سەعید شێرزاد، زیندانی سیاسی كورد كە لەزیندانی رەجایی شار لە رۆژی 17ی سەرماوەزەوە مانی لەخواردن گرتووەو لێوەكانی دووریوەتەوە، رایدەگەیەنێت لەمانگرتن بەردوام دەبێت، چونكە “مانگرتنەكەی شەخسی نیە”.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، سەعید شیرزاد لەوەڵامی داواكاریی “دایكانی خاوەران” سەبارەت بە كۆتایی هێنان بە مانگرتنەكەی رایگەیاندوە كە تا 30ەمین رۆژ لەمانگرتن بەردەوام دەبێتو بە پێی باردودۆخەكەو وەڵامدانەوەی بەرپرسان بڕیار لەسەر بەردەوام بوون دەدات.
سەعید شێرزاد لەنامەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە مانگرتنەكەی بەهۆكاری شەخسی نیە، بەڵكو بەردەوام بوونی سەركوتو لێدانی زیندانیان، دەستگیركردنی بنەماڵەی زیندانیان لە هۆڵی چاوپێكەوتن، رێگریی كردن لە ناردنی زیندانیان بۆ نەخۆشخانەو.. ئەو خاڵانەن كە ئەو ناڕازییە لێیو بەو هۆیەوە مانی گرتووە.
سەعید شێرزاد چالاکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کرماشانە و پێشتر و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی لە خواردن، نامەیەکی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان کردبوو کە لەوێدا ئاماژەی بە “بێڕێزیی بەردەوامی مەئموورەکان بە بنەماڵەی زیندانییەکان، دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، پێشگرتن لە ڕەوانەکردنی زیندانیانی سیاسی بۆ ناوەندی دەرمانی و ئازار و ئەشکنجەی زیندانیانی سیاسی و ڕەوانەکردنیان بە زۆرەملی بۆ دادگاە، بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو.