پابلونرودا دەڵێت: دەتوانن هەموو گوڵەکان ورد و خاش و نابودکەن ، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەر بە هاتنی “بەهار” بگرن !
ئیسلامی سیاسی و شووینیزمی دەسەڵاتخوازی تورک و فارس و عەرەب و سکوتی ئاشکرای وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و زلهێز و میعمارانی دیواری بەرزی حیزبی،پێکەوە ویجدان و کەرامەتی گەلی کوردیان بریندار کرد . حیزبەکان خاوەن هیچ چەشنە پلان و بەرخودانێکی یەکگرتوو نە بوون و گاڵتەیان بە چارەنوسی جەماوەر کرد . ئایا لە ڕووپەرێکی چکۆلە وەک باشوری کوردستان سێ دەسەڵات وحاکمییەت مەنتیقی و لۆژیکە ؟ داخستنی پارلەمان لە لایەن پارتی دیموکراتەوە گەورەترین کارەساتی لێ کەوتەوە . سێ حاکمییەت یەکێتی بەشی سەوز، پارتی بەشی زەرد باوڕمەندانی ئیسلام بەشی ڕەش ،ئۆتوماتیک بەستێن و ڕێگای بۆ ڕم بازی ئێران ، تورکیا و عێراق دەستەبەر و هەموار کرد. هیشتا هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو نیە ، کتێبی زانستی و عیلمی بۆ هەرێم چاپ نە کراوە ،کشت و کاڵ بەشێوەیەک هەرەسی هێناوە کە تەماتە و خیار لە تورکیا و ئێران سواڵ دەکەن ، سەنعەت و پیشەسازی کز و لاوازە. ژمارەی هەر وەزارەتخانەیەک لە خاکی هەرێم لانی کەم سێ دانەیە . دەستێوەردانی ئێران و تورکیا بە خشکەیی و ئاشکرا، بڕبڕەی پشت و ستاتوسی کوردی شکاندووە وئیرادەیەک نیە تا ناهومێدی و دڵساردی جەماوەر بڕەوێنیتەوە و بۆ شارۆمەندانی باشور بڕیار دەربێت.
ئاستی پەیوندی ئەم حیزبانە بە وڵاتانی ئێران و تورکیاوە ، لە ئاستی بەرفراوان بەرفراوان ترە و هەمیشە بە قازانجی دوژمن و زەرەری جەماوەری کورد شکاوەتەوە .
کۆمەڵە و دیموکرات لە گەڵ حیزبی بەعس پەیوەندیان هەبوو . هەرگیز کەرامەتی شارۆمەندانی باشوریان نەشکاند وئەندامانی بەعسیان بۆ ئوردووگاکانیان دەعوەت نەکرد و لەو یارمەتیانەی بەعس ، تا ئەو جێگایە ئیمکانی هەبوو بەشی یەکێتیان دا . و کاتێک ئارشیوی موخابرات وئیستخبارات کەوتە دەستی خەڵک، هیچ چەشنە خەیانەت و نۆکەری کۆمەڵە و دیموکرات تۆمار نە کرابوو و ئەم راستیە لە لایەن جەناب دوکتور” مەحموود عوسمان “ەوە لە تلەویزیون باس کرا . هەڵویستی کۆمەڵە و دیموکرات بە نیسبەت بەعسەوە ، سەربەرزانە وشیاوی قەدەردانیە . هیوادارم پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی لای ئیتلاعاتی ئیران و میتی تورکیا پڕ بێت لە سەروەری و سەربەرزی ! دەوری ڕووخێنەر وکولونی خوازی ، نەفوز و دەستێوەردانی ئیسلامی سیاسی و تورکی فاشیست لە جمگەکانی حکومەتی هەرێم ، لە ئاستێکی سامناکدایە و حاشا ناکرێت . ئەمما یەکنەگرتوویی، خەمساردی، خەسڵەتی خۆ بە کەم زانین و دەسەنەخۆری پارتی و یەکێتی و بەرز کردنەوەی دیواری حیزبیان، خولقێنەری کارەساتی کارەساتەکان بوو . ئایا نابێ خەمخوارێک لەم دوو حیزبە پرسیار بکات پاش لانی کەم بیست ساڵ حوکمرانی بۆ کارەبا ، ئاو و خزمەتگوزاری نیە؟ بۆ هێشتا تلەڤیزیونێکی نەتەویی تان دانە مەزراندووە؟ و ئەگەر تلەویزیونتان هەیە هەر بە باڵای خۆتاندا بالۆرە و ستران دەڵێن . ئایا نابێت پێداچونەوەیەک لە سیاسەت و هەڵویستەکان و پەیوەندیەکانتان بکەن و بە شەهامەتەوە “واز ” لە دەسەڵات بێنن و ڕێگا بۆ گەنجەکان و کەسایەتی شیاو و دڵسۆز و وڵاتپارێز و ڕادیکال و عەداڵەتخواز خاڵی کەن ؟ ئایا حکومەتی داهۆڵی هەرێم سەرخان و ژیرخانی کوردستان ، ژینگە، سەرچاوەی ئاو، گیانلەبەران و دارستانی لە گەڵ داگیرکاران تاڵان و وێران و ورد و خاش نە کردووەو نە فەوتاندووە؟ ئایا توێژێکی سیخۆر و شۆڤار کە دەستیان بە خوێنی گەلی کورد سوورە و بۆ بەعسی فاشیست هەڵدەسوڕان دەبێ لە ئورگانەکانی حکومەتی هەرێم کار بەدەست و بڕیار دەر بن ؟
گشت پرسی(ریفراندۆم ) یەکێک لە هەڵویستە مێژوویی و پوزیتیڤ و سەربەرزەکان و خاڵی وەر چەرخانی چارەنوسی گەلی کورد بوو و، ئێرادەی پۆڵایین و نەترسانەی جەماوەری خەڵکی بە ڕێژەی زۆرتر لە ٩٢ لە سەدی بە بیر ورای گشتی جیهان نیشان دا و سەلماند . ریفراندوم هۆ و فاکتوری سەرەکی هێرشی داعشی سوننە و شیعە و داگیرکاران نە بوو . ئەم پیلانە بیگومان دیر یا زوو جێ بە جێ دەکرا . ئەمما بەرژەوندیەکان ڕیفراندۆمیان وەک ” ئامێر ” ێک بە دەستەوە گرت . ئەوان لە لایەن خەتی مایل و تۆڕی شۆڤارەکانیان لە باشور ئاگادار بوون کە حکومەتی هەریم خاوەنی هێچ پلان و ئالتیرناتیڤێک نیە . پارتی و یەکێتی و گۆڕانیش سەبارەت بە گەشەی دیاردە غەیرە عیلمی و کۆن و پرتوکاو و خورافات و شەپۆلی ترسناکی ئیسلامی سیاسی “سکوتیان ” کردووە و لە کردەوەدا یارمەتیدەی ئەو ڕەوتە ترسناکەن . ڕێکخراو گەلێک کە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی کۆن سەرچاوەی بیر و باوڕیانە ،لە باشور هەڵدەسوڕن : حیزب ئیسلامی کوردستان ،بزووتنەوەی کوردە موسڵمانەکانی فەیلی، حیزب اللە، مەکتەبی قورئان ،جوندالاسلام ، برایەتی موسڵمان . بزووتنەوەی ئیسلامی کورد ،هێزی سۆران ،ئەلتەوحید و ئەنسار الاسلام . حیزب و ڕێکخراوەکانی باشور هیچ چەشنێک فیداکاری ، لێبوردوویی و هیمەتێک بۆ دامەزراندنی فورم و شێوەی حکومەتداری مودێڕن نەکراوە . شێوەی حکومەتی لەو خاکە بەرتەسک و چکۆلەیەدا لە گەڵ مودێڕنیزم و دونیای گلوبال و پێشکەوتوویی ناکۆک و نەگونجاوە و، لە سیستەمی ئامارەتە کۆنەکانی کوردستان دواکەوتو ترە . دەبوا لە هەر وڵاتێکی ئوروپایی و ئامریکا و رووسیا ” لوبی ” کورد بۆ یارمەتی و چارەی دەردەکان وەک ئوڕگانێکی کارساز و نە بینراو هەر وەک ئیسرائیلیەکان پاش ڕاگەیاندنی حکومەتی خۆیان لە ساڵی ١٩٤٨ زاینی لە جیهان کردیان ، ڕێک خرابا . رووسیا یارمەتیەکانی خۆی بۆ ڕێبەرانی حکومەتی ئینقلابی گیڵان لە باکووری ئێران لە ساڵی ١٩٢١-١٩٢٠ زاینی بڕی . لە دەزگای دیپلۆماسی ژنڕال ئیستالین* و لورنتی بریا * سەرۆکی پولیسی نهێنی رووسیا و وەزیری دەرەوە مولوتوف * لە ساڵی ١٩٤٢ ی زاینی سەبارەت بە بزووتنەوەی کورد هەڵویستی زۆر خراپیان هەبوو . و مولوتوف سەبارەت بە جمهوری کوردستان لە مەهاباد ئاوا دەڵێت : کرملین لە سەر جمهوری مەهاباد ناتوانێت حیساب بکات، چونکوو خەتەرناک و بێ ئاسۆیە و خەباتی کورد بۆ ئازادی و ئیستقلال ئامانجی موسکۆ نیە . روسیا هەر گیز ئەندامانی حیزبی توودەی ئێران و حیزبی شیوعی وڵاتە عەرەبیەکان کە لە سیاسەتەکانی مسکۆ پشتیوانیان کردووە، و زیندان و تیرباران و دیل کراون یارمەتی نەداوە.
ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئوروپا دیکتاتورەکانی عێراق، لیبی و ئەفگانستانیان ڕووخاند ، ئەمما نەیانتوانی و یا نەیانویست یارمەتی هێزی پێشڕەوی جەماوەر بدەن تاحکومەتگەلێکی دیموکراتیک دامەزرێنن . سیاسەتی ئامریکا لە دەورانی نیکسون* و کیسینجر* سەبارەت بە بزووتنەوەی ساڵی ٧٥ باشور زۆر دوژمنانە و دوور لە مرۆڤایەتی بوو و ، بەرژەوەندی بۆ کارتیلەکانی ئامریکا بان تر لە ئیخلاق و پڕنسیب و پەیمانەکانیانە . تیکنۆلۆژیای ئامریکا دەتوانی جۆڵەی مێلورە لە سەرزەوی تەشخیس بدات کەچی ئیدیعا دەکەن ئاگاداری هێرشی داعش و حشدی شەعبی نەبوون . کوردستان وەک ترمینالی ” نەوتی خاو ” چاو لێدەکرێ و بەس .
سیستەمی حوکمڕانی مودێڕن و ئوڕگانی کونتڕٶلی دەسەڵات و پلاتفورمی هاوبەش و ڕێز لە بیر جیاوازەکان و دیموکراسی و یەک گرتن و هەڵبژراردنی کەسایەتی دەست پاک و دڵسۆز و سادیق دەتوانی مەرهەمی دەردی بێدەرمانی باشور بێت .
زانیاری پێویست :
* چنار و هێمن خۆشک و برا بوون ، و کاتێک لە نزیك شارۆچکەی سەید سادیق لە قوتابخانەیەکی فرە دوور بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە ، لە سەرما ڕەق بونەوە .ئەو پەیکەرە بە یادی ئەو دوو ناسکۆلەیە دروست کراوە .
١- ژوزیف ئیسالین : سەر کۆماری ڕووسیا ، کە تەقریبەن هەموو ئەندامانی پولیت بیڕوی حیزبی کومونیستی شورەوی تیرباران کرد . نمونەی سامناکی تیروری لیئون تروتسکی بیرمەندی بوڵشویکەکان بوو کە لە مکزیک بە تەوری ئیستالین کوژرا .
٢- مولوتوف : وەزیری دەرەوی ڕووسیا کە ، جێگای پرس و ڕای ئیستالین و سیاسەت داڕێژی مسکۆ بوو .
٣_ لورنتی بریا : بەرپرسی پولیسی نهێنی ئیسالین و کردەوەی ناجوامێرانەی بەو ئاستە گەیشت کە دوای مەرگی ئیسالین بە دەستوری نیکیتا خوروشچوف تیرباران کرا .
٤_ نیکسون : سەروک کۆماری ئامریکا بوو کە بە هۆی دیاردەی واتڕگەیت لە دەسەڵات لاچوو .
٥_ هینری کیسینجڕ : وەزیری دەرەوی ئامریکا و بە ڕەچەڵەک یەهودی ، کە بە بیر و ڕای زۆر کەس شیاوی خەڵاتی نوبیل نەبوو .
نوڤامبری ٢٠١٧