دوو شه‌ممه‌ 25 تشرینی دووه‌م 2024

حدک: لە یەکەم ساتەوە گومانمان نەبووە کە ئێران لە پشت تەقینەوەکانی کۆیەوەیە

حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) ئاشکرای کرد کە ئامانج لە دوو تەقینەوەکەی کۆیە، شەهیدکردنی ژمارەیەکی زیاتری پێشمەرگەکانیەتی و دووپاتیشی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپشت تەقینەوەکەوە بووە.

ئەمڕۆ شەممە 24\12\2016، حدک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ”نیشانەکان‌ و زانیارییەکان دەری دەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە تێکۆشەران‌ و بنەماڵەکانی دیموکرات بووە‌. بەو هۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو ئامانجەیان کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکە‌دا لێی کۆدەبنەوە، هەڵبژاردووە“.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”هەر لە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تێرۆریستییەوەیە. لێدوان‌ و وتووێژ‌ و ڕوونکردنەوەکانی دواتری بەرپرسانی حزبی ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تەقینەوەیەدا، پێداگری بووە لە سەر ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی ئەسڵیی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە“.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

سپاس‌و پێزانینی گەرمی خۆی بەرامبەر ئەو هاوخەمی‌و هاوپێوەندییە بەرینە ڕابگەیەنێ کە دوابەدوای تەقینەوەی تیرۆریستی لە بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزب لە نزیک شاری کۆیە‌و لە ڕۆژانی دواتر دا خۆی نواند. سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە پارلمانییەکان، زۆربەی حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو ڕاگەیاندنی هەڵوێستی رەسمی، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە گەورەیە، لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بنەماڵەی شەهیدەکان، هاوخەمیان کرد.

..

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان!

هێز‌و ڕێکخراو‌و کەسایەتییە کوردستانی‌و ئێرانییەکان!

دامەزراوە حکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان!

کۆنسۆڵخانە‌و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان!

ناوەندە ناوچەیی‌ و نێودەوڵەتییە مرۆڤدۆستەکان!

شەوی ١ی بەفرانباری ئەمساڵ (٢١ی دیسامبری ٢٠١٦)، مەراسمێکی کولتووری بە بۆنەی شەوی یەلدا(٨٦ساڵەی لە دایکبوونی د.قاسملوو) لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بە ئیبتیکاری یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان‌و بە بەشداریی بنەماڵە‌و تێکۆشەران‌و ئەندامانی ئەم حیزبە پێک هاتبوو، کرا بە ئامانجی تەقینەوەی تێرۆریستی. ڕاست لە کاتی تەواوبوونی بەرنامەکە‌دا، بۆمبێک لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسمەکە، لە پەنا فرۆشگەیەک‌و لە تەنیشت ڕێگای هاتوچۆی گشتیی هەڕمۆتە – کەمپی “ئازادی” تەقێندرایەوە. کاتێک کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی دیموکرات‌و پۆلیسەکانی بنکەی ئاسایش لەو نزیکانە، بۆ فریاکەوتن دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، بۆمبی دووهەمیش دەتەقێندرێتەوە‌و لە ئاکام دا دەسبەجێ ٦کەس گیانیان لە دەست دەدەن. ٤ کەسیش بریندار دەبن کە یەکێک لە بریندارەکان دوازدە سەعات دواتر بە داخەوە گیانی لە دەست دا‌و بەم جۆرە ژمارەی شەهیدەکانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بووە ٧ کەس(٥تێکۆشەری دیموکرات‌و دوو پۆلیسی ئاسایش).

نیشانەکان‌و زانیارییەکان دەری دەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی هەر چی زیاتر لە تێکۆشەران‌و بنەمالەکانی دێموکرات بووە‌. بەو هۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو هەدەفەیان- کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکە‌دا لێی کۆ دەبنەوە- هەڵ بژاردوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕاگەیەندراودا بە مەبەستی هەر چی زووتر ئاگادار کردنی بیروڕای گشتی لەم ڕووداوە، تەنیا ڕوودانی تەقینەوەکە‌و ڕادەی زیان‌و قوربانییە گیانییەکانی بە ئاگاداریی هەموو لایەک گەیاندو قامکی تاوانبار کردنی بۆ لایەنێکی دیاریکراو، ڕانەداشت. بەڵام هەر لە یەکەم ساتەکانەوە، گومانمان نەبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئەم پیلانە تێرۆریستیەوەیە. لێدوان‌و وتووێژ‌و ڕوونکردنەوەکانی دواتری بەرپرسانی حیزبی ئێمە لە پێوەندی لە گەڵ ئەم تەقینەوەیە دا، پێداگری بووە لە سەر ناساندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرچاوەی ئەسلیی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تێرۆریستییە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تاوانبار کردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگەو هۆ بەستووە. ئەم ڕێژیمە، هەر لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەکان‌و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی‌و بنەمالەکانیان ئەنجام داوە کە سەدان قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. جگە لەم کارنامە ڕەشە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان‌دا هەیەتی، لە مانگەکانی ڕابردوو‌دا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا ‌و بەردەوامی هەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی هەرێم‌و لە هەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دێموکراتەکان‌و بنکە‌و بارەگاکانیان دەوەشێنن. لەمانەش گرنگتر ئەو زانیارییانەن کە کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا لە ڕەوتی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە‌و لێکۆڵێنەوە لە ڕاسپێردراو‌و دەستوپیوەندە ناردراوەکانی سەر بە دامودەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو حیزبی ئێمە، کۆی کردوونەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئیتلاعات‌و سوپای پاسداران لە مێژە لە هەوڵی خرابکاری‌و ئەنجامدانی تەقینەوە‌و کردەوەی تێرۆریستیی دیکە لە نێو بنکە‌و دامەزراوەکانی حیزب‌و لە دژی بەرپرسان‌و تێکۆشەرانی حیزب دان. لەڕاستای چالاک کردنەوەی نیازە تێرۆریستییەکانیان لە هەرێمی کوردستان‌و بە دژی حیزبی دیموکرات‌و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێوەندییان بە ژمارەیەک لە هاودەستانی خۆیان لە دەیەی ٩٠ی هەتاوی دا گرتووەتەوە‌و داوایان لێ کردوون بۆ ئەم مەبەستە هاوکارییان بکەن. ئەوەش کە هەر لە دوو ساڵی ڕابردوو دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکان‌و بەرپرسانی ژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو هەرێمی کوردستان دا، پووچەڵ کراونەوە‌و عامیلانیان گەڕاونەوە باوەشی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی ئێران ، ڕاستیی ئەم قسانە دەسەلمێنن. ئەو بەڵگە‌و نیشانە‌و زانیارییانەش کە لە پێوەندی لە گەڵ تەقینەوەی “شەوی یەلدا‌”دا بە دەست حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەن‌و جارێ خەریکی بە دواداچوون‌و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەریانین، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دڵنیامان دەکەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم تاوانە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەهەموو ئەو لایەنانەی بەردەنگی ئەم بەیاننامەن، داوا دەکا تەقینەوەی تێرۆریستی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک زەنگێکی مەترسی‌و وەک سەرەتایەکی بە کردەوە لە دەستپێکردنەوەی پیلانە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان‌دا، چاو لێ بکەن. هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەو تاوانانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەیەی ٩٠ی زایینی لە دژی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێی‌دا ئەنجام دا، زیانێکی زۆر بە ئیعتیبارە سیاسی‌و ئەمنیەتییەکەی گەیشت. هەر وا کە برایەتیی گەلی کورد لە دوو بەشی ڕۆژهەڵات‌و باشووری کوردستانیش لە ژێر کاریگەریی ئەو کارەساتانەی لە هەرێمی کوردستان بە سەر تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات هاتن، زیانی گەورەی دیت. چالاکبوونەوەی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەو لایەنانەی بەر دەنگی ئەم بەیاننامەیەن بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئەرک دەکاتەوە. گرنگترینی ئەم ئەرکانە بریتین لە:

– دەنگهەڵبڕین‌و مەحکوومکردنی ڕاشکاوانەی دەستدرێژیی سوپایی‌و کردەوەی تێرۆریستی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە،

– چاوەدێڕیی‌ بنکەو دامەزراوە‌ جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان‌و هاتوچۆی کاربەدەستان‌و دەستوپێوەندەکانی ڕێژیمی ئێران،

– هەست کردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست ئەمنیەتی تێکۆشەران‌و بنکەو کەمپەکانی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و،

– پشتیوانی‌و هاودەنگی لە گەڵ حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات‌و تێکۆشەرانی ئەو بەشەی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن لە دژایەتی لە گەڵ هەڕەشە و تاوانی تێرۆریستی‌دا.

حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەبیر هێزو لایەنە سیاسییە ڕۆژهەڵاتییەکانیشی دێنێتەوە کە ئەگەر زۆر فاکتەری سیاسی‌و خەباتگێڕانەی گرنگی دیکەش هەتا ئێستا بە داخەوە نەبوون بە هۆ‌و پاڵنەری یەکگرتن‌و هاوکاریی بەرین‌و درێژخایەن لە نێوانیان دا، حەق وایە هەڕەشەو نیازو بەرنامە تێرۆریستییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ زەبر وەشاندن لەوان لە هەرێمی کوردستان‌دا، ببێ بە هاندەرێک بۆ هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ لە پێوەندییەکانیان‌و بکرێتە سەرەتایەک بۆ یەکگرتن‌و هاوکاری‌و خەباتی هاوبەش لە بواری جۆراوجۆردا.

ئێمە جارێکی دیکە سەرنجی دەوڵەتان‌و هێز‌و لایەنە سیاسییەکانی ناوچە‌و جیهان بۆ لای ئەم راستییە ڕادەکێشین کە حوزووری ڕێژیمی ئێران لە عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن‌و شوێنەکانی دیکەی ناوچە، نەک بۆ بەشداری لە شەڕی جیهانیی دژ بە تێرۆریزم، بەڵکوو بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی‌و زاڵکردنی هێژمۆنیی سیاسی، ئەمنیەتی‌وسوپایی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە دایە. ئامانج و نیازی حوزووری ئەم ڕێژیمە لە نێو ڕووداوەکانی ناوچەدا نەک لە ڕاستای پێکەوەژیانی بە ئاشتیی وڵاتان‌و نەتەوە‌و ئایینە جیاوازەکانی ناوچە‌، بەڵکوو بۆ داکۆکی‌و پشتیوانیی بەشێکی دیاریکراویانە‌و دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە هاوپەیمانەکانی خۆی بە سەر ئەوانی دیکە زاڵ بکا. ئەم حوزوورە ناوچەییە کە بە ڕواڵەت بەشدارییە لە شەڕی جیهانی بە دژی تێرۆریزم‌و توندڕەویی ئایینی، هیچی لە ماهییەتی ئەو ڕێژیمە کە پەنابردنە بۆ تێرۆریزم‌و پیلان‌و سەرکوت لە دژی نەیارەکانی، نەگۆڕێوە‌و لە هەر شوێنێک‌و هەر کاتێک بە پێویستی زانیبێ، سوودی لێوەرگرتوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەرفەتی دەزانێ، لە ڕێگای ئەم بەیاننامەیەوە سپاس‌و پێزانینی گەرمی خۆی بەرامبەر ئەو هاوخەمی‌و هاوپێوەندییە بەرینە ڕابگەیەنێ کە دوابەدوای تەقینەوەی تیرۆریستی لە بارەگای دەفتەری سیاسیی حیزب لە نزیک شاری کۆیە‌و لە ڕۆژانی دواتر دا خۆی نواند. سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە پارلمانییەکان، زۆربەی حیزب‌و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەو ڕاگەیاندنی هەڵوێستی رەسمی، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە گەورەیە، لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بنەماڵەی شەهیدەکان، هاوخەمیان کرد. ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان‌، کاربەدەستانی حیزبی‌و حکوومی، نوێنەرانی چین‌و توێژە جۆراوجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان، لە بەخاکسپاردنی شەهیدەکان یا لە ڕێورەسمی پرسەو سەرەخۆشی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب دا بەشدار بوون. خەڵکی شاری کۆیە بە هاتن بۆ نەخۆشخانەکان بە مەبەستی خوێن بەخشین بە بریندارەکان‌و سەردان بۆ بنکە‌و کەمپەکانی حیزب و ئامادەیی دەربرین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی پێویست، جارێکی دیکە جوانترین نموونەی دلسۆزییان بەرامبەر حیزبی دیموکرات نواندەوە. جێگای خۆیەتی سپاسی بەرپرسان‌و کاربەدەستانی ئاسایش‌و دەزگا حکوومی‌و ئیدارییەکانی کۆیە بکەین کە بە مەبەستی فریاکەوتن‌و هاوکاری‌و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، لە یەکەم ساتەکانی دوای ڕووداوەکە، خۆیان گەیاندە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب. هیوادارین لێکۆڵینەوەو‌ بە دواداچوونی ‌دەزگا ئەمنییە پیوەندیدارەکان هەرچی زووتر بگاتە ئاکام‌و بیروڕای گشتیی لێ ئاگادار بکرێتەوە. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر هاوخەمیی دێموکراتەکان لە گەڵ یەکتر لەم ڕووداوە دا، وەک زۆر بۆنەی دیکە کە ڕووداوی ناخۆش بۆ دیموکراتەکان دێتە پێش، جارێکی دیکە سێبەری هاودڵی‌و هاوسەنگەربوون‌و هاوڕێیەتی باڵی بە سەربنکە‌و مالەکانی دیموکرات دا کێشا.

تاوانی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەم لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌و هەم لە نێو کوردەکان‌و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، شەپۆلێکی بەرین لە هاوخەمی‌و هاوپێوەندی لە گەڵ حیزبی ئێمە وەڕێ خستوە. دڵسۆزان‌و هۆگرانی حیزب لە نێوخۆ لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پێوەندییان بە بەرپرسان‌و تێکۆشەرانی حیزبەوە گرتوە، ئەو تاوانە دڕندانەیان مەحکووم کردوە‌و هاوخەمی‌و پشتیوانیی خۆیان بە حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، جینایەتی تازەی کۆماری ئیسلامی بووە بە هۆی تووڕەیی کوردەکان‌و کۆڕ‌و کۆمەڵی سیاسیی ئێرانی. هیوادارین ئازادیخوازانی کورد‌و ئێرانی لە دەرەوەی وڵات ئەم تاوانە گەورەیەی ڕێژیمی ئێران بکەنە هەوێنی چالاکیی سیاسی جۆراوجۆر بۆ لەقاودان‌و مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی. هەر لێرەش‌دا بە پێویستی دەزانین ڕێز‌و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو بەشە لە میدیاکان ڕابگەیەنین کە بایەخی پێویستیان بەم ڕووداوە دا و بە هاتن بۆ شوێنی ڕووداوەکە‌و وەرگرتنی لێدوان‌و ڕوونکردنەوە لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، تیشکیان خستە سەر ئەو هێرشە تێرۆریستییە‌و بیروڕای گشتییان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە.

ئێمە جارێکی دیکە یادی شەهیدانی ئەو تەقینەوە تێرۆریستییە‌ بەرز رادەگرین‌و سەرەخۆشی لە بنەماڵە دڵ بە خەمەکانیان‌و هاوسەنگەرانیان دەکەین. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و هۆگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەر شوێنێک، دڵنیا دەکەینەوە کە هەڕەشە‌و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم حیزبە لە درێژە دانی خەباتی ڕەوا‌و فرەڕەهەندی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی، سارد ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەم تاوانە‌و خوێنی تازەترین شەهیدەکانمان هەر لەو کاتە دا کە هانمان دەدا بۆ وریایی‌و پارێزگاریی زیاتر لە ڕێبەری‌و تێکۆشەران‌و بنکەکانی حیزب، لێبڕاوی‌و ئیرادەشمان بۆ خەباتی زیاتر لە نێوخۆ‌و دەرەوەی کوردستان ، بە گوڕتر دەکا.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی بەفرانبار(یەلدای خوێناوی)،

سڵاو لە هاوپێوەندیی دۆستان‌و دڵسۆزان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان،

ڕسوایی بۆ تێرۆریزم و ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران،

سەرکەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازنەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌وهەموو بەشەکانی کوردستان.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٤ی بەفرانباری ١٣٩٥

٢٤ی دیسامبری ٢٠١٦

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …