چوار شه‌ممه‌ 4 ئه‌یلول 2024

نیگەرانی‌و بۆچوونی رژیمی ئێران لەسەر ئەگەری پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی

لەماوەی رابردوودا كە قسەوباسەكان لەسەر راپرسی‌و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە دروستبووە، لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە كاردانەوە‌و نیگەرانی خۆی دروستكردوە. یەكێك لەو وڵاتانە ئێرانە كە خۆی خاوەنی بەشێكی لەكوردستانە.

لەخوارەوە بابەتی توێژەرێكی ئێرانی دەخوێننەوە كە لەروانگەی خۆیەوە ئاماژە بەو مەترسیانە دەكات كە لەئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی توشی وڵاتەكەی یان وڵاتانی ناوچەكە دەبێت دەكات.

وتارەكە لە ماڵپەڕی “فارس نیوز” بڵاوكراوەتەوە كە ماڵپەڕێكی هەواڵنێرییەكی فەرمی ئێرانە‌و سەر بە سوپای پاسدارانە. نوسەر لە بابەتەكەدا چەندین جار سوكایەتی بەكورد دەكات‌و وەك تیرۆریست ناوی دەبات‌و گاڵتە بە ئاشتیخوازبوون یان دیموكرات بوونی كورد دەكات.

بابەتەكە لە ژێر ناوی “پاش ئیسرائیلێكی جوولەكە دەبێت چاوەڕوانی ئیسرائیلێكی كوردی بین” لەنوسینی (مسعود صدر محمدی) توێژەر‌و شارەزای توركیا‌و كاروباری قەفقازیا یە. نوسەر دەنوسێت: “رووداوگەلێكی زۆر لە بن گوێماندا خەریكن روودەدەن‌و ئێمە هیچ كاردانەوەیەكمان لەبەرامبەر ئەم رووداوانەدا نیە كە كاریگەریی راستەخۆی لەسەر ژیانی ئێمە‌و منداڵەكانمان‌و داهاتوودا دەبێت. رووداوێك كە دەمەوێت باسی بكەم مەسەلەی پێكهێنانی دەوڵەتێكی نوێ لەناوچەكە بەناوی دەوڵەتی كوردییە، كە من لەم نوسراوەدا، بە ئاگاداربوون بەوەی ئەم بابەتە تەنیا بۆ عێراق كوتایی نایەت، بەڵام بە ناوی “بارزانیستان” ناولێدەبەم.
……
نوسەر دەنوسێت:
ساڵی 1992 (واتە 24ساڵ لەوەپێش)، نەجمەدین ئەربەكان لە پەرلەمانی توركیا لەزاری ژەنەڕاڵیكی ئەمەریكی هەواڵ پێكهێنانی دەوڵەتی كوردستانی بڵاوكردەوە. ئەو لەزاری ئەو ژەنەڕاڵە ئەمەریكییەكە كە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەنوسێكی تورك ئەنجام دابوو دەڵێت: ئەو بەرپرسە ئەمریكییە بە دەستی خۆی لەسەر نەخشە نیشانی داوە كە لەم ناوچەیە دەوڵەتی كوردی دروست دەبێت. سەدام دەڕوخێت‌و بۆشایی دەسەڵات لەم ناوچەیە دروست دەبێت‌و لەم بارودۆخەدا كوردەكان بە پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ئەم بۆشایی پڕ دەكەنەوە‌و، رەنگە داوای خاكیش لە توركیا بكن. كاتێك بەو ژەنەڕاڵە ئەمەریكیە دەوترێت “توركیا بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەم بابەتەدا نیە”، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت “كەواتە ناچارن پێكەوە شەڕ بكەن”.

رۆژنامەنوسە توركەكە لە درێژەدا دەنوسێت “بەڵام توركیا خاوەنی سوپایەكی بەهێز‌و رێك‌و پێكە، لەلایەكی ترەوە سوریا‌و ئێرانیش لەبەرامبەر ئەم بابەتەدا بێدەنگ نابن. چۆن پێشبینی وا دەكەیت كە كوردەكان لەبەرامبەر ئەم نەیارانەدا بەرگریی بكەن؟”.
ژەنەڕاڵە ئەمەریكییەكەش لە وەڵامدا دەڵێت “لەداهاتوویەكی نزیكدا كوردەكانی عێراق دەبنە خاوەنی چەكێكی زۆر، ئەو چەكانەی لەسەدامەوە بەجێماوە دەكەوێتە دەستی ئەوان. رەنگە چەكی پێشكەوتووتریان لە چەكەكانی سوپاكەی ئێوە هەبێت. ئەوان فرۆكە، كۆپتەر، تانك، رەشاش‌و فرۆكەخانەی تایبەتی خۆیان دەبێت”.

كاتێك ئەربەكان ئەم وتانەی دەخوێندەوە، كەسی چاوەڕ‌وانی هاتنەدی نەدەكرد، كەس نەیدەتوانی وێنای بكات كە كوردەكانی عێراق دەبنە خاوەنی پێشكەوتووترین چەكی جیهان. كەس نەیدەتوانی وێنای بكات كە هەولێر ببێتە ئاوەدانترین شاری ناوچەكە، تەنانەت كەس بیری لەوە نەدەكردەوە ئەو ڤیزەیەی كە بۆ زیارەتی كەربەلا وەریدەگرین سەرەڕای زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش نوسرابێت. بەڵام ئەمرۆ هەموو ئەم پێشبینییانە هاتوونەتەدی‌و خاڵی سەرەنج راكێش ئەوەیە كە بۆ بەدیهاتنی ئەم بابەتە، زۆرێك لەئێمە بە بێ ئەوەی بزانین یارمەتیدەر بووین، چونكە ئێمە كتێب ناخوێنینەوە!.

كوردەكان تەنیا نەتەوەیەكن (قومیت) كە لە 4 وڵاتی ئێران، عێراق، توركیا‌و سوریا دەژین بەڵام هیچ دەوڵەتێكی سەربەخۆیان نەبووە. لەدەیەكانی رابردودا كوردەكان لەم چوار وڵاتە چارەنوسی جیاوازیان لەپشت سەرناوە.
كوردی توركیا چ بەرەی چەپی (پەكەكە)‌و چ بەرەی ئیسلامگەرای (حیزبوڵای كوردستان) روویان لەشەڕی چەكداری كردە، كوردستانی ئێران سەرەتا نائارام بووە بەڵام دواتر ملیان بە دەسەڵاتی ناوەند دا!، كوردەكانی سوریاش ئەگەرچی قۆناغێكی نائارامیان بەسەربرد، بەڵام نەعرەتەی ئەسەد! كاری خۆی كرد‌و چەندین دەیە بوو كە بە بێ هیچ پەڕاوێزێك دەژیان. كوردەكانی عێراقیش وەك شیعەكانی ئەو وڵاتە‌و زۆرێك لەسوننەكانی نەیاری حیزبی بەعس، لەبەرامبەر حكومەتی سەداممدا وەستانەوە.

پلانی ژەنەڕاڵە ئەمەریكییەكە بە روخانی سەدام دەستی پێكرد
بە دەستدرێژی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق یەكەمین قۆناغی ئەو پلانە جێبەجێكرا كە ژەنەڕاڵە ئەمەریكییەكە باسی كردبوو. بۆشایی دەسەڵات لە عێراق دروست بوو، كوردەكان نافەرمانییان بەرامبەر بە بەغدا راگەیاند‌و پرۆسەی پێكهێنانی جیاوازیی لەنێوان كوردێكی عێراقی‌و عەرەبێكی عێراقی دەستی پێكرد. كوردەكان لەم نێوەندەدا پشتیوانی جێگای سەرەنجی ئەمەریكی _ئەوروپییان هەبوو و ئاستی پەیوەندی ئابوریی راستەوخۆ لەگەڵ “بارزانیستان” زیادی كرد. لەم نێوەندەدا جەلال تاڵەبانی كە زۆر لەگەڵ ئەو پلانەی ژەنەڕاڵە ئەمەریكییەكەدا نەبوو، پەراوێز خرا‌و بارزانی كە ساڵی رابردوو وێنەكانی لەگەڵ ئەفسەرانی موساد لە دەیەی 70 بڵاوكرایەوە، دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت.

سەرەڕای ئەوەش كەس بیری نەدەكردەوە كە بابەتەكە تەشەنە دەكات، چونكە “بارزانیستان” لەبنبەست دا بوو. لە باشور لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی هاوسنور بوو، لە باكور لەگەڵ حكومەتی توركیا كە چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆی لەگەڵ كوردەكان لە كارنامەیدا هەیە، لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئێران كە گاڵتەی پێنەدەكرا‌و لە رۆژئاواش لەگەڵ حكومەتی سوریا كە بەرگەی هیچ نافەرمانییەكی نەدەگرت. كەواتە پلانی پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی لەناوچەكە توشی شكست ببوو.
بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە بە بێهیوایی بەرەوپێش نەچوو.

گڵۆپی سەوزی ئەردۆغان، سەرۆكی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بۆ بارزانی
لەتوركیا هاوكێشەكان بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەری گۆڕانیان بەسەردا هات. كوردەكان كە تا دوێنی بە تیرۆریست دەژمێردران، بە پێكهێنانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) هاتنە ناو مەیدانی سیاسییەوە‌و تەنانەت رایانگەیاند كە ئامادەن چەك دابنێن، لەلایەكی ترەوە ئەردۆغانیش كە خۆی بە خاوەنی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە دەزانی‌و دەیان جار ئەمەی دووپاتكردوەتەوە، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو گڵۆپی سەوزی بە مەسعود بارزانی (سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق) هەڵكرد.

بارزانی سەردانی توركیای كرد، بەڵام نە سەردانی ئەنكەرەی كرد نە ئیستانبول، بەڵكو لە ئامەد لەگەڵ ئەرۆدغان میتینگیان ساز كرد. یەكەم هەنگاو بۆ چوونەدەرەوەی “بارزانیستان” لە بنبەست دەستی پێكرد‌و بارزانی یەكەم شنەی خۆشی هاوكاریی هەڵمژی.
لەم نێوەندەدا ئێرانیش بە شێوەی نەخوازراو تێكەڵ بەم هاوكارییە لەگەڵ “بارزانیستان” بوو. هەموو رێگە یاساییەكانی گواستنەوە داراییەكان بۆ ئێران داخرابوو و “بارزانیستان” كە ببووە ناوەندێك بۆ هەموو كارە نایاساییەكان، دەرچەیەك بوو بۆ گواستنەوەكان. سەفەری عەلی لاریجانی لە بەفرانباری 1393 (12/2014) بۆ هەولێر‌و دیدار لەگەڵ بارزانی، رەنگە بكرێت وەك خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییەكانی تاران – هەولێر ناوببرێت.

هاوكات سوریا بوو بە كارتێكی چەند رەهەندی بۆ پرۆژی كوردستان
لەلایەك بە لاوازبوونی حكومەتی ناوەندیی سوریا، كوردەكان كە لەلایەن دیمەشقەوە پشتیوانی دەكران، بە ئامانجی بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ داعش خۆیان رێكخستەوە، بەڵام كتوپڕ كەوتنە دژایەتی لەگەڵ دیمەشق‌و لە راستیدا پازڵی سوریای كوردستانیش لە نائەكتیڤ بوون هاتەدەرەوە.
لەلایەكی دیكەوە بارزانی‌و كوردەكانی توركیا كە لەكۆمەڵگای جیهانیدا زۆرتر وەك دەڵاڵێكی سیاسی‌و تیرۆریست دەناسران، سیمایەكی جەماوەریی، پاڵەوان، فیداكار‌و مرۆڤ دۆستانەیان بەخۆەوە گرت (لوتكەی ئەم پرۆژەیە مەسەلەی عین ئەلعرەب بوو كە بەناوی كۆبانێ هەرای لێ سازكرا).
كوردەكانی سوریا گرنگییەكی دیكەیشان بوو، ئەوەش كرانەوەی رێڕەوێكی پەیوەندی لەنێوانی “بارزانیستان”‌و دەریای ناوەڕاست بوو. بارزانی ئامادەیە هەر كارێك بكات، تەنانەت ئامادەیە هەموو عەرەب‌و توركمانەكانی نیشتەجێی باكوری سوریا كۆمەڵكوژ بكات تا رێڕەوێكی بەرەو دەریا هەبێت.
بەواتایەكی دیكەی ئەمەریكا بڕیاریداوە كورد لە حكومەتدا بێت‌و رێگە بۆ بەدیهێنانی پرۆژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە خۆشبكات. لە راستیدا ئەمەریكا رۆڵێكی نوێی بۆ كوردەكانی عێراق‌و توركیا لەبەرچاو گرتووە. رۆڵێكی جیاواز لەوەی كە پێشتر بووی. رۆڵی نوێی روناكبیری‌و ئاشتیخوازییە. ئەمەش بەو مانایە كە ئەمەریكا دڵنیایە لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لەناوچەكە‌و هەوڵدەدات لە ئێستاوە هەوڵی پێویست بۆ دروستكردنی ئێعتبار بۆ كوردەكانی دەستپێكردوە.
یەكەمین پێش شانۆگەریی ئەم تیۆرییە لە 15ی جۆزەردانی 1394 (5/6/2015)‌و لە تەقینەوەی میتینگی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لەشاری كوردنشینی ئامەد روویدا. كەسانێك كە تا دوێنی لەسەر كێشەیەكی بچوك چەكیان هەڵدەگرت‌و لانیكەم 3-4 كەسیان دەكوشت، لەو رۆژەدا بە گوڵەوە بەرەو شوێنی تەقینەوەكە رۆیشتن!، ئێستاش سەرەڕای ئەوەی شەڕێكی قورس لەناوچە كوردنشینەكانی توركیا لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە لەئارادایە‌و زیاتر لە دوو مانگە قەدەغەكردنی هاتوچۆ راگەیەنراوە، بەڵام حیزبە كوردییەكان‌و بەتایبەتی كەسایەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش (هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان) بە هیچ شێوەیەك كۆنترۆڵی خۆی لەدەستنەداوە‌و شێوازی “فشار لەخوارەوە‌و مشتومڕ لەسەرەوە”ی بەرامبەر بە حكومەت گرتووتە پێش. بارودۆخی ئێستای زۆرێك لەشارە كوردنشینەكانی توركیا كەمتر لە حەڵەب‌و حومس لەسوریا نیە.

یەكێك لەهۆكارەكانی دەركەوتنی داعش، رێگەخۆشكردنە بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی كوردیی
كاتێك دەركەوتنی داعش لە بەستێنی پرسی كوردیی تاوتوێ دەكەین، تێدەگەین كە سەرەكیترین یان یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی دروستكردنی داعش، رێگەخۆشكردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە. لەلایەك عێراق لە دوالیزمی عەرەبی – كوردی دەچێتە دەرەوە‌و بە فاكتۆرەكانی عەرەب، كورد، توركمان،‌و لەهەمانكاتدا شیعە‌و سوننە پارچە پارچە بووە. لەلایەكی ترەوە بەستێنی پێویست بۆ ئێعتباربەخشین بە قازانجی “بارزانیستان” پێكهاتووە، بەجۆرێك كە ئەڵمانیا بەئاشكرا چەندین فرۆكە چەك‌و تەقەمەنی رەوانەی هەولێر دەكات تا كوردەكان لەبەرامبەر داعشدا توانای بەرگریكردن لەخۆیان هەبێت.
هەولێریش لەبەرامبەر هەر چەشنە هێرش‌و هەڕەشەیەكی داعش پارێزراو بووە‌و، ئەمرۆكە لەبەرامبەر عێراقێكی وێرانەدا، هەولێر درەوشانەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

بەڵام بەراستی بەرەی زایونیزم بۆچی تا ئەم رادەیە هەوڵ بۆ پێكهێنانی كوردستانی گەورە دەدات؟
ئەگەرچی بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دەبێت چەندین كاتژمێر لەسەر كاریگەرییەكان هۆكارە جوگرافییەكان‌و شوێن، لە هاوكێشە سیاسییەكان قسە بكرێت، بەڵام بە وەبیرهێنانەوەی دوو نمونە لەناوچەكە‌و لە مێژوی ئیسلام دەكرێت درك بە گرنگی پێكهێنانی ئەم دەوڵەتە بكەین.
یەكەمین نمونەی حكومەتی رژیمی زایۆنیستییە.

ئیسرائیل رێك لە شارستارنیترین‌و یەكدەستترین ناوچەی جیهانی ئیسلامی دروست بووە. ناوچەیەك كە ئەگەر ئیسرائیلی تێدا نەبوایە، هەركات ئەگەری ئەو هەبوو كۆمەڵێك وڵاتی ئیئتیلافی بەحكومەتێكی یەكسان‌و فدراتیڤ لە چەندین وڵاتی گرنگ دروست ببوایە. بەڵام ئیسرائیل رێك وەك تیرێك وایە لەناو دڵدا. ئەگەر بمێنێتەوە دەمریت‌و ئەگەر دەریبێنێت دڵت دەدڕێت‌و هەر دەمریت.
وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری رژیمی زایونیزمی ئەگەر لەگەڵ ئەم حكومەتەدا بسازێن، توشی كێشەك دەبن‌و ئەگەریش نەسازێن لەگەڵ كێشەكی دیكەدا بەرەوڕوو دەبن. لەراستیدا بوونی ئیسرائیل لەناوچەی رۆژهەڵاتی ئاسیا رێگرە لە دروستبوونی ئاشتی‌و ئاسایشی لەناوچەكەدا، چونكە ئەگەری پەیوەندیی جوگرافی بۆ نەتەوەكانی ناوچەكەی دەوروبەری خۆی لەناوبردوە‌و بە نەبوونی پێناسەی سنوری دیاریكراو، ئەگەری هەرجۆرە جوڵەیەكی پێشبینی نەكراوی فەراهەم هێناوە.

نمونەی دووەم پێكهێنانی وڵاتی سەربەخۆی ئەرمەنی لە قەفقازیایە
ئەگەرچی بابەتەكە بەشداریی مێژوویی ئەرمەنییەكان لە ناوچەكەدا نیە، بەڵكو بەشداری حكومەتی ئەرمەنی لەناوچەیە. هەروا كە سەبارەت بە فەلەستینیش بابەتەكە لەسەر بەشداریی مێژوویی جولەكەكان لەناوچەكە نیە، بەڵكو بابەتەكە حكومەتی سەربەخۆی جوولەكەیە. روسەكان بە پێكهێنانی حكومەتی ئەرمینیا‌و دروستكردنی لەمپەرێك لەنێوان حكومەتی ئێران‌و شیعەكانی قەفقازیا‌و لەنێوان حكومەتی عوسمانی‌و سوننەكانی ئەم ناوچەیە، خەرەندێكی جوگرافی – مرۆییان لەنێوان قەفقازیا، ئەناتۆلی‌و ئێران دروستكرد كە سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ‌و تا ئێستاش شاهیدی قازانجی روسەكان لەم دابڕانە جوگرافییەین.

ئێستاش سەبارەت بە كوردستان رێك ئەم دۆخە خەریكی پیادە دەكرێت
ئێستا ئەگەر وڵاتی سەربەخۆی كوردستان بەو ورەكارییانەی كە لە زەینی هەولێر‌و تەلئەبیب‌و واشنتۆندایە دروست بێت، ئەگەری پەیوەندی نێوان ئێران، توركیا، عێراق‌و سوریا لەناو دەچێت. بە كردەوە توشی بارودۆخێك دەبین كە تا دەیان ساڵ توشی شەڕ دەبین‌و لە وایەرێكی كارەباوە بیگرە هەتا بۆرییە نەوتییەكانمان هەمووی لە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی “بارزانیستان”.
لەراستیدا لەبارودۆخێكی وادا، پاش ئیسرائیلێكی جوولەكە‌و ئیسرائیلێكی ئەرمەنی، شاهیدی پێكهاتنی ئیسرائیلێكی كوردی لە پەنای خۆمان دەبین.
رێگە بدەن لەكۆتاییدا قسەكانی “ئایلت شاكد” وەزیری دادی رژیمی زایۆنیستی وەبیر بێنمەوە كە ماوەیەك لەوەپێش (29ی بەفرانبار – 19/1/2016) لە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل وتبووی:

“ئێمە دەبێت كۆتایی بەو نا دادپەروەرییە گەورەیە بهێنین كە بووەتە هۆی ئەوەی كوردەكان وەك گەورەترین وڵاتی ناوچەكە بە بێ دەوڵەت بمێننەوە. ئێمە دەبێت هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی دەستپێبكەین. كوردەكان خەڵكانێكی دێرین، دیموكراتیك‌و ئاشتی خوازن كە هەرگیز هێرشیان نەكردوەتە سەر هیچ وڵاتێك. 20 ملیۆن كورد لەناوچەكەدا كە دەوڵەتیان نیە‌و كەس سەرنجیان نادات، سەرەكیترین لایەنی شەڕ لەگەڵ داعش‌و لەناوبردنی مەترسی ئەم گروپەن”.

ئێستا كە قسەكان گەیشتە ئێرە، وەبیری دێنمەوە كە چەندین ساڵە كە هەولێر یەك لەسەر سێ نەوتی تەلئەبیب دابین دەكات‌و لەبەرامبەردا تەلئەبیب هێزە تایبەتەكانی سوپاكەی خۆی بۆ راهێنانی هێزە سەربازییەكانی هەولێر، رەوانەی ئەوێ دەكات.
رۆژی شەممە 4ی گوڵان (23/4/2016) “ئەیوب كارا” جێگری وەزیری گەشەپێدان‌و بەرپرسی دۆسیەی كوردیی لە حكومەتی زایۆنیستی لە لێدوانێك بۆ ماڵپەڕێكی كوردیی كە لەهەولێرەوە بەڕێوەدەبرێت، وتی: “حكومەتی ئیسرائیل كۆمسیۆنێكی تایبەتی بۆ دۆسیەی كورد پێكهێناوە. منیش بڕوام بە پێكهێنانی هەرچی زووتری دەوڵەتێكی كوردییە”.

بابەتی هاوپۆل

عثمان اسماعیلی از زندان سقز به بیمارستان منتقل شد

روز یکشنبه سوم دی‌ماه، عثمان اسماعیلی، فعال کارگری اهل سقز به دلیل بیماری از زندان …