توێژینەوەیەکی زانستی نووسینی بورهان أ. یاسین
٤/١٢/٢٠١٦
١. پێشەکیێکی گشتی
ئەم وتارەی بەردەست نزیکەی دوو مانگ بەر لە ئیستا بە مەبەستێکی تر وە بە شێوازێکی سنووردار بڵاوبوویەوە. ئەم دەقەی بەردەست پەرەپێدانێکی ئەو نووسراوەیە بەبێ دەستکاریکردنی بیرو بۆچوونەکانی ناو نووسراوەکەی پێشوتر. جگە لەوەش سروشتی ئەم وتارەی بەردەست جگە لەوەی کە هەندێک خوێندنەوە لەمەر بارودۆخی باشوری کوردستان لەخۆ دەگرێ، بەڵام هەڵوێستی نووسەریش دەخاتە روو بەرامبەر ئەوەی کە رودەدات وە لەو جێگایانەی کە پێویستە هەڵوێستی رخنەگرانەی نووسەریش بە راشکاوانە دێتە دەنگ. کەواتە وتارەکە لە پرسیارێک یا چەند پرسیارێک زانستی و ئەکادیمی پێ هەڵناگرێ، بەڵکو هەوڵێکە بۆ وێناکردنی پانۆڕامایەکی گشتگیر لە کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی، کە پرسی زۆربەی زۆری خەڵکی باشوری کوردستانن.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان، بەدەر لە هەموو یاسا و رێسایەک ناردنە ماڵەوەی (تۆ بڵێ دەرکردنی) وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و شانبەشانی ئەمەش بەردەوامی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بە زۆرە ملێیی، هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی زۆر مەرسیدارتر. لە لایەکی ترەوە، هەرچەند بۆچوونی جیاواز بۆ ئەم پێشوەچوونە کرابێ و هەبێ، ئەوا دواجار بۆچوونی دروست ئەوەیە کە: ١) کێشەکە زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە کە تەنها لە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمدا سنووردار بکرێ، لە راستیدا ئەم سنووردارکردنە هەڵەیەکی سیاسی گەورەشە وە لە بەردەوامیشیدا زیان بە تەواوی ئەزموونی باشوری کوردستان دەگەیێنێ؛ ٢) پێشوەچوونەکە زیاتر بەردەوامی حاڵەتێکی کۆن و پێشوترە تا حاڵەتێکی نوێ. ئەمە حاڵەتێکە لە ناهاوسەنگی هێز کە زهنیەتیێکی سیاسی سەرچەوەکەیەتی بەڵام لە رووی کردەییەوە لە رێگای رووداوەکانی (٣١ ئاب)ەوە بەرهەم هاتووە، نەک لە پڕۆسەیەکی دیمۆکراتیدا کە هەڵبژاردنی راستەقینە تیایدا یەکلاکەرەوە بووبێت.
ئەوە راستە کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٣ی حوزەیرانی پار (٢٠١٥) و دواتریش کۆبوونەوەکەی ١٩ی ئاب گرنگ بوون بۆ تەقاندنەوەی بارودۆخەکە، بەڵام تەواوی پێشوەچوونەکە زیاتر بەردەوامی حاڵەتێکی ناسروشتی بوو کە ساڵانێکە لە کەڵەبوونێکی ئاڵۆزی کۆمەڵێک توخمدا، کە گرنگترینیان تاکڕەوی و باڵا دەستی پارتی بووە، ئەو تاکڕەویەی کە کەم یا زۆر بووە بە ئەمری واقع. ئەوەی کەمتریش باس دەکرێ ئەو راستیەیە کە یەکێتی نیشتمانی (بە ناوی رێگری لە شەڕی براکوژی و… هتد) یارمەتیدەرێکی سەرەکی بووە لە سەرکەوتنی پارتی لە فەراهەمکردنی تاکڕەوی و بنەمایەک لە دەسەڵات کە تیایدا ئەو حزبە، واتە پارتی، باڵادەستیێکی رەهای هەیە.
ناکرێ ئێمە تەنها بە رێگای ژمارە و فاکت تێگەیشتن بۆ ئەو باڵادەستیەی پارتی بکەین، بەڵکو گرنگە نزیکبوونەوەمان هەبێ بۆ لایەنی کەلتوری-نەفسی-سیاسی حاڵەتەکە، مەبەستیش ئەوەیە کە نەک هەر پارتی خۆی بە وەهمی زۆرینە مومارەسەی باڵادەستی خۆی دەکات، بەڵکو ئەم وەهمە بۆتە جێگیر وەک حاڵەتێک لە لایەن ئەوانی تریشەوە قەبوڵکراوە. هەڵبەتە گوناهی گەورەی جیگیرکردن و قەبوڵکردن و بەقەبوڵدانی ئەم وەهمەی پارتی، لە دەرەوەی پارتیدا، هی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. ئەم قەبووڵکردنەش نەک وەک یەکێتی خۆی بەردەوامبانگەشەی بۆ کردووە، کە گوایە بۆ رێگری بوبێ لە شەڕی براکوژی، بەڵکو زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی توێژێکی دەسەڵاتدارانی یەکێتی بووە، توێژێک کە قۆڵێکی لە ناو سیاسەتدایە وە قۆڵەکەی تریشی لە ناو قوڵایی ئابووری رەش و کۆمپانیای وەهمی و چاڵاکییە ئابوورییە مافیائاساکاندایە.
دوای پێکهێنانی “حکومەتی بنکەفراوان”، بزاڤی گۆڕان بۆ یەکەم جار هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە بگۆڕێ، بە بڕیاری ئەوەی کە جاری دەبێ ئەم وەهمە لە دەرەوەڕا ئاشکرا و واڵا بکرێ، “تەڵسمەکەی” بکرێتەوە. لەم ئاراستەیەشدا پێویست بوو لە رووی سیاسی و یاسایی و کاری پەرلەمانیشەوە بە ئاراستەی تێکشکانی ئەم وەهمە کار بکرێ. سەرکەوتنی هەوڵەکان، تا رادەیەک، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی لە خوێندنەوەی یەکەمدا (٢٣ی حوزەیران ٢٠١٥)، لە دیدی پارتییەوە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و قەبووڵنەکراو بوو. چونکە لە دیدی پارتییەوە نەک هەر وەهم و باڵادەستی ئەو حزبە لەو رۆژەدا بە ئامانجگیرا، بەڵکو ئەو وەهمە لە ناخیدا هەژێنرا. تا رادەیەکی زۆر سروشتی بوو، هەرنەبێ لە دیدی ئەم حزبەوە، کە لە تەواوی ئەم پێشوەچوونە سەرۆکی پەرلەمان و بزاڤی گۆڕان بەرپرس ببینرێن. ئەگەر نا دەکرێ هەر لێرەدا بپرسین، ئەی ئەگەر وانییە بۆ تەنها سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان رێگریان لێدەکرێ یا دەنێردرێنە ماڵەوە، ئەگەر چی پڕۆژەی یاسای سەرۆکایەتی هی چوار/پێنج فراکسیۆن بوو نەک تەنها هی فراکسیۆنی گۆڕان؟
دوای زیاتر لە ساڵێک لە کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە هۆکارێکی هەیە کە هەوڵی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە تەواوی سیاسەتەکانییەوەبکات. ئەگەر چی ئەم پێداچوونەوەیە چەند رەگەزێک دەگرێتە خۆی بەڵام گرنگە ئەم رەگەزانە بە شێوەیەکی یەکبوو و بەیەکەوە گرێدراو شەن و کەو بکرێن و دەرنجامیان لێ هەڵێنجرێ:
١) کاراکردنەوەی پەرمان، چۆن وە ئەگەر فەرەزەن ئەو کاراکردنەوەیە بە ئەنجامیش گەیشت، ئایا گەڕانەوە بۆ چ واقع و چ هاوسەنگیێکی هێز (یا راستتر بڵێین) چ ناهاوسەنگیێکی هێز؟
٢) کشانەوە لە حکومەت یا مانەوە؟
٣) رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی؛
٤) بەدیل و بژاردەی دیکە چین لە پێش بزاڤی گۆڕان، ئەگەر گریمان بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت دا؟
٥) حاڵەتێکی نوێی هاوسەنگی هێز هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش نەک بە کاریگەری رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی بەڵکو بە هۆی کۆمەڵێک تەوازوناتی عێراقی و ئیقلیمی کە تیادا خەریکە لاوازییەکانی پارتی بە جددی دەردەکەون وە گرنگترینیان ئەمانەن:
أ- پارتی خەریکە ئەنقەرە لەدەست دەدات، یا هەر نەبێ لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری بە روونی دەرکەوت کە پارتی لە رێگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە ناتوانێ قەڵەمڕەوی و هەژمۆنیەکەی تا سەر بپارێزێ؛
ب- پارتی ناتوانێ بەغدا وەک جاران بە ئاسانی بە دەست بهێنێتەوە. بە مانایەکی دیکە پارتی ناتوانێ پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەنقەرە هەبێ بە پێی ئەوەی نەوتەکەی لەگەڵدا بەش بکات، یا بە تاڵان پێی بفرۆشی، وە لە لایەکێ ترەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداشدا باش بن. کاتی یەکلابوونەوە خەریکە زۆر نزیکدەبێتە، یا دەتوانین بڵێین کە یەکلابوونەوە لەم پەیوەندییە دوو سەرەی پڕ لە دژایەتییە (پارتی لە نێوان/لەگەڵ بەغداد و ئەنقەرە) لە پڕۆسەی پێشوەچوونێکی ئالۆزدایە و زووتر دەستی پێکردووە؛
ج- سەربەخۆیی ئابووری، چ جای سەربەخۆیی سیاسی، نەک هەر بەدەست نەهات بەڵکو ئەم بژاردەیە خەریکە، هەر نەبێ بۆ ماوەیەکی باش، دوور کەوتۆتەوە و بگرە بۆتە بارگرانیش لەسەر سیاسەتەکانی پارتی. گرنگە هەر لێرەشدا ئەوە بڵێین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەمێکە ئەم باجە دەدەن، بە تایبەتی لە شێوازی ئەو قەیرانە داراییەی کە هەرێمی تەنیوەتەوە. هەر نەبی لە پەیوەندی ئەو حزبە لەگەڵ بەغدا هەوڵی “سەربەخۆیی ئابووری” ، بەڵام بە تایبەتی پەیوەندیێکی گوماناوی لەگەڵ ئەنقەرە، بژاردەی پەیوەنییەکی پتەوەی لەگەڵ بەغدا تا رادەیەک لە دەست پارتی دەرکردووە، بە هەر حاڵ تا ئەو کاتەی پارتی دەستبەرداری ئەنقەرە نەبووبێت. جگە لەوەش ئەو ئاکامانەی کە لە شەڕی موسڵ دەکەونەوە دەکرێ، بە ئەگەری زۆر، بە شێوەیەکی دراماتیکی بژاردەکانی پارتی کەمبکەنەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو، ئەگەر عێراق پارێزگای موسڵی بە ئاسانتر بۆ رزگارکرا، دوور نییە هەڕەشەی شیعە و حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی جددی بەرۆکی پارتی و ناوچەی قەلەمڕەوی پارتی بگرێ. هەتتا ئەگەر ئەم بەروڕوبوونەوەیەش روونەدات ئەوا بە ئەگەری زۆر بەها و سەنگی پارتی لە چاوی بەغدادا، بە رادەیەکی زۆر، کەم دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشی ئەم حزبە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی ئەوە دایە لە رێگای بە ئاساییکردنەوەی بارو دۆخەکە، لەو سیناریۆیە بە تەنیا نەبێ و هەمووان (واتە هەموو هێزە سیاسییەکان) سواری ئەو سەفینەیە ببن کە خۆی کاپتێنکەیەتی و بەمەش لە ئەگەرەکانی دوای موسڵ بە تەنیا نەمێنێتەوە؛
د- بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کێشەیەی کە بەرۆکی تورکیا (هاوپەیمانەکەی پارتی) لە عێراق و سوریا گرتووە، وە ئەو بارگرژییەی ئەو وڵاتە لە “ماڵی خۆیدا” تێیکەوتووە، دوور نییە لە داهاتوودا مەسەلەی تێوەگلانی تورکیا لە عێراق زیاتر و زیاتر لەسەر پارتی و مەسعود بارزانی ساغببێتەوە (بە هەردوو رووە عێراقی و تورکییەکەی) وە ئەو حزبە زیاتر گۆشەگیر بکات. نابێ ئەو ئەگەرەش بە دوور بگیرێ کە تورکیا و پارتی بە یەکەوە دوای شەڕی موسڵ تێکەڵاوی هەندێ مامەڵەی گوماناوی ببن کە ئامانج تیایاندا پێکانی هەندێک ئامانج بێت کە تورکیا هەیەتی؛
ت- زێدەبوونی رۆڵ و کاریگەری پەکەکە و هێزە هاوسۆزەکانی، بە تایبەتی لە ناوچەی شەنگال، واتە لە ناو دڵی زۆنی پارتیدا، دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو حزبە؛
س- لاوازی پێگەی پارتی لە رۆژئاڤای کوردستان بۆتە یەکێک لە هۆکارەکانی نیگەرانی لای پارتی لە لاوازبوونی هەژموونیەکەی لە ئاستی کوردستانی گەورە، کە هەڵبەتە ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگەی ئەو حزبە لە باشوریش دادەنێ.
ئەم توخمانە پێویستە بە یەکەوە، وە بەیەکەوەگرێدانێکی ئۆرگانیکی، ببینرێن، راڤە بکرێن وە هەڵوێستەیان لەمەڕدا بکرێ. بە مانایێکی تر کارکردن لەگەڵ توخمە عێراقی و ئیقلیمییەکانی هاوسەنگی هێز دەتوانێ زیاتر پارتی والێبکات کە لاوازییەکانی دەربەکوون و لە ئاکامدا بێتە ئەو ئاستە لە لاوازی کە وایلێبکات سازش لەسەر هەندێ شت لە ناوخۆی هەرێمدا بکات.
٦) بەر لە ماوەیەکی کەم (لە٢٠/١١/٢٠١٦) مەسعود بارزانی لە راگەیاندراوێکدا هەندێک شتی وروژاند کە لە راستیدا هیچیان نوێ نەبوون، بەڵام کاردانەوەکان بە شێوازێک بوون کە ئیتر وەک ئەوەی ئەم راگەندنە ئەو دەروازەیە بووبێت بۆ چارەسەری کێشەکان کە خەڵکی باشوری کوردستان زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕوانیەتی.
٢. چەند خاڵێکی لێوەدەرچوون
١) لەوە دەچێ ئیتر کاتی بڕیار و هەڵوێستەی چارەنووسساز هاتبێ لەمەڕ مانەوە یا نەمانەوەی بزاڤی گۆڕان لە حکومەتدا؛ لە راستیدا نەک هەر ئەم هێزە بەڵکو کۆمەڵ و یەکگرتووش، گەر چی واقیعبینی سیاسی دوای ١٩ی ئابی ٢٠١٥ ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئیتر لە کوردستان یەکگرتوو ناتوانێ چیتر لەو مەسەلانی کە یەکلاکەرەوەن وە ئەو حزبە دەخەنە خەندەقی بەرامبەر پارتی ئەو حزبە، واتە یەکگرتوو یەک هەڵوێست نابێت: یەکگرتوو چیتر یەکگرتوو (یەک دەست) نییە! مانەوەی گۆڕان لە حکومەتدا، بەو هەموو قەیرانەوە کە هەرێم تێیان کەوتووە، دوور نیە ببێتە هۆی لەکەداربوونی گۆڕان و “نەنگیێکی سیاسی” بکەوێتە سەر ئەم بزاڤە کە دواجار باجە سیاسیەکەشی قورس بێت بۆ بزاڤەکە. دەکرێ بە رادەیەک ئەم نەنگییە سیاسییە گران بکەوێ کە نەک هەر ئیتر بۆ ئەو بزڤە ئاسان نەبێ لە دوارۆژدا جوانیی تر بەدەست بهێنێ بەڵکو ببێتە هۆی ئەوەی کە جوانییەکانی دوێنێشی لەدەست بدات. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بڕیارە، واتە بڕیاری کشانەوە لە حکومەت، زۆر گرنگە و دەرهاوێشتەی جیا جیای بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ خودی گۆڕان دەبێ، پێویستە فۆڕمی ئەم کشانەوەیە و لێکەوتەکانی بە وردی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێ: بە کەمترین زیان بۆ خەڵکی و بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی لەگەڵیدا دەکشێنەوە تەواو ببێ و پارتیش هەرنەبێ باجێکی ئەو کشانەوەیە بدات؛
٢) دوای نزیکەی حەوت مانگ لە مۆرکردنی رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هەڵسەنگاندنێکی ئەوپەڕی شەفاف و راشکاو بۆ رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی بکرێ. دەرفەتێکیش هەیە بۆ ئەوەی ئەو بژاردەی کشانەوەیە یا نەکشانەوەیە بکرێتە ئامراز و پێوەر بۆ تاقیکردنەوەی ئەو رێککەوتنە؛
٣) خەریکە بۆ یەکەم جار دەرفەتێکی گرنگ و کاریگەر لە بەغدا دروست دەبێ بۆ “سیاسەتکردن” بە ئاراستەی راستکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگیەی هێز کە لە کوردستان هەیە. بۆ یەکەم جار خەریکە هەست و نەستی بە ناو “یەکڕیزی نەتەوەیی لە بەغدا” جێگا چۆڵ دەکات بۆ سیاسەتکردن لەسەر بنەمای ئەوەی کە، هەر وەک لە ساڵی ٢٠١٠دا گوتوومە “نابێ بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان نانبڕاو بکرێ بەڵام لە بەغدا داوای برایەتی لێبکرێ”. لە شێوازێکی فراوانتر و بەربڵاوتردا، ناکرێ هێزەکانی تر لە لایەن پارتییەوە هەرچیێکیان لە کوردستاندا بەرامبەر بکرێ، تەنگیان پێ هەڵچنرێ و قەبوڵی هەژمونیێکی ناشەرعی پارتی لە کوردستان بکەن، بتۆقێنرێن و بترسێنرێن بەڵام لە بەغداش ئەسیر و دەستەپاچەی گوتاری خدۆکەدانێکی ناڕاستگۆیانەی هەست و نەستی “نەتەوەیی و نیشتمانی” بن. بە مانایەکی دیکە خەریکە بزاڤی گۆڕان و هەنێک هێزی تر بەشێک لەو پێگەیەی کە لە کوردستان لەدەستیان داوە لە بەغدا بەدەستی دەهێنێتەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو بە باشی وەبەرهێنانی سیاسیانەش لەو پێگەیەدا دەکەن، کە بە رادەی یەکەم مەبەست تیایدا دەستکەوتی حزبی نییە بەڵکو گەڕانەوەی قوت و مافی خەڵکی کوردستانە، بە تایبەتی توێژی موچەخۆران. رێک ئەمەیە هاوسەنگی هێزی گۆڕیوە و تا رادەیەک پارتی تەنگەتاو کردووە وە رێک ئەمەیە، هەڵبەتە بە خوێندنەوەی خۆم، یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکان کە وای لە پارتی کردووە بیر لە هەنگاوێک بۆ “ئاساییکردنەوەی” بارودۆخەکە لە هەرێم بکاتەوە، هەڵبەتە ئاساییکردنەوەیەک کە بە رادەی یەکەم بە دڵی پارتی خۆی بێت، واتە باڵادەستی بۆ پارتی لە بەغدا بگەڕێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم ئاساییکردنەوەیە بەشی ئەوە نەکات کە کێشەکانی کوردستانی پێ چارەسەر بکرێ و تێری ئەوەش نەکات کە بەشداریێکی راستەقینە بۆ هێزەکانی دەرەوەی پارتی دەستەبەر بکات!
٤) لە ماوەی دواییدا وا هەست دەکرێ کە، هاوتەریب لەگەڵ قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتە ناسەرکەوتووەکەی بە ناو (سەربەخۆیی ئابووری)ی، خەریکە ئەو “هاوپەیمانییە تاریکەی” ئاکەپە-پارتی یا مەسعود بارزانی-ئەردۆغان بە تەواوەتی شکست دەهێنێ. بە هەر حاڵ ئەم هاوپەیمانییە لە زۆر رووەوە کەلێنی تێکەوتووە و بۆ یەکەم جار کەوتۆتە ژێر هەڕەشەیەکی جددی هەڵوەشانەوە. ئەم هاوپەیمانییە هی کورد-تورکیا نەبووە و پێویستیش ناکات، لە کاتێکدا ئەگەر هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی کەوتە سەر، هێزەکانی دیکە خۆیان بکەن بە خاوەنی یا هەوڵی ئەوە بدەن کە هەڵنەوەشێتەوە. بە واتایەکی دیکە پێویست ناکات، بە بەهانەی ئەوەی ئەو هەڵوەشانەوەیە مەترسییە بۆ سەر هەموو هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی ئابووری، خۆیان بخەنە خەندەقی بەرگریکردن لێی. موفارەقە (پەرادۆکس) لەوەدایە کە ئەم هەڵوەشانەوەیە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ سەرلەنوێ هەوڵی دڵسۆزانە بۆ شەفافکردنی فایلی نەوت و سەربەخۆیی ئابووری راستەقینە!
٣. کڕۆکی باس
لەم بەشەی نووسراوی بەردەستدا هەوڵ دەدەم ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە لە پێشەکی گشتیدا هاتوون (واتە خاڵەکانی ١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٦ لە پێشەکی ئەم نووسراوەدا) لە بەشی داهاتووی وتاری بەردەستاد شەنوکەویان بکەم بۆ ئەوەی دواتر هەندێ دەرئەنجامیان لێ هەڵێنجم.
٣-١ کاراکردنەوەی پەرلەمان
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر پەکخستنی پەرلەمان، لەوە ناچێ دەرەچەیەکی بە کردار سەرکەوتوو هەبێت بۆ ئەم کاراکردنەوەیە. جگە لەوەش گەر لە باشترین حاڵەتیشدا گریمان پەرلەمان کاراش کرایەوە، ئایا لە چوارچێوە و لە ژێر سێبەری چ نەخشەیەکی نوێی هاوسەنگی هێزدا ئەم کاراکردنەوەیە روو دەدات. بە مانایەکی دیکە گەر هەولێر هەر “داگیرکراو” بێت و پارتی هەر باڵا دەست بێت و چوار هێزەکەش بە بەراورد لەگەڵ ماوەی پێش کودەتاکە لاوازتر و پەرتەوازەتر بووبن، نەک پێچەوانەکەی، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر ئەم کاراکردنەوەیە دواجار بزووتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوشانەکانی لەکەدار دەکات، نەک پێچەوانەکەی (ئەو کاتەی پەرلەمان پەکخرا دوو مانگ مووچە دوا ئەکەوت، ئێستا چارەکە مووچەش نادرێ!).
باوەڕی ئەوەی کە ئەو هێزانەی تا ١٩ی ئاب هاوشانبوون و پڕۆژەی هاوبەشیان هەبوو ئیتر ئەمڕۆ پەرتەوازە و لاوازن پێ لەوە هەڵدەگرێ کە ئیتر دابەشبوونی یەکگرتوو، هەرنەبێ لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ دوو گروپی پەرلەمانتار، بە تایبەتی لە مەقتەعە هەستیارەکاندا، کەم یا زۆر بووە بە ئەمری واقع. یەکێتی نیشتمانی بە قەیرانێکی قوڵ و فراواندا تێدەپەڕێ، ئەوەش نەک لەبەر ئەوەیە کە یەکێتی لە غیابی (مام جەلال)دا ئەوەی بەسەر دێت بەڵکو ئەوە رێک ئیرسی (مام جەلال)ە و سێبەری قورسی ئەوە. . . بە هەر حاڵ من پێشبینی ئەوە ناکەم جارێکی دیکە فراکسیۆنی یەکێتی بەو شێوەیە (١٠٠٪)ە دەنگ بە هیچ هەنگا و بڕیار و یاسایەکی چارەنووسساز بدەن، بە هەر حاڵ بە تایبەتی ئەو جۆرە بڕیار و یاسایانەی کە بە دڵی پارتی نین! ئەو فراکسیۆنەی کە تا ئێستا دەکرێ پشتی پێ ببەسترێ، هەر وەک پێشووتر، بە هەر حاڵ تا رادەیەکی زۆر، تەنها فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامییە.
لە ماوەی پێشوودا، دەنگوباسەکان و هەروەها وتاری سەرۆکی پەرلەمانیش، ئەوەیان دەرخەست کە هەوڵێک هەیە لە لایەن پەرلەمانتاران و ژمارەیەک فراکسیۆن بۆ:
أ) کاراکردنەوەی پەرلەمان لە رێگای ئەوەی کە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان بچنەوە هەولێر و هەر لەوێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن؛
ب) ئەگەر ئەو چوونەوەیەش بۆ هەولێر و پەرلەمان نەکرا، ئەوا کۆبوونەوەی پەرلەمان لە کەرکوک، هەڵەبجە، راپەڕین یا هەرجێگایەکی تر لە دەرەوەی ناوچەی نفوزی پارتی بکرێ.
من زووتر لایەنگری ئەم بیرۆکەیە (واتە بیرۆکەی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە رێگای هەوڵێکی ئەندامان و فراکسیۆنەکان) بووم، لەگەڵ ئەوەشدا گومانم بەهێز بوو لەوەی ئایا لە رووی کردەییەوە ئەسلەن ئەم جۆرە کاراکردنەوەیە مومکینە وە بە ئاکام دەگات… ئێستا پێم وایە رۆژ دوای رۆژ ئیتر ئەگەری سەرنەکەوتن و شکستهێنانی هەوڵێکی لەم جۆرە بەهێزتر بووە وە لەبەر ئەوەش لە هەنووکەدا لەوە دەچێ ئەم هەوڵە هەر زوو شکستی بۆ نووسرابێنەک سەرکەوتن. گریمان هەوڵەکە تا ئەو جێگایەش سەرکەوتوو بوو کە ژمارەیەکی پێویستی پەرلەمانتار لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان بکەونە رێ بۆ هەولێر، بەڵام دوور نییە پارتی رێگا بۆ هەموو پەرلەمانتاران بە شێخ فەخرەدینیشەوە بکاتەوە، بۆ ئەوەی بچن بۆ هەولێر، بەڵام تەنها رێگا لە سەرۆکی پەرلەمان بگرێ. لە راستیدا سیناریۆی تر زۆرن کە دواجار پارتی لە رێگایانەوە هەوڵ بدات تەنها سەرۆکی پەرلەمان وەک کێشە پیشان بدات و بە ئامانج بیگرێ و بەمەش مەبەستەکەی بپێکێ و هەوڵی کاراکردنەوەش بە تەواوەتی بە مەبەستی خۆی نەگات. تا ئەو جێگایەشی مەسەلەکە پەیوەندی بە پلانی (ب)ەوە هەیە، واتە گەر فراکسیۆنەکان و سەرۆکی پەرلەمان سەرکوتوو نەبوون کە بچنەوە هەولێر و بچنە باڵەخانەی پەرلەمانەوە، ئەوا کۆبوونەوەکە لە دەرەوەی هەولێر بکرێ، بەندە گومانم هەیە لە حیکمەت و سەرکەوتوویی ئەم بژاردەیە. لە راستیدا هەر زوو دوای کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەر، کاتێک باس لەم بژاردەیە کرا، من پێم وابوو ئەم بژاردەیە کۆرپەلەیەکی بە مردوو لە دایکبووە و هیچی دیکە. لێدانی مۆری دوو ئیدارەیی لە هەوڵێکی ئەوها، وە قەبووڵکردنی ئەم بۆچوونە لە لایەن رای گشتییەوە، ئەگەرێکی بەهێز بوو، لە ئێستاشدا هەر بەهێزە. راستە کاتێک کە لە دەرەوەی هەولێر کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەیت دەتەوێ بە ناوخۆی کوردستان و بە جیهانی بڵێی فەرموو چوونکە هەولێر داگیرکراوە ئەوا ئێمە لەبێ چارەیی کۆبوونەوە لە دەرەوەی ئەو شارە دەکەین. بەڵام ئەگەر بوونی لۆژیکێکی راستیش لەم ئاماژەیەدا هەبێت، ئەوا لە لایەکی دیکەوە ئەم کۆبوونەوەیە ئەو داگیرکاری و باڵادەستەییەی پارتی لە هەولێر بەرجەستە دەکات، لە بڕی ئەوەی لاوازی بکات یا کەلێنی تێبخات. لە سیاسەتدا زۆر شت هەیە وەک بەهانە لە گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژی و پرۆپاگاندەییدا کاریگەرە بەڵام لە سیاسەتی عەمەلیدا ئەو کاریگەرییەی نییە، ئەو توانایەی نییە کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی هێز دابنێت، ئەمەش روحی کێشەکەیە. (هەر ماوەیەکی کورتیش دوای پەکخستنەکەی پەرلەمان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری پار، بەندە رام وابوو کە باشترە هەوڵ نەدرێ کۆبوونەوە لە دەرەوەی هەولێر بە رەغمی پارتی بکرێ، کەچی ئەو کاتە هێشتان دۆخی سیاسی چوار هێزەکە لەمڕۆ باشتر و لەبارتر بوو، بە تایبەتی دۆخی یەکێتی). کەواتە ئەمڕۆ دوای زیاتر لە ساڵێک لە پەکخستنی پەرلەمان ئەگەری سەرکەوتنی ئەم بژاردەیە زۆر لاوازتر بووە تا پێچەوانەکەی.
٣-٢ کشانەوە لە حکومەت
لە سەروبەندی گفتوگۆ لەسەر بابەتی بەشداری بزاڤی گۆڕان لە حکومەت یا نا، باسوخواسێکی زۆر، شاقوڵی و ئاسۆیی، لە ناو بزاڤەکەدا کرا: ١)بژاردەکان زۆر نەبوون لەبەردەم بزاڤی گۆڕاندا؛ ٢) بژاردەکان باش بەرامبەر خەراب نەبوون، بەڵکو خەراب بەرامبەر خەرابتر بوون. خۆشم ئەو کاتە وتارێکی دوور و درێژم لەم بارەیەوە نووسی ئەو کاتەش، کەم یا زۆر، بۆچوونم وابوو کە بژاردەکان لە نێوان خراب و خرابتر بوون و هیچی دیکە. بە تایبەتیش هەر ئەو کاتە لەو باوەڕەدا بووم، کە کوردستان بەرەو رووی رۆژانێکی سەختتر پێدەنێ وە لە داهاتوودا قەیرانی دارایی و شەڕی تێرۆر دەبن بە دوو بارگرانایی مەترسیدار بۆ ئەو حکومەتەی کە دروستدەکرێ (تۆ بڵێ دواتر کابینەی هەشتەم).
لە راستیدا لە ئەمڕۆدا هۆیەکی جددی و هەرە گرنگ بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوە لە حکومەت نەک هەر رادەیەکی مەعقولی بێهیوابوونە لە کارابوونەوەی پەرلەمان، بەڵکو پرسیارێکی گرنگ هەیە، پرسیارەکەش ئەمەیە: ئایا گەڕانەوە بۆ چ هەولێرێک، بۆ چ پەرلەمانێک، بۆ چ وەزارەتێک وە لە هەمووی گرنگتر بۆ چ جۆرێک لە هاوسەنگیی هێز، باشتر یا خەرابتر؟ وە ئەگەر خەرابتر ئایا ئەسلەن گەڕانەوە بۆ، یا بە راستی حیکمەتی ئەم گەڕانەوەیە لە پای چی؟ دیوێکی دیکەی ئەم پرسیارانە ئەوەیە کە هەر زوو چەند رۆژێک دوای کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەر، باوەڕم وابوو کە دروست نییە باس لە گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی بکرێ وەک ئەوەی بەر لە کودەتاکە باری هەولێر و کوردستان ئاسایی بووبێ. بە مانایەکی دیکە باری هەولێر ئەگەر بەر لە روودانی کودەتاکە ئاسایی بووایە ئەوا ئاسان نەدەبوو کودەتا روو بدات. کەواتە هەرێمی کوردستان بەر لە کودەتاش لە قوڵایی ناهاوسەنگیێکی هێز دابوو کە ناسروشتی بوو و لە دەرەوەی چورچێوە پەرلەمانی و یاساییەکان جێگیر بووبو. واتە تا ئەو ناهاوسەنگییە چارەسەر نەکرابێت ئەوا کوردستان هەر ئەو ژینگەیە دەمێنێتەوە کە پارتی هەر کاتێ حەز بکات کودەتا دەکات و بۆشی دەچێتە سەر!
ئەوەی گرنگە لەم بارەیەوە تەوقیتی کشانەوەکەیە لە حکومەت، شێوەی پەیوەندیدارکردنی لایەنەکانی دیکە (کۆمەڵ و یەکگرتوو و یەکێتی) وە بە تایبەتی شێوەی پەیوەندیدارکردنی یەکێتی نیشتمانی و هەروەها پێشوەخت ئاگادارکردنی وڵاتانی رۆژئاوا لەو هەنگاوە. پێویستە ئەمانە هەمووی لە حسێبدا بن وە پەیوەندیدار بکرێن وە ئەم هەنگاوە کاریگەریان لەسەر دابنێ. پرسیار ئەوەیە ئایا ئاست و شێوازی کاردانەوەیان چی و چۆن دەبێت ئەگەر هات و بزاڤی گۆڕان یا ئەم بزاڤە و هەندێک هێزی دیکە بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەت دا. پرسیارێکی بە تایبەتی گرنگ ئەوەیە ئایا بزاڤی گۆڕان لەو هەموو ئاستانەدا، وە لە ئاستی رای گشتی کوردستنایدا، چی دەتوانێ بکات بۆ ئەوەی هەنگاوێکی ئەوها ئەوپەڕی کاریگەری دروست بکات وە بۆ ئەوەشی لە ئاکامدا ببێتە هۆی ئەوەی کە دواجار گوناهبار (پارتی دیمۆکراتی کوردستان) باجێکی سیاسییانەی هەنگاوێکی ئەوها بدات: یەکسەر لە دوای هەنگاوەکە، یا دواتر بۆ نموونە لە کاتی دەنگدانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا؟
بۆ ئەوەشی ئەم ئامانجە بە باشی بپێکرێ، زۆر گرنگە بڕیاری کشانەوە لە حکومەت کتوپڕ نەبێت، بەو مانایەی ئەو رۆژەی کە بڕیاری کشانەوەی تیا دەدرێ ئیتر هەر ئەو رۆژە بە کردار بکشێتەوە، بەڵکو کاتێک دیاربکرێ (بۆ نموونە ٢ یا ٣)، بۆ ئەوەی دوای ئەم ماوەیە یەکسەر کشانەوە بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە… بەهانەیەکی ئەم بۆچوونەش ئەوەیە کە دەکرێ ئەو کاتە (٢ یا ٣ هەفتەیە) بە هەڵپساردنی بزاڤی گۆڕان لە حکومەتداناو ببەین. بەو مانایەی کشانەوە بە دوو قۆناغ: قۆناغی یەکەم راگەیاندنی بڕیارەکەیە وە بڕیارەکەش دوو بەشە، یەکێکیان خودی بڕیارەی کشانەوەیە،وە ئەوی تریان نەخشەڕێگایە بۆ چارەسەری بنەڕەتی لە فەترەی هەڵپساردندا. بە مانایەکی دیکە بڕیارەکە دەرفەت بە لایەنەکان (نێودەوڵەتی و ناوەخۆیی) دەدات بۆ ئەوەی هەر چیێکیان پێدەکرێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایەی فەترەی هەڵپساردن بیکەن. بەم مانایەش ئەگەر هات و نەخشەڕێگاکە لە ماوەی ئەو ٢ یا ٣ هەفتەیە (واتە لە ماوەی هەڵپساردنەکەدا) جێبەجێکرا، ئەوا ئەو کاتە بزاڤی گۆڕان بە بڕیاری خۆیدا دەچێتەوە، واتە بە بڕیاری کشانەوەدا دەچێتەوە و ناکشێتەوە.
بەڵام گرنگە ئەم نەخشەرێگایە ئەوپەڕی روون بێت و تا کورتیش بێت باشە و تا بشکرێ تەفسیری جیا و دژ بەیەک هەڵنەگرێ، دەقێکی ئەوپەڕی پوخت بێت.بۆ نموونە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان لە ماوەی ١ یا ٢ هەفتەدا، دەتوانێ خاڵی یەکەمی نەخشەڕێگاکە بێت. هەر وەک گوترا، ئەو ماوەی ٢ یا ٣ هەفتەیەی هەڵپساردن وەک ماوە دەدرێ بە لایەنەکانی دیکە (یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی) بۆ ئەوەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە و دواتر “گلەیی نەکەن”! دەکرێ ئەم حزبە سیاسیانە دواتر بڵێن “گۆڕان خۆی کێشایەوە بێ ئەوەی دەرفەت بە ئێمە بدات”! هەڵبەتە چەند هێز و لایەن سواری شەمەندەفەری کشانەوە ببن ئەوا باشتر. چونکە دواجار دەبێ یەکێک لە بژاردەکان خستنی ئەم حکومەتە بێت، جا هەرێمی کوردستان وە خودی بزاڤی گۆڕان ئامادە بێت بۆ هەڵبژاردنی کتوپڕ یا نا، ئەمە شتێکی دیکەیە. بەڵام خستنی حکومەت، ئەگەر چی سیناریۆکانی دوای ئەم خستنە دیار نین، دەبێتە ئەرزهەژێکی سیاسی و گۆڕان دەکات بە ژمارەیەکی دیکەی گەورەتر لەوەی کە هەیە. بە هەر حاڵ لە ئێستادا ئەم بژاردەیە بە واقعیانەتر دەبێنم تا، بۆ نموونە خۆپیشاندان.
لە لایەکی ترەوە، بە دووری نازانم، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵ و یەکگرتووش بکشێنەوە، بە ئەگەری یەکجار زۆر یەکێتی لە ناو حکومەتدا بمێنێتەوە بە بەهانەی هەستیاری دۆخەکە، بوونی هەڕەشە و رێگرتن لە شەڕی براکوژی و …هتد. بەڵام لە راستیدا هەر سیناریۆیێکی لەم جۆرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هەندێ کەس و گروپی بەرژەوەندخوازی ناو ئەو حزبەن و هیچیتر.
٣-٣ رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی
بە راشکاوی گوتوومە و دەیڵێم، هەر لە سەرەتادا گومانێکی بەهێزم لە حیکمەتی ئەم رێکەوتنە هەبوو. هەر زوو بەندە سێ شتی سادەم گووتوە بۆ گوزارەشکردن لە نیگەرانی خۆم: ١) ئەم رێکەوتنە جوان ناشیرین دەکا، وە ناشیرینیش جوان دەکا، هەردوکیشی هەر لە زیانی بزاڤی گۆڕانە؛ ٢) گوتوومە ئەم رێکەوتنە بە ئەگەری زۆر دەبێتە “ئەفغانستانی گۆڕان”، بەم مانایەش چۆن کاتی خۆی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان گیری خوارد، ئەوهاش ئەم رێکەوتنە دەبێتە دەردەسەر بۆ گۆڕان؛ ٣) ئەگەر بە راست بزاڤی گۆڕان کێشە سەرەکییەکەی، وە هەروەها کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستانیش، ناشەرعیبوونی کورسییەکەی مەسعود بارزانییە، ئەی خیرە کورسیەکەی کۆسرەت رەسوڵ بێکێشە و شەرعیشە؟ من گومانم هەیە لە حیکمەتی ئەوەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان (بەڕێز نەوشیروان مستەفا) ئیمزاکەی بخاتە پاڵ ئیمزای کۆسرەت رەسوڵ. بە راشکاوی دەڵێم، بەندە پێم وایە ئەگەر کورسیەکەی مەسعود بارزانی یەک جار ناشەرعیە، ئەوا کورسیەکەی کۆسرەت رەسوڵ، بەبێ سێ و دوو، دوو جار ناشەرعیە. ئەگەر ئەم ئیمزایە هەر دەکرا، لە پاڵ ئیمزاکەی کۆسرەت رەسوڵ، ئەوا شتێکی باش دەبوو، تەنانەت زۆر پێویستیش بوو و کرانەوە و تەکانێکی باشیش دەبوو بە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم وە نیەت پاکیێکی باشیش دەبوو بەر لە ئیمزاکردن، ئەگەر کۆسرەت کشانەوەی خۆی لە جێگری “سەرۆکی هەرێم” رابگەیاندایە! لە راستیدا ئەمە دەبوایە مەرج و چاوەڕوانی لایەنی کەمی بزاڤی گۆڕان بوایە و یەکەم تاقیکردنەوە بووایە روو لە راستگۆیی یەکێتی یا پێچەوانەکەی. کە کۆسرەت رەسوڵ ئەوەشی دەکرد، کە هەڵبەتە نەیکرد، بیگوتایە کە ئەم دەست لەکار کێشانەوەیەم دژی هیچ کەس و حزبێک نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە تەکانێک بە دۆخەکە بدەم و دەرەچەیەک بەرەو چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بکەمەوە! کە ئەمەش نەکرا، هەر زوو ئەمە گران کەوت لەسەر بزاڤی گۆڕان! دواجار زۆر بە راشکاوی دەیلێم بەندە خنکانێکی مشەڕەف و شەرەفمەندانەم لا باشترە لەوەی لە ترسی خنکان دەست بە مارەوە بگریت! ئەم بۆچوونە دەکرێ بە تایبەتی راست بێت بۆ ئەو هێز و کارەکتەرانەی کە بە لایانەوە گرنگە لە سیاسەتدا بەهاکان بەرز راگرن وە سازشیان لەسەر نەکەن. جگە لەوەش پێویست بوو ئەوە لەبەر چاو بگیرێ کە بزاڤەکە نەک هەر بە هۆی رێکەوتنەکە جوانییەکانی رابردووی لەدەست نەدا، بەڵکو رێگا لەبەردەمی واڵا بێت بۆ بەدەستهێنای جوانی زیاتر لە داهاتوودا.
پرسیارێکی زۆر گرنگ ئەوەیە ئایا تۆ دەتوانی بەرەوڕووی ناشەرعیەت ببەیتەوە لە رێگای هاوپەیمانی کردن لەگەڵ ناشەرعیەتێکی دیکە؟ ئایا چڵکن بە چڵکن پاکدەکرێتەوە؟ گومان دەکەم! زۆر جار لە سیاسەتدا کەسەکان بە ئاسانی ئەوە لەبیر دەکەن کە هێزە سیاسییەکان تەنها لە ژمارەی چەکدارانی و ژمارەی ئەندامانی و سەرمایەی ماددی دەوڵەمەندی هێز وەرناگرن، بەڵکو دەکرێ بەهاکان بە هەمان راددە، وە هەندێک جار زیاتریش، ببنە سەرچاوەی هێز و توانست بۆ هێزێکی سیاسی (بزاڤی گۆڕانیش خۆی تا ئێستا نموونەیەکی زیندوبووە. چونکە ئەم بزاڤە بەر لە هەر شتێک پشت ئەستور بە بەهاکنیەوە ئەرزهەژی (بوومەلەرزە)ی ٢٥/٧/٢٠٠٩ی دروستکرد: بەو مانایەی کە لە یەکەم هەڵبژاردنیدا ئەم بزاڤە توانی ٢٥ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت!). ناکرێ لە پیناوی بەدەستهێنانی هێزێکی چەندێتی ئامادە بیت سازش لەسەر هێزی بەهاکان و هێزی مۆراڵ بکەیت، چ جای ئەوەی ئەم هێزە چەندێتییە تەنانەت هێزێکی “ناشیرینیش” بێت: ئەوەتا دەرهاوێشتەکەی هەر وەک لەسەرەوە گوترا ئەوە بوو کە ناشیرین جوانکرا، جوانیش ناشیرین کرا! ٤) زۆر گرنگە کە هەر لە سەرەتادا بزاڤی گۆڕان ئەوەی بزانیایە کە ململانێی (تۆ بڵێ شەڕی) ئەو هێزە تەواو دوو جۆرە: أ) ململانێکەی گۆڕان لەگەڵ پارتی لەسەر سیستمی سیاسییە؛ بەڵام ب) ململانێی ئەم بزاڤە لەگەڵ یەکێتی زیاتر لەسەر دەنگدەرە. لە رووی دەنگدەرەوە، نەک هەر سنوورێکی دیاریکراو و زۆر جیاکەرەوە لە نێوان بزاڤی گۆڕان و یەکێتیدا نییە، بەڵکو دەنگدەرەکانیان زۆر جار هاوبەشن وە بەم مانایەش زۆرێک لە دەنگدەرانی گۆڕان دەکرێ لە جاری داهاتوودا دەنگ بە یەکێتیەکەی جارانی “خۆیان” بدەنەوە. بەم مانایەش لە کاتی رێکەوتندا لە گەڵ یەکێتی هێزت کۆکردەوە بەرامبەر بە پارتی، بەڵام لەو لاشەوە هەر بە هۆی رێکەوتنەکە هێزت لەدەستدا، لە ململانێتدا لەسەر دەنگدەر؛ ٥) پێم وا نییە یەکێتی حزبی بنەماڵە نەبێت. بەم مانایەش گومان دەکەوێتە سەر شەرعیەتی ئەو حیکمەتەی کە دەخوازێ بڵێ “من بە بنەماڵەیەک دەسەڵات و هەژمونی بنەماڵەیەکی دیکە لەناو دەبەم”. هێرۆ خان دوو جار بنەماڵەیە، جارێکیان کچی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە و جارێکیشیان خێزانی مام جەلالە؛ قوباد تالەبانی دوو جار بنەماڵەیە، نەوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە و کوڕی مام جەلالە… پەرادۆکس (موفارەقە) لەوەدایە کە خودی پارتی و خانەوادەی بارزانی لە بەرژەوەندیانە بنەماڵە لە ناو یەکێتی بەهێز ببێ: چونکە یەکەم، ئەو شەرعیەتە لە یەکێتی دەسەنێتەوە کە ساڵانێکی زۆر شانازی یەکێتی بووە و بەمەش گوایە زۆر جیاواز بووە لە پارتی، چونکە حزبی بنەماڵە نییە؛ وە دووهەمیشیان هەر ئەو بەهێزبوونەی دەسەڵاتی بنەماڵەیە لە ناو یەکێتی شەرعیەتی بنەماڵە لە ناو خودی پارتی بەهێزتر دەکات؛ ٦) لە بری ئەوەی رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی وەک موئامەرە لەسەر پارتی ببینرێ، کە ئەمەش حاڵەتەکە بووە هەر نەبێ لە سەرەتادا لە دیدی پارتییەوە، دەکرێ ئەم رێکەوتنە وەک “پێلانگێڕی” لەسەر خودی گۆڕان تەماشا بکرێ: ئەم رێکەوتنە دەخوازێ دەست و پێی گۆڕان ببەستێ و بێبەشی بکات لە بژاردە و “بڕیاری سەربەخۆ”. بە مانایەکی دیکە ئەوەی پارتی بە زۆرەملێی و زۆربۆهێنانی بەرامبەر بە گۆڕان بۆی نەچووە سەر، ئەوا بەم رێکەوتنە دەچێتە سەر، بە مانای دەست بەستنەوە و بێهیمەتکردنی گۆڕان لە ناوەندی خۆیدا، واتە لە سلێمانی و گەرمیان و جێگاکانی تری دەوروبەر…
ئایا تا کوێ وە چۆن یەکێتی، وە لەو حاڵەتەدا کام “باڵی یەکێتی”، لەگەڵ کشانەوەی گۆڕانن یا مانەوەین، وە ئەگەر لەگەڵ مانەوەی گۆڕانیشن چۆن وە چیان پێ دەکرێ بۆ ئەوەی شتەکان وەک پێویست چارەسەر بکرێن، وە ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێ، بۆ دژی کشانەوەی گۆڕانن لە حکومەت؟ ئەی ئەگەر گۆڕان کشایەوە بژاردەی ئەوان چییە و ئەوان چ شتێکیان پێئەکرێ بۆ پشتگیریکردنی گۆڕان؟ ئایا گۆڕان بەوە رازی دەبێت کە یەکێتی بەبێ گۆڕان لە حکومەتدا بمێننەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رێکەتنەکەی نێوانیان خەوش نەبوبێ و هەروەک خۆی مابێتەوە؟ ئایا گۆڕان بەوە ئیکتیفا دەکات کە یەکێتی بڵێ “ئێمە پەیمان دەدەین شوێنەکانتان لە حکومەت پڕ نەکەینەوە و پێگەی پەرلەمانیش وەرناگرین”، وە ئایا گەر یەکێتی پەیمانێکی ئەوهاشی دا ئەو کاتە دەبێ بپرسین ئایا ئەم پەیمانە یا ئەم هەڵوێستەیە بە کەڵکی چی دێت؟ مانەوە یا نەمانەوەی یەکێتی نیشتمانی لە حکومەتدا زیاتر گرێدراوی ئەو بەرژەوەندییە مادییانەیە کە ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی ئەو حزبە لەگەڵ پارتی و خانەوادەی بارزانیدا هەیانە، نە دیمۆکراتی و نە بەرژەوەندی نیشتمانی و خێر و خۆشی نەتەوە و نەش ئاشتەوایی نیشتمانی! هەڵبەتە لەم بۆچوونەمدا کادرە مامناوەندی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە جیا دەکەمەوە، کە پڕن لە لەشکرێکی دڵسۆز، بەڵام ئەم لەشکرە بێدەسەڵاتە لە بەرامبەر”جەبەروت و بێباکی” سەرکردەکانیان!
تا ئێستا رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان بە چەند تاقیکردنەوەیەکدا تێپەڕیوە، لە هەمووشیان گرنگتر هی پارێزگاری سلێمانی و بەشداریکردنی نوێنەرانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەشاندی مەسعود بارزانیدا بۆ بەغدا. بە بۆچوونی خۆم کێشەی پارێزگار، لە باشترین حاڵەتدا، نیوە چارەسەر یا چارەگە چارەسەری بۆ کراوە، نەک چارەسەری بە تەواوەتی. وە جارێکی تریش دەپرسم ئایا شەڕ لەسەر پارێزگاری سلێمانی ئەوەندەی ئەهێنا، کاتێک دەزانین کە کۆمەڵێک رەهەندی یاسایی و ئیداری هەیە کە پارتی تیایاندا کاریگەر و باڵادەستە تا یەکێتی یا گۆڕان: سەرۆکایەتی هەرێم داگیرکراوە، ئەنجومەنی وەزیران داگیرکراوە، وەزارەتی ناوخۆ داگیرکراوە و …هتد. ئاخر پارێزگاریش رێگا و کاری ئەکەوێتە لای هەموو ئەمانە! مەسەلەی تریشیان بەشداری یەکێتی بوو لە وەفدی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا. بەندە پێم وایە ئەمە رووداوێکی هەر وا هاکەزایی و بێگوناه نەبوو. مەکتەبی سیاسی، بە هەردوو باڵەکەیەوە، باش دەزانێ کێشەی شەرعیەت هەیە، باش دەزانی یەکێتی لە رێکەوتن دایە لەگەڵ گۆڕان وە باشیش دەزانێ کە رێکەوتنەکە وا دەخوازی هیچ لایێکیان نابێ کارێکی تاکلایەنەی ئەوها بکات کە لە گەڵ روح و پرەنسیپەکانی رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتیدا نەگونجێت.
لایەنێکی ئەم رێکەوتنە ئەوەیە کە گۆڕان لە دۆخێکی ناچاری، یا تۆ بڵێ نزیک لە ناچاری، بوو کاتێک، هەر بەم هۆیەوە، رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیدا ئیمزا کرد. مەبەستێکی سەرەکیش، هەر وەک سیاسەتی رەسمی ئەم هێزە گوزارەشی لێ داوە، راستکردنەوەی تای تەرازوی هێز بوو لە هەرێمی کوردستان. دیارە هەر لەو سەروبەندەدا، وە هەر بە هۆی ئەو “ناچارییە” بوو کە باس و خواسی ئەوە هاتە گۆڕێ کە “دەبێ گۆڕان خۆی پڕ چەک بکات.” هەر زوو بەندە لە کۆڕێکمدا (لە گردی زەرگەتە – هۆڵی کۆنفرانسەکان) لە ٢١ی مانگی دیسامبەری پار (٢٠١٥) گوتم: بە یەکێک لە چوار شێوە گۆڕان دەتوانێ خۆی چەکدار بکات، کە هیچ کامیشیان قەبوڵکراو نین وە ناشبێ بکرێن: ١) پاڵدانە هێزێکی ئیقلیمی؛ ٢) پاڵدانە بەغدا؛ ٣) بە قەچاغ فرۆشتنی نەوت و چاڵاکی ئابووری رەش و مافیائاسا؛ یا ٤) “پاڵدانە” یەکێتی نیشتمانی. کە هەر چوار بژاردەشیان دروست نین وە نابێ دەستیان بۆ ببرێ. بە هەر حاڵ ماوەیەکی کەم دوای داواکاری و بانگەشە بۆ خۆ پڕچەک کردن، کەم یا زۆر، ئەم بانگەشەیە بێدەنگی لێکرا. لە لایێکی ترەوە، دیسانەوە بژاردەی چوارەم، ئەم جارەیان وەک بژاردەیەکی سیاسی نەک سەربازی و خۆپڕچەککردن، یا هەرنەبێ رووە سەربازییەکەی وەک روێکی شاراوە و باسنەکراو لە رێکەوتنەکەدا، خۆی بەرجەستەکرد.
