دوو شه‌ممه‌ 9 ئه‌یلول 2024

ڕۆژ ژمێری شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی سنه‌ / عه‌تا ریازی/ بەشی 3

شه‌ممه‌٣٠ خاكه‌لێوە

به‌یانی زوو، ڕۆژی شه‌مه‌ ٣٠ نه‌ورۆز، سه‌رهه‌نگ سه‌دری فه‌رمانده‌ی له‌شكه‌ری سنه‌، ئه‌فسه‌ران ، ده‌ره ‌جه‌داران و سه‌ربازانی كوردی سپاگه‌ی سنه‌‌ ‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌و هه‌مویان به‌ زیله‌كان ده‌نێرێته‌وه‌ ناو شار. پاشان ئاماده‌باشی سه‌د له‌ سه‌د ڕاده‌گه‌ینێت. له‌ هه‌مان كاتدا دوو فانتۆمی ڕژیم بۆ تۆقاندن و ترس و خۆف خستن به‌ ناودڵی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ستیان كرده‌ ‌ نزم فڕین به‌ سه‌ر شاره‌كه‌و هه‌رچێك ده‌هاتن وده‌چوون دیواری ده‌نگیان ده‌شكاند.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌رهه‌نگ سه‌دری له‌ وتووێژێكا له‌ گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات ڕا ده‌گه‌ینێ كه‌ به‌ هه‌ر جۆرێ كه‌ بووه‌ ستوونه‌كه‌ له‌ شاری سنه‌وه‌ ڕه‌د ده‌كات…..
به‌ وته‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌ هه‌وڵی كورده‌كان بۆ وتووێژ له‌ گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ سه‌دری سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی شاره‌كه‌ به‌ به‌رهه‌م نه‌گه‌یشت.
به‌ پێ هه‌واڵگه‌رێ كه‌ به‌ ده‌ستی خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌یشتبوو وادیار بوو كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌ویست به‌ ده‌وردانه‌وه‌ی سنه‌‌ ستوونه‌كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌‌ بگه‌ینێته‌ سپاگه‌وه‌. بۆ ئه‌م كاره‌ هه‌بووا ئه‌و جاده‌یه‌‌ بگردای كه‌ له‌ ئاواییه‌كانی گرێزه‌ ، ئاساوڵه‌، پردی قشڵاخ، به‌رازان، نایسه‌ر، باوه‌رێز، نه‌نه‌ڵه‌ و سوورێزه‌ ڕه‌د ده‌بوو هه تا ئه‌گه‌یشته‌ ‌ جێ مه‌به‌ست‌‌.
ئه‌و جۆره‌ كه‌ كاك فه‌رشید غه‌فارنیژاد له‌ تی ڤی نه‌ورۆزا (٢٥-٤-٢٠١٥) ده‌یوت هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ نوێنرانی كۆمه‌ڵه‌ ، حیزبی دیموكرات،چریكه‌كان، پێشمه‌رگه‌كانی زه‌حمه‌تكێشان، و نوێنره‌كانی دانه‌ به‌ دانه‌ی بنكه‌كانی شاری سنه‌ له‌ باره‌گای بنكه‌ی ئاغه‌زه‌ماندا كۆبوونه‌وه‌یكیان پێك هێنا‌ و به‌ تێكڕایی ده‌نگیان بۆ به‌رگری دا.

 

یه‌كشه‌ممه‌٣١ی خاكه‌لێو ١٣٥٩یه‌كمین ڕۆژی شه‌ڕ

ده‌مه‌و به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ ٣١ی نه‌ورۆزی ١٣٥٩ ستوونه‌كه‌ فڕۆكه ‌خانه‌ی سنه‌ به‌ جێ ده‌هێڵێ و به‌ره‌و ئاوایی گرێزه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕێگاوه‌. له‌وێڕا ڕێگای خۆی به‌ره‌و گوندی ئاساوڵه‌ درێژه‌ ده‌دات .
به‌ شوێن ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ پردی قشڵاخا كردیانه‌ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ خۆیان ئاراسته‌ی به‌رازان كرد و پاشان به‌ره‌و نایسه‌ر به‌ ڕێگای خۆیان درێژه‌یان دا.
خه‌ڵكی ئاواییه‌كان كه‌ بیستبوویان ستوونه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یانا خه‌ریكی‌ ڕه‌د بوونه‌،ده‌ڕژنه‌ سه‌ر ڕێگاكان و به‌ سه‌ر سامی و سه‌ر سووڕییه‌وه‌‌‌ توواشای ڕه‌د بوونی ستوونه‌كه ده‌كه‌ن. ستوونه‌كه‌ بریتی بوو له‌ كامیونانی هه‌ڵگری تۆپی ١٠٦ میلیمیتری و ڕه‌شاشگه‌لی ٥٠میلیمیتری و ٦٩میلیمیتری، چه‌ندین جۆر تانك، نه‌فه‌ربه‌رانی شنیدار، تریلیگه‌ری هه‌ڵگری ته‌قه‌مه‌نی و كه‌رسته‌ی خوارده‌مه‌نی.… سه‌ربازه‌كانیچ هه‌مویان چه‌كگه‌لی سۆك و نییوه‌ سه‌نگینیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو. بۆ چاودێری و پاڕاستنیان دوو هێلیكۆپتێریچ به‌ به‌رزاییكی نزمه‌وه‌ به‌ ده‌ورووه‌ریانا ده‌خولیانه‌وه‌.

به‌ هۆی پڕ پێچ وقه‌مچ بوونی ئه‌و جاده‌ خاكییه پڕ له‌ چاڵ و چۆڵییه‌ خێرایی ستوونه‌كه‌ هه‌ر له‌ گرێزه‌وه‌ هه‌تا نایسه‌ر و پاشان له‌وێڕا تا باوه‌رێز كه‌م بوو.
ڕه‌د بوون له‌ ٢٥ كیلومیتری سه‌ره‌تایی جاده‌ی باوه‌رێز-نه‌نه‌ڵه‌ كه‌ به‌ درێژاودرێژی ڕۆخانه‌كه‌ كێشرابوو ،بۆ فه‌رمانده‌ی ستوونه‌كه‌ به‌ نیسبه‌ت ئاسان ده‌هاته‌ به‌رچاو. بۆیه‌ كه‌‌ ده‌یه‌ویست، كه‌ هه‌ر چێ زووتر به‌ خێڕایی ئه‌م قۆناخه‌‌ ڕابگارێت. وای ده‌زانی كه‌ پاشان به‌ ئاسانی ده‌توانێ ئه‌و ده‌ كیلومیتره‌ كه‌ به‌رزاییه‌كانی سوورێزه ‌ونه‌نه‌ڵه‌ له‌ یه‌ك جییا ده‌كاته‌وه به‌ بێ مه‌ترسه‌ ڕابگارێ و له‌وێڕا خۆیان به‌ ساق و سڵامه‌ت بگه‌یننه‌ سپاگه‌وه‌‌.‌
هه‌واڵی پێشڕه‌وی ستوونه‌كه‌ ترسێكی گه‌وره‌ی خستبووه‌ دڵی خه‌ڵكه‌كه‌. دانیشتووانی نیشتمان په‌ره‌ستی ئاواییه‌كانی گرێزه‌،ئاساوڵه‌،به‌رازان،نایسه‌رو باوه‌رێزو نه‌نه‌ڵه‌ی خستبووه‌ جموجۆڵ و ده‌یانو‌یست به‌ شێوه‌یك ڕێگای پێشڕه‌وی ئێرانییه‌كان بگرن یان لانی كه‌م تا ئه‌و جێگا كه‌ ده‌توانن خێڕاییان هه‌ر چێ كه‌متر كه‌نه‌وه‌. هێندێك له‌ لاوه‌ با شه‌ره‌فه‌كانی ئه‌وئاواییانه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ر دانه‌وه‌ی سه‌د و به‌ربه‌نده‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ تاكوو لافاویان تووله‌ جاده‌ خاكییه‌كان وه‌هابخوسنێته‌وه‌ كه‌ ماشینه‌كان تێانا دابچه‌قن‌.

هه‌ر وه‌های كه‌ گومان ئه‌ڕوا یه‌كمین ماشینگه‌لێ كه‌ گه‌یشتنه‌ ئاستی باوه‌رێزه‌وه‌ له‌ ناو جاده‌ هه‌ڕگینه‌كه‌ گیریان كرد و ئاژۆه‌كان هه‌ر چێ گازیان ده‌دا زۆرتر ده‌چه‌قیانه‌ ناو قوڕه‌‌كه‌.له‌ هه‌مان كاتدا باوه‌رێزییه‌ نیشتمانپه‌ره‌سته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ ده‌وری ماشینه‌ داچه‌قیاگه‌كانیان دا و ده‌ستیان كرده‌ درۆشم دان دژی ڕژیمی ئێران . له‌ ناو چاو سه‌ربازه‌ ڕه‌نگ په‌ڕیاوه‌كان كه‌ ده‌له‌رزیان و تف له‌ ده‌میانا وشك بووبووه‌وه‌، دیار بوو كه‌ سام وخۆف ده‌روونیانی پڕ كردووه‌ته‌وه ‌و‌ كۆنترۆلی خۆیان له‌ ده‌ست داوه‌.
به‌ پێ ئه‌و ده‌نگه‌ كه كورده‌كان ڕۆژی پێشو له‌ باره‌گای ئاغه‌زه‌مانا دابوویان پێشمه‌رگه‌كان بۆ چه‌ك كردنی ئێرانییه‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ستوونه‌كه‌.
ئه‌و كاته‌ كه‌ هێرش ده‌ستی پێ ده‌كا سه‌ری ستوونه‌كه‌ له‌ باوه‌رێزا ئه‌بێت و دووچكه‌كه‌ی ٣٥كیلومیتر دوورتر له‌ ده‌وروبه‌ری گرێزه‌ دا .

شه‌ڕ كه‌ ده‌ستی پێ كرد ستوونه‌كه‌ خۆیان به‌ چووار به‌ش دابه‌ش كرد:
جووچكه‌ی ستوونه‌كه‌ ده‌س به‌ جێ به‌ره‌ودووا ده‌كه‌ن وبه‌ره‌و ‌فڕۆكه‌خانه‌ پاشه‌كشی ده‌كه‌ن‌.
به‌شی دوهه‌می له‌ ژێر ئاگری پێش مه‌رگه‌ مۆڵ ئه‌به‌سن و جمیان لێ ئه‌بڕگێت.
به‌شی سێهه‌می له‌ ڕێگا دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆیان ئاڕاسته‌ی ته‌پۆڵه‌ی شه‌وبۆ كرد و به‌ تووله‌ ڕێگاكانی ئه‌وێنه‌ وه‌ خۆیان گه‌یانده‌‌ سپاگه‌‌.
سه‌ری ستوونه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌ربازانی لێهاتوو و به‌ئه‌زمون پێك هاتبوو و ماشینه‌كانیان پڕ هێزتر بوو تووانیان له‌ جاده‌ هه‌ڕگینه‌كانی باوه‌رێزه‌وه‌ ڕه‌د بن و ڕێگای خۆیان به‌ره‌و ئاواییه‌كانی كۆڵه‌ هه‌رد و مه‌زره‌ درێژه‌ بده‌ن. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان په‌لاماریان دا به‌ سه‌ریانا و هه‌موویانیان چه‌ك كرد.
كاكه‌ حه‌مه‌ سه‌یار له‌ درێژه‌ی ڕاوه‌كه‌یا له‌ ناو كتێبه‌كه‌یا ئه‌ڵێت:<< ئه‌وڕۆژه‌ من و هێندێكی دیكه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌ بنكه‌ی باخ میلیا نۆبه‌به‌ریمان ده‌دا.له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌یاممان بۆ هات كه‌ بڕوینه‌ نه‌نه‌ڵه‌‌. ده‌س به‌ جێ له‌ گه‌ڵ هاوڕێانی پێشمه‌رگه‌م ‌ سووار ماشین بووین و كه‌وتینه‌ ڕێگاوه‌. به‌ر له‌وه‌یكه‌ فه‌یزاوا‌ بنینه‌ پشت سه‌رو به‌ره‌و دیوانده‌ره‌ ڕێگای خۆمان درێژه‌ بدایت سێڕێانێ بوو كه‌ له‌ ده‌ستی ڕاستیه‌وه‌ جاده‌یكی خاكی لێ جییا ئه‌بووه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌و نه‌نه‌ڵه‌ ده‌ڕۆیشت.له‌ سه‌ر ئه‌و سێڕێانه‌ تاقمه‌یكی ٣٠ كه‌سی له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ورامان كه‌چه‌ند پێشمه‌رگه‌یكی یه‌كیه‌تی نیشتمانیچیان له‌ گه‌ڵدا بوو مۆڵیان به‌ستبوو. له‌ نێو ئه‌وانا براده‌رێكم ناسییه‌وه‌ به‌ نێو فه‌ره‌ج عه‌بدی. كاتێك كه‌ له‌ خانه‌قای پاوه‌ ئامۆژیار وه‌زیفه‌ بووم ئه‌وبراده‌ره‌ شاگردم بوو. له‌ بیرمه‌ كه‌ فه‌ره‌ج كوڕێكی بێ ئه‌ندازه‌ به‌ئه‌ده‌ب و ژیر بوو ،ئه‌و له‌ بنه‌ ماڵه‌یكی زۆر ته‌نگده‌ست بوو.‌ باوكی به‌ پاڵه‌یی ژیانی خێزانه‌كه‌ی دابین ده‌كرد. هێندێ له‌ گه‌ڵیا قسه‌م كردو وتی پێم كه‌ خه‌ریكن ئه‌ڕۆن كه‌ خۆیان له‌ ڕه‌وه‌تا بۆ ئێرانییه‌كان دابگرن. دووای ماڵاوایی ،ئه‌و پێشمه‌رگه‌گه‌له‌ به‌ره‌و جاده‌كه‌ی ئاواییه‌كانی باوه‌رێز و كۆڵه‌هه‌رد و مه‌زره‌ كه‌وتنه‌ ڕێگاوه.>>

سه‌ری ستوونه‌كه‌ بریتی بوو له‌ دوو ماشینی زرێپۆش، یه‌ك تانك،چووار كامیونی زیل،یه‌ك جیپی هه‌ڵگری ڕه‌شاشی ٥٠میلیمیتری. پێشمه‌رگه‌كان له‌ ناو مرده‌زینده‌كه‌ی خۆیانا به‌ ئار پی جی حه‌وتێك ته‌قه‌ له‌ تانكه‌كه‌ ده‌كه‌ن.شه‌ڕه‌كه‌ گڕه‌ ده‌گرێ و هه‌ر له‌ ده‌ستپێكا چه‌ند سه‌ربازێ كه‌ له‌ ناو جیپه‌كه‌ له‌ پشت ڕه‌شاشه‌ كه‌وه‌ ئه‌بن گیانیان له‌ده‌ ست ئه‌ده‌ن وماشینه‌كه‌یان‌ له‌ ناو ئه‌چێت. سه‌ربازه‌كان هه‌رله‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌وه‌ بێ وچان داوای یارمه‌تیان ده‌كرد . هێزه‌كانی نیشته‌جێ ئێران له‌ فڕۆكه‌خانه‌ به‌ بێ ئاگاداری ورد له‌ شوێنی سه‌ربازه‌ كانی خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیان كرده‌ خۆمپاره‌باران كردنی ناوچه‌كه‌. له‌ بوواری ئه‌وخۆمپاره‌بارانه‌ فره‌یك له‌ سه‌ربازه ‌كانی خویان پێكا و له‌ ناو چوون.

له‌ درێژه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌كان ئار پی جیكیتریان ‌هاوێژته‌ سه‌ر كامیونه‌ زیله‌ هه‌ڵگری‌‌ ته‌قه‌مه‌نیه‌كه‌ . ته‌قینی كامیۆنه‌كه‌ ئاگرێكی ئێجگار گه‌وره‌ی خسته‌ ڕێگاو دووكه‌ڵه‌ێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی لێ به‌رزه‌وبووه‌وه‌. له‌ هه‌مانكاتدا دوو هێلیكۆپتێری ئێرانی په‌یدایان بوو كه‌ به‌ هاوێژتنی ڕاكت به‌ سه‌ر شوێنی پێشمه‌رگه‌كان تێده‌كۆشان كه‌ پاشماوه‌ی ستوونه‌كه‌ ڕزگار كه‌ن. یه‌كێك له‌ نه‌فه‌ربه‌ره‌ زرێپۆشه‌كانیان تووانی به‌ره‌و ئاوایی باوه‌رێز پاشه‌كشی بكات. به‌ڵام له‌ نیزیكی ئاواییه‌كه‌ پێشمه‌رگه‌كان قه‌ڵاچۆی ده‌كه‌ن.

شه‌ڕه‌كه‌ كه‌ دووایی هات پێشمه‌رگه‌كان هه‌رچێ له‌ ستوونه‌كه‌ مابوو وه‌ر ده‌گرن و له‌ گه‌ڵ خۆیانا هاوردیانه‌وه ناو شار. له‌م شه‌ڕه هیچ كام له‌ پێشمه‌رگه‌كان خۆبه‌خت نه‌كران. ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكیان به‌شێوه‌یكی بانڕوویی بریندار كرابوون.هۆی كوشته‌ نه‌دانیان‌ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێشمه‌رگه‌كان نه‌ ته‌نیا ڕێك و پێك بوون و فه‌رمانده‌ هیكی لێهاتوویان هه‌بوو به‌ڵكوو هه‌ر وه‌ها چه‌ند پێشمه‌رگه‌یكی به‌ ئه‌زمونی یه‌كیه‌تی له‌گه‌ڵیانا بوون له‌ ڕۆڵێكی گرینگیان له‌ هێرشه‌كه‌ كایه‌ كرد.
كاكه‌ حه‌مه‌ له‌ درێژه‌ی كتێبه‌كه‌یائه‌ڵێت:<< له‌ گه‌ڵ چه‌ند هه‌واڵێكی بنكه‌كه‌م له‌ بان جاده‌ ی خاكی كانوون كاراموزی به‌ره‌و ته‌پۆڵكه‌‌گه‌رێك كه‌وتبووینه‌ ڕێگاوه‌ كه‌ ئه‌یانڕووانییه‌‌ بان جاده‌یك كه‌ قه‌رار بوو ستوونی له‌شكه‌ری ئێران له‌وێڕا ڕه‌د بێ. كاتێك كه‌ گه‌یشتینه‌ ٥٠ میتری تیرگه‌شانی ته‌پۆڵكه‌گه‌ره‌وه‌‌‌،كوتوپڕ سه‌ربازه‌كانی ئێرانی كه‌ له‌ بان لووتكه كانه‌وه‌ ‌ له‌ پێشه‌وه‌‌ سه‌نگه‌ریان گرتبوو ده‌ستیان كرده‌ تیره‌نازی به‌ره‌و لاوانێكی چه‌كدار كه‌ ده‌یانه‌ویست شوێنه ‌كانیان دابڕ كه‌ن.‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ لاوانێ بوون كه‌ له‌ بنكه‌گه‌لی جۆراوجۆری شاره‌وه‌ هاتبوون كه‌ له‌ بان ته‌پۆڵه‌كانه‌وه‌ بنكه‌ بگرن. به‌ڵام بێ ئه‌زمونی وبێ فه‌رمانده‌هیان، بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ به‌ شێوه‌یكی ناڕێك وپێك تیره‌نازیان له‌ سه‌ربازه‌كان ده‌كرد. ئه‌وانیچ به‌ هه‌مو بارێكا ته‌قه‌یان ده‌كرد‌. بارودۆخه‌كه‌ به‌ڕاستی شپرز بوو. هیچ كه‌س هیچێكی كۆنترۆڵ ناده‌كرد. كه‌س نه‌یده‌زانی كێ له‌ كوێه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌كایان ته‌قه‌ ناكا.له‌ ناو ئه‌م په‌ڕژ و بڵاوییه‌ چه‌ند سه‌ربازێكی ئێرانی ده‌ستیان به‌رزه‌وكردبوو ده‌یانویست خویان ڕاده‌ست كه‌ن. چه‌ند لاو خویان نیزیك كرده‌وه‌ كه‌ بیانهێنن له‌ هه‌مان كاتدا چه‌ند چه‌كدارێكی دیكه‌ ته‌قه‌یان لێ ده‌كرد….. له‌ نیوان لاوه‌كانی بنكه‌ی باخ میلیا پیاوێك بوو كه‌ پێمان ده‌وت سه‌ركار مه‌حموو.كامه‌حموو ده‌ره‌جه‌دارێ بوو كه‌ له‌ له‌شكه‌را هه‌ڵهاتبوو و‌ پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كرد و له‌ هونه‌ری شه‌ڕا سه‌ری ده‌ر ده‌هاورد.

