ستراتێژی کۆماری پەت و سێدارە بۆ مەسەلەی کورد / حەسەن ماوەرانی

کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسەرەتای دارژتنیەوە بەپێی فەرمانی خۆمەینی هەلوێستی ئاشکرای دژ بە نەتەوەی کوردی گرتە پێش و هەتا سالەکانی کۆتایی هەشتاکانی چەرخی بیستەم دەیان هەزار کوردی کوشت و بڕ کرد، ئێستا وەک ڕێوی بە روخساری دلسۆزانە بۆ هێندی لایەنی سیاسیی کوردستانی، خەریکی سازکردنی دووبەرەکی و شەری براکوژیە لەناو کورددا.

.
دەست تێوەردانی ئەو رژێمە چەپەڵە لەکاروباری باشوری کوردستان و عێراق بۆتە هۆی قەیرانێک کە ماوەی پتر لە دوو سالە داوێنی دەستەڵاتی هەریمی کوردستانیشی گرتۆتەوە. مەترسیەکی هەرە گەورە بۆ بەئامانج گەیشتنی مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئاژاوە نانەوە و پیلانگێڕیی ئەو رژێمەیە کە بە هەموو تواناوە بۆ فەشەڵکردنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد هەوڵ دەدا.

ستراتێژی ئەو رژێمە لەسەر بنەمای سیاسەتی رژێمی پێشوی پاشایەتی ئێران داڕژتراوە. واتە لە سەرەتای سوار بوونی ئاخوندەکانەوە لەسەر شەپۆلی شۆڕ شی کۆمەڵانی هەراوی خەڵک لەدژی پاشایەتی بۆ خومەینی و دارودەستەکەی ڕوون بوو کە دامرکاندنی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، بەردەوامبوونی دەستەڵاتی سەرەڕۆیانەیان مسۆگەر دەکا.
ستراتێژی رژێمی پیشوو کە لە زەمانی هێنانەسەرکاری رەزاشاوە لەلایەن کۆلۆنیالیستە ئینگلیسیەکانەوە بۆ دامەزراندنی دەستەڵاتێکی دیکتاتۆری بەستراوە، لە ئاست کوردستان، لەسەر بناخەی سەرکوتکردن و کوشت و بڕ و تاواندنەوەی نەتەوەی کورد داڕێژرابوو. تیرۆری نەمر سمکۆ، ڕاگواستنی جەلالیەکان بە تۆپزی، سەرکوتکردنی لۆرەکان، جوانرۆیەکان و کەلهورەکان و پارچەپارجەکردنی قەوارەی جوغرافیایی کوردستان و دابڕانی موکریان و برادۆست و شکاک هەکاری بە نێوی ئازەربایجانی رۆژئاوا و جیاکردنەوەی کرماشان و لورستان و ئیلام و… بەرهەمی ئەو سیاسەتە چەپەڵە بوو کە رەزاشای ئینگلیس هاوردە ڕەچاوی کرد. پاش رەزا شا کورەکەی حەمەرەزا، بەکەڵک وەرگرتن لە سەردەمی شەدڕی سارد بە رووخاندنی کۆماری کوردستان و خۆتێخزاندنی ناو رێزەکانی بزووتنەوەی کورد لە باشور و کوشتاری ڕۆڵەکانی بەشەرەفی کورد لە ساڵەکانی ١٩٦٦/١٩٦٧دا هەتا موعاملە کردن بە شۆڕشی کورد لەئەلجەزایەر درێژەی بەو تاوانکارییانەی رژێمی باوکی دا.

کۆماری ئیسلامی لەسەرەتاوە ئەو سیاسەتەی کە لەسەر بنچینەی شۆڤێنی دامەزرا بوو، دەست تێوەرنەدا و وەک ڕێبازی سیاسی خۆێ ڕەچاوی گرت. خومەینی لە ٢٢ مانگی ڕێبەندانی ١٩٧٩ ڕایگەیاند کە سەربازخانەکانی کوردستان بۆیان نییە چەک و سوێنەکانیان بدەنە دەست کوردەکانەوە. دیارە باری ویشکەڕۆیی شیعەگەریش بوو بەسەرباری سیاسەتی شۆڤێنی و لە جۆزەردانی ١٩٨٠دا خومەینی فتوای جیهادی لەدژی کوردستان ڕاگەیاند. بە هاتنە سەرکاری ئەبوالحەسەنی بەنی سەدر و فەرمانی ڕاستەوخۆی بە سپای ئێران بۆ دانەسوکنان هەتا داگیرکردنەوەی کوردستان و فەرمانی خومەینی بە پاسدار و کۆمیتەکان شەری گەورەی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد. دەوڵەتەکانی یەک لەدوای یەکی کۆماری ئیسلامی بە هەموو تواناوە هەوڵی سەرکوتکردن و قەڵاچۆکردنی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دا. لەهەمان کاتدا وەک سەردەمی شا بوونە دایەی دڵسۆزی کورد لەبەشەکانی تری داگیرکراوی کوردستان هەتا بتوانن لەکاتی خۆیدا دیسان ماملەیان پێبکەن و بیانفەوتێنن و بیان کەن بە کلکەی سەوداگەریەکانی خۆیان.
ڕاکێشانی بەرەی شەڕی ئێران و عێراق لە باشوری ئێرانەوە بەرەو کوردستان، پڵانێکی هاوبەشی هەردوو رژێمی داگیرکەربوو کە بوو بە هۆی کوشتار و برینداربوون و سەقەت بوونی پتر لە میلیۆنێ خەڵکی کورد لەهەردوو پارچەی باشور و باکور و تەنانەت وێرانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و پتر لە دوملیون ئاوارە. سەرەرای ئەو تاوانکارییانە کۆمەڵکوژییەکانی قارنا و قەڵاتان و تۆپبارانەکانی مەهاباد و سنە و هەزاران ئیعدامکراو و سەدان هەزار بەندیکراوی سیاسی کورد(کە هەتا ئێستاش دوایی نەهاتووە)، هەروەها تیرۆری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و سەرکردەکانیان بەتایبەت دکتر قاسملو لەسەر میزی وتووێژ و دکتور شەرەفکندی ، نیشانیانداوە و نیشانی دەدەن کە کۆماری ئیسلامی ج خەونێکی بۆکورد دیوە و بە تەمای جیە لەکوردستان.
پاش داسەپاندنی ناوچەی پارێزراو بۆ باشوری کوردستان بە هۆی ئەمریکاوە، هەڵایساندنی ئاگری شەڕی براکوژی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە و تەنانەت بە شێوازی دەستێوەردانی سپایی بە ناردنی سپای بەدەر بۆ یارمەتیی یەکێتی، ئەو ڕژێمە نگریسە هەوڵی سەرکەوتوانەی دا بۆ گەلێک بەرهەمی نالەبار لەناوماڵی کورددا کە هەتا ئێستاش کاردانەوەیان لەسەر ڕەوتی رووداوەکانی ناوخۆی باشوری کوردستان هەیە.
بە داسەپاندنی ئاشتی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر لاباڵەکانی کورددا و ڕووخانی سەدام هەلێکی لەبار بۆ نەتەوەی کورد لە باشوردا ڕەخسا کە بتوانێ بە بەشێک لە مافە نەتەوایەتیەکانی خۆی بگا. دامەزراندنی دەستەڵاتی هەریم بە شێوازی قانوونی، گۆڕینی دەستوری عێراق و ڕاگەیاندنی عێراق وەک وڵاتێکی دوو نەتەوەیی سەر دڵی ڕژێمی ئێرانی گرت. بەڵام نفوز و دەستەڵاتی ئەو ڕژیمە لەناو لایەنە شیعەکانی دەستەڵاتدار لە عێراق و پەیدایی داعەش هەڵبەت بە یارمەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێران و تورکیا و هەروەها بە یارمەتیی داردەستەکانی ئەو ڕژێمانە لەناو بزووتنەوەی کورددا، بواری چالاکی خرابکارانەی بۆ کۆماری پەت و سێدارە پتر هەموار کرد. بەتایبەت پاش نەخۆشی و پەککەوتوویی جەلال تالەبانی دەستی ئێران لەباشوری کوردستاندا پتر ئاوالە بۆوە.
بەرهەمی ئەو دەستێوەردانانە بۆ کۆماری پەت و سێدارە لە پلەی یەکەمدا، گۆشەگیری و لاوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەپلەی دووهەمدا بۆ ڕاگواستنەوەی کاردانەوەی قەیرانە پەیتاپەیتاکانی ناو دەستەڵاتدارەکانی ئەو کۆمارە لە پێناو دزی و ڕاو و ڕووتی سامانی گەلانی ئێراندا لەسەر ناوخۆبوو بۆ دەرەوەی وڵات.
شەری داعەش و کورد کە بەئاشکرا دەستی ئانکارا و ئێرانی تێدابوو مەبەستی سەرەکیی لەخشتەبڕ کردنی دەستەڵاتی هەریم و فەوتاندنی پشتیوانیی لە بزووتنەوەی باکور بوو کە ڕژێمی تورکیەی ناچار کرد بوو بە قونەخشکە بەرەو وتووێژ بێ.
کوشتاری بە کۆمەڵی کوردە یەزیدیەکان و وەڕیخستنی بازاری کۆێلەفرۆشتن و تاوانە چەپەڵەکانی ئیسلامیەکانی داعەشی سونی بیروڕای جیهانی هەمدیسان بەرەو مەسەلەی کورد گێڕاوە و حیماسەی بەربەرەکانیی کچانی کورد لە کۆبانی جیهانی ڕاتڵەکاند. ژنانی کورد بە لەخۆبۆردوویی بێوێنە کەرامەتی کوردیان کریەوە و کوردستان بە رۆژئاوا و باشوورەوە بۆ بە مەتەرێزی شەرف و کەرامەتی مرۆڤایەتی لەبەرانبەر وەحشیگەریدا.

کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەڵاتی لەناو حکومەتی عێراقدا بە ئاشکرا لە بیانووی داعەش کەڵکی وەرگرت و بە ناردن هێز و دەستێوەردان ئەو حکومەتەی خستە سەر ڕیبازی خۆی بۆ داڕژتنی حەشدی شەعبی وەک کۆپیی سپای پاسداران بۆ مەبەستیی سەرەکییخۆی کە کە شەری دژی کوردە.
لە بەرەکەتی داردەستەکانی لەناو کورددا حەشدی شەعبی پێی کراوە بۆ ناو کوردستان و لە جلەولا و کەرکوک و خانەقێن نیشتەجێ کران. تەنانەت کۆکردنەوەی جاش لە ناو کوردەکان بۆ حەشدی شەعبی بە ڕێنوێنی ئێران لەلایەن بەغداوە دەستپێکرا. ئێران بە یارمەتی وەرگرتن لە قەیرانی داسەپاوی دارایی لەلایەن دەوڵەتی بەغداوە بەسەر کوردستاندا و کارتێکەریی گەندەڵکاریی بەرپرسەکانی سەرانسەری هەریمی کوردستان، توانیی نفوزی خۆی لەناو بەشێک لە بەرێوەبەرایەتیی حیزبەسیاسیەکانی کورددا ئەوەندە بەهێزبکا کە بۆ دیاریکردنی قایم مقام و پارێزگاریش چاوەڕوانی دەستوری ئێران بن.
