هەرچەند رێككەوتنە نەوتییەكەی عیراق-ئێران لەسەر ئاستی فەرمی لە هەرێم، بایەخی پێ نەدرا، بەڵام پەیامە سیاسییەكەی رێككەوتنەكە بەدڵنیاییەوە گەیشتۆتە شوێنە دیاریكراوەكان. رێككەوتنەكە ئەوەی تێپەڕاندووە كە تەنها بردنە دەرەوەی نەوتی كەركوكە بۆ پاڵاوتن، چونكە لەناو خاكی ئێران دەتوانرێ درێژە بە بۆرییەكە بدرێو بگەیەنرێتە سەر كەنداو. لەم گۆشە نیگایەوە پرۆژەكە دورنمایەكی ستراتیجیی هەیەو بناغەیەكی پتەو بۆ هاوكاریی نەوتی لەنێوان هەردولا دادەنێ.
هەرچەند ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی تازە نییەو ماوەیەك لەمەوبەر ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام كاركردن بۆ جێبەجێ كردنی لەو كاتەدا بەدیاریكراوی، مانای خۆی هەیە. پێش ئەوەی هەردو وەزیری نەوتی عیراقو ئێران لە تاران رێككەوتنە واژۆ بكەن، بەغدا بەشێوەیەكی فەرمی هەڵوێستی خۆی دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەكوردستانو بەشداریی كەركوك لەو ریفراندۆمە راگەیاندبوو. بۆیە ناتوانرێ كاتی راگەیاندنو واژۆكردنی رێككەوتنەكە لەمەسەلەی ریفراندۆم جیا بكرێتەوە.
بەغدا ئەو پەیامەی پێیە كە كەركوك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەو نەوتەكەی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدرال دایە. بەڵام ئەمە بەشە سادەكەی پەیامەكەیە. بەشەكە قووڵەكە ئەوەیە كە بەغدا بەهیچ شێوەیەك ئامادەیی تێدا نییە دەستبەرداری سەروەریی نەوتیی خۆی بێ لەكەركوك. ئەوەی كە پشتگیری لەم ئاراستەیه دەكا، ئەوەیە كە هەردوولا یەك هەڵوێستیان بەرامبەر بە ریفراندۆم هەیە.
هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵوێستێكی ئازایانە بو، بەڵام ئەستەمە هیچ لەمەسەلەكە بگۆڕێ. هانا بردن بۆ ماددەی 112ی دەستور، هیچ باڵادەستییەك بۆ حكومەتی پارێزگا نەوت بەرهەمهێنەرەكان دروست ناكاو پێگەیەكی پەكخەریان بۆ دابین ناكا بەڵام دەشێ لە وتووێژدا هەندێ بەرژەوندیی ماددییان بۆ دەستبەر بكات.
بەشێوەیەكی گشتی، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەكۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەكەی داوای «رونكردنەوە»ی كردووەو داواكە خۆی لەخۆیدا داوایەكی رەوایە. ئاشكراشە كە روونكردنەوەی وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە، هیچ لەسەر بەغدا ناكەوێو كارێكی قورسیش نیە.
ئەو بەشەی رێككەوتنە نەوتییەكە كە هیچ لایەك تیشكی نەخستۆتە سەر، ئەو بەشەی كە پەیوەندیی بەهەلومەرجی جێبەجێ كردنی پرۆژەكەوە هەیەو تێیدا كۆمپانیایەكی پسپۆر، بۆرییەك لەكەركوكەوە، لانی كەم بەدرێژیی 200 كیلۆمەتر تا ناو خاكی ئێران رادەكێشێ. هەلومەرجی جێبەجێ كردنی پرۆژەكەش بەرەوشی سیاسیو دەستەبەركردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەوە بەستراوەتەوە كە بۆرییەكەی پێدا تێدەپەڕێ. رێی تێناچێ بەغدا، كە ئێستا تەنانەت یەك سەربازیشی لەكەركوك نیە، لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتنەكەدا لەتاران، بیری لەم مەسەلەیە نەكردبێتەوە.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی واژۆكردنی رێككەوتنە نەوتییەكەدا، میدیاكانی كوردستان هەر ئەو بەشەی رێككەوتنەكە سەرنجی راكێشان كە پەیوەندی بەكەركوكەوە، لەكاتێكدا رێككەوتنەكە جگە لەكەركوك كە بەپێی ماددەی 140 ناوچەیەكی جێناكۆكە، ناوچەیەكی جێناكۆكی دیكەشی گرتۆتەوە كە ناوچەی نەفتخانەی خانەقینە.
ئەمەش ئەو بەشەی رێككەوتنەكەیە كە میدیاكانی كوردستان بەتەواوی پشت گوێیان خستووە. بەپێی ئەوەی كە لەرێككەوتنەكەدا هاتووە، عیراقو ئێران لەسەر وەبەرهێنانی كێڵگەی نەوتی نەفتخانە رێككەوتون. ئەم كێڵگە نەوتییە پێش هەڵایسانی جەنگی عیراق-ئێران لەساڵی 1980، رۆژانە نزیكەی 25 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوەو لەپاش هەڵایسانی جەنگەوە پەكی كەوتووەو پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ بخرێتەوە گەڕو سودی لێ وەربگیرێ.
ئەمە بەم مانایە دێت كە رێككەوتنە نەوتییەكەی نێوان عیراقو ئێران دوو ناوچەی نەوتیی جێناكۆكی گرتۆتەوە. بۆیە جێبەجێ كردنی رێككەوتنەكە لەبەرەنجامی كۆتاییدا پێویستی بەوە دەبێ كە بەغدا، ئەمجارە بەجلوبەرگی تەكنیككارە نەوتییەكان، بگەڕێتەوەو دەست بەجێبەجێ كردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنانی نەوت بكاتەوە.