ئێستا دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئیمزاکردنی رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی، ئیتر کەم یا زۆر دەبێ باس لە دوو یەکێتی بکەین. جا لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشێ: ئایا رێکەوتنەکەی گۆڕان لەگەڵ هەردوو باڵەکە دەمێنێتەوە یا لەگەڵ یەکێکیان، وە لەم حاڵەتەدا کام لە باڵەکان؟ بە بۆچوونی خۆم هیچ کام لە باڵەکان هی ئەوە نین کە بزاڤی گۆڕان بە هۆیانەوە موغامەرەی سیاسی بکات. کاتی ئەوە هاتووە گۆڕان لە بڕی ئەم دوو باڵە روو لە کادر و ئەندامەکانی هەردوو باڵەکەی یەکێتی بکات، هەر ئەو کاتەش دەتوانێ باشتر فشار بخاتە سەر خودی بژاردەی هەردوو باڵەکە!
٣-٤ بژاردەکانی دوای کشانەوە
بەر لە هەر شتێک نابێ ئەوە بکرێ بە رێسایەکی سیاسی کە ئەگەر هێزێکی سیاسی دەستی لە بژاردەیەک هەڵگرد ئەوا بە زەرورەت دەبێ یەکسەر بژاردەیەکی دیکە ئامادە بێت، ئەگەر نا ئەو “بێ بژاردەییە” دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزە سیاسییەکە. لە راستیدا زۆر جار دەستهەڵگرتن لە بژاردەیەکی خەراب خۆی لە خۆیدا بژاردەیەکی باشە! دەستهەڵگرتنێکی ئەوها دەبێتە هۆی دەست واڵابوونی ئەو هێزە سیاسییە وە ئازادبوونی وزە و توانستەکانی بۆ خەملاندنی بژاردەیەکی دیکەی باش، یا هەرنەبێ رۆیشتن بەرەو بژاردەیەکی باشتر. جگە لەمەش، زۆر جار دەستهەڵگرتن و کشانەوە لە بژاردەیەکی خەراب جارێ وەک سەرەتا دانانی سنورێکە بۆ ئەو زیانانەی کە لە ئاکامی وابەستەبوون بەو بژاردە خەرابەوە بەر هێزەکە دەکەون؛ ئەم سنوور دانانەش بۆ بژاردەی خەراب خۆی لە خۆیدا لە مەودایەکی مامناوەندی یا تەنانەت دوورمەوداشدا دەبێتە دەسکەوت و بە قازانج بۆ هێزەکە دەشکێتەوە.
زۆر جار لە گفتوگۆکاندا باسی ئەوە دەکرێ کە دوای وازهێنان دەکرێ گۆڕان دەست بۆ شەقام بەرێ، بەو مانەیەی کە پەنابردن بۆ هێزی جەماوەر لە بایکۆت و خۆپیشاندان و جۆرەها چاڵاکی مەدەنی بەرێ. بەندە پێم وایە ئەمە قسەیەکی ئاسانە کردنی وە بگرە لە رووی مۆرالی سیاسیی و پرەنسیپیشەوە دروستە، بەو مانایەی کە ناکرێ خەڵکی خۆپیشاندان بکات و هێزە سیاسییەکانیش دەستەوەستان خۆیان نەکەن بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان. لە لایەکی ترەوە زۆر جار وا دەبێت کە لە هەڵوێست و بۆچوونی دوو لایەنی دژ بە یەکتردا مەرج نییە بە زەرورەت لایەکیان راست بکات و لایەکی تریان تەواو هەڵە. ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە ئەوانەی دەخوازن بزاڤی گۆڕان بە ئاشکرا بچێتە ناو خەڵکەوە و ئەندامان و لایەنگرانی بچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، ئەوانە راست دەکەن، بەڵام ئەوانەشی دەڵێن ئەو ئاسانە نییە گۆڕان ببێ بە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان، لەبەر زۆر هۆ، ئەوانەش هەر راست دەکەن.
لەم بارەیەوە وا بزانم کوردستان حاڵەتێکی تایبەتە وە لەم حاڵەتە تایبەتەشدا بنەماکانی دوو ئیدارەیی تا ئێستاش کاریگەری نێگەتیڤانەی هەبووە لەسەر شێوازی دەربڕینی نارەزاییەتەکان: نارەزاییەتەکان زیاتر بەرامبەر بە پارتی و سیاسەتەکانی ئەو کراون، بەڵام لەبەر دەرگای (یا تۆ بڵێ لە “ناو ماڵی”) یەکێتی و گۆڕاندا کراون. رێک ئەوە بوو هەر زوو مەترسییەکەی من لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢. لە کاتێکدا پێویست بوو ئەم خۆپیشاندانانە کاریگەریان لەسەر پارتی هەبێ کەچی دواجار، کەم یا زۆر، ئەم خۆپیشاندانە بە قازانج بۆ خودی پارتی گەڕانەوە. بەم مانایەش تا ناڕەزاییەکان قوڵایی زۆنی قەڵەمڕەوی پارتی دیمۆکراتی کوردستان نەگرنەوە، ئەوا هەرگیز کاریگەریان سیاسییانەیان نابێت و تەنانەت، هەر نەبێ لە رووی سیاسییەوە، نەکردنی لە کردنی باشترە! ماناشی وا نییە هەتا هەتایە ئەم بژاردەیە هی ئەوە نییە دەستی بۆ ببردرێ، بەڵکو ئەوە دەبێ وەک ئەگەرێکی کراوە بێت و دوور نییە بە کاریگەریی هەندێ رووداوی چاوەڕواننەکراو وە لە ئاکامی کەڵەکەبوونێکی زیاتری بێزاریی خەڵک ناڕەزاییەتەکان ببپەڕنەوە زۆنی پارتی!
٣-٥ هاوسەنگیی هێز
دیارە بە گشتی ئەستەمە باس لە سیاسەتکردن بکەی بەبێ باسکردن لە هاوسەنگی هێز. تێگەیشتن لە هاوسەنگی هێز، لە پێکهاتە و رەگەزەکانی، کارتێکردن و کاریگەرییەکان و یەکلاکردنەوەی هەڵوێست و بڕیارەکان، هەمویان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستن بە هاوسەنگیی هێزەوە. لە باشوری کوردستان ساڵانێکی زۆرە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دایە، نەک لەبەر ئەوەی باڵادەستبوونی ئەو حزبە دەرهاوێشتەی پرۆسە دیمۆکراتییەکانە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم باڵادەستییە بە هۆی لاوازی و غیابی پڕۆسە دیمۆکراتییە راستەقینەکانە. ئەو واقیعەی کە پارتی لە دوای ٣١ی ئابدا بەرجستەی کرد وە هاوکاربوونی یەکێتی لەو بەرجەستەکردنەدا، وە بەتایبەتی بە هۆی خولیاو مەراقی مام جەلال بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، وە هەروەها بەکاربردنی “ترس و تەماح” لە لایەن پارتییەوە وەک دوو ئامرازی زۆر گرنگ بۆ سەرپێدانەواندن و کڕینی “خەڵک،” یارمەتیدەر بوون لە بەرهەمهاتنی ئەم حاڵەتی ناهاوسەنگییە. کڕۆکی ئەو ناهاوسەنگییەش خۆی لەو راستییەدا دەبێنێتەوە کە پارتی کەمینەیە لە پەرلەمان بەڵام کەم یا زۆر ٨٠٪ی دەسەڵاتی جێبەجێکاری بە دەستەوەیە، هەر بەم هێزەشەوە دەتوانێ پەرلەمان پەکبخات و بە دەسەڵاتی ئەمری واقع هەرێمی کوردستان، زۆر یا کەم، تاکلایەنانە بەڕێوە ببات!
بە بۆچوونی خۆم ئێستا لە باسکردنی پێگەی پارتی، لە هاوکێشەی سیاسیدا، خەریکە سێ رەگەز گرنگیێکی تایبەتی وەردەگرن: ١) پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی پارتی لەگەڵ تورکیا؛ ٢) پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ بەغدا؛ ٣) سەربەخۆیی ئابووری و مەسەلەی سەربەخۆیی سیاسی و جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق. جگە لەوەش لە ئاستی کوردستانی مەزن دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە ئیتر هەژموونی پارتی لە کوردستانی مەزن بوو بە بەشێک لە مێژوو، چوونکە ئەمڕۆ لەم رووەوە ئیتر پ ک ک هێزی باڵادەستە. لە تێڕامانێکی گشتی ئەم رەگەزانەدا، دەتوانین بڵێین کە ئەوە بۆ یەکەم جارە، لە ماوەیەکی دوور و درێژدا، هەست دەکرێ پارتی بە شێوەیەکی نێگەتیڤانە خەریکە دەکەوێتە ژێر فشاری گۆرانکارییە عێراقی و ئیقلیمییەکان.
لە بارەی دوو رەگەز (عێراق و تورکیا) وا هەست دەکرێ کە پارتی لە نێوان هێزی مەد و جەزری بەغدا و ئەنقەرە خەریکە هەردووکیان لەدەست دەدات، یا هەرنەبێ ئەم مەترسییە جدییە. لە راستیدا ئەوەی ئێستا روو دەدات ئەو هێزی مەد و جەزرە بیر دەخاتەوە کە بارزانی باوک لە نیوان ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ (لە نێوان بەغدا و تەهران) تێیکەوت بەڵام دواجار لە ١٩٧٥دا هەردووکیانی لەدەستدا: بە چڕی و بە کورتی، لە ئاداری ١٩٧٠دا حکومەتی عێراق (تۆ بڵێ سەددام حوسێن) کوردی لە شای ئێران سەندەوە، بەڵام لە ئاداری ١٩٧٤دائێران کوردی لە عێراق سەندەوە بۆ بەکاربردنیان لە شەڕێکی یەکلاکەرەوەدا لەسەر شەتولعەرەب، بەڵام لە ئاداری ١٩٧٥دا ئەمجارەیان عێراق ئێرانی لە کورد سەندەوە و بەم جۆرەش تەواوی بزاڤەکە بە سەرکرادایەتی بارزانی دووچاری شکست و هەرەسێکی مێژوویی بوویەوە. ئەوەی لە ساڵانی دواییدا روویداوە، وە ئێستاش بەردەوامە، ئەوە بووە کە ئەنقەرە کاری بۆ ئەوە کردووە کە کورد لە بەغدا بسەنێتەوە وە مەبەستێکی سەرەکیشی بۆ بە تاڵانبردنی نەوت و غازەکەی بووە و، لەم پێناوەشدا رێکەوتنێک لە نێوان ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی (تۆ بڵێ ماڵباتی بارزانی) مۆرکراوە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ، کە ئەم رێکەوتنەش بووە هۆی ئەوەی کە بارزانی کەم یا زۆر لە بەغدا بێ منەت بێت و هەر لەژێر ئەم کاریگەرییەشەوە باس لە سەربەخۆیی ئابووری و بگرە سەربەخۆیی سیاسی باشوری کوردستانیش بکات! لە لایەکی ترەوە بۆ سەندنەوەی کورد (تۆ بڵێ پارتی و بارزانی) لە ئەنقەرە، بەغدا دواجار شیوازی ناچارکردنی بەکاربردوەلە رێگای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوودا. دوای ئەم دوو ساڵەو قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و بە کاریگەری لاوازبوونی، یا هەرنەبێ پڕکێشە بوونی، پێگەی تورکیا ئەوا ئەم جارەیان بارزانی بەر لە شەڕی موسڵ دەچێتەوە بەغدا. بە پێی هەڵسەنگاندنی خۆم، بارزانی نەیتوانی ئەوەی دەیخواست لە رێگەی ئەنقەرەوە بەدستی بهێنێت، بەڵام کەم یا زۆر بەغداشی لەدەستداوە. ئێستا هاوکێشەکە ئاسانە: پارتی ناتوانێ لە هەمان کاتدا، بەم شێوەیەی کە هەیە لە هەمان کاتدا پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە لە یەک کاتدا باش بێت. لە لایەکی ترەوە پارتینە دەتوانێ بەو ئاسانییە دەستبەرداری ئەنقەرە بێت وە نەش بەو ئاسانییە بەغدا بەدەست بهێنێتەوە. لەم سونگەیەوە، وە ئەگەر ئەم حاڵەتە بۆ ماوەیەکی باش بەردەوام بێ، ئەوا دەکرێ هێزە نەیارەکانی پارتی لە باشوری کوردستان لەسەر ئەم هاوسەنگییە نوێیە، کە لە بەرژەوەندیی پارتیدا نییە، “سیاسەت بکەن.” بە تەقدیری خۆم سەرکەوتنێکی گەورەی عێراق لە موسڵ،ئەنجامدراو لە کاتێکی کورتدا یا تەنانەت مامناوەندیشدا، دەتوانێ ئەم هاوسەنگییە تەنانەت زیاتریش لە زیانی پارتیدا بشکێنێتەوە. بەو مانایەی ئەم جۆرە سەرکەوتنەی عێراق لە موسڵ بە ئەگەری زۆر پێگەی تورکیا دەها لاوازتر بکات، هەڵوێستی عێراق لە وەدەرنانی تورکیا لە عێراق رژتتر و توندتر بکات وە بێمنەتبوونی بەغدا لە پارتی و بارزانی بباتە ئاستێکی ترەوە. کەواتە لە چرکە ساتێکی ئەوهادا، کاتێک پارتی ئەنقەرە و بەغدا لەدەست دەدات، ئەوا پێگەی پارتی دەکەوێتە مەترسیی جددیەوە. ئەگەرێکی دیکەی دوای موسڵ ئەوەیە کە پارتی و ناوچەی قەلەمڕەوی ئەو حزبە لە لایەن هێزە شیعییەکانەوە بە ئامانج بگیرێن.
شتێکی یا رەگەزێکی هەرە گرنگ کە سێ ئاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە نەوتە: ١) مەلەفی نەوت لە ناوخۆی هەرێمدا ناشەفافە؛ ٢) لەگەڵ تورکیا بە مامەڵەیەکی ناشەفاف رێکەوتنی ٥٠ ساڵەی لەسەر کراوە و بازرگانی (یا راستتر بەتاڵانبردن)ی پێوە دەکرێ؛ ٣) لە ئاستی عێراقیشدا ناشەفافیی مەلەفی نەوت کۆمەڵێک کێشەی بۆ کوردستان و عێراق لێ کەوتۆتەوە. دیوی دیکەی ئەم سێ خاڵە ئەوەیە کە لە ژێر سێبەری ناشەفافبوونی نەوت پارتی “ئیپراتۆریەتی” خۆی بەڕیوە دەبات کە بە ئەگەری زۆر لە کاتی شەفافبوونی ئەم مەلەفە ئەم ئیمپراتۆریەتە، ئەگەر بە تەواوەتیش نەهەرفێ و دانەڕمێ، ئەوا بێگومان زۆر لاواز دەبێ، وە لە ئاکامدا هاوسەنگی هێز دەگۆڕێ. کەواتە هەندێک شت رێگرن لە شەفافبوونی مەلەفی نەوت کە دوانیان راستەوخۆ زۆر گرنگن: یەکێکیان بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەو مەلەفەدا وە دووەمیان ئیمپراتۆری ئابووری پارتی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەم حزبە و بنەماڵە باڵادەستەکەی، کە لەسەر ئەو مەلەفە ناشەفافە دەژین. کەواتە پارتی بە زۆر هۆ نە دەرفەتی شەفافکردنی ئەم مەلەفەی هەیە وە نەش لە بەرژەوەندییەتی، وە لەبەر ئەوەشە هەرگیز ناخوازێ ئەم شتە رووبدات. بەڵام وا هەست دەکەم بۆ یەکەم جارە خەریکە پارتی دەکەوێتە نێوان دوو بژاردەی یەک لە یەکتر خەراپتر: بەردەوام بێت لە موغامەرەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و روودانی شکستێکی تری لە جۆری ١٩٧٥ یا رووکردنە بەغدا و بەمەش لەدەستدانی “خێر و بێری” نەوت؟ هاوکێشەکە بۆ پارتی کێشەدار و قورسە. جگە لەوەش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەرکەوت کە ئەو پارەیەی کە پارتی لە مامەڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا دەستی دەکەوێ دەکرێ بەشی پارتی بکات بەڵام هەرگیز بەشی هەموو هەرێمی کوردستان ناکات، ئەمەش بارگرانی و کێشەیەکی ترە بۆ پارتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرەدا.
ئەوەیشی کە زۆر نوێیە لە پەیوەستی لاوازبوونی پێگەی پارتی و بارزانی لە بەغدا ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار هەست دەکرێ ئیتر دوور لە ئیرادەی پارتی لە بەغدا خەریکە شێوە پەیوەندییەکی دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست دەبێ کە نەک هەر بە دڵی پارتی نییە بەڵکو رێک ئەم پەیوەندییە نوێیە لە هەیمەنەی پارتی دەدات لە هەرێمی کوردستان، ئەم جارەیان لە رێگای بەغداوە. ئەوەتا متمانە سەندنەوە لە هوشیار زێباری وە پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی موچەی فەرمانبەران هێمای زیاتر لە گۆڕانکارییەکن. نەک هەر ئەوە بەڵکو دەتوانم بڵێم ئەم پێشوەچوونە لە درێژبوونەوەیدا دەتوانێ زۆر شتی تر و هەنگاوی تر بە دوای خۆیدا بهێنێ کە دواجار ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی پارتی لە هەرێمی کوردستان. لەم بارەیەوە فراکسیۆنی گۆڕان، بەڵام کۆمەڵ و یەکگرتوش، لە بەغدا لە ماوەی دواییدا جوڵە و چاڵاکییەکی زۆر جیاواز و بەرچاویان هەبوو کە بە رادەی یەکەم بوێریەکی زۆری تیایە، بەو مانایەی کە پێشتر بەردەوام مەترسی ئەوە هەبووە کە هاوکاری کردن لەگەڵ بەغدا، یا سودوەرگرتن لە هێز و توانا دەستوری و دامەزراوەییەکانی عێراق لە پێناو گۆڕانکاری لە هەرێمدا، وەک دەرچوون لە یەکڕیزی نیشتمانی و بگرە “خیانەتی نیشتمانی” بدرێتە قەڵەم. من وا دەزانم بە تایبەتی چاڵاکییەکانی ئەم دواییەی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا نەک هەر بە شێوەیەکی جددی تەحەددای ئەو ترسەی کرد، بەڵکو لەگەڵ سەندنەوەی متمانە لە زێباری و لەگەڵ دەست بەکار بوونی لیژنەی پەرلەمانی عێراقی لێکۆڵینەوە لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێکی کوردستان، ئەم ترسە تا رادەیەکی زۆر تەجاوز کرا: بۆ یەکەم جار چەواشەکاری و یاریکردن بە هەست و نەستی نەتەوەیی و نیشتمانی جێگای لەق دەبێت، رێگا بۆ سیاسەتی هاوتەریب، واتە سیاسەتکردنی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا لە دەرەوەی هەیمەنەی پارتی دەکرێتەوە. سەرکەوتنی ئەم لیژنەیە لە کارەکانیدا دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ کرانەوەی کەناڵێکی زۆر گرنگ بۆ کاریگەری خستنە سەر هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەغداوە.
وا بزانم، دوای کاری ئەم لیژنە پەرلەمانییەی بەغدا، دەکرێ لە بەغدا هەوڵی پێکهێنانی لیژنەیەک بدرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبەتە ئەگەر ئەو لیژنەیەی پێشتر (واتە هی لێکۆڵینەوە لە موچە) گەیشتە ئەو درەنجامەی کە قەیرانی سەرۆکی هەرێم وە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان دوو هۆکاری سەرەکی و دانەبڕاون لە کێشەی موچەی فەرمانبەران. دەکرێ، بۆ نموونە، بە ئاسانی بڵێین کە نەبوونی چاودێری پەرلەمانی ئاسانکاریێکە بۆ ئەوەی حکومەت بە هەوەسی خۆی مامەڵە بە مەسەلەی موچەی فەرمابەرانەوە بکات. لە راستیدا نەبوونی چاودێری پەرلەمانی دایکی زۆرێک لە کێشەکانە لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش کێشەی موچەی فەرمانبەران، هەر ئەم بەهانەیەش دەکرێ زۆر بەهێز بێت بۆ خستنە رووی کێشەکە بەم شێوەیە لە بەغدا!
٣-٦ راگەیاندنەکەی مەسعود بارزانی
جێگای سەرسوڕمان و تێڕامانێکی زۆرە کە راگەیاندنەکەی مەسعود بارزانی دوو هەفتە بەر لە ئێستا، ئەگەر چی لە راستیدا لە رووی ناوەڕۆکەوە هیچ شتێکی نوێی تیا نەبوو، بەڵام دیسان بووە جێگای کاردانەوە و بگرە پێهەڵدان و بە پۆزەتیڤ خوێندنەوە. هەر زوو بەر لەوەی خودی پارتی هەڵوێستێکی روونی دەربارەی راگەیاندنەکە پیشان دابێت، هیزەکانی دیکە کەوتنە دەرکردنی بەیاننامە و راگەیاندن وەک ئەوەی شتێکی گرنگ روویدابێت: لە جۆری ئەوەی ئیتر فەرموو ئەوەتا پارتی و بارزانی دەستپێشخەرن وە ئەوەی ماوەتەوە تەنها وەڵام و کاردانەی پۆزەتیڤانەی لایەنەکانی ترە؛ ئەگەر ئەمەش روویدا ئەوا کێشەکان چارەسەر دەبن! هەرچەندە ئەم وتارەی بەردەست ناخوازێ زۆر لەسەر ئەم رووداوە بوەستێ، بەڵام بە بۆچوونی خۆم بەیاننامەکان، بە هی بزاڤی گۆڕانیشەوە، ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە “وەهمی” باڵادەستبوونی پارتی وەهم نییە بەڵکو راستیێکە کە هێزەکانی دیکە قەبووڵیانە وە جار دوای جار ئەو وەهمە پشتڕاست دەکەنەوە. لەم دەرفەتەدا دەتوانم ئەوە بە دڵنیاییەوە بڵێم کە راگەیاندنەکەی بارزانی نەک هەر نوێ نەبوو بەڵکو زۆرێک لە یاری و شتە کۆنەکانی پشتڕاستکردەوە، کە زۆرێکیان تەنها چەواشەکارین، تەنها بە کەڵکی بەلاڕێدا بردن دێن! سادەیێکی زۆرە گەر هەندێک لایەن هەبن وا تێبگەن کە ئیتر رێکەتن لەگەڵ پارتی دەکرێ چارەسەر بێت بۆ قەیرانی ئابووری، بە تایبەتی کێشەی مووچەی فەرمانبەران. لە لایەکی ترەوە ئەم بۆچوونە لە باشترین حاڵەتدا بێ بنەمایە، تەنانەت پێشتریش کە هەموو لایەنەکان لە حکومەتی “بنکە فراوان” بەشدار بوون، دیسانەوە قوتی خەڵک هەر لە دەستی پارتیدا بوو، ژمارە و دەرەمادەکان لە دەستی وەزیری داراییدا نەبوون. بەم مانایەش گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەم شێوەیەی کە دوای راگەیاندنەکە دەستیپێکردووە، تەنها دەبێتە هۆی بەرجەستەکردنی دەسەڵات و باڵادەستیی پارتی بەبێ ئەوەی ببێتە فاکتەری چارەسەرکردنی کێشەکان. تا رادەیەکی زۆر ئەوەی ئێستا، دوای راگەیاندنەکەی بارزانی روو دەدات، پشتڕاستکردنەوەی تراژۆکۆمی (لە هەمان کاتدا تراژیدیا و کۆمیدی) هەرێمی کوردستانە: “مەسعود بارزانی دەستپێشخەری هەیە، بەڵام حزبەکەی بە دەستی بەتالەوە هاتووە سەردانی حزبەکان دەکات”: وەک ئەوەی پارتی بەم شێوەیە بە لایەنەکان بڵێت “کێشە لای ئێوەیە، هەر ئێوەش دەبێ پێشنیاری چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە بکەن”، ئەمەش بەشێکی گرنگی کۆمیدیاکەیە.
٤- دەرەنجام
بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، بەبێ پارتی (یا راستتر تۆ بڵێ بە رەغمی پارتی) هەوڵێکی سەرنەکەوتووە. لە حاڵەتی بە “رواڵەت” سەرکەوتنیشی، ئەوا لە هاوکێشەی سیاسیدا (تۆ بڵێ لە هاوسەنگی سیاسییدا) زۆر شت ناگۆڕێ و بە ئەگەری زۆر دواجار دەبێ بگەڕێیتەوە و لە چوارگۆشەی ژمارە یەکەوە دەست پێبکەیتەوە، ئەو چوارگۆشەیەی کە پارتی لەسەری وەستاوە و دەیەوێ هەمووان پەلکێشی ئەوێ بکات، چوارگۆشەی گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان!
هەوڵی سازکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، بە رەغمی پارتی، زیاتر لەم مەسەلەیە دەچێ تا هەر شتێکی تر: ئەوەی بە توڕەیی هەڵسێ، بە دۆڕاوی دادەنیشێ! بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و بزاڤی گۆڕان و بەڕێزانی دیکە لە فراکسیۆنە جیاجیاکان پێویستیان بەم “توڕەبوونە” نییە.
بەندە پێم وایە بڕیاری کشانەوە لە حکومەت پێویستە، جگە لە رەهەندی کێشەکانی هەرێم، چەند رەهەندێکی دیکەش لەخۆ بگرێ: ١) هەوڵدان بۆ بەکاربردنی ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆیدا ئاشتبێتەوە، بەو مانایەی کە دەنگێکی ناڕازی لە ناو بزاڤی گۆڕان هەر لە سەرەتادا هەبوو لە بەشداری کردنی بزاڤەکە لە حکومەت، وە لە کاتی بڕیاری کشانەوە لە حکومەت، هەر نەبێ دوای ئەم هەموو ماوەیە، ئەو دەنگ و کەسانەی کە هەر لە سەرەتادا گومانیان لە حیکمەتی بەشداریکردن لە حکومەتدا هەبوو ئەوەیان بۆ پشتڕاستبکرێتەوە کە هەر لە سەرەتاشدا حسێب بۆ رای ئەوان کرا بەڵام بە تایبەتی ئێستا راستی و دروستی ئەو رایەی ئەوان پشتڕاست بوویەوە!؛ ٢)هەروەها کاتی ئەوە هاتووە کە،بە بڕیاری کشانەوە یا نەکشانەوە، رێکەوتنەکەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیبە جددیتاقیبکرێتەوە؛ ٣)لە کاتی بڕیاردان لەسەر کشانەوە، دەبێ هەوڵبدرێ کە کشانەوەی بەکرداری گۆڕان لە حکومەت، لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە،لەسەر پارتی گران بکەوێ، لە! بۆ ئەوەش واباشە کشانەوەکە کتوپڕ نەبێت بەڵکو لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستانبخرێنە بەردەم بژاردەی کشانەوە یا نەکشانەوە وە لە حاڵەتی ئەوەی یەکگرتوو و کۆمەڵیش بڕیاری کشانەوەیان داو گۆڕانیان بە تەنیا جێنەهێشت ئەوا ئەسەری کشانەوە قورستر دەبێت. بۆ ئەوەش پێدەچی وا باش بێ کە گۆڕان لە رۆژی بڕیاری كشانەوەدا دوو یا سێ هەفتە وەک مۆڵەت دابنێ بۆ لایەنەکان: یا ئەوەتا بەبێ دواکەوتن (بەبێ هیچ مەرجێک) وە بەپێی نەخشەڕێگایەک پەرلەمان کارادەبێتەوە و وەزیرەکان دەچنەوە سەر کاری خۆیان و … هتد یا ئەوەتا لە حاڵەتی تردا دوای ئەم مۆڵەتە، بەبێ سێ و دوو، گۆڕان لە حکومەت دەکشێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشی پێشبینی دەکەم کە هەرنەبێ کۆمەڵ ئەم بژاردەیە، واتە بژاردەی کشانەوە، بە جددی وەربگرێ و لە ناوخۆیدا گفتوگۆی لەسەر بکا و بەڵکو بڕیاری کشانەوەش بدا، بەڵام وا دەزانم بە هەر بیانۆیەک بێت بژاردەی یەکێتی مانەوە دەبێت لە حکومەت: یەکێتی (یا هەر نەبێ سەرکردایەتییەکەی) رێک وەک پارتی بوەتەحزبێکی بەرژەوەندیخواز و خودی حزبەکە بەبێ داهاتێکی زەبەلاح (تۆ بڵێ ئابووری رەش) ناتوانێ بۆ ماوەیەکی کەمیش بژێ. ئەم دوو حزبە هێزی ئابووری خۆیان بە رێگای “بوون لە دەسەڵات و بەکاربردنی خەرابی ئەو دەسەڵاتە دەستەبەر دەکەن،” هەر لەبەر ئەوەش بەبێ ئەوە ژیانی ئەو دوو حزبە و دەزگا زەبەلاحەکانیان ناتوانن بەردەوامیان هەبێ، لەگەڵ شەفافبوونێکی بە تەواوەتیدا ناژین!
پێم وایە لە بڕی کات کوشتن بە رێکەوتن لەگەڵ دەستەبژێری (واتە سەرکردایەتی) یەکێتی (کە لە راستیدا کێشەی یەکێتی هەر خودی ئەو دەستەبژێرەیە) کاتی ئەوە هاتووە ئیتر گۆڕان بیر لە بژاردەی رووکردنە کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی بکاتەوە، کە خۆشیان (واتە کادر و ئەندامانی ئەو حزبە) بەدەست ناکارامەیی و پڕکێشەیی ئەو دەستەبژێرەوە دەناڵێنن. یا هەر نەبێ لە قۆناغی یەکەمدا گۆڕان بە روونی ئەو پەیامەی بە یەکێتی گەیاندبێ کە ئەگەر گۆڕان لە دەستەبژێر بێهیوا بوو ئەوا بۆی هەیە ستراتیژی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی بە تەواوەتی بگۆڕێ: پشت بکاتە دەستەبژێر و روو بکاتە کادر و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبە!
نابێ ئەوە قەبووڵ بکرێ کە یەکێتی لە هەمان کاتدا لەگەڵ ناشەرعیەتدا بێت و لەگەڵ شەرعیەتیشدا بێت، راگەیاندن و هەڵوێستێکیان لەگەڵ شەرعیەت و راگەیاندن و هەڵسوکەوتێکی تریشیان لەگەڵ ناشەرعیەتدا بێت. هەندێک لە سەرکردەکانی پییان وابێ قسەکانی مەسعود بارزانی “پیرۆزن و وەک ئایەتی قورئان،” بەڵام لەگەڵ گۆڕانیش کۆک بن لەسەر هەندێ پرەنسیپ و بەهای جوان. گۆڕان هەم لە ناشیرینبوونی خۆی، بە هۆی ئەم رێکەوتنەوە، زەرەر دەکات وە هەمیش لە جوانبوونی ناشیرینەکان (ناشیرینەکانی دەستەبژێری ناو یەکێتی)! جگە لەوەش نەوەی نوێ لەم جۆرە شۆڕشگێڕانەی دوێنێ (کە قسەکانی کەسێک، کە بە زۆر خۆی وەک سەرۆکی هەرێم سەپاندووە، بە پیرۆز ناو دەبەن) ماندوو بووە. کەمترین رادەی متمانەی بەم جۆرە “شۆڕشگێڕانە” نییە، کە پێش نیوەڕۆ رێکەوتن لەگەڵ بزاڤی گۆڕان، لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی جوان، دەکەن، بەڵام هەر دوای نیوەڕۆکەی دەست لە ناو دەست لەگەڵ ناشەرعیەت، بە رەمزی ناشەرعیەت دەڵێ قسەکانی پیرۆزن و ئایەتی قورئانن! ئەگەر گۆڕان دەخوازێ دواڕۆژی هەبێ نابێ نەوەی نوێ بگۆڕێتەوە بە رێکەوتن لەگەڵ ئەم جۆرە “شوڕشگێڕە” ناڕاستگۆیانە.
سوید، لوند ٤/١٢/٢٠١٦