جگە لەمانە هەر وەک سەدەمی شەستەکان و حەفتاکان کە شای ئێران بە ناردنی سەرهەنگ پژمان و سەرتیپ مودەریسی ڕێوشوێنی بۆ شۆڕشی باشور و پەکخستنەکەی دیاری دەکرد، تاوانکارەکانی وەک هاشمی و محەمەدی و سولەیمانی بوونە ڕێنوێن و پێشەوای هێندی سەرکردە و بەرپرسی دز و شۆڤار و هەلخول و داخولی خۆیان لە ناوماڵی کورددا پەرە پێدەدەن و لە بەرەکەتی دۆستایەتی ئەو سەرکردانەش بەهرە وەردەگرن. ئەو دەستێوەردان و خۆ تێهەلقوتانانەی ئێران ئەوەندە ئاشکرایە کە بە بێ چاو و ڕوویی توانیان سەرەڕای دەنگدانی بەشی زۆری پەرلێمانتارە کوردەکان لە بەغدا بە بەرهەم سالح، فواد مەعسوم وەک سەرۆک کۆماری عێراق دابنێن. هەروەها لە دیداری وەزیری دەزگای جاسوسیی ئێران لە گەڵ بەڕیوەبەرایەتی یەکێتی و گۆڕاندا یەکگرتنەوەی کوتوپڕی دژ بە پارتیان پێ مۆر کردن. لە لایەکی دیکەشەوە ئێران و تورکیا هەوڵی پێکهەلپڕژاندنی پارتی و پ.ک.ک دەدەن.
ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەی تورکیا و بە ڕواڵەت بە هێزبوونی ئەردۆغانیش بوونە هۆی وەدیار کەوتنی سیمای ڕاستەقینەی پیاوکوژەکانی ئانکارا. هێرشی هەمەلایەنەی سپای تورک بۆسەر باکور و وێرانکردنی وڵات و کوشتاری کوردەکان وەک سەردەمی خومەینی لە ئێران ، لە تورکیاش دەست پێکرا. دیارە تورکیا بە هۆی پێویستیی ئەمریکا بە ڕۆژئاوا لە هێرشی سپایی بۆسەر ڕۆژئاوا خۆی پاراست. بەڵام ناکرێ مەترسیی دەست پێکردنی ئەو هێرشە لەبەرچاو نەگرین.

گەر لە توێژینەوەی ستراتێژی کۆماری ئیسلامیدا بڕوا بە ناکۆکی نێوان تورکیە لەگەڵ سوریە و ئێران بکەین، تووشی هەڵەیەکی زەق دەبین. ستراتێژی هەر سێ وولاتی داگیرکەر و عێراقی کلکەی کۆماری ئیسلامێش لە ئاست مەسەلەی کورد یەک شتە. ئەویش بریتیە لە کەڵکوەرگرتن لە نفوزی خۆیان بۆ خاشەبڕکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورد و دەسکەوتەکانی لەهەموو پارچەکانی نیشتمانی داگیرکراوماندا.
بەم پێیە دەکرێ بڵێین ستراتێژی کۆماری پەت و سێدارە لەسەر ئەم خاڵانە دامەزراوە:
– سەرکوتکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا،
– چاندنی تۆویی ناکۆکی لە ناو هێزە کوردستانیەکانی بەشەکانی تری کوردستاندا،
– پێکهەڵپرژاندنی کورد لە دژی کورد،
– پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی ناوچەیی لەگەڵ تورکیا و سوریا و عیراقی کلکەی خۆی بۆ لەناو بردنی باشور و رۆژئاوا.
بۆ بەربەرەکانی لەگەل ئەو خەونەی دوژمنانی کورد ئەرکی نیشتمانی هەموو کۆردێکە سەرەڕای ڕەخنەکانی لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان هەولبدا بۆ دابینکردنی یەكێتی ناوخۆیی کوردەکان. بە بێ هاوکاری و یەکگرتنەوەی ناوماڵی کورد لەداهاتوویەکی نەک دووریشدا پەیمانی ئەلجەزایەرێکی نوێ دێتەوە گۆڕێ و هەمدیسان شەرمەزاری وەچەی دواڕۆژمان دەبینەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …