بەهۆی شەڕو پێكدادان لەنێوان پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانو هێزەكانی سوپای پاسداران لەناوچەی مەریوانو مەهاباد ژمارەیەك پاسدار كوژرانو بریندار بوونو پێشمەرگەیەكیش شەهید بوو.
بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی سەربازیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران “رۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی پاشنیوەرۆ لە کاتێکدا هێزێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندەکانی “دوو چۆمان” ، “باگردان”، “حەسەن چەپ” و “بێنگوێن” لە حاڵی حەسانەوە بوون کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هێزەی سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە پاش تێکهەڵچوونێکی نابەرابەر و چەند ساعەتە کە کوژران و بریندار بووونی ژمارەیەک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو، هێزی پێشمەرگە بە دوای شەڕێکی قارەمانانە شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بە سەلامەتی بە جێ هێشت”.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە ” پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی مەریوان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەوەی بە خەستی تۆپ و خمپارەباران کران سەرئەنجام سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەر ١٣٩٥(٢٥/٠٦/٢٠١٦) ساعەتی ٤ لە ناوچەی سەوڵاوە کەمینیان بۆ هێزێکی پێشمەرگە داناوە. پاش شەڕێکی قارەمانانە هێزی پێشمەرگە لە شوێنی شەڕەکە دەرباز بوون لە کوژراو و برینداری دوژمن هەواڵێک لە بەردەست نییە، بەداخەوە پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی کاک “شۆڕش منبەری” لەو بەرگرییە قارەمانانەدا شەهید بوو”.