لە کاتێکدا کە دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکمی زیندان و تەنانەت ئێعدام، بە سەر دەروێشانی گۆنابادی سێبەری خستووە ، ئەم جار تیروپشک بە نێوی پاڕێزەری دەروێشانی گۆنابادی دەرچووە و ئەم پارێزەرە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا.
ماڵپەڕی ” مەجزووبان نوور”، کە ماڵپەڕی سەر بە دەروێشانی گۆنابادییە، لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ؛ موستەفا دانێشجو، پارێزەری دەروێشانی زیندانیکراوی گۆنابادی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ، لە لایەن چەکدارەکانی سەر بە ڕژیم، هێرش کراوەتە ماڵی دایکی ئەم پارێزەرە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
ئەم یاسادانە، لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا ڕایگەیاندووە کە مان لە خواردن دەگرێت.
بە پێی هەواڵەکان،فەرمانی دەستبەسەر کردنی “موستەفا دانێشجو” لە لایەن لەقی سێهەمی دادگای ئەمنییەتی ڕژیمەوە دەرچووە و هیچ زانیاریەک لە شوێنی ڕاگرتنی ئەم پارێزەرە بەر دەست نییە.
شایانی باسە ئەم پارێزەرە پێشتریش، لە مانگی بانەمەڕی ١٣٩٠ تاکوو بانەمەڕی ١٣٩٤ بە هۆی بیروباوەڕ بە “تەریقەتیگۆنابادی”و هەروەها بە هۆی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دەروێشانی گۆنابادی و حوکمەکانیان، لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو.