانی رۆحانی دەکاتودەڵێت: هەرگیز قامکی هەرەشە بەرەو ئەمریکا راست مەکەنەوە، چونکا بەلاێکتان بەسەر دێت کە تا ئێستە مێژوو بە خۆیەوە نەیدیبێت.
جگە لەمانە کۆمەڵێک کەسی دیکە لە بەرپرسانی خوارەوەی رژیمی ئیسلامیو ئەمریکا وڵامی یەکدیان داوەتەوەو من ناچمەسەر ئەوانە، ئەم شەڕو کێشانە تا دێت گەورەتر دەبێتەوە.
لە روانگەی کۆمەڵێک لە توێژەرانی سیاسی کە لە بی بی سی و دەنگی ئەمریکاش جار نا جارێ دەر دەکەون هەست دەکەن کە ئەمەش وەک ئەوەی لە وڵاتی “کورە” روویدا وایەو رەنگە مێژوو دووپات ببێتەوە.
بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە ئەوەیە کە نە تەنها وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەڵکوو یەکێتی ئوروپاش تا ئێستە بە دژی رژیمی ئیسلامیو هەروەها بریارەکانی ئەو وڵاتە وەستاونەتەوە بۆ گوشار خستنە سەر رژیمی ئیسلامیو هەموو رێکارێک دەگرنە بەر وگرتوویانەبەر، ئەگەر چاو لە بەستەی پێشنیاری یەکێتی ئورووپا دەکەیت هیچی ئەوتۆی تیا نییە بۆ رژیمی ئیسلامیو بە دڵنیائییەوە هیچ گەرەنتیەکیان نەداوە بەو رژیمە بۆ مانەوە لە دەسەڵات، یان ئەوەی دژایەتی گەمارۆکانی ئەمریکا بکەن لە بەرژەوەندی رژیمی ئیسلامی. تەنانەت بەرپرسانی ئەمنی “ئالمان” وتوویان کە هەکرەکانی رژیمی ئیسلامی دەیانەوێ هێرشێکی بەرنامە دارێژراو بکەنە سەر وڵاتەکانو هەروەها مەترسی ئەوەیان داوە بە ” ئاگلا مرکێل” کە ئەو رژیمە دەیەوێت بومبی ناوکی دروست بکات.
رژیمی ئیسلامی بە باشی هەستی بە قەیرانی ئابووریو سیاسی وڵاتی ئێران کردوەو دەبینن کە ئەم قەیرانانە هەر رۆژە لە شاریەکو بە شێوەیک سەرهەلدەداتو خەڵکو رژاونەتە سەر شەقامەکان، دروشمەکان گوردراونو ئەمجار خەڵک داوای نەمانی ئەو رژیمە دەکات.
بوومەلەرزە لە ئانساتدایە کە هەموو ئێران بگرێتەوەو بەرپرسانی رژیم خۆشیان باش دەزانن کە شەو خەوتن، بەیانی چاوەروانی ئەوەن کە شاریەک بە هۆی کێشەیەکەوە هاتبێتە سەر شەقام، رژیمی ئیسلامی ئێران نە تەنها بۆ هیچ کام لەم کێشانە رێگە چارەی نییە.
بە بروای من بەرپرسانی رژیمو بە تایبەتی رێبەری ئە رژیمە مانەوەی خۆیان لە قەیراندا دەبیننو هەر رۆژی قەیرانێکی نوێ بۆ خەڵکی ئێران دروست دەکەن. ئەو رژیمە دەیهەوێ بە نانەوەی شەڕێکی دیکە بەقای خۆی دەستەبەر بکاتو بە دوای ئەوەدا وێلە، بەڵام بەم شەڕە دەنووکانەو نانەوەی شەڕی زیاتر لە ناوچەکە هیچ لە دۆخی ئێستای خەڵکی ئێران ناگۆڕیو بە دڵنیائییەوە دۆخی خەڵک خراپتر دەبێتو ئەوەی دەبینن تەنها شەڕی زەرگەرییەو هیچی دیکە نییە.
هەروا کە لە سەرەوە باسم کرد رژیمی ئیسلامی ئێران هیچ رێگە چارەیەکی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانو ەنانەت رێگە چارەسەرکردنو کەنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆیی وڵاتیشی نیە.
نرخی دۆلار رۆژانە دەچێتە سەرەوەو تمەن بەرانبەر بە دۆلار تا دێت زیاتر دادەبەزێت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رژیم گەیشتوەتە کەمترین ئاستی خۆیی لە دوو ساڵی رابردوودا، کێشەی بێ ئاوی زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتوەتەوەو هەروەها کێشەی کارەباشی هاتوەتە سەر، لەلایەکی دیکەوە دزیی میلیاردی لە پوولی خەڵکو داڕمانو وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری درێژەی هەیەو خەڵک چیدی ئەو دۆخەیان پێ قەبووڵ ناکرێت، بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئێران تا دێت خراپتر دەبێت، بە وتەی بەرپرسانی رژیمی ئیسلامی ئەوانەی لەم دواییانەدا لە راپەینەکانیان بە دژی دەسەڵات گیراوان، بەشی هەرە هەژار ئەو وڵاتەن.