هه‌ینی 8 تشرینی دووه‌م 2024

سەرنجێکی کورت و هەڵوێستێک ! / هدایت قادری

سەرەتا بەوە دەست پێدەکەم کە هەر دڵۆپە خوێنێک لە پێناو رزگاریی خەڵکی کوردستان بە ناحەق دەڕژێ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنم و گیانبەختکردووان بە سەروەری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەزانم . لەو کاتانەدا جیا لە جیاوازیی حیزبی و فیکریی و ڕەخنەی سیاسی و رێکخراوەیی من لە رێزی هاوڕێیانی گیانەبەختکردووان و بنەماڵەی سەر بەرزیان و بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان دام و ئەمە جیا لە کۆمەڵە بۆ هەموو لایەنەکانی تری کوردستانیش هەر وابووم و هەر دەبێ واش بێ.دیار و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری شەر و کوشتار و ئیعدام و هەر خراپەیەکی ترە.ئەمە ئەسڵێکە کە هەموومان دەیزانین و مەحکوومە.

بەڵام ئەوە بە مانای ئەوەیە نییە کە لە گەڵ شەپۆل و کەش و هەوای ئیحساسی پێکهێنراو بکەوین و هەڵوێست لێکدانەوەی خۆمان نەبێت. تەنیا مەحکووم کردنی کۆماری سێدارە بە دڕندەیی هونەر نییەو ئەوە هەموو کەس دەزانێ ئەم رژیمە جەنایەتکارەو تەبعەن دەبێ مەحکومی بکەین . بەڵام ئێمە خۆمان لە بەرانبەر ئەم دێوە زمەو دزگا نگریسەدا چ دەکەین و ستراتێژی و تاکتیک و لێکدانەوە و کردار و هەڵسووکەوتمان چۆناوچۆنە ،ئەوە گرنگ و جێی قسەیە.لە سەر رووداوەکانی پێشووتری حدکا بە ناوی ڕاسان و گیانبەختکردنی ئەو سێ هاوڕێیەی کۆمەڵەی شۆرشگێریش بە کورتی ئەوە هەڵوێست و لێکدانەوەی منە.

هەنوکە و لەم دۆخەی ئێستادا ناردنەوە و چوونەی پێشمەرگە بۆ ناو کوردستان هیچ خزمەتێک بە ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵک و گەشەی خەباتی ناوخۆ ناکات و بگرە بە زیان دەشکێتەوەو لە باری دەبات.بیانۆی زیاتر دەدات بە هێزەکانی رژیم بۆ سەرکوت و کوشتاری زیاتری خەڵکی کوردستان، بۆ لە سێدارە دانی بەند کراوانی سیاسی ،بۆ مۆڵدان و بە پادگانی کردنی زۆرتری کوردستان و بە تایبەت بە کەڵک وەرگرتنی لە تەقینەوەکانی تارانیش. سیاسەت بە جەوگرتن و ئیحساسات و بێ لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنەی واقیعی ناکرێ! پرسیار ئەوەیە ئایا خەڵکی کوردستان ئامادەیی ئەوەی هەیە؟ئایا دروستە هێشتا نە چووینەوە تەپڵ و توزەلە لێدەین و رووداو بەرینە شوێنی حەوانەوە و باسی چوونەوەمان بکات ؟ئایا پێشووتریش وا کاری پێشمەرگانەمان کردووە!؟تەرازووی هێزەکان و چەندایەتی و چۆنایەتی ئێستای ئەو هێزانە؟ چوونەوەی ئێستا، بێ بەرنامە و پڵان چ دەسکەوتێکی بۆ ئەم بزووتنەوەیەی خەڵک دەبێت؟ئایا تەوازوونی هێزەکان وایە بڕۆنە ناوشار و شەری سەروماڵ بکەن؟یا خۆنیشاندان لە چەند گوند و دێهات و ئیعڵامی بوون(وجود)بکەن؟ چەندە ئەم کارە قازانج یا خود زیان بە خەڵک دەگەیەنێ؟ورە و روحییەی خەڵک بەرز دەکاتەوە یا پێچەوانەکەی دێتە ئاراوە؟ بۆشایی گەورەی ستراتێژی و تاکتیکی لە نێوان هەڵسوڕوانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەبێ چلۆن پڕ کرێتەوە و کامە رێگە و سیاسەت کاریگەریی زیاترە ؟ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێکی تریش لەم چەشنە پرسانە دەبێ بە لێکدانەوەی دروست و ژیرانە وەڵامی لۆژیکی و عەینی و دروستمان بۆیان هەبێ کە نەمانکردووەو هەڕەمەکی و بۆ قازانجی تر خۆی پێدادەین و زیان بە بزووتنەوەو بنەماڵەکانیش دەگەیەنین .بەداخەوە تا ئێستا راسان و ئەم کردەوەی دواییش زیانەکانی زیاتر بووە و دەبێ لە قازانج و بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورد وەک “گشتێک “. بزووتنەوەی جەماوەری و شارستانی خەڵکی کوردستانی ئێران پێویستی بە رێکخستنی زیاتری ناوخۆیی و بارهێنانی پێشڕەوان و رێبەرانی ناوخۆیی هەیە و دەبێ وریا بین بۆ قازانجی تەسکی حیزبی ئەم بەستێنە لەبن نەهاتووە توشی زیان نەکەین.هێزی پێشمەرگە وەک هەمیشە پاڵ پشت و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە و بەرپرسانە جوڵاوەتەوە.ورە و هێزی بە بزووتنە جەماوەری و گشتییەکان داوە و باسکی چەکداری ئەم خەباتانە بووە. بە هەیبەت و ئازاو و دوژمن تارێن بووە.ورەی داوە بە خەڵک و دوژمن لێی ترساوە.ئێستا تەرازووی هیزەکان وا نیە کە هێزی پێشمەرگە پارەسەنگی یەکلا کەرەوە بێت و بێ گومان رۆژێک هەر ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە بە ئەنجام دەگەیەنێت. هەوڵدان بۆ گەشەی بزووتنەوەی جەماوەریی و سازمان دانی ،سەرتاسەری کردنی لە هەموو کوردستان، کار کردن بۆ خەبات و ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەریی و هاندانی خەڵکی هەموو شار و گوندەکان، رێکخستنی زیاتر و پتەوتر ،گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بە ناوەندەکانی ماڤی مرۆڤ و ناوەندەکانی تری نێودەوڵەتی ،یەک هەڵوێستی و حیزب حیزبێنە نەکردن،سازدانی رێپێوانی گەورە و بەرین لە وڵاتانی دەرەوە و سەرئەنجام تێکۆشان بۆ یەکگرتوویی و یەکریزیی زیاتری خەڵک هەنۆکە خزمەتی زیاتر بەم بزووتنەوەیە دەکات و دەیباتە قۆناغێکی ترەوە.بژی یەکگرتوویی خەڵک کە هۆکاری سەرەکی شۆرش و خرۆشان و گۆرانکارییە”.
یادی گیانبەختکردووان بەرزو بەرێز بێ و مەرگ و نەمان بۆ حکومەتی ئیسلامی سەدە ناوەراستیی ئێران.

۲٤/٦/۲٠۱۷

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …