پاشنیوەرۆی ئەمرۆ لەناوچەی شنۆ، شەڕو پێكدادان لەنێوانی هێزێكی سەر بە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانو هێزێكی سوپای پاسداران روویدا كە تا گەیشتنی ئەم هەواڵە شەڕەكە بەردەوامە.
لەمبارەیەوە رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تەلەفزیۆنی رووداوی رایگەیاند “شەڕوپێکدادان لە نێوان هێزێک لە پێشمەرگەکانمان لە گوندەکانی سەرگیز و قەرەسەقل لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران روویداوە و تاوەکو ئێستاش شەڕوپێکدادان بەردەوامە”.
ئەندامەکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها وتیشی” لە شەڕەکەدا سوپای پاسدارانی ئێران زیانیان بەرکەوتووە و کوژراو و برینداریان هەیەو ئێمەش وەک حدکا بەرپرسیارێتی خۆمان لە شەڕوپێکدادانەکەدا لەگەڵ سوپای پاسداران راگەیاندووە”.
رۆستەم جەهانگیری ئاماژەی بەوەشکرد “شەڕوپێکدادانەکە لەکاتێکدابووە کە پێشمەرگەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا بۆ کاروباری تایبەت لەوێدابوون و دواتر کەوتوونەتە بۆسەی سوپای پاسداران و هێرشیان کراوەتە سەر، ئەوانیش بەرگریان لە خۆیان کردووە و شەڕەکە روویداوە”.
هێزێکی سوپای پاسداران لە پیرانشارەوە بەرەو شوێنی شەڕەکە بەڕێکەوتوون و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەسێک لە سوپای پاسداران کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش بریندارن.
هەروەها لە بنکەی سەربازی ئاقبڵاغ لەنێوان شنۆ و پیرانشار هێزێکی زۆر بەڕێکەوتوون بۆ شوێنی شەڕەکە.