پێنج شه‌ممه‌ 21 تشرینی دووه‌م 2024

هێرشی توركیا بۆ سەر جەرابلۆس لەچوارچێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران

له‌دوای‌ دەستپێکردنی هێرشی توركیا بۆ‌ سه‌ر شارۆچکەی جه‌رابلوس، رژێمی سوریا هێرشه‌كه‌ به‌پێشێل كردنی سه‌روه‌ری خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م، چاودێرانیش پێیان وایه‌ ئه‌و هێرشه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی چوار قۆڵی نێوان روسیا و ئێران و توركیا و رژێمی سوریادایە.

له‌ ساڵی‌ شه‌شه‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆیی سوریادا، لەبری راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری و رێگه‌ چاره‌ی‌ ئاشتیانه‌، وڵاتانی‌ جیهان دەچنه‌ ناو هاوكێشه‌ی‌ شه‌ڕه‌كه‌وه ‌و سوپای‌ توركیا سنوری‌ باكوری‌ سوریا كه‌ ده‌كاته‌ باكوری‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌به‌زێنن.

ئه‌گه‌ر چی له‌شه‌ش ساڵی رابردودا به‌رژوه‌ندی توركیا و ئێران به‌ته‌واوی له‌ سوریا پێچه‌وانه‌ بو به‌جۆرێك تاران پشتیوانی به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌نقه‌ره‌ش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بو داوای رۆیشتنی ئه‌سه‌دی ده‌كرد، بەڵام مه‌ترسیه‌كانی ئاینده‌ی سوریا، وڵاتانی روسیا و توركیا و ئێران و رژێمی ئه‌سه‌د له‌به‌ره‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌.

هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌و به‌ره‌یه‌ش دوای كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی (15)ی ته‌موزی توركیا له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ردی بناغه‌ی دانرا.

كاتێك نۆی ئه‌م مانگه‌ ئه‌ردۆغان به‌سته‌ڵه‌كی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و روسیای توانده‌وه‌ و له‌ده‌رگای كرملنیدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژوه‌ندیه‌كانی توركیا له‌ ئاینده‌ی سوریا بپارێزێت ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی توركیا له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا پارێزه‌ری به‌رژوه‌ندیه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ نیه‌ و هاوپه‌یمانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌له (کوردانی سوریا).

هه‌نگاوی دوه‌می ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ سه‌ردانی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بو له‌ (12)ی ئاب بۆ توركیا كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ كۆبوەوه.

به‌رای چاودێران به‌رژوه‌ندیه‌كانی ئێران و توركیا له‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی نوێدا دارێژرانه‌وه‌ و هه‌نگاوی سێیه‌می هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ نوێیەكه‌ سه‌ردانی مولود چاوش ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بو بۆ ئێران.

چاودێرانی دۆخەکە پێیانوایە؛ هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی سوپای توركیا بۆ جه‌رابلوس رێگریه‌ له‌ پێشڕه‌ویه‌كانی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سوپای سوریا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ نوێیه‌دا ویستی هێزه‌ كوردیه‌كان له‌شاری حه‌سه‌كه‌ ده‌ربكات به‌ڵام ئه‌وه‌ بوه‌ هۆی ناڕه‌زایی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا و سوپای سوریاش له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی رۆژئاوای كوردستان شكستی هێنا بۆیه‌ سه‌ر ئه‌نجام به‌پێی رێككه‌وتنێك رژێم بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌حه‌سه‌كه‌دا په‌سه‌ند كرد.

ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی دیمه‌شق هێرشه‌كه‌ی سوپای توركیای بۆسه‌ر جه‌رابلوس وه‌ك پێشێل كردنی سه‌روه‌ری خاكی وڵاته‌كه‌ی دایه‌ قه‌ڵه‌م بەڵام ئه‌وه‌ ناتوانێت نزیك بونه‌وه‌ی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ په‌رده‌پۆش بكات.

هاوكات، سه‌ردانه‌كه‌ی جۆزێف بایدن جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا‌ له‌م كاته‌دا كه‌ به‌رای چاودێران چیتر پێناچێت واشنتن رۆڵی لاواز له‌ بارودۆخی سوریا قبوڵ بكات پێده‌چێت ویلایه‌ته‌ واشنتۆن كه‌ رابه‌رایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌تی نێودەوڵەتی شه‌ڕی دژی داعش ده‌كات پێگه‌ی خۆی له‌سوریا به‌هێز بكات.

ئه‌وه‌ی تائێستا ئاشكرا نه‌كراوه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراقه‌ كه‌ له‌لایه‌ك له‌سه‌ر به‌ره‌ی ئێران ئه‌ژماره‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ رێككه‌وتنامه‌یه‌كی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌یه ‌كگرتووه‌كانی ئه‌مەریكا هه‌یه‌.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …