بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانی رژیم لەناوچەی سەڵماس دوو كۆڵبەری دیكەی كورد گیانیان لەدەستداو كەسێكی دیكەش برینداربوو.
بەپێی زانیارییەكانی زاگرۆسپۆست، رۆژی شەممەی رابردوو 23ی رێبەندان لە شاخی”هەرەول”ی سنوری شاری سەڵماس کە دەکەوێتە نێوان سنوری ئێران و تورکیاوە، هیزە ئەمنییەکانی ئێران چوار کۆڵبەری کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لەئاکامدا دوو کۆڵبەریان بە ناوەکانی “خوسرەو کازمی” تەمەن ٤٢ ساڵ و “داریوش پاشایی” تەمەن ٣٥ ساڵ کوژران.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، خوسرەو کازمی خێزاندارە و باوکی پێنج منداڵە، داریوش پاشایی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی خۆڕخۆڕەی شاری سەڵماسن.
لەڕووداوەکەدا کۆڵبەرێکی تری کورد بە ناوی “ئازاد مامەدی” خەڵکی گوندی “دێرک” بە سەختی بریندار بووە و یەکێکی تریش بە ناوی حیکمەت کە خەڵکی گوندی”وەڕک”ە دەستبەسەر کراوە.
