کارمەندانی ناوەندی دەنگو رەنگی پارێزگای کرماشان سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانیان،لە هەوڵی مان گرتن دان و بەرپرسی دەنگ و رەنگیش هەڕەشەی توندی لێیان کردووە.
ژمارەیەک لە کارمەندانی ئیدارەی دەنگ و رەنگی ناوەندی کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خراپی گوزەرانیان و دواکەوتنی مووچەی مانگانە رۆژی یەکشەمە (٢٠ی جۆزەردان) لە حەوشەی ئەو ناوەندە مان بگرن.
یەکێک لە کارمەندانی دەنگ و رەنگی کرماشان راگەیاند کە ئەوان خوازیاری پێدانی مووچەکانیان و مافە ئیداری و یاسایی و بیمەکانیان بوون.
دەنگ ورەنگی کرماشان ٢٥٠ کارمەندی گربەستی هەیە کە نزیک بە نیوەی کارمەندانی ڕەسمی ناوەندی گشتیی ئەو ئیدارەیەن.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەزا رەحیمی لێپرسراوی دەنگ و رەنگی کرماشان هەڕەشەی لە کارەندەکان کردووە کە ئەگەر درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن، نە تەنیا لەسەر کار دەردەکرێن، بەڵکوو بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام پەروەندەیان بۆ ساز دەکرێت.