سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی ئاشكرایدەكات كە ئێران بەڵێنی پێداون بارەگاكانیان لەزۆنی سەوز لە خۆپیشاندەران دەپارێزێت.
رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە پارتی لەزاری ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بڵاویكردۆتەوە، لە دانیشتنیان لەگەڵ شاندێكی ئێرانی دڵنیایی ئەوەیان پێدراوە كە بارەگاكانیان لە زۆنی سەوز پارێزراو دەبێت و رێگە نادەن هێرش بكرێتە سەریان.
سەبارەت بە بونی ئەگەری خۆپیشاندانیش لە 27/9، دەڵێت ” پارتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانێك دەكات لە چوارچێوەی یاسادا بێت، بەڵام دەبێت لایەنەكان بزانن بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز سوود لەو بارودۆخە وەرنەگرن، سواری داخوازی و خواستەكانی خەڵك نەبن، كە ئەمە پارتی هەرگیز قبوڵی ناكات لە هیچ كەسێك”.
ئەدهەم بارزانی وتوشیەتی “ئەوە كارێكی نائەخلاقییە حزبەكان دەیكەن بەرامبەر پارتی، باشە خۆ گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتووش بەشداری حكومەتن، پارتی لە 20 وەزیر تەنیا پێنج وەزیری هەیە، ماقوڵە ئەوان وا هەڵسوكەوت بكەن كە لەنێو حكومەتدا نین؟ “.
سەبارەت بە پاراستنی بارەگاكانیشیان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، رەتیدەكاتەوە بارەگاكانیان بدەنە دەست هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی و دەڵێت “ئێمە خۆمان دەیانپارێزین، بە هیچ شێوەیەكیش نایدەینە دەست هیچ هێزێكی ئەمنی، بەڵام ئەركی سەرشانی هێزە ئەمنییەكانە هاوكاری پارتی بن بۆ پاراستنی بارەگاكانی، ئەگەر نەشیانكرد ئەوە بە كەمتەرخەمی ئەوان لەلای پارتی هەژمار دەكرێت”.