زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد نامەیەکی بڵاو کردەوە

زەینەب جەلالی زیندانیی سیاسیی کورد کە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکوم کراوە، بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە بارودۆخی جیسمانی و ڕۆحی خۆی نامەیەکی ڕوو لە ڕای گشتی و هەموو ئازادیخوازان بڵاو کردەوە.

دەقی نامەکە ؛


من ئەم نامەیە بۆ کەسانێک دەنوسم کە ڕێز لە مافی کەسانی دیکە دەگرن و لە پێناویدا هەوڵ دەدەن.

من یازدە ساڵە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دام و تا ئێستا داوای چارەسەری پزیشکیم نەکردووە.

لە پێشدا من چاوەکانم، لە پاشاندا گورچیلە و سییەکانم تووشی نەخۆشی بوون و تووشی دابەزینی زەختی خوێن بووم و دەمم تووشی کەف کردن بوو و لە کۆتاییدا ددانەکانم خراپ بوون و ناچار بووم ئێشێکی زۆر بچێژم. چونکە بۆ ماوەی سێ مانگە داوای چوونە لای دکتۆری ددانم کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ هەوڵێکیان نەداوە. من وەک زیندانییەکی سیاسی لە هەموو جۆرە مافێک بێبەشم و هەمیشە ناچار بووم لەگەڵ ئازارەکانم ڕابێم وەک دایکێک کە منداڵە نا ئارامەکەی بە لایەلایەکان ئارام دەکاتەوە، چۆن باش دەمزانی ئەگەر داوای چارەسەریش بکەم وەک ئێستا هیچ وەڵامێکم پێ نادەنەوە.

ئەم نیزامە ڕیاکار و درۆزنە، منیان بۆ دوکتور نەبردووە و لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیاندا بەڵگەی درۆینەیان بڵاو کردووەتەوە کە زەینەب جەلالیانمان بۆ دوکتور بردووە. ئەمە درۆیەکی گەورەیە، ئەم نیزامە هیچ بۆنێکی لە مرۆڤایەتی نەبردووە و خراپتر لەمەش وێنەگەلێک کە لە ساڵی ١٣٨٧ گرتوویانە لەمن بڵاویان کردووەتەوە، لە ڕاستیدا کەڵکاژۆییان کردووە هەتا ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی پێ فریو بدەن.

ئایا ئەشکەنجەدانم و ڕاگرتنم لە ژووری تاکەکەسیی شێدار، مەحروم کردنم لە مەلاقات و تەلەفۆن بەس نەبووە، کە بۆ بێکەڵکترین داواکارییەکانم دەیان مەرجیان دادەنا، بۆ نموونە ئەو جەلادەی سرۆمی لە لەشمدا دەردەهێنا و بە زەردەخەنەیەکی نەرمەوە داوای لێدەکردم هەستم و بڕۆم، ئەمە چ جۆرە هەڵسوکەوتێکی پیسە کە ئەم جەلادانە لەگەڵ من ئەنجامی ئەدەن.

ئایا ئەگەر کەسێک کە وەک ئەم جەلادانە بیر نەکاتەوە و ڕەفتار نەکات، دەبێت بمرێت؟ یان لە زینداندا بڕزێت؟ ئەم لۆژیکە ڕەشە حاشا کردنە لە سروشت ، ئەی چارەنووسی ئەم هەموو ڕەنگ و جیاوازییانە چی بەسەر دێت؟ ئایا ئەگەر کەسێک وەک ئەم جەلادانە تینوی خوێن نەبێت دەبێت بمرێت؟

ئەی جەلادەکان دەنگی ئازادیخوازی من لە پشتی میلەکانی زیندانەوە دەبیسن؟ بهێڵن ئەرخەیانتان بکەم، کە من بە جەستە خەباتم نەکردووە کە ئەفسوسی ئەوە بخۆم کە خەسەتەم لە زینداندایە، کەسێکی ئازاد بە بیر و ئەندێشەی خەبات دەکات نەک بە جەستەی، خۆشبەختانە ئێوە جەلادەکان ناتوانن بیری هیچ ئازادیخوازێک زیندانی بکەن.

بۆ من تەنانەت مردن و ئازارکێشان لە ڕێگای ئازادیدا بەنرخە. لە ڕاستیدا ئێوە لە ڕیشەی خۆتان دەدەن و هەموو هەوڵەکانی ئێوە کردووتانە بێسوود بووە و دووچاری شکست بوون.

هیچ کەس و هیچ شتێک ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت من لە گەیشتن بە ئامانجەکانم ڕابگرێت. بە تەنیای لە هەمووان بەهێزترم و درێژە بە ڕێگاکەم دەدەم.

بە سپاسەوە
زەینەب جەلالیان
زیندانی خۆی
جۆزەردانی ١٣٩٧

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …