پێنج شه‌ممه‌ 12 كانونی یه‌كه‌م 2024

داسەپاندنەوەی دووبارەی سایس- پیکۆ لەدژی کوردان / حەسەن ماوارانی

دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە پاڵپشتی روسیا بۆ سەقامگیر کردنەوەی دووبارەی پەیمانی سایس- پیکۆ دەستیان داوەتە دەستی یەکتر. ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دوواییانە کە بە کودیتای میری سازکردووی تورکیاوە بە ئاشکرا هاتنە بەرباس، بە سەفەری یەلدریم سەرۆک وەزیرانی ئەردۆغان دانراو بە بەغداو ڕێکەوتننامەی نۆ خاڵی بەغدا و ئانکارا گەیشتە قۆناخی کۆتایی بەفەرمی ناسراوی خۆی.
ئەم ئاڵوگۆڕانە کە ماوەیەکی زۆرە تەدارەک دەبینرێ لەسەر دوو بناخە دامەزرا و بە هاتۆچۆ نهێنیەکانی نوینەرەکانی ئێران و تورکیە و روسیە لەمێژ بوو بواری بۆ دەرەخسا.
لایەنی یەکەمی ئەو بناخەیە پێوەندییەکانی ئێران و تورکیەو روسیا و سوریە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی بوو کە پێیان وابوو لە ناکۆکیەکانی وڵاتە ناوچەییەکان بە قازانجی کورد شتێک هەڵدەکڕێنن و ئەوەندەیان پەرە پێدا هەتا بۆ گەڵێکیان گەیشتە ڕادەی گوێ لەمستبوون.
لایەنی دووهەم و سەرەکی ئەو بناخەیە هاوپێوەندیی بەرژەوەندیی ئەو ووڵاتانە بوو کە لە ماوەی سەت ساڵەی ڕابردوودا لەسایەی ئەو پەیمانەدا دەستەڵاتی زۆردارانەیان بەسەر کورد و گەڵانی تری ناوچەکان داسەپاندووە.
بەرژەوەندییەکانی روسیا لە ئاست پەرەگرتنی دەستەڵاتی وڵاتانی رۆژئاوایی و جێگیر بوونی هێزەکانی پەیمانی ناتۆ لە سنوورەکانی ئوروپایی روسیادابە چەشنێکی دیار هاندەری میریی روسیایە بۆ دژایەتی کردنی هەرچەشنە گۆڕانکارییەکی ژێئۆپۆلیتیکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوێندا و هەروەها پاراستنی سوریە بە هەر بەهایەک.
لەم ناوەدا هەمدیسان کوردە کە نە بۆ ئێستای پڵانی دیاری هەیە و نە بیر لە داهاتوو دەکاتەوە و حیزبە سیاسیەکانی  بە چنگ و ددان ئەو بە گۆمانی خۆیان پشکەی کە وەبەریان کەوتووە دەپارێزن و تەنانەت ئاواتی فەوتاندنی یەکتریشیان بە یارمەتی داگیرکەران لە مێشک دایە.
تێکرای ئەو ئاڵوگۆڕانە بەو هۆیە هاتنەگۆڕێ کە کورد توانیبووی :
دەستەڵاتێکی فەرمی لە باشوری کوردستان دامەزرێنێ و وردە وردە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بیقەبڵێنی،
دەستەڵاتێکی خۆسەری لە ڕۆژئاوا دامەزرێنی و ناوی رۆژئاوا بە جیهان بناسێنی،
پێشمەرگەی کورد ( من گەریلاش هەر بە پێشمەرگە ناو دەبەم )  بە تێکڕایی وەک بەشێکی گرنگی هێزی دژی تیرۆر و پاشکەوتوویی لۆە ئاستی جیهاندا ناودار بکا.
ئەگەری یەکگرتنەوەی ڕۆژئاوا و باشور مەترسیەکی قورسی خستە سەر دڵی داگیرکەران و روسیا. بە یەکگرتنەوەی ئەو دوو پارچەیەی کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی هێزی رزگاریخوازانەی کورد لە باکور و بوارەکانی سەرهەڵدانەوەی بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات، داگیرکەرەکانی کوردستانی بۆ تێکدانی دەستەڵاتی باشور و رۆژئاوا هاندا و ئەوانیش لە لاوازیی هەمیشەیی کورد واتە نەبوونی یەکێتی ئەو پەڕی کەڵکیان وەرگرتووە و بە نهێنی و ئاشکرا پڵانی نگریسی خۆیان بەرەو پێش دەبەن. بەداخەوە هێزەسیاسیەکانی کورد کە بەزار هەموویان باس لە  پێویستیی یەکێتی  کورد دەکەن، بەکردەوە بەرەو یەکێتی ناچن. تەنانەت لە باشور مۆرکردنی پەیمانی  بەغدا و ئانکارا بە شادمانی باس دەکەن و دەوری کورد لەو یەکگرتنەوەدا بە فەخر دادەنێن و لە رۆژئاوا دەستەڵاتی خۆسەری بە بێ زەختی داگیرکەر ناو و ئاسەواری رۆژئاوا دەشواتەوە و باکوری روسیا ڕادەگەیەنێ و لەناوچەی سەوز سپای پاسداران دەستەڵاتی بەدەستەوە و ….
یەکگرتنەوەی تورکیە، ئێران  لە روسیە بە بەربووکیی روسیە لەسەر مانەوەی و نەگۆڕیی سنورەکان و دەستەڵاتە ناوەندییەکان بوو. بە ئاشکرا دژایەتی لەگەڵ هەرچەشنە دەستەڵاتێکی نەتەوەیی. سوریا لەلایەن روسەوە نوێنەرایەتی دەکرا و ئێران نوینەرایەتی عێراقیشی هەبوو.  تورکیە بە ئاشکرا نوێنەرایەتی داعەش و النصرە و پیاوکوژەکانی دیکەی ئیسلامی دەکرد. ئەنجامەکەش پێکهاتنیان لەسەر مانەوەی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیە وەک پێشوو، واتە بە سنوورە داتاشراوەکانی پەیمانی سایس – پیکۆ وە بوو.
لە بەغداش بەفەرمی دەوڵەتی عێراق رۆژی ٢١.٠١.٢٠١٧ ئەو پەیمانە نۆ خالانەیەی لە گەڵ تورکیە واژوو کرد. واژوو کردنی ئەو خاڵانە کە دەوری نهێنی کۆماری ئیسلامی لەودا ئاشکرایە، ڕاگەیاندنی فەرمی پڵانی نگریسی داگیرکەرانی کوردستانە.   بۆ وێنە پەنجە بۆ چەند خاڵێک ڕادەکێشین:
خاڵی یەکەم : هەردوولا جەختیان لەسەر ئەمن و ئاسایش و دژایەتیكردنی تیرۆر و پاراستنی سەروەری و یەكێتی خاكی عێراق كردەوە.
یەکێتی خاکی عێراق واتە دژایەتی کردنی سەربەخۆیی  کورد و لەڕوانگەی ئەو دوو وڵاتە نە حەشدی شەعبی تیروریستە و نە داعەش. بەلکو کوردە کە تیرۆریستە.
لە خالی سێهەمدا دیسان پێدادەگرنەوە لەسەر سەروەری دەوڵەتی عێراق و یەکێتی خاکی عێراق!
واتە باشور  بە خاکی عێراق دەناسن و گومان لەوەدا ناهێڵنەوە. گرینگی ئەو دووپاتکردنەوە دڵنیاکردنەوەی دەوڵەتی عیراقە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دەنگۆیانەیە کە هەندی مێدیا و نووسەری ئەڤینداری تورکیە لەقاوی دەدەن کە تورکیە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانە!!
لە خاڵی پێنجەمدا: هەردوولا رێككەوتن لەسەر هاوكاریكردنی زیاتر لە بەڕێوەبردنی هەردوو رووباری دیجلە و فورات و پڕۆژەكانی دیكەی ئاو.
لێرەدا مافی  باشور و نەتەوەی کورد لەسەر ئەو رووبارانە بە ئاشکرا پێشێلدەکەن و هەرچەشنە بڕیاردانێک بۆ دوو دەوڵەتی تورکیە و عێراق پاوان دەکەن.
خاڵی حەوتەم : هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی نەبێتە هەڕەشە لە خاكی یەكێكیانەوە بۆ سەر ئەوی دیكەیان.
ئەو خاڵە لە مێژووی پێوەندییەکانی سەدساڵەی ڕابردوودا یەک واتا و مانای هەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەردوو دەوڵەت پێش خەباتکارانی کورد بگرن کە لە رەوتی خەبات بۆ رزگاریی نیشتمانەکەیان لە بەشەکەی دیکەی نیشتمانیان کەڵک وەرگرن. ئەوان خاکی کوردستان بە ملکی خۆیان دەزانن. لە ساڵی ١٩٧٥ یشدا لە نێوان ئێران و عێراقدا هەر ئەو خاڵە مۆرکرا کە ئاشبەتاڵی بەسەر کورد داسەپاند. لە سەرتاسەری سەت ساڵەی ڕابردووشدا ئەو خاڵە وەک پەیمانێک  لە نێوان  وڵاتەکانی ئێران، عێراق و تورکیەدا هەر هەبووە.
هەروەها لە خاڵی نۆهەمیشدا بە نێوی هاوکاری بۆ بەرگری لەشەڕی تایفی لەسەر دژایەتی خۆیان لەگەڵ مەسەلەی کورد پێدادەگرنەوە. ئاشکرایە لە ڕوانگەی هەردوو دەوڵەت مەسەلەی کورد وەک نەتەوە قەبول ناکرێ و لە گوتاری سیاسیاندا وەک قەوم و تایفە دەڕواننە مەسەلەکە.
سەرەڕای ئەو پێکهاتنەی دوژمنانی کورد، هەمدیسان بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد دەرەتانی بەرپەرچدانەوەی ئەو پیلانە هەیە. تاقە ڕێگای بەرپەرچدانەوەی ئە پیلانە ڕژدە کە وەک بۆمبایەکی کاتژمێردار بۆ کوردستان داندراوەتەوە بۆ  پووچەڵکردنەوەی بریتیە لە  هاودەنگی و هاوکاری و هاریکاریی لایەنەکانی کورد لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی.
باشور هەتا ئێستا هەر دەستەڵاتێکی فەرمیە و رۆژئاواش رادەستی سوریە نەکراوەتەوە و لە باکور بەرخۆدان دانەمرکاوە. بە هەزاران گەنجی کورد چەکبەدەست ئامادەی گیانفیدایین. هەموو نیشتیمانپەروەرانی کورد لە چوارقورنەی جیهاندا پاڵپشتی یەکێتی هێزەکانی کوردن. لەرادەی جیهانیدا کورد خاوەنی گەلێک دۆستە کە لە دامودەزگا سیاسی و میریەکانی وڵاتە رۆژئاواییەکاندان. دەرەتانی مێدیایی مەزن لەبەردەستی کورددایە کە دەکرێ لە جیاتی خۆخۆری کەڵکی بەجێیان بۆ وەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێونەتەوەیی و نیشتمانی  لێوەربگیرێ. بزاڤی کورد لە  رۆژهەڵات وەک ئاگری بن خۆلەمێشە و هەرکات و ساتێکی هەمدیسان دەگەشێتەوە. دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستان لە ئاستی بیروڕای گشتیی جیهانیەوە بە نەفرەتەوە چاو لێدەکرێن.
بەلەبەر چاو گرتنی ئەو ڕاستیانە پێکهاتنی کۆنگرەیەکی نەتەوەی و یەکگرتنەوەی هەموو هێزەکانی کوردستانی زەربێکی قورس و گران لە پشتی داگیرکەران دەدا. هەستان بەو ئەرکە ئەرکی نیشتمانی  هەموو کوردێک و لە پلەی یەکەمدا دوو جەمسەری بە هێز لە باشور و باکورە.  کەمتر خەمی لە ئاست ئەو ئەرکە بەرێوەبەرانی ئەو دوو جەمسەرە لە مێژوودا ریسوا دەکا. و تەنانەت هەتا ڕادەی خەیانەت تاوانباریان دەکا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …