هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

كاتێک بەهاکان کۆتاییان هات هەیکەلەکەش دەڕوخێت / شوان محه‌مه‌د

ئێستا لە باشووری کوردستاندا ئەو ساتەیە کە ئەزموونێکی ٢٦ ساڵی کۆتایی دێت و هێشتا سیمای ئەزموونێکی نوێ دەرنەکەوتووە، ئەم ئەزموونە دەمێکە لە رووی بەهاکانەوە کۆتایی هاتووە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و وەک جەستەیەکی بێ رۆح رۆژگار بەڕێدەکات، تەنها پەیکەرێکی بێ بەهاو بێ مۆراڵ درێژە بە دوا رۆژەکانی تەمەنی خۆی دەدات.

لەو ساتەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لەساڵی ١٩٩٤ دەستیپێکرد، ئەم سیستەمە حوکمڕانییە زۆر بەهای ئەخلاقی خۆی لەدەستدا، ئەو ساتە خاڵی وەرچەرخانی بەهاکان بوو، ئەو دەمەش کە پەلکێشی ئێران و دواتریش رژێمی عێراق کرا بۆ سەر هەرێم، ئیتر هیچ ئۆمێدێک نەمایەوە کە خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم هێزانە هەڵیچنێ، بەڵام ئەوەی تەمەنی ئەم هەیکەلەی درێژکردەوە، نەبوونی ئەلتەرناتیڤ و بەرژەوەندی ‌هێزە هەرێمایەتییەکان و رۆژئاواو لەپێش هەمووشیانەوە ئەمەریکا بوو کە ئەم بارودۆخەی بەم هەیکەلە مردووە بێ پرەنسیپە رابگرێت و درێژە بەتەمەنی بدرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان دەگوزەرێت، هیچ نییە جگە لەرۆژانی کۆتایی سیستەمێکی حوکمڕانی بێ بەها کە مانەوەی تەنها و تەنها لە خزمەتی توێژێکی سیاسی نەوتی مشەخۆری مافیاوی میلیتاری وابەستراو بە هێزە هەرێمایەتییەکانەوەیە، هەموو ئەو دەرفەتانەش کە بەدرێژایی ئەم ٢٦ ساڵە دراوە بەم ئەزموونە، هەر لە رێکەوتنی واشنتن لەساڵی ١٩٩٨ ەوە تا یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەو حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، تا بەشداریکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی ٢٠١٣ لە حوکمدا دا، ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە دەردەخەن، ئەم سیستەمە شکستخواردووەو ریفۆرم لەناویدا ئەستەم و مەحاڵە، هەر هێزێکیش بیەوێت خۆی هەڵواسێت بەم سیستەمەداو لەناویدا بمێنێتەوە، جگە لە پاشکۆیەتی پارتی و یەکێتی، ئەوا چارەنووسی سیاسیشیان لەوان باشتر نابێت.

دوو هێزی سیاسی ( پارتی و یەکێتی ) کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا پشکی شێریان بەردەکەوێت، نە توانیان حوکمڕانییەکی تەندروستی سیاسی پشتبەستوو بەلایەنی کەمی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەستبەر بکەن، نەتوانیشیان لایەنی کەمی ژیانی ئابوری و گووزەرانی خەڵکی مسۆگەربکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین، کوردستان لەبەردەم حوکمڕانییەکانی شکستخواردووی سەرتاسەری هەموو بوارەکاندایە: بواری سیاسی بەشێوەیەکی گشتی، ئابوری، کەلتووری و مۆراڵی، کە مەترسی گەورەشی لەسەر باری جڤاتی کۆمەڵگای کوردیش دروستکردووە، بۆیە درێژەدان بە جۆرە سیستەمێکی وەها، جگە لەوەی ماڵوێرانی بەدواوەیە، هاوکات رەنگە هەرێمی کوردستانیش بەگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەم.

ئەم هەیکەلەی ناوی حوکمڕانی کوردە، کێشەی دەرەوەی نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی دەرەوەیە ئەم هەیکەلە بێ هێزە بێ مۆراڵە، دەستەمۆیە بمێنێتەوە، ئەم هەیکەلە کێشەی ناوەوەی هەیە، هەردەشبێت لە ناوەوە بگۆڕدرێت، لەناوەوە کۆمەڵگای کوردی خۆی و دەسەڵاتەکەی نوێ بکاتەوە.

لێرەدا هەمووان چاویان لە ئەلتەرناتیڤە، هەمووانیش دەترسن لەوەی ئەگەر ئەم سیستەمە بێ رۆحە هەیکەلەکەی هاڕە بکات و برووخێ و هەرەسبهێنیت چی روودەدات، رەنگە کەس نەتوانێت پێشبینی وردەکاری ئەو داڕمانە بکات و تراژیدیاکانی بە وردو درشتەوە بهێنێتە پێش چاوی خۆی، بەڵام ئەگەر هەمووان، نوخبە زیندو و کاراکانی کۆمەڵگا، هەر لە رۆشنبیرو سیاسی و چالاکوانیانی رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنییەوە، لە ئێستاوە هەوڵی بەهێزکردنی کۆمەڵگا نەدەن بەروویەکەیدا بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە شکتخواردووە، بەرووەکەی تریشیدا لە ئاست ئەو قەیرانە گەورانەی لەداڕمانی ئەم دەسەڵاتە دێتە ئاراوە، رەنگە ئەوەی روودەدات تەنها کۆتایی سیستەمیکی مافیاوی نەبێت، بەڵکو مردن و ماڵئاوایی کۆمەڵگاش بێت و دەیان فرسەخمان بووێت تا بگەینەوە بەم ئاستەی ئەمڕۆ، بەڵام هەمیشە ئەوە وتراوە لە ساتە مێژووییە هەستیارەکاندا کۆمەڵگا خۆی ئەلتەرناتیڤ و چارەسەری پێیە!.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …