لاوێكی 23ساڵەی تارانی كە لەخۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو دەستگیركرابوو لە زیندانی ئێڤین لە ژێر ئەشكەنجە گیانی لەدەستدا.
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 16ی بەفرانبار، سینا قەنبەری، تەمەن 23 ساڵ كە لەخۆپیشاندانەكانی تاران دژ بە كۆماری ئیسلامی دەستگیركرابوو، لە ژێر ئەشكەنجە گیانی لەدەستدا.
بەرپرسانی رژیم بڵاویان كردەوە كە سینا قەنبەری لە بەشی قەرەنتینەی زیندانی ئێڤین خۆی بە تەناف هەڵواسیوەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەم زیندانیە لە ژێر ئەشكەنجەی هێزەكانی رژیم گیانی لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە نوێنەرێكی مەجلیسی شۆرا بە ئاماژە بە مەرگی ئەم لاوە هۆشداری ئەوە دەدات “كەهریزەك دووەم” خەریكە دروست دەبێتەوە.
زیندانی كەهریزەك یەكێك لە شوێنانە بوو كە لەپاش خۆپیشاندانەكانی ساڵی 88، هێزەكانی رژیم لەو زیندانە بە سەدان بەندكراویان خستە ژێر دڕندانەترین ئەشكەنجەو تەنانەت دەستدرێژی سێكسییەوە.