(1)
له‌و ماوه‌یه‌دا له یوتیوب گوێم له مه‌لایه‌كی كورد ده‌گرت، سه‌باره‌ت به پێشینه‌یی مسوڵمانێتیی كورده‌كان به‌ر له كوردبوونیان ده‌دوا. به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و بێت، كورد به‌رله‌وه‌ی كورد بن، واته شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ئیتینیی خۆیان هه‌بێت، شوناسێكی دیكه‌یان هه‌یه كه ده‌یانكاته به‌شێك له (ئوممه‌ت). ئه‌و چه‌ند جارێك ئه‌وه‌ی بۆ ئاماده‌بووه‌كانی دووباره ده‌كرده‌وه: كه كورده‌كان خۆیان به نه‌وه‌ی (قالوبه‌لا)ی به‌رایی ده‌زانن، ئه‌مه‌شی وه‌ك ئاماژه‌دانێك وابوو بۆ سوره‌تی (وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِن بَنِي آدَمَ مِن ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى شَهِدْنَا أَن تَقُولُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِينَ) (أعراف، 172).. له ڕاستیدا ئه‌م سوره‌ته به‌لای منه‌وه و له ڕوانگه‌یه‌كی خوداناسیی پێشینه‌ییه‌وه، جوانییه‌كی خۆی تێدایه، چونكه ئاماژه به ساته‌وه‌خێتكی تایبه‌ت له ژیانی مرۆڤ ده‌كات له ژیانی مه‌له‌كوتیانه‌ی خۆیدا و ده‌ستپێشخه‌ریی خودا بۆ به‌ستنی ده‌می مرۆڤ له ئاست داناییان به ڕاسته‌قینه‌ی خواوه‌ند، پێشئه‌وه‌ی بێنه دنیاوه تاكو له ڕۆژی په‌سڵانێ نه‌ڵێن ئێمه ئاگادار نه‌بووین. ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی خودا له گرتنی مرۆڤ به شایه‌ت له‌سه‌ر خواوه‌ندێتیی خۆی، له به‌دگومانییه‌كی بنه‌ماییه‌وه هاتووه به مرۆڤ، كه توانای بیرچوونه‌وه‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌شایه‌تگرتنه ڕێگرییه‌كی بنه‌مایی مرۆڤیشه كه هه‌ڵه و كوفر له ئاست خودای خۆیدا نه‌كات، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌زانێت كه نابێت ئه‌وه بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌شێكه له ناوه‌ڕۆكی ئایه‌ته‌كه، كه مرۆڤ له توانای زگماكی خۆیدایه كه یه‌كایه‌تیی خودا له خۆیدا بناسێته‌وه، چونكه خودا ئه‌م تواناییه‌ی له‌واندا وه‌ك ئه‌گه‌رێكی حه‌تمی داناوه. به‌م جۆره‌ش، مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی بێته دنیاوه، زانینێكی زگماك، پێشینه و سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر بوونی یه‌كایه‌تیی خودا هه‌یه، كه له ئه‌زموونی ته‌مه‌نی خۆیدا پتر ئه‌مه‌ی بۆ ده‌ركه‌وێت. ئه‌م ئایه‌ته به شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ قسه له‌سه‌ر فیتره‌تی مرۆڤ ده‌كات، كه بیرخه‌ره‌وه‌ی قسه‌كانی كانته له‌سه‌ر توانایی مرۆڤ بۆ بیركردنه‌وه‌ی ژیری و ئه‌قڵ وه‌ك تواناییه‌كی سروشتی له مرۆڤدا، كه به‌پێی ئه‌زموون تیایدا بێ‌دار ده‌بێته‌وه و گه‌شه ده‌كات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ئایه‌ته به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی بوونی نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌تنیكیی مرۆڤه‌كان نییه. ئه‌م ئایه‌ته باس له خوداناسییه‌كی خواداناسییانه ده‌كات، باس له خوداناسییه‌ك ده‌كات كه خودا بۆ خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ریه‌تی. هه‌روه‌ها باس له دینێكی تایبه‌تیش نییه، باس له بوونی به‌رده‌وامانه‌ی خودایه له بوونی مرۆڤدا. مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌ر دینێك بێت، هیچ له‌وه ناگۆڕێت كه خوداناسیی به‌شێكه له بوونی ئه‌و. بۆیه ئایه‌ته‌كه هه‌روه‌كچۆن ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی بوونی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤه‌كان نییه، ئاواش په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به ئایینی ئیسلامه‌وه نییه، وه‌ك دینی پێشینه و وه‌ك شوناسی یه‌كه‌می مرۆڤ. ئه‌مه ته‌نیا لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه و دژه‌كوردییانه‌یه بۆ ئایه‌تێك كه تیایدا و به‌هۆیه‌وه ئه‌و مانایه‌ی پێ ده‌به‌خشرێت كه ئه‌مه باس له موسڵمانان بكات به ته‌نیا و پاشان به‌كارهێنانی ئه‌م مانایه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌ییان وه‌ك شوناسێكی په‌راوێزی، تا له‌وێوه بڵێن: ئێمه موسڵمانین به‌رله‌وه‌ی كورد بین.
بۆچی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه زۆر باسی ماف و حه‌ق و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌كان ده‌كرێت، هه‌ندێك له مه‌لا كورده‌كان موسڵمانبوونی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ده‌خه‌نه پێش كوردبوونیه‌وه؟ بۆچی ئه‌وانه ئه‌وه‌نده به بوونی كوردییانه‌ی خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان قه‌ڵس ده‌بن، تا ئه‌و ئاسته‌ی ته‌فسیری شێواو بۆ ده‌قی پیرۆز بكه‌ن و به جۆرێك بیشێوێنن، كه جگه له سه‌ر له خه‌ڵك تێكدان و قێزبوونه‌وه‌یان له كوردبوونی خۆیان به‌و هه‌موو خوێنه‌وه، هیچی دیكه‌ی لێ نه‌كه‌وێته‌وه. پاشان بۆچی قسه‌ی له‌م جۆره له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه زۆرترین قسه و بانگه‌شه‌ی بۆ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌سازیی تیادا ده‌كرێت، ئازاده، به‌ڵام ئه‌م ئازادییه بۆ یه‌كسانیی دین و جیاوازیی كولتووری و ئایدیۆلۆژی حه‌رامه؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ش هه‌ر ده‌مانگه‌یه‌نن به فه‌سڵێكی دیكه له ڕۆمانی په‌یوه‌ندیی نێوان حزب و ئایینداران، له دژی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و پێگه‌ی دین له‌و شوناسه‌دا.
كاتێك هه‌ندێك له مه‌لاكان به‌و جۆره ئیهانه‌ی كوردبوون ده‌كه‌ن و به زمان ستایشی ده‌كه‌ن و له نیهاددا حه‌رامی ده‌كه‌ن له خه‌ڵك، باش ده‌زانن چ موسڵمانبوونی ئه‌و كوردانه به خوێن و چ هه‌وڵدانیشیان بۆ پاراستنی كوردبوونی خۆیان به خوێن بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كردنی ئه‌م قسانه له‌م كاته‌دا و به‌و بێشه‌رمییه له مینبه‌ره‌كانه‌وه، جگه له سووكایه‌تی كردن به خوێنی سه‌دان شه‌هید و برینداركردنی ده‌یان خانه‌واده كه به خوێنی خۆیان ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌و دوژمنه بوونه‌وه كه به ڕۆحی سه‌ره‌تایی هاتنی ئیسلامه‌وه دژی كوردبوونه و به دووباره‌كردنه‌وه‌ی شێوازه‌كانی سه‌ره‌تایی غه‌زووی ئایینی كار ده‌كه‌ن، بۆ خۆی بوێرییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و سووكایه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه به‌م كۆمه‌ڵگایه و مرۆڤه‌كانی ناوی و گشت ئه‌و پڕۆژه و بانگه‌شانه‌ی باس له به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی كه ئاییندارانی له دین دوور به ئه‌ركی خۆیانی ده‌زانن له‌م كاته‌دا ئه‌و ئه‌ركه بخه‌نه سه‌ر شانی خۆیان تا ئه‌و ڕۆڵه ببینن كه كورد له شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی سارد بكه‌نه‌وه، سووتان و خه‌مخۆریی ئه‌وان نییه بۆ دین، به‌ڵكو ئه‌وه درێژه‌پێدانی ئه‌مانه‌یه به كولتووری پاشكۆیه‌تی كه له مێژوودا گێڕاویانه بۆ به‌رگریكردن له جیابوونه‌وه‌ی كورد له شوناسێكی سه‌پاو، كه دین تیایدا كراوه‌ته ئامرازێك بۆ سه‌ركوتانه‌وه. ئه‌مانه شیوه‌نی جیابوونه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن له كولتووری عه‌ره‌بیی به‌ده‌وی، نه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ی له دین.
ئه‌وه‌ی له سه‌رچاوه به‌راییه‌كانی مێژوونوسانی عه‌ره‌ب و موسوڵمانه‌وه فێری بوووین وه‌ك (ته‌به‌ری: ج: 4، ص: 44، 53-56، ئیبن ئه‌سیر: ج: 2، ص: 16، 364، ئیبن خه‌لدوون: مقدمه: ج: 2، 119، بیلازه‌ری: ص 341)، چیرۆكی كورده‌كان و ئیسلامی به‌رایی پڕه له ڕووداوی خوێناوی و به‌زۆر سه‌پاندن. پڕه له جه‌زییه سه‌ندن و سڕینه‌وه‌ی دینه‌كه‌یان، كه ئایینی زه‌رده‌شتی دینی فه‌رمیی كورده‌كان بوو، به‌ڵام ئیدی له سه‌رده‌می ساسانی‌دا بووبووه ئایینی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت و به‌مه‌ش درزێك كه‌وته په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و ئایینه دێرینه‌كه‌یانه‌وه. بۆیه په‌یدابوونی ئیسلام و هاتنی داگیركارییانه‌ی بۆ وڵاتی كوردان هێنده‌ی ئه‌وه‌ی سه‌پاندنی كولتوورێكی عه‌ره‌بی و به‌رگریی كورده له ئاست ئه‌م كولتووره‌دا، ئه‌وه‌نده به‌رگری نییه له ئاست دینی تازه‌دا. ئه‌و به‌رگرییه‌ی كورد له ئاست ئه‌م كولتووره عه‌ره‌بییه سه‌ره‌تاییه‌دا ده‌یكرد، له هۆشیاریی كوردبوونه‌وه بوو نه‌ك له دژایه‌تییه‌وه بۆ دینه‌كه. ئه‌گه‌ر كورده‌كان شوناسی سه‌پاوی عه‌ره‌به موسڵمانه‌كانی سه‌ره‌تایان به خوێنی خۆیان نه‌ده‌پاراست و ئاگا نه‌بوون به‌رامبه‌ر شوناسی جیاوازیی خۆیان، ئه‌و كاته ڕاست بوو كه ئه‌وانیش خۆیان به نه‌وه‌ی (قالوبه‌لا)ی فیتری سه‌ره‌تا بزانیایه و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه نه‌بوو به‌رگرییان له ئاست مانه‌وه‌یان وه‌ك خۆیان، به خوێنڕشتنیان بگه‌یاندایه.
ئه‌مانه‌ی ئێستا ده‌مانگێڕنه‌وه بۆ ڕۆحی ملكه‌چی به ته‌فسیره كۆنه‌كه، به‌رگریكه‌رانی كولتووری غه‌زووی به‌رایین و زیاتر له ته‌فسیری به‌عسییانه‌ی وه‌ك شبلی عه‌یسه‌می و مێشێل عه‌فله‌قه‌وه نزیكن بۆ ئیسلامی عه‌ره‌بی تا له دیندارانی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلام. ئه‌م گوتاره، كه (كورد پێش ئه‌وه‌ی كورد بێت، موسڵمانه)، مانای ئه‌وه نادات كه كورد مرۆڤێكی دینداره پێش ئه‌وه‌ی كورد بێت. به‌ڵكو مانای ئه‌وه ده‌دات كه نابێت كورد خۆی له‌ژێر چه‌پۆكی ئه‌و كولتووره ده‌ربهێنێت كه ئیسلامی كرده پرد بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی به‌سه‌ر لاشه‌ی گه‌لانی به‌زۆر موسڵمانكردوودا. له‌به‌رئه‌وه ئه‌م شیوه‌نه له‌م سه‌رده‌مه داعشییه‌دا هیچ ناڵێت له‌وه زیاتر كه ده‌یه‌وێت كورد له‌ژێر سایه‌ی كو‌لتوورێكدا بهێڵنه‌وه و نامۆی بكه‌ن به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی. ئه‌م بانگه‌وازانه به‌رگرییه‌كی ئاشكران له شوناسێكی سه‌پاو، كه زیاتر له‌وه‌ی بۆنی دینی لێ بێت، بۆنی چه‌ته‌گه‌ریی عه‌ره‌بییانه‌ی لێدێت به‌ناوی دینه‌وه.
ئیسلام بیروباوه‌ڕێكه خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه‌كانی تردا هه‌یه له باش و له خراپ.. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر پرانسیپێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پیاهه‌ڵدانی بیروڕاكانی تر بگونجێت و شیاو بێت و به‌هۆیانه‌وه شتێك ڕوون بكرێته‌وه كه پێشتر نه‌مانزانیوه و سوودبه‌خشه، بۆ ئه‌میشیان ده‌گونجێت و شیاوه و سوودبه‌خشه.
ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه ده‌یبیستم و به نه‌شیاوی ده‌زانم ئه‌و تێڕوانینه عامییگه‌رایانه‌یه بۆ ئیسلام كه نه هیچ شتێكی نوێ له‌سه‌ر ئه‌م دینه ئه‌ڵێت و نه ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ئه‌و گشتاندنانه ده‌كه‌ن قه‌بووڵی ده‌كه‌ن به هه‌مان پێودانگ سه‌باره‌ت به بیروڕای خۆیان قسه بكرێت.. به بڕوای من ئه‌و دۆخه جگه له ده‌ستگرتن به ته‌فسیرێكی شۆڤێنیانه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ دینی ئیسلام و كردنی به ئایینی عه‌ره‌بی، ئه‌نجامی كاردانه‌وه‌یه‌كه له دوای خوێنكارییه‌كانی داعش به خستنه‌گه‌ڕی ڕقێكی مرۆیی بێوێنه و سه‌رهه‌ڵدانی باندیی خۆڵه‌مێشی له جۆری داعش، كه پێشتر له شوێنه‌كانی تری جیهان بینیبوومان: شه‌ڕی سۆماڵیا، شه‌ڕی یۆگۆسلاڤیای جاران، شه‌ڕی بوداییه توندڕه‌وه‌كان له بۆرما له دژی جیاوازه بیرانی موسڵمان و هتد. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره گوتاره توندڕه‌وانه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه، له سایه‌ی بێده‌نێگییه‌كی كوشنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدایه له ئاست ڕۆڵێ دین له كۆمه‌ڵگا و دین دانه ده‌ست كۆمه‌ڵێك دینداری میزاجی كه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌شی كوردستانیانه‌یان بۆ گرنگ نییه جگه له تێكدانی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و جیاوازی، كه به‌ره‌نجامی هه‌ڵكردنی كوردن له‌گه‌ڵ دینی تازه و به‌خشینی فۆرمێكی كوردییانه به دینی ئیسلام.
هه‌موو ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه له هه‌موو شوێنێكی جیهاندا هه‌میشه كۆمه‌ڵێك كه‌سانی له یاسا و ڕێسا به‌ده‌ر به سوودوه‌رگرتن له توانای مرۆڤ بۆ ئه‌نجامدانی دڕنده‌یی هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانی كارگه‌لێك كه سه‌رسوڕهێنه‌رن.. سه‌ره‌تای ئه‌مه‌ش له‌م ته‌فسیر و لێكدانه‌وه میزاجیانه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات، كه كه‌سانێكی ئایندار بۆ دینی ده‌كه‌ن. به‌م جۆره‌ش پرانسیپی دینه‌كه كه خوداییه، به تێگه‌یشتنێكی مرۆیی بارگاوی ده‌كه‌ن و بۆ خه‌ڵكی ساده‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نن به سوودوه‌رگرتن له‌و زه‌مینه توندڕه‌وییه‌ی كه له كۆمه‌ڵگا و جیهاندا هه‌یه و به خراپ سوودوه‌رگرتن له پێگه‌ی خۆیان له‌ناو مزگه‌وت و دامه‌زراوه ئایینییه‌كاندا. بۆ تێگه‌یشتن له‌م جۆره دیاردانه سه‌ره‌تا ده‌بێت هۆكاره‌كه‌ی له كه‌سایه‌تی و كاراكته‌ری ئه‌ندامانی ئه‌م جۆره باندانه‌دا بدۆزینه‌وه، نه‌ك له بیروڕای دینیی ئه‌واندا، كه بۆی هه‌یه ئه‌م بیروڕایه خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌مانه و هه‌زاران كه‌سانی تریشدا هه‌بێت كه بڕوایان به هه‌مان دینه، به‌ڵام بڕوایان وا نییه به‌و جۆره له دژی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و دین بكرێته ئایینی مرۆڤه‌كان.
كه‌واته به نموونه وه‌رگرتنی كه‌سه‌كان له جێی بیروڕاكه‌یان، چه‌نده هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش له‌بیركردنی كه‌سه‌كان له جێگه‌ی بیروڕاكه‌یان هه‌ڵه، چونكه هه‌میشه كه‌سه‌كان له ڕه‌فتاری مرۆیی خۆیاندا ئه‌و شتانه‌ش به‌ناوی بیروڕاكه‌یانه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌خه‌نه گه‌ڕ: (ڕق، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شكست، تۆڵه‌كردنه‌وه، حه‌سوودی، هه‌ستكردنی قووڵ به كه‌میی و هتد)، كه بیروڕاكه خۆی قه‌بووڵی ناكات..
له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌سه‌نته‌ركردنی سایكۆلۆژیا و ڕه‌فتاری نه‌خۆشكه‌وتووی مرۆڤگه‌لێك به‌ناوی بیروڕایه‌كه‌وه (به‌ته‌نیا) و به‌دوورگرتنی ئه‌و به‌شه له بیروڕاكه‌یان كه مۆڵه‌تی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌و جۆره كه‌سانه ده‌دات، هه‌ڵه‌یه‌كی تری گه‌وره‌یه.
(2)
ئێمه له كوردستان كێشه‌یه‌كمان هه‌یه: ڕه‌خنه‌كردن و خوێندنه‌وه بۆ ئیسلام وه‌ك بیروڕایه‌ك له بیروڕاكان قه‌ده‌خه‌یه، به‌مدیوی تریشدا گشتاندنی هه‌ر شتێك كه هه‌ر به‌ناو موسوڵمانێك ده‌یكات وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ئایینه، ئاسانه. له‌نێوان ئه‌م سانسۆركردنی ڕه‌خنه و خوێندنه‌وه‌یه بۆ ئیسلام و ئه‌م ئاسانكارییه بۆ گشتاندن، ده‌بێت ڕێگه‌ی سێیه‌م بدۆزینه‌وه: له كوردستانیش موسڵمانی توندڕه‌مان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو موسڵمانێك ناگرێته‌وه. گرنگه ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه توندڕه‌وانه بیر ناكه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه هه‌موو توندڕه‌وییه‌ك به گشتاندنی ڕه‌فتاری كه‌سانێك، ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌م دینه، له‌سه‌ر یه‌ك شت پێكبێن: ئازادی له بیروڕاده‌ربڕین، هاوكاته به ڕیزگرتن له بیروڕای جیاواز و بنه‌ماكانی گفتوگۆكردن.. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێته تاوانباركردن و هه‌موو توندڕه‌وییه‌كیش نه‌خرێته ئه‌ستۆی ئه‌م ئایینه، پێویسته هه‌ردوولا پێك بێن له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو پرانیسیپه له یه‌كتری.. ده‌نا هه‌م ئاستی ڕه‌خنه و هه‌م ئاستی بیروڕای دینی نزمتر ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی كه هه‌یه..
له ڕوانگه‌ی داهاتووه‌وه ئێمه ئه‌م ڕیككه‌وتنه ویژدانی و ئه‌خلاقییه‌مان زۆر پێویسته، چونكه ئێمه ناتوانین به‌م جۆره نه‌وه‌ی داهاتوو به شێوه‌كیی تاكڕه‌هه‌ندانه په‌روه‌رده بكه‌ین. بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامێكمان وه‌ك بیروڕایه‌كی جیاوازی مرۆیی هه‌بێت، كه جیاوازه له ئیسلامیزه‌كردن و بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كیشمان هه‌بێت كه له پێشه‌وه توندڕه‌وی نابه‌ستێته‌وه به بنه‌مای ناسینه‌وه‌ی كۆی ئه‌م دینه، پێوسته له خه‌می ئاستی بیروڕا و ئاستی ڕۆشنبیریی ڕه‌خنه‌ییماندا بین. چونكه به‌م شێوه‌یه ده‌توانین هه‌م بیروڕاكانمان بپارێزین، هه‌م ڕیز له ئازادیی جیاوازه‌بیری بگرین و هه‌م خۆشمان جیا بكه‌ینه‌وه توندڕه‌وییه‌ك كه هه‌م به‌ناوی ڕه‌خنه و هه‌م به‌ناوی ئایینه‌وه له شوێنه‌كانی تری جیهان ئه‌نجام ده‌درێن..
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حورمه‌ته‌ی كورد ئه‌مڕۆ له جیهاندا هه‌یه‌تی بیپارێزێت، پێویسته كوردستان و كورد جیاواز بن. ئه‌م جیاوازییه ده‌بێته نه‌ك ته‌نیا میراتێك بۆ نه‌وه‌كانی دوای ئێمه، به‌ڵكو به‌شدارییه‌كی گرنگییش ده‌بێت له ئاشته‌وایی جیهانیدا. ئه‌و خاڵه بچكۆله‌یه‌ی خوڵقاندنی جیاوازی له بیركردنه‌وه‌مان له به‌رامبه‌ر و له به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، په‌یوه‌سته به ڕێزگرتنمان له خودی خۆمان و بۆ یه‌ك سات هه‌ڵوه‌سته‌كردنمان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌كانمان و جیاكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه له په‌رچه‌كرداری ده‌روونی.. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خاڵه بچكۆله‌یه بۆ خۆی نیشانه‌ی شۆڕشێكی گه‌وره‌یه، چونكه تاكه‌كه‌س پیشانی ده‌دات كه ئه‌و خۆیه‌تی، سه‌ربه‌خۆیه له هزریندا و دارده‌ستی هیچ گرووپ و ئاپۆڕه‌یه‌ك نییه و بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌نجامی هاتنه‌وه سه‌رخۆیه‌تی وه‌ك مرۆڤێكی تاك و دانسقه.. ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌توانێ ئه‌م شۆڕشه له خودی خۆیدا به‌رپا بكات، ناتوانێت به‌ناوی هیچ بیروڕایه‌كه‌وه مژده‌ی گه‌وره‌ش ببه‌خشێت..
كورد و ئیسلام له دوای داعشه‌وه
له دوای ئه‌م تراژیدیا و غه‌دره‌ی به‌سه‌ر كورده‌كان هات، ئیتر به‌ته‌نیا جیابوونه‌وه له عێراق دادی نادات. ده‌بوو ئه‌و كاته له عێراق جیابێته‌وه كه به‌ناوی ئایین و شۆڤێنیزمه‌وه ئه‌نفال كرا و ئه‌مه‌ش وه‌ك میراتێك به‌عسییه‌كان بۆ یان به‌جێهێشت. كورد هیچ وانه‌یه‌ك له‌و مێراته‌وه فێر نه‌بوو، بۆیه ئاساییه كه ده‌بوو ئه‌م كاره‌ساته‌ی تریشی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش به‌سه‌ر بێت. بۆیه جیابوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره به‌ته‌نیا جیابوونه‌وه‌ی جوگرافی و سیاسی نییه كه ته‌رازووی سه‌نگه‌لای كورد و عێراق یه‌كسان ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو جیابوونه‌وه‌ی ئایینیشی دێته سه‌ر. چونكه ئه‌وه‌ی به ئاشكرا له مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا به‌سه‌ر كورد هاتووه، كورد ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و برایه‌تیه‌ی وشه‌ی (ئوممه‌ت) له ئیسلامدا پێشبینی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره به‌ناوی ئیسلامه‌وه به‌سه‌ر كورده‌كان هاتووه، هیچ پاساوێكی دینییانه‌ی نییه، مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه ئه‌م ئایین و ئایینداره ئیسلامییانه‌ی عه‌ره‌ب و ناوخۆ، توانیویانه به ده‌سته‌مۆكردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ته‌فسیره عه‌ره‌بییه شۆڤێنییه بۆ دینه‌كه باڵاده‌ست بكه‌ن، كه تیایدا (ئه‌وانیتر) به كوردییشه‌وه، (دوژمنێكی هه‌میشه‌یی) بۆ ئیسلام و شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیی وێنا بكات. به‌عسییه‌كانیش هه‌ر بڕوایان به‌م ته‌فسیره هه‌بوو و كاری زۆریان بۆی كرد. بۆیه پێویسته كوردی دینداری ڕاسته‌قینه، ڕه‌گه‌ز و ڕۆحه عه‌ره‌بیه‌كه له هه‌ر دینێكدا فڕێ داته ده‌ره‌وه كه هیچ دیارییه‌كی مژده‌به‌خشی بۆ ئه‌و تێدا نییه.. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پێویسته كورد رێگایه‌كی تر هه‌ڵبژێرێ بۆ بیركردنه‌وه له ئیسلامبوونی خۆی، رێگایه‌ك نه‌یكاته‌وه به كۆیله‌ی عه‌ره‌ب و دینه‌كه‌ی بدۆڕێنێ، به‌ڵكو ڕێگایه‌ك كه دینه‌كه نه‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م كوردبوونه‌كه‌یدا..
پێویست ناكات من شتێك بشارمه‌وه و دۆستان شتێكی تر تێ بگه‌ن:
من هیچ كێشه‌یه‌كی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ موسڵمانانی قسه‌ڕۆیشتووی كوردستاندا نییه، به‌ڵام ئێستا هیچ متمانه‌یه‌كم به زۆربه‌ی ئاییندارانی كوردستان نییه. قسه‌ڕۆیشتووترین و به‌ناوبانگه‌كان و ڕێزلێگیراوه‌كانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حزبیی كورد خۆیه‌وه، ئه‌وانه‌ن كه ده‌یانه‌وێت كوردبوون بخه‌نه په‌راوێزه‌وه. ئه‌مانه هه‌ندێ جار گۆشته‌كه ده‌خۆن و هه‌ندێ جاریش گۆشتاوه‌كه ناخۆن: به زمانی كوردی و له كۆمه‌ڵگای كوردی و له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردا به ئاشكرا ده‌ڵێن: نابێت كورد بیر له كوردبوونی خۆی بكاته‌وه، ده‌بێت موسڵمانێتی پێش كوردبوون بكه‌وێت. ئه‌مه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و موسڵمانێتیه‌مان بۆ ته‌فسیر بكه‌ن، بزانین ئاخۆ موسڵمانبوونی كورده‌كان له هه‌زار و چوارسه‌د ساڵی ڕابردوودا ده‌كه‌وێته ئه‌و بازنه‌یه‌وه، یان كورد ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه هه‌ر كافر و بێ‌دین بووه؟ ئه‌مانه پیاوانی خیتابه و وتاربێژین نه‌ك ژیربێژی و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه. ئه‌مانه دین ده‌خه‌نه پێشه‌وه‌ی مرۆڤبوون و چاوپۆشی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی ده‌بێت مرۆڤمان هه‌بێت تا دینداری بكات. چونكه دین دیارده‌یه‌كی مرۆییه، نه‌ك دابڕاو له مرۆڤ. بۆیه ئه‌مانه له‌و كاته‌دا كه ده‌بێت به‌ڵگه بهێننه‌وه بۆ ڕاسته‌قیینه‌یی دینداریی كورد و دوورخستنه‌وه‌ی دین له فۆرمه عه‌ره‌بیه، توندڕه‌وییه، ئایدیۆلۆژییه شۆڤێنییه‌كه‌ی، له هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه خوێناوی و جیهادی و سه‌له‌فییه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی ئیسلامدان، كه كورد به شایه‌تی مێژوونووسه موسڵمان و عه‌ره‌بییه‌كانی سه‌ره‌تا، هه‌ر له ساته‌وه‌ختی غه‌زووه‌كانه‌وه ئه‌م فۆڕمه‌ی ئایینداریی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و خوێنی له پێناودا ڕشتووه. كورده‌كان ئه‌م دینه‌یان قه‌بووڵ كردووه و ئایینه‌كه‌یان كه به‌ره‌نجامی زوڵمی مێژووه، لێ داماڵیوه و ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه تا دینه‌كه ببێته دینی چاكسازی و پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردن. مانه‌وه‌ی ئایینزاكانی تر و دینه‌كانی تریش له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا و پێكهێنانی مێژوویی (یه‌كێتییه‌كی فره‌چه‌شنه‌یی دینداریی) له كوردستاندا، كه نموونه‌ی دیكه‌ی له وڵاتانی دیكه‌ی ئسلامیدا به ده‌گمه‌ن ده‌بینینه‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ی كورده‌كانه بۆ تواندنه‌وه و گونجاندنی دینه‌كه له بۆته‌ی كوردبووندا. لێره‌وه‌یه كه دینداریی كوردیانه سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌م مووچه‌خۆره وتاربێژه دووفاقگه‌رایانه، كه له ناڵیش ده‌ده‌ن و له بزماریش، كه نه به ته‌واوی كوردن و نه دینداریی ڕاسته‌قینه، نه هه‌ڵوێستێكی ڕاسته‌قینه‌یان له داعشیزم هه‌یه و نه دانپیانانێكی خێر به شه‌هیدبوونی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی داعشدا، كه ئه‌وه‌ش درێژه دانه به شه‌ڕی به‌رایی و غه‌زووه‌كان. ئه‌مانه به زمان و به ڕۆح و به سیما عه‌ره‌بیانه بیر له دین ده‌كه‌نه‌وه و (من)ی خۆیان خۆبه‌خشانه كردووه‌ته به‌كرێگرته‌ی ئه‌وانه‌ی كه كورد له په‌راوێزی نۆكه‌ریدا ده‌بینن. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌مه نابینێت، ده‌بێت باجه‌كه‌شی بدات.
هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش دژوازییه‌كی گه‌وره ده‌بینم: به‌ناوی ئه‌و دینه‌وه كه داعش به ناویه‌وه سه‌رمان ده‌بڕێ، له كوردستان پرسه بۆ شه‌هیده‌كان دائه‌نرێ. دینداریی كوردییانه له‌م ساته‌وه‌خته‌وه، ته‌نیا هه‌ڵوێست له دین وه‌ك بنه‌ما وه‌رناگرێ، به‌ڵكو هه‌ڵوێستیش له‌و بۆنه و ڕیتواڵانه وه‌رده‌گرێ كه دین له كۆمه‌ڵگادا به‌و شێوه داعشیه به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه و ده‌یكه‌نه ئایین. داعش ئه‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه وه‌ك بێ‌دین ده‌كوژێ و سه‌رده‌بڕێ، كه‌چی هه‌ندێ كه‌س له كوردستانی ئێمه‌دا هه‌ر به‌و دینه ئه‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه ده‌كاته شه‌هید. كه‌واته جیاوازییه‌ك هه‌یه، بۆیه هه‌ڵوێستی كوردییانه له ئایین، نابێت ببێته‌وه ڕێگایه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مان ئایین، به‌بێ گۆڕینی بنه‌ما داعشییه‌كانی ئه‌و دینه.. بۆیه ئایینداری له كوردستاندا ده‌بێت گۆڕانیی به‌سه‌ردا بێت و دینه‌كه بگۆڕێت به‌وه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا متمانه‌ی دینداری به خه‌ڵك ده‌داته‌وه وه‌كئه‌وه‌ی بۆ باووباپیرانمان ئه‌و متمانه‌یه هه‌بوو. نه‌ك ئایینێك كه داعشییه‌تم لێ بشارێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی پێ ناكرێ، دوو ڕێگای تری له‌به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی وه‌ك من بێهنێته‌وه ئه‌و بڕوایه‌ی كه له چوارچێوه‌یه‌كی كولتووریدا ته‌ماشای دێنێك بكه‌م كه ناكرێ به‌ته‌واوی له كۆمه‌ڵگا وه‌ده‌ر بنرێت: بۆیه یان ئه‌وه‌تا پێویسته ئه‌وانه بچن له‌پای ئایینه‌كه‌یان و له‌به‌رخاتری هاوئایینیی و بڕوابوونیان به ته‌فسیری داعشییانه بۆ دین، په‌نا بۆ داعشییه‌كان به‌رن و ئه‌و چه‌ند هه‌زار كچ و خوشكه ئێزیدییانه‌مان له برا ئایینیه داعشییه‌كانیان بۆ بستێننه‌وه، یان ئه‌وه‌تا بێده‌نگ بن. چونكه ڤیتگنشتاین گوته‌نی، ئه‌وه‌ی مرۆڤ ناتوانێت له‌باره‌یه‌وه بدوێت پێویسته له ئاستیدا بێده‌نگ بێت. نابێت به هه‌ڵه تێم بگه‌ن: له ئه‌مڕۆی كوردستاندا ئه‌وه‌ی له مه‌ترسیدایه، ئایین نییه به‌م ته‌فسیره‌ی كه بۆی ده‌كرێت، به‌ڵكو كورده. ئه‌و كاته‌ی كورد له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ڕزگاری بوو، دین ده‌بێته‌وه به‌شێك له كوردبوون و دینداره ڕاسته‌قینه‌كانیش وه‌ك كورد بیر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كوردبوون په‌راوێزه و موسڵمانێتی و ئه‌ندامێتی له ئوممه‌دا سه‌ره‌كییه، شێوه‌نی دابڕانی كورد ده‌كه‌ن له كولتوورێكی شۆڤێنی كه دینی موسڵمانانی به‌پێی میزاجی مرۆیی ته‌فسیر ده‌كات و ڕقی غه‌زوو له‌سه‌ر كورد نوێ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مانه باشتره به عه‌ره‌بی ئه‌م قسانه بكه‌ن، نه‌ك به كوردی، چونكه به‌م كاره‌یان هه‌م ده‌كه‌نه‌ونه ناكۆكییه‌وه و هه‌میش زمانه‌كه‌مان به توندڕه‌وی بارگاوی ده‌كه‌ن.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نابێت چاوی لێ بپۆشین ئه‌و ڕاستییه‌یه كه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م توندڕه‌وییه ئاییندارییه شۆڤێنیانه‌یه‌دا به‌ناوی ئیسلامه‌وه، هه‌ر ته‌نیا وتاربێژه‌كانی هه‌رێم به‌شدار نین، به‌ڵكو حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌شدارییه‌كی كارایان هه‌یه، به‌وه‌ی پشتگیرییه‌كی كوشنده له‌م جۆره بانگه‌شانه ده‌كه‌ن و له ئاست گوتاری به‌كافركردنی كورده‌كاندا بێده‌نگ و ملكه‌چن. ئه‌مانه ده‌بێت بوێریی ئه‌وه‌یان هه‌بێت وه‌ڵامی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كان بده‌نه‌وه، كه ئایا كوڕ و باوكانی ئه‌وان له‌پێناوی چیدا شه‌هید ده‌بن؟
2016