نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: بونی هێزەکانی پەکەکە لە ئیستادا لە شەنگال نا سەقامگیرییە و ئەگەری هەیە هێز لە دژیان بەکاربهێندرێت، بەڵام ئەوە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نیە.
نێچیرڤان بارزانی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنتەردا هەروەها دەڵێت “بەدڵنیاییەوە هێزەکانی پەیەدە رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە پاراستنی ئێزدییەکان، و ئێمە ئەو چالاکییانەیان دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین. بەڵام لەئێستادا بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکەدا جگە لە دروستکردنی ناسەقامگیری زیاتر هیش شتێکی تر نییە”.
وتوشیەتی ” بەهۆی پەکەکەوە ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە پێکدادانی نوێ ڕووبدات. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت ئێمە بە قەناعەتێکی تەواوە دەڵێین پێویستە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات بۆ ئەو مەبەستەش قسەمان لەگەڵ بەغدا و واشنتنیش کردووە”.
لەبارەی حکومەتی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە “بە عەبادی و هاوپەیمانێتی شیعەم وتووە لەکۆتاییدا ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە، پێویستە ئەو بابەتە زۆر بەجیدی وەربگرن”.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت ئەوان تووشی شۆک بوون بەو قسانەم بەڵام سوپاسی ئەوەیان کرد کە بە ڕاشکاوی لەگەڵیاندا دواوم. بەشێوەیەکی ئاشکرا پێم وتوون لەپێشوودا لە میدیاوە باسی ئەوە کراوە بەڵام لەئێستادا بە فەرمی پێتان دەڵێم و ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و پێویستە ئەنجومەنێک دروست بکەیت بۆ گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە.
لەبارەی سەربەخۆیی و کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتویەتی “پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەلای ئێرانەوە هێڵی سوورە بەڵام بۆ تورکیا بەوشێوەیە نییە و لە ساڵی ٢٠١٧دا بەشێوەیەکی فەرمی گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیادا بۆ پرسی سەربەخۆیی دەستپێدەکەین”.
نێچیرڤان بارزانی لەوبڕوایەدایە هیچ لایەنێک لە هەرێمی کوردستاندا دژی سەربەخۆیی نییە و هەموومان لەسەر ئەو پرسە هاوکۆکن، چونکە ئەو بابەتە لەسەرووی حزبایەتی و پرسە سیاسییەکانەوەیە.