دوای ئەوەی بەهۆی بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكانی بەغدا و هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر ناوچەی سەوز، عەبادی باری نائاسایی لەو شارە راگەیاند و هەروەها هاتووچۆكردن تا كاتێكی نادیاری قەدەخەكرد و سەرجەم دەروازەكانی بەغدا داخران.
پاشنیوەڕۆی هەینی 20-5-2016، خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستیپێكرد و هەزاران خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەحیر بەڕێكەوتن و دەرگای ناوچەی سەوز و پردی كۆمارییان شكاند.
خۆپیشاندەران توانیان دەرگای ناوچەی سەوز بشکێنن و خۆیان بگەێننە نووسینگەی عەبادی و نێو باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران و بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان 3 کەس کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی (سکای پرێس)ی عێراق “موقتەدا سەدر” سەرۆکی رەوتی سەدر لە یەکێک لە شارەکانی ئێران نیشتەجێ کراوە و بە پێی دەنگۆکان، دەوترێت ناوبراو ناگەرێتەوە بۆ عێراق تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە عەبادی لە میانەی دیدارێکدا وتی: ئەو کەسانەی خۆپیشاندان دەکەن یارمەتی داعشیان داوە و ئەوانە بەشێکن لە بەعسیەکان و بۆ ئەوەی شکەستەکانی داعش بوەستێنن، لە بەغدا خۆپیشاندان دەکەن.