هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران، هێرشیان کردووەتە ماڵی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی ئەدەبی “خوێندەوان” لە شاری ئیلام و ٥ کەسیان دەستبەسەر کردووە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی زاگرۆس پۆست، شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ، هێزەکان پاراستنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە ماڵی چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی ئەدەبی “خوێندەوان” لە “کۆهدەشت” و دەستبەسەریان کردوون.
بڕیار وابووە کە ئەم فێستیڤاڵە ئەمڕۆ هەینی، ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ، بەیانی و پاش نیوەڕۆ ، لە دوو بەشی شێعر و موسیقا و زاراوەناسی ناوچەی زاگڕۆس و دانیشتووانی ئەم بەشە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە شاری ئیلام بەڕێوە بچێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، “موستەفا باقری ئاشنا خەڵکی ئەسەد ئابادی پارێزگای هەمەدان، سەید ئەردێشیر موسەوی خەڵکی پارێزگای کرماشان، مێهدی ئازادبەخت خەڵکی کۆهدەشتی سەر بە پارێزگای لۆڕستان، بیژەن هێمەتی خەڵکی کرماشان و شەهریار تەهماسێبی” شەوی ڕابردوو هێزەکانی پاراستن و زانیاری سپا، هێرشیان بردووەتە ماڵیان و دەستبەسەریان کردوون.
شایانی باسە ناوبراوان لە بەرپرسانی ئەم فێستیڤاڵە بوون و سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری “زاگرۆس پۆست” لە پاڕێزگای ئیلام ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی سەر بە پاراستن و ئیتلاعاتی سپا، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی فەرمی و یاسایی هێرشیان بردووەتە ماڵی ناوبراوان و کەلووپەڵی ئەم کەسانە وەک “لەبتۆب و مۆبایل”ەکانیان لە لایەن هێزەکانی پاراستنی سپاوە دەستیان بەسەردا گیراوە و پاشان ئەم چالاکە فەرهەنگیانەیان خستووەتە بەر لێکۆڵینەوە.
شایانی باسە ” ژاکان باران” شاعێری ئیلامی، کە یەکێک لە بەرپرسانی ئەم فێستیڤاڵەیە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەسەر ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاندووە کە؛ دەستبەسەرکرانی لە لایەن هیزەکانی سەر بە پاراستن و زانیاری سپا لە ئارادایە و زانیاری ئەو ٤٥٠ کەسەی کە لە بەشدار بووانی فێستیڤاڵەکە بوون سووتاندووە تا گیانی ئەو کەسانە لە مەترسی بەدوور بمێنێت.
ناوبراو لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە ئەو هەموو هەستەوەرییە لەهەمبەر ئەو فێستیڤاڵە جێی پرسیارە و ئەم کردەوەیەی کاربەدەستانی رژیم نیشان لە ترسی لە ڕادەبەدەری ڕژیمە لە بەرانبەر پەرەپێدان بە کۆلتوور و زاراوە و شێعری ناوچەی دانیشتووانی زاگرۆس.