پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

پیلانی داگیرکەران، پەیمانی ئەلجەزایری نوێ! / حەسەن ماوەرانی

هێرشەکانی ئەم دوایەی جاشەکانی کۆماری ئیسلامی بە نێوی حیجاز و سپای بەعسی سوری بۆ سەر یەپەگە پەردەی لەسەر پێکهاتنە نهێنیەکانی ئێران و تورکیا و سوریە لادا.

سەفەری ئەردۆغان بۆ روسیە و وتوێژی نهێنی سولتانی تورک و پۆتین لەسەر رۆژئاوا و سەفەری زەریف وەزیری دەرەوی ئێران بۆ تورکیا زنجیرە رووداوێک بوون کە بە ڕاشکاوی لەقاویان دەدا کە سێ وڵاتی داگیرکەری کوردستان کە عێراقیشیان وەک کلکەی ئێران دەگەڵە، خەونی پێکهاتنێکی دیکە لە گوێرە پێکهاتنی ئەلجەزایەر دەبینن. رۆژنامەی الحیات لە مانگی یونی(حوزەیران) دا ڕایگەیاندبوو کە ئەو سێ وڵاتە بە نهێنی خەریکی پێکهاتنن لەسەر داهاتووی رۆژئاوا و کوردن بە گشتی.

 

بوونی دەستەڵاتێکی کوردی لە سنوورەکانی باشوری تورکیە لە رۆژئاوا وهێزی پ.ک.ک ل باکور بۆ سەروەری فاشیزمی ئایینی ئەردۆغان و خەونی بووژاندنەوەی ئیمپراتوری عوسمانلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چەقڵی ناو چاوە. دیارە مەبەستی ستراتێژیکی ئێرانیش فەوتاندنی هەر ئاسەوارێکە کە دەسکەوتێکی کوردی تێدابیە. هەربۆیەش بە بەربڵاوی پشتگری لە ئەردۆغان دەکا.

 

روسیاش وەک پارێزەری سوریە بەپێی بەرژەوەندییەکانی سپایی ناتوانێ لەئاست بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بێدەنگ بێ و بە هەر شێوەیەک بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی ناوچەکە، وەکی هەیە، تێدەکۆشی. بەرژەوەندییەکانی ئێرانی فاشیستی ئایینی، تورکیەی فاشیستی ئایینی و سوریای بەعسی و روسیە لەسەر پاراستنی قەوارەی جوغرافیایی – سیاسی ناوچەکە لەیەکتریان گرێدەداتەوە و دژ بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد دەوەستن .

 

تورکیە کە بە تەیار کردنی داعەش بە یارمەتی دارایی راستەوخۆی سعودیە و قەتەر و یارمەتیەکانی نهێنی ئێران و عێراقی سەردەمی مالیکی داعەشی لە گیانی کورد بەردا هەتا دەستەڵاتی هەریمی کوردستان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و سوریەی ئیسلامی سەر بە تورکیە دامەزرێنی، نەیدەزانی کە رۆلەکانی نەتەوەی کورد بەم شێوازە ڕادەپەرن و جیهان بەرەو پالپشتیی خۆیان ڕادەکێشن. بەم هۆیەش بوو کە ئەردۆغان سەرەڕای ویستی دڵخوازی خۆی ماملەی بە داعەشیش کرد و پەشیوانی خۆی پێشکێشی روسیە کرد و دانی بەسەر مانەوەی ئەسەد و هاوکاریی ئێران بە مەرجی فەوتاندنی رؤژئاوا و لەپاشان هەریمی کوردستان ناوە. هێرشی دڕندانەی سپای ئەردۆغان بۆسەر باکوری کوردستان، پڵانێکی لەپێش داڕێژراو بوو کە پاش کایە پێکردنی چەندساڵەی ئەردۆغان بە وتوێژ پەردەی لە روخساری ئەو داعەشەش لادا. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پڵانی فەوتاندنی بزوتنەوەی نەتەوەی کورد بە بەڕێوەبەرایەتی پ.ک.ک لە باکور، فەوتانی دەستەڵاتی کورد لە رۆژئاوا و باشور گرینگی تایبەتی بۆ تورکیە هەیە. پێکهاتنی ئەردۆغان و ئێرانیش لەسەر ئەو ویستەی هەردوو لایانە. دیارە لەو پێکهاتنە نهینیانەشدا ئەم پلانە تاو و توێ کراوە. پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی لە یەپەگە و هەریمی کوردستان چاوەڕوان نەکراو نییە و نەبووە. چون پێشمەرگە و گریلای کورد تاقە هێزی بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆریستەکانی داعەشن کە متمانەیان پێدەکری. لە هەمان کاتدا بۆ گەلێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی تورکیەی سولتان ئەردۆغان جێگەی متمانە نییە. دیارە نزیکی تورکیا لە ئێران و روسیە ئەو بێ متمانەییە قووڵتر دەکاتەوە. جیا لەوەش پشتگریی بی سنووری وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا لە ئیسرائیل و پاراستنی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ویشکەرۆییانی ئیسلامی شیعە و سوننەدا راستەقینەیەکی ستراتێژیکە کە بە هاتنەکایەی دەستەڵاتی دێمۆکراتیک و شارستانیانە لەناوچەکەدا ناراستەوخۆ زەمانەت دەکرێ. هەریمی کوردستان و رۆژئاوا هەلێکی مێژووییان لەبەر دەمدایە کە دەتوانێ داهاتووی وڵاتێکی سەربەخۆ و شارستانیانە و پێشکەوتووی کوردی لە کوردستاندا مسۆگەر بکا. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە یەکێتی ناوماڵی کورد هەیە. ئەوە ڕاستیەکی لە حاشانەهاتوویە کە نە ڕۆژئاوا بە تەنێ دەکارێ سەرکەوێ و نە باشور.

 

دژایەتیی ناو هێزەکانی کوردی بەهەر بیانوویەک بێت تەنیا یارمەتیدەری سەرکەوتنی پڵانی ئەو دەوڵەتە نگریسانەی کە خەریکی پێکهێنانی پەیمان چەپەڵی خۆیانن. لەم بوارەشدا بە ناوی دۆستایەتی و یارمەتی تێدەکۆشن خۆ بخزێننە ناو هێزە کوردستانیەکان و لەدژی یەکتر هانیان بدەن. کاتی وەی هاتووە کە هێزە سیاسیەکانی کوردیش چاویان خورت کەنەوە و بە وریایی لە کایەی شەترەنجی سیاسیی ناوچەکەدا یاری بکەن و دوست و دوژمن بەپێوانەی بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی خۆیان دیاری بکەن. ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندییەکانی کەسی و حیزبی و تاقمەیی بە زیانی گشتی نەتەوەی کورد تەواو دەبێت و هەمدیسان ئاشبەتاڵمان بەسەر دادەسەپێنی.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …