چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

ترامپ بوو بە سەرکۆماری ئەمریکا!! / حەسەن ماوەڕانی

بەپێچەوانەی بۆچوونی سەرجەم مێدیاکانی جیهانی و چاوەڕوانیی بەشی هەرەزۆری ئاشتیخوازان و ئازادیخوازەکان، ترامپ بە ورووژاندنی دیماگۆگیانە(خەلک خەڵەتێنەرانە) و پاڵپشتی بەشی زۆری حیزبی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا سەرکەوت.
سەرکەوتنی بازرگانێکی خەلک خەڵەتێن بە وادە و دروشمی بێ بنج و بناوان لە وڵاتێکدا کە هەم لەباری ئابوریەوە و هەم لەباری سپایی خۆی بەسەرکردەی جیهان دەزانێ، پێشاندەری دوورکەوتنەوەی سیاسەتوانەکانە لە کۆمەڵانی هەراوی شاروەندەکانیان و نارازی بوونی گشتییە لە باری ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیان.

لە ناوەرۆکی وتارەکانی پرۆپاگەندەیی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا بە دەیانجار پەنجە بۆ چەندین خاڵ ڕاکێشراوە وەک: دژایەتی ئاشکرا لەگەڵ بوونی بیانیەکان لە ئەمریکا، کێشانی دیوار لە سەرانسەری سنووری نێوان مەکزیک و ئەمریکا، تاوانبارکردنی مەکزیکیەکان بە کردەو جیناییەکان، سوکایەتی بە ژنان، سوکایەتی بە رەشەکان، ریگانەدانی موسوڵمانەکان بۆ سەفەر بۆ ئەمریکا، و لە هەمووان جێگەی سەرنجتر هێرش وێڕای سوکایەتیەکان بە چین و چینیەکان کە لەڕادەی جیهانیدا دووهەم دەستەڵاتی ئابوری و سپایین.

هەروەها وەک هەموو خەڵک خەڵەتێنەرێک وادەی جۆراوجۆر دراوە بۆ: دامرکاندنەوەی گرژی نێوان ئەمریکا و روسیە، خۆکێشانەوە لە ناوچە ئالوزییەکانی سپایی، بردنەسەری ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی کار بۆ هەموو ئەمریکاییەکان .
هەڵبەت لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە خۆی لەسەر کۆبوونەوەی پەرەوازەکان و ڕاکێشانی خەڵکانی چوارقورنەی جیهان بۆ مانەوە و ژیان لە وڵاتی سورپێستەکان دامەزراوە و سپی پێستەکان خۆیان نیوەی رێژەی دانیشووان پێکدێنن، سەیرە کە بەم دروشمانە کەسێک لە هەڵبژاردن دا سەرکەوتووە.

ترامپ بوو بە ٤٥ ەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا. بەڵام ئایا ترامپ دەتوانێ وادەکانی کاتی هەڵبژاردنی بەجێبگەیەنی؟ ئایا سیستمی فێدراڵی ئەمریکا و سناتۆرەکان و فەرماندارەکانی ئەیالەتەجۆراوجۆرەکانی ئەمریکاش هاوڕایی دەکەن؟ هەتا چ ڕادەیەک سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا دەتوانێ کارتێکەری لەسەر پلانە ستراتێژییەکانی داڕیژراوی ئەو وڵاتە هەبێ؟

مێژووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لانی کەم سێ سەرۆک کۆماری بەخۆیەوە دیوە کە هەوڵیانداوە پڵانەکانی تایبەت بەخۆیان بەرنە پێشەوە.
یەکەمیان جان اف کێنێدی کە هەم سیاسەتوانێکی خاوەن پێشینە بوو و هەم خۆشەویستی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی وڵاتەکەی، کاتێک بە شێلگیری ویستی شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ روس سازکا و مەسەلەی کوبا بوو بە هۆی سیرە تێگرتنی بۆمبە ئەتۆمیەکانی ئەو وڵاتە و سۆڤێت لە ئاست یەکتر، سەرەڕای پێداگرتنی توند و تۆڵی خۆی نەیتوانی پڵانەکەی بەرێتە پێش. لە ئاخر دا تیرۆر کرا و هەتا ئێستاش روون نەبۆتەوە کە بەڕاستی چۆن تیرۆرکرا. دوهەمیان رۆناڵد ڕێگان بوو کە بە پرۆژەی شەری ئەستێرەکان و برەو پێدانی بەرەو شەڕ لەگەڵ سۆڤێت کەوتە بەر گوشاری بێ وێنەی دەزگاکانی یاسایی و تەنیا بە فیدا کردنی گیانی سەرۆکی سی ئای ئێ کە وەک ڕاگەیەندرا خۆی کوشت لە لێپرسینەوە رزگاری بوو. سێهەمیان ئۆباما بوو کە بە وادەی باشتر کردنی ژیانی کۆمەڵایەتی زۆرترین رێژەی دەنگەکانی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بردەوە. بە ڵام هەموو پڵانەکانی لە کۆنگرەی ئەمریکادا بلۆکە کران و نەیتوانی سەرەڕای هەوڵەکانی کارێکی بۆ رازی راگرتنی دەنگدەرەکانی بکا.

ئێستاش لەناو گرو کفێکی ڕاستڕەوانەی زاڵ بەسەر وڵاتە کانی رۆژئاواییدا و لە کاتێکدا فاشیستەکان بە ئاکار و وادە و روخساری خەڵک خەڵەتێنەر لە چوارقورنەی جیهاندا وەجوڵەجوڵ کەوتوون، بەتێکڕایی شادن بە هەڵبژاردنی ترامپ. لە فەرانسە و هولەند نوینەرە ڕاستەوخۆکانی فاشیستەکان بەیەکەوە جێژنەیان گرتووە. سەرۆکە فاشیستەکانی مەجارستان و لەهستان پیرۆزباییان لە ترامپ کرد و وێڕای پوتین شادمانی خۆیان دەربڕی.

بلاوبوونەوەی ویرۆسی ئیسلامی ویشکەڕۆ لە وڵاتە ئیسلامیەکان، قەیرانی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە ئەفریقاییەکانی نیوە ئیسلامی، دوو خوراکی هاندەری دەنگدانی توێژە نائاگاکانی وڵاتەسەرمایەداریەکانن بۆ ڕاکێشرانیان بەرەو دەستە و گروپە فاشیستیەکان. لە لایەکی تریشەوە مەسەلەی بێکاری و قوولبوونەوەی کەڵێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژار لە ئەنجامی کارتێکەریی شوڕشی تیکنۆلۆژیای میکرۆ ئێلکترۆنیک و پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەم هێناندا، بە بێ ریفۆرمی ئابوری و دابینکردنی لانی کەمی داهات بۆ زۆربەی خەڵک، پاڵپێوەنەری ئاپورەی گەڵانە بەرەو دروشمی بێ بنج و بناوانی ناسیۆنالیستی لە وڵاتە ئازاد و دێمۆکراتەکاندا.

هەتا ئێستا توێژی سیاسەتوانی ئەو وڵاتانە بە شێوازێکی شێلگیر بۆ دۆزینەوەی ڕەوشی دەرباز بوون لەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە نەجوڵاونەوە. بەڵام هاتنەسەر کاری ترامپ زەنگوڵەی وشیارکەرەوەیەکە بۆ سەرجەمی ئەو وڵاتانە. پەیامی پیرۆزبایی مێرکل، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان، وەک ڕاوبۆچوونی گرینگی یەکێتی ئوروپا نیشانیدا کە ئەو زەنگوڵە وشیارکەرەوانەیە کاری خۆی کردوو. مێرکل لە پەیامەکەیدا بە وردی پەنجەی بۆ ئەو خاڵە هاوبەشیانە ڕاکێشا کە بنەمای پێوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، پێکەوەژیانی نەتەوە و رەگەز و ئایینەکان و…، هەوڵدان بۆ برەوپێدانی دێمۆکراسی و … ئەو خاڵانە بوون کە لەسەتاسەت دژن بە دروشمەکانی ڕاگەیەندراوی ترامپ لەکاتی هەڵبژاردندا.

داهاتووی سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئوروپا، دادگاکانی نێو نەتەوەیی، ڕیکخراوەکانی مرۆڤدۆست، ڕیکخراوەکانی نێونەتەوەیی پاراستنی ژینگە و تەنانەت پەیمانی ناتۆش بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕەکانی دوای ئەو هەڵبژاردنە.
لێکدانەوەی سەرجەمی ئەو بارودۆخە ئەوە پێشان نادات کە ترامپ بتوانی دروشمەکانی بەرەو پێش بەرێ. لەبەر ئەوەی کە یەکەم لایەن کە تووشی زەربێکی قورسی دارایی و سیاسی و قەوارەیی دەبێ خود ئەمریکایە کە لەپلەی زلهێزی گەورە دادەبەزێ.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …