مەریوان وریا قانع

سپێدەیەکی ڕەشی تر / د. مەریوان وریا قانیع

چ سەردەمێکی پڕ تاوان و کوشتن و وێرانکارییە، چ ڕۆژگارێکی پڕ ھێزی تاریک و تۆقێنەرە؟ کە سبەینان لەخەو ڕادەبیت بوێرییەکی تایبەتی دەوێت سەیری لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان و شاشەی تەلەفیزۆنەکان و تۆڕە ئەلکترۆنیەکان بکەیت.

چونکە دەزانیت ھەواڵی نوێی کوشتن و ڕژانی زیاتری خوێن و بێڕێزیکردنی گەورەتر و قووڵتر بەرامبەر بە مرۆڤەکان دەخوێنیتەوە، دەزانێت چیرۆکی بێنان و بێماڵ و بێنیشتینمانکردنی زیاتر و زیاتر دەبیستیت، جارێکی تر ڕووت بە ڕووی ئەو کارەساتانەدا دەتەقێتەوە کە پێشتر دەیان و سەدان جار بینیوتە و بیستوتە و ناسیوتە. شەھیدکردنی ئەم پۆلە پێشمەرگە گەنجەی حیزبی دیموکرات تاوانێکی تری ناو ئەم ساتەوەختە ترسناکە پڕ تاوانەیە، بەشێکە لە وردەکارییەکانی ئاوسانی بەردەوامی ئەو دونیا ناشیرینە، ھەنگاوێکە لە کێشانی ئەو نەخشە گەورەیەی کوشتن و وێرانکاریی کە ڕۆژانە لەو ناوچەکەدا سەرلەنوێ وردتر و شارەزایانەتر دەکێشرێتەوە. ھەرکەسێک ئەم تاوانەی ئەنجامدابێت، لە ئێرانی ئایەتوڵاکانەوە بیگرە بۆ سەرجەمی ئەو ھێزە ترسناکانەی تر کە لەو ناوچەیەدا تەڕاتێن بە ژیانی مرۆڤەکانەوە دەکەن، بەھێزە کوردییەکان خۆشیانەوە، دەیەوێت پێمانبڵێت کە کوشتن و تاوان بەردەوام دەبێت، ئەمە دواھەمین بەدکاریی و دواھەمین ھێرش بۆسەر ژیانی مرۆڤەکان نابێت. تاوانی تر و خوێنی تر و وێرانکاری تر بەڕێوەن. بەرزڕاگرتنی یاد و خەون و کۆششی ئەم پۆلە شەھیدە، لەبیرنەکردنی ئەو ڕاستییە کە خەڵکانێک ھەن خەونی گۆڕینی ئەو دونیایەیان ھەیە، ئەرکێکی ئینسانیی گرنگە، بەر لەوەی ئەرکێکی سیاسیی بێت.

ئەرکێکی ئەخلاقیی گەورەیە بەرلەوی ئەرکێکی نەتەوەیی یان نیشتیمانی بێت. تاقە شتتێک بکرێت لەناو ئەم تاریکییەدا ھاریکارمان بێت بۆ بەردەوامبوون ئیرادەیەکی ئازاد و بەرپرسیارە، ئەم ئیرادەیەش بەر لەوەی ئیرادەیەکی سیاسیی بێت ئیرادەیەکی ئینسانییە، بەر لەوەی بەشێکبێت لە پرۆژەیەکی سیایی ئیرادەیەکی ئەخلاقییە مرۆڤ لە ھەستکردنی بە مرۆڤبوونی خۆیەوە و لە بەتەنگەوەھاتنی کەرامەتی خۆیەوە وەک مرۆڤێکی بەرپرسیار ھەڵگریەتی. ئەم ئیرادە ئەخلاقییە یەکێکە لەو شتە کەم و دەگمەنانەی لەمڕۆدا ماوەتەوە بۆئەوەی مرۆڤ بتوانێت مرۆڤبوونی خۆی پێبپارزێت و نەھێڵێت ببێت بەبەشێک لە ھەندەسەی ئەو تاریکساتە گەورەیەی لەو ناوچەیەدا دروستدەکرێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …