لەم وینەیەدا ، لە ڕاستەوە جەناب دوکتور ئیبراهیم یونسی و لای چەپەوە شاعیری مەزنی گەلی کورد جەناب شێرکۆبێکەس پیشان دەدات کە لە تاران ساڵی ١٣٨٠ یەکتریان دیدار کردووە .
١- شێرکۆ بێکەس ئاستێکی بەرز و ڕچەیەکی مودێڕن و تازەی لە هەڵبەست و کۆپلە شیعری، ئەدەبیاتی کوردیدا شکاند .ڕاسپاردەی تایبەتەکانی بۆ هەژاران لە هەڵبەستەکانیدا ،شەپۆل دەدا . هەمیشە بە داخەوە بوو کە پارتەکانی کوردستان ناتوانن جەماوەر ڕێک بخەن و ،هەر خەرێکی حیزبایەتین و میعمارانی بە توانای دیوار حیزبیش بیری نوێ و ریفورم خواز دەکوژن و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داگیرکاران دەکەن . لە باخچەی زمانی کوردی وشەی ناسک و جوانی هەڵگرتوە و نەیهێشتوە گەنجینەی زمان ، کە چەندە شیرین و بە پێزە لە بیر بچێنەوە .دیوانەکانی شێرکۆ پاسەوانی هەمیشەیی زمانی کوردین .بۆ هەموو تراژیدیاکانی کوردستان ، لە فورم و شێوەی هەلبەست ، هەڵویستی مرۆڤدۆستانە و ڕادیکاڵی خۆی پێشکەش کردووە . بە تایبەت سەبارەت بە یاسا بەکەڵک نەهاتوەکانی سەردەم وئەو کەسانە بانگەواز بۆ پیاوسالاری و داسەپاندنی ئایین و ئائین زاکان بە سەر کۆمەڵگای سەدەی بیست و یەکدا دەکەن ، بە دەنگی بەرز و بوێرانە هاوار وئیعتراز دەکات . لە هەڵسەنگاندنەکانی جەناب شێرکۆ بێکەس ،دین و مەزهەب تەنیا پەیوەندی خسووسی مرۆڤەکان لە گەڵ کردگارە . و ئاواتە خوازی دیزانێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە تێدا قەوارەی جیوگرافیای دەوڵەتی کوردی دیاری بکرێ .شێرکۆ وەک پەنابەر لە وڵاتی سوید گیرسایەوە . لە لایەن ئینگوار کارلسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدەوە ، قەدردانی لێکرا و خەڵاتی وەر گرت کە، بە هیمەتی جەناب هومەر شێخموس ڕێگاکە هەموار کرا. شێرکۆ هەڵبەستێکی بە ناو ” بەیان ” کە کچە پێشمەرگەیەکی ناو ڕێزەکانی کۆمەڵە بوو ، هونیوەتەوە و چڵە پۆپەی هەلویستی ڕادیکالی شاعێرێک پێشان دەدا . لە زانستگای ستۆک هٶڵم شیعری “زام پێوان ” ی بە بۆنەی یادی سی ساڵە ی کاک فوئاد پێشکەش کرد ، کە یادگاری یادگارەکانە . هەڵبەستەکانی شێرکۆ تێماندەگەیەنێت چ تارماییەکی ڕەش و بەسام و مۆتەیەکی خوێن مژ هەڕەشەمان لێدەکات .ئاسکە ون بوەکان چارەنوسی هەژدە کچی گەنجی گەرمیانە کە لە لایەن حکومەتی دەڕندەی بەعس ەوە، دیل و ئەسیری کران وناجوامێرانە بە وڵاتانی عەرەبی فرۆشران . دەبوا حکومەتی هەرێمی باشور پەیکەی ئەم شاعیرە مەزنە لە شارەکان دامەزرێنیت و زانکۆی ئەدەباتی سلێمانی و هەولێر بە ناوی شێرکۆوە ناو بنرین .
***********
٢- جەناب ئیبراهیمی یونسی : یەکێک لە گەورە وەرگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ، کە لە نێوان فەرهەنگە پێشکەوتوەکانی دونیا پردی پەیوندی بوو . خزمەتێکی بە نرخی بە فەرهەنگ و ئەدەبیات کرد . زۆر بەرهەمی بەنرخ و جیهانی بۆ سەر زمانی فارسی تەرجومە کردوەتەوە .لە شاری بانە لە دایک بوە ،لە سەقز دیپلومی وەر گرتوە و پاشان لە زانکۆی ئەفسەری وەر گیراوە .لە ساڵی ١٣٣٣ دیل و زیندانی بوە .و ساڵی ١٣٤١ ئازاد کراوە .لە زیندان زمانی فەرانسا و ئینگلیزی فێر بووە . ساڵی ١٣٥٦ لە زانستگای سوربونی فەرانسا لە زانستی ئابوری دوکتورای وەر گرتوە . ئەم کتێبانەی تەرجومە و یا نوسیوە : ئارەزوە گەورەکانی چارلز،ئیسپارتاکۆس،خەیاتی جادوو کراو ،بیرەوەریەکانی خورۆشچۆف ، هونەری داستان نوسی،مێژووی ئەدەبیاتی ڕووسیا، یونان ، ئافریکا، شەرێ گەورەی وەتەنی (کە دەوری ئەرتەشی سوور پێشان دەدا)گۆڕستانی غەریبان ، دادا شیرین ، کلاو لارو قەرەچی . دوکتور یونسی پێێ وایە هەڵبەست لە ئێران ڕێگای نورمالێ خۆی پێواوە ، بەڵام داستان و چیرۆک ئەو ڕێگایەی هیشتا بە چاکی نە پێواوە .دەڵێت وەرگێڕ دەبێ نیمچە نووسەرێک بێت . و دەڵێت زمانی شیعر نا راستەخۆیە بەڵام زمانی پەخشان ڕاستەوخۆیە . و ئامێری تلەڤیزیون کۆسپێکی گەورەی بۆ خوێنبدنەوەی “کتێب ” خولقاند وە. چونکوو تلەڤیزیون ئامیری دەستی دیکتاتور و حکومەتەکانە و بانگەواز بۆ دەسەڵات دەکات . نوسینی رۆمان تازە لە ئێران دەستی پێکردووە ولە دایک بووە و خەریکە ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە .
دوکتور یونسی مرۆڤێکی ڕادیکاڵ ، زانا ،خۆنەویست، زمان زان ، کۆمەڵناس وخەمخواری هەژاران و بێکەسانی کۆمەڵگا بوو .
***************
بە داخەوە بیوگرافی جەناب ” محمد قاضی ” م دەست نەکەوت ئەگێنا ئەویش یەکێکی تر لە گەورە وەڕگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوو .
ئێوە لە بیر نەکراوەکانی مێژوون !
( ر – م س ) سێهەمی ئاگۆستی ٢٠١٧