به‌ بینینی ئه‌م شپرزی و په‌ڕژ وبڵاوییه‌ هاته‌ ده‌نگ و وتی پێمان شه‌ڕ واناكرگێت .به‌م شێوه‌ چه‌په‌ره‌كانمان هه‌ر بۆ ناگیرگێت.ده‌بێ به‌ پڵانه‌وه‌ بڕوینه‌ به‌ره‌وه‌. كاكه‌ مه‌حمو جێگایكی له‌ بار وگۆنجاوی دابین كرد وبه‌ من وكاك فه‌خره‌ نه‌وه‌ڕه‌ ی وت كه‌ له‌وێڕا ڕاوستین‌ و به‌ كڵاشنیكۆفه ‌كانمانه‌وه‌ ده‌ست كه‌ین به‌ تیره‌نازی كردن به‌ره‌و سه‌روازه‌كانی سه‌نگه‌‌رێكی ده‌سنیشانكراو. ئێمه‌ كه‌ ده‌ستمان كرده‌ ته‌قه‌ كردن، ئه‌وان سه‌ریان دائه‌نه‌واند كه‌ نه‌پێكگن. له‌و مه‌ودایه‌دا كا مه‌حموو به‌ هه‌ڕا خوی نیزیكیانی كرده‌وه‌و چه‌ند نارنجه‌كێكی هاوێشته‌ ناویان. به‌م شێوه‌ به‌رگری سه‌ربازه‌ ئێرانییه‌كانی تێكشكاند و ئه‌و چه‌په‌رمانه‌ بۆ داگیركرا وخومان گه‌یانده‌ بان ته‌پۆڵكه‌كه وه‌‌.له‌وێڕا به‌ ئاسانی چه‌ند چه‌په‌رێكی دیكه‌مان داگیر كرد و هه‌موی ئه‌و ته‌پۆڵه‌گه‌ره‌ كه‌ ئه‌یانڕوانییه‌ بان جاده‌كه‌ (كه‌ قه‌رار بوو كه‌ ستوونه‌كه‌ لێ ڕه‌د بێ) كه‌وتنه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆمان.‌ پاشان ده‌ستمان كرده‌ كۆ كردنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازه‌كان و هاور‌دنه‌وه‌ ی دیله‌كان بۆ ناو شار كه‌ ڕاده‌ستی كۆمه‌ڵه‌ی بكه‌ین. له‌م ماوه یه‌‌ كوتوپڕ هێلیكۆپتێر ێكمان دی كه‌ به‌ به‌رزاییكی نزمه‌وه‌ ده‌ستی كرده‌ مانۆڤر دان به‌ ده‌ور سه‌رمانا. نازانم بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ گرینگیان پێ نه ده‌دا.‌منیچ هه‌روه‌ك ئه‌وان بێ خه‌م سه‌یریم ده‌كرد. له‌ پڕ ئاگرێكم دی كه‌‌ له‌ ژێریا‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌‌.له‌ به‌را وه‌مزانی كه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌سووتێ.‌به‌ڵام له‌پڕڕاكتێك خوواردییه‌ لای ده‌ستمه‌وه‌. چه‌ندكه‌سێ كه‌ به‌ لامه‌وه‌ ڕاوستابوون كه‌وتنه‌ بانزه‌وینه‌وه‌ و دووكه‌ڵێكی بێ ئه‌نازه‌ فره‌ له‌ ته‌قینه‌كه‌ی به‌ربووه‌وه‌ كه‌ فره‌یكی‌ چووه‌ ده‌م ولووتما. ده‌ستم كرده‌ قۆزینو هۆڵنج لێدان. له‌ به‌را وه‌مده‌زانی كه‌ بریندار بووم به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه‌ شراپنێلی(ته‌ركش) قۆمپاره‌كه‌ نه‌یخواردووپێم. له‌وێڕا خۆم په‌له‌ په‌ل به‌ شیو وشه‌قاره‌كانی ته‌پۆڵه‌كه‌ به‌ هه‌ڕا گه‌یانده‌ خواره‌وه‌ به‌ره‌و ناوشار. له‌ ڕاسته‌قینه‌ دا هه‌ر له‌ شه‌وی ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ ستوونه‌كه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ پاشه‌كشی كردبوو سه‌رهه‌نگ سه‌دری ئه‌م سه‌ربازانه‌ی هه‌ناردبووه‌ بان ئه‌وته‌پۆڵكه‌گه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ ستوونه‌كه‌ له‌كاتی ڕه‌د بوونا به‌رگری بكه‌ن. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ و لاوه‌كانی بوێری سنه‌ تووانیان هه‌مویان تێك بشكێنن و ئه‌وانه‌یان كه‌ زیندوومابوون به‌ دیل بگرن.>>

ستوونه‌كه‌ به‌ شێوه‌یكی گشتی تێك شكا بوو. فه‌رمانده‌كان كۆنترۆڵی ستوونه‌كه‌یان له‌ ده‌ست دابوو. هه‌ر سات و ئانێ به‌شێ له‌ ستوونه‌كه‌ خۆی ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ده‌كرد.
نیزیكه‌ی كاتژمێر یه‌ك دووای نیوه‌ڕۆ ستوونه‌كه‌ به‌ تێكڕا تێك شابوو و شیرازه‌ی له‌ ناو چووبوو.به‌شه‌كانی سه‌ره‌كی ستوونه‌كه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ تانكه‌كان ، نه‌فه‌ربه‌ره‌ زرێپۆشه‌كان، ماشینگه‌ری هه‌ڵگری چه‌كگه‌ری قورس و نیوه‌ سه‌نگین و زیله‌كان، به‌ تێكڕایی له‌ ناو چووبوون و چه‌كه‌كانیان كه‌وتبووه‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانه‌وه‌.

دووای نیمه‌ ڕۆی هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌كان ،سه‌ربازان و ده‌ره‌جه‌داران و ئه‌فسه‌ران و لێخوڕان و خزمه‌تگوزارانی تره‌یلیگه‌ری هه‌ڵگری كه‌ره‌سته‌گه‌لی خوراكی و ته‌قه‌مه‌نی و سووته‌مه‌نی ستوونه‌كه‌ كه‌ دیل كرابوون هه‌ربه‌ ماشینه‌كانی خۆیانه‌وه‌ هاورده‌وه‌ بۆ ناو شار. له‌ گه‌ڵ ئه‌وانه‌ هه‌موی چه‌كه‌ سۆك و سه‌نگین و نیوه‌ قورسه‌كانیچیان هێنابووه‌وه‌. له‌ بێخ شه‌قامی سیروس و له‌ پای ته‌پۆڵه‌ی به‌هارمه‌ست كه‌ یه‌كێك له‌ ڕێگاگه‌لی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی سنه‌ بوو، به‌ ده‌ها هه‌زار كه‌س هاتبوونه‌ پیرایی پێشمه‌رگه‌كانه‌وه‌ و پیرۆزی هه‌ره‌ مه‌زن و ترێشقه‌یی ڕۆڵه‌ باشه‌ره‌فه‌كانی خویانیان جه‌یژن ده‌گرد.
له‌ گۆڕه‌پانی ناوه‌ندی شاره‌وه‌ بگره‌ هه‌تا‌ شه‌قامی سیروس و له‌وێڕا ‌ تا ده‌وروبه‌ری خه‌سته‌خانه‌ی قانع كه‌ ئه‌بوو به‌ چه‌ند كیلومێترێ به‌ ده‌ها و ده‌ها هه‌زار كه‌س ڕژابوونه‌ ناو شه‌قامه‌كان‌ و فره‌یكیان سوواری ماشینه‌ به‌ غه‌نیمه‌ت گیریاوه ‌كان بوون وبه‌ دانی دروشم وخوێندنی سروود گه‌لی نیشتمانی بوواره‌كه‌یان ده‌پێوا.

شكاندنی ستوونه‌كه‌ ده‌ كاتژمێری خایاندبوو. به‌ پێ ڕۆژنامه‌ی ،،جه‌نگی خوێنینی سنه‌،، له‌ بوواری ئه‌م شه‌ڕه‌ ٧٧ سه‌ربازی ئێرانی گیانی خۆیان له‌ ده‌ست دابوو و ٣٤٣كه‌سیان لێ بریندار و ١٣٢نه‌فه‌ریان به‌ دیل گیرا بوون.

ژماره‌ی كوشته‌ و برینداره‌كانی كورده‌كانمان به‌ وردی به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ . به‌ڵام ده‌توانین بڵێن كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌م یه‌كم ڕۆژه‌ی شه‌ڕه‌ خۆبه‌خت و برینداریكی كه‌می دابوو. زۆربه‌ی بریندارو خۆبه‌خته‌كان بریتی بوون له‌ لاوه‌كانی بنكه‌كان كه‌ ئه‌زموونی سه‌ربازییان نه‌بوو.
خۆبه‌خته‌كانی ئه‌م یه‌كم ڕۆژه‌ بریتیین‌ له‌:
یه‌ك ‌پێشمه‌رگه‌ی بنكه‌ی ١٧ی شاریوه‌ر :ته ێب ناسر زاده‌.
دوو پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌: شه‌مسه‌دین موحه‌مه‌دی و سه‌یفه‌دین كه‌ریمی ناسراو به‌ ئارێز.
سێ پێشمه‌رگه‌ی دیموكرات: حه‌مه‌ موبه‌سێری، حشمه‌ت جه‌لالی وموسا ئه‌حمه‌دی.
هێرشی پێشمه‌رگه‌كان ئه‌ونده‌ خێرا و ترێشقه‌یی بوو كه‌ فه‌رمانده هی ئێرانییه‌كانی به‌ تێكڕا خافڵگیر كردبوو و به‌ هیچ جۆرێ نه‌یانده‌توانی كاردانه‌وه‌یك له‌ خۆیانه‌وه‌ نیشان بده‌ن.

به‌ره‌ودووایی دووای نیمه‌ڕۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌ هاتبوونه‌ پیرایی ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌كانی خۆیانه‌وه‌‌‌ ده‌ستیان كرده‌ ‌ هه‌ڵگه‌ڕیانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌.
له‌ هه‌مانكاتدا هه‌روه‌های كه‌ فه‌رمانده‌هی له‌شكه‌ری ٢٨ی سنه‌ چه‌ن كاتژمێر زووتر له‌ ڕادیو ‌ ڕای گه‌یاندبوو ده‌ستیان كرده‌ ڕاكێت و قۆمپاره‌باران كردنی شاره‌كه‌. سه‌ربازه‌كانی ئێرانی چووارسووچی شاره‌كه‌یان ده‌كوتاوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ جێگه‌یكی تایبه‌تی ده‌سنیشان بكه‌ن. به پێ ‌جاڕی London Charter of the International Military Tribunal كه‌ له‌ ٨ی ئووتی ١٩٤٥ ڕاگه‌یاندراوه‌ به‌ ئامانج گرتنی خه‌ڵكی سێڤیل و بێ چه‌ك له‌ لایه‌ن‌ سه‌ر‌بازه‌ فارسه‌كانه‌وه‌ به‌(تاوان)جنایه‌تی جه‌نگی war crime داده‌نرێت. كه‌ به‌رپرسانی ده‌بێ له‌ به‌رامبه‌ر دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهه‌ وڵامی ئه‌و جنایاتانه‌ بده‌نه‌وه‌ و سزا بدرێن.
به‌ ده‌ستپێ كردنی شه‌ڕ پێشمه‌رگه‌كان ده‌ستیان كرده‌ پته‌و كردنی شوێنه‌ ستراتژیكه‌كانی خویان له‌ ناو شار و له‌ ده‌وروبه‌ری سپاگه وه‌‌‌. به‌ تایبه‌ت له‌ كوێراوا و گردی گه‌ڕۆڵ و چه‌ند پنتێكی كڵێڵی شاره‌كه.
كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی به‌ سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك كۆمار به‌نی سه‌در بۆ هه‌ر چێ باشتر هه‌ڵزڕنگاندنی فارسه‌كان ده‌ستیان كردبووه‌‌ درۆ و ده‌ڵه‌سه‌ كردن سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌ی كوردو و به‌ شێوه‌یكی فه‌رمی فه‌رمانی هێرشی سه‌رانسه‌ریان به‌ سه‌ر كوردستانا ڕاگه‌یاند. هه‌رچه‌نده‌ی كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ سه‌رانسه‌رییه‌‌ دوو مانگی پێش به‌ هه‌ڵمه‌تی نیزامی به‌ سه‌ر كامیاران و هه‌ورامانا ده‌ستی پێ كردبوو به‌ڵام به‌ هێرش كردن به‌ سه‌ر سنه‌ و سه‌قز و بانه‌ و مه‌ریوانا ‌وه‌ها گڵپه‌یكی گرتبووه‌وه‌ كه‌ سه‌رانسه‌ری كوردستانی گرتبووه‌وه‌.

دووشه‌مه‌ یه‌كی گوڵان دووهه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
له‌ دووهه‌مین ڕۆژی شه ڕا سه‌ربازه‌كانی ڕژیم هه‌ر وه‌كوو ڕۆژی ڕابردو به‌ قۆمپاره‌ بارانی سنه‌ درێژه‌یان دا و له‌ جه‌نایه‌تی جه‌نگی دا به‌رده‌وام بوون. ته‌وفیرێ كه‌ له‌ كاره‌كه‌یانا‌ نیسبه‌ت به‌ یه‌كمین ڕۆژی شه‌ڕا ڕوویدابوو، ئه‌وه‌بوو كه‌ بێ وچان ، په‌یتاوپه‌یتا به‌ شێوه‌یكی ڕێك و پێك هه‌موی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌یان ده‌كوتاوه‌. هه‌ر كاتژمێر ده‌‌ها موشه‌ك و خۆمپاره‌ یان ده‌هاوێژته‌ بان سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ و ده‌ها تۆپیان ده‌ته‌قانده‌ ناو شاره‌كه‌. سه‌ربازه‌ فارسه‌كان به‌ دڕنده‌ییكی تایبه‌ت به‌ خویان منداڵان و ژن و پیاوانی پیر وجووانی بێ به‌رگر و بێ تاوانیان له‌ ناو خوێنا ئه‌تلانده‌وه و خۆبه‌ختیان ده‌كرد‌.
بۆ نموونه‌ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی گردی گه‌ڕۆڵا قۆمپاره‌یكی ١٢٠ میلیمیتری خواردبووییه‌ ناو هۆده‌كه‌ی نشیمه‌نی ماڵێكا، باوك ودایك و سێ منداڵه‌ هه‌شت و پێنج و سێ ساڵه‌كان ‌یان كه‌ له‌ ده‌وریه‌كا بوون ده‌س به‌ جێ خۆبه‌خت ده‌كرن، كۆرپه‌ شیرخوره‌كه‌یان كه‌ له‌ ناو بێشكه‌كه‌یاله‌ ناو هۆده‌كه‌یكی دیكه‌ ئه‌بێ زیندوو ئه‌مێنێته‌وه‌.

پاسداره‌كان تاكتیكێكی دیكه‌یان كه‌له‌ كاتی قۆمپاره‌بارانكردنا به‌ كار ئه‌برد ئه‌مه‌ بوو كه‌ كاتێ قۆمپاره‌یكیان ده‌هاوێژته‌ جێگایك، ده‌ تا پازده‌ خوله‌ك به‌ شوێنیاقۆمپاره‌یكی دیكه‌یان ده‌خسته‌ هه‌ر ئه‌و شوێنه‌. مه‌به‌ست له‌م كاره‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ فریاڕه‌سانێك ‌‌ كه‌ ‌چووبوونه‌ فریای ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ قۆمپاره‌ی یه‌كم كوشته‌ یان بریندار كرابوون، بكوژگن!!!!. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بوو كه‌ كچێكی عازه‌و به‌ نێوی شه‌راره‌ كه‌ چووبووه‌ سه‌ردانی ده‌زگیرانه‌كه‌ی له‌ خه‌سته‌خانه‌ی شیرخورشیداله‌ ناو حه‌وشی خه‌سته‌خانه‌كه‌ به‌ شراپنێلی قۆمپاره‌ی یه‌كم پای ڕاستی له‌ ده‌ست ده‌دا، ئه‌و كه‌ هوێشتا بێ هۆش كه‌وتبووه‌ بان ئه‌رده‌وه‌ به‌ شراپنێلێكی قۆمپاره‌ی دووهه‌م پای چه‌پیشی له‌ ده‌ست ده‌دا!!!!

جییا له‌ تۆپ و قۆمپاره‌ باران كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران فره‌یك له‌ پاسداره‌ ته‌كتیره‌نازه‌كانیان له‌ تارانه‌وه‌ هه‌ناردبووه‌ سنه‌. كاری ته‌كتیره‌نازه بكوژه‌كانیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ خۆیان له‌ بان به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ دابگرن و به‌ تفه‌نگه‌ دووربینداره دوورهاوێژه‌كانیانه‌وه‌ ‌هه‌ر چێكیان بدیای كه‌ ده‌جووڵێته‌وه‌ بپێكن واته‌ مرۆڤ و ماشینه‌كان كه‌ سه‌ر جه‌م بریتی بوون له‌ ئامبولانس و ماشینی فریاڕه‌سه‌كان.‌ ئه‌مه‌یچه‌ خۆیچی یه‌كه‌كی دیكه‌ له‌ جنایاتی جه‌نگی ده‌وڵه‌تی ئێران بوو كه‌ ده‌بێ به‌ سییاهه‌ی جنایه‌ته‌كانی كۆ بكرگێته‌وه‌. ته‌كتیره‌نازه‌ فارسه‌كان كه‌ له‌ بان قه‌ڵاو له‌ بان به‌رزاییه‌كانی ده‌وروبه‌ری سپاگه‌وه‌ بنكه‌یان گرتبوو به‌ شێوه‌یكی گرینگ هاتووچوویان له‌ ناو شاره‌كه‌ سه‌خت كردبووه‌وه‌. ئامبولانسه‌كان نه‌یان ده‌توانی برینداره‌كان بگه‌یننه‌ خه‌سته‌خانه‌، ڕێگای یارمه‌تی گه‌یاندیان به‌ ناوچه‌گه‌رێ كه‌ له‌ ژێربارانی تیریانه‌وه‌‌ بوو بڕیبوو.

فانتۆمه‌كانی هێزی هه‌وایی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ بێ پسانه‌وه‌ به‌ به‌رزاییكی نزمه‌وه‌ به‌ شه‌وبه‌ڕۆژا به‌سه‌ر شاره‌كه‌ ده‌فڕین و په‌یتا په‌یتا دیوواری ده‌نگیان ده‌شكاند. شكاندنه‌وه‌ی دیوواری ده‌نگ وا بوو كه‌ شه‌پۆله‌كه‌كه‌ی شیشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی ده‌شكاند و گرمه‌كه‌ی ئاوا خۆفێكی ده‌خسته‌ ناو شاره‌كه‌‌ كه‌ منداڵه‌كان ده‌تۆقیان وله‌ ترسا زاڵه‌ ته‌ره‌ك ئه‌بوون. كۆرپه‌كان و ساواكان و منداڵه‌كانی شاره‌كه‌ خه‌ویان لێ بڕیا بوو به‌ شه‌و به‌ ڕۆژا ده‌گریان .ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ باری ده‌روونیه‌وه‌ هێندێ لاواز بوون هه‌موو جۆر نه‌خوشینی ده‌روونی پێاناپێچرابوو.

له‌ هه‌مان كاتا كه‌ پاسداره‌ بكوژه‌كان به‌ كرده‌وه‌ سنه‌ییه‌كانیان كۆمه‌ڵكوژ ده كرد سه‌رهه‌نگ سه‌دری ده‌ستی كردبووه‌ شه‌ڕێكی ده‌روونی.له‌ وتووێژێكی ڕادیوییدا ڕای ده‌گه‌یاند كه هه‌ر چێ زووتر چووار له‌شكه‌ری ئێران به‌ سه‌دان تانك و هه‌موو جۆر چه‌كێكی قورسه‌وه‌ له‌ چووار لای سنه‌وه‌ دێن و شاره‌كه‌ دابڕ ده‌كه‌ن. له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیا ده‌یگوت كه‌ هه‌ر ئێستا له‌شكه‌رێك له‌ كرماشان و له‌شكه‌رێك له‌ هه‌ماانه‌وه‌ خه‌ریكن له‌ دوو ڕێگای جییاوه‌ به‌ره‌و سنه‌ پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن تاكوو به‌ هێرشێكی هه‌ره‌مه‌زن به‌رگری خه‌ڵكه‌كه‌ تێك بشكێنن.
هاوكات له‌ گه‌ڵ شه‌ڕی فیزیكی و ده‌روونی ،فارسه‌كان ده‌ستیان كردبووه‌‌ گه‌مارۆ دانی شاره‌كه‌. نه‌ ته‌نیا له‌ هاتنی كه‌رسته‌ی خوراكی،ده‌رمان و سووته‌مه‌نی به‌رگیریان ده‌كرد به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی ده‌رمان و خوراك گیریان بكه‌وتای زه‌وتیان ده‌كرد.
بازاڕ ودوكانه‌كان به‌ تێكڕایی داخرابوون. ڕێبه‌رایه‌تییه‌كان وخوێندنگاكان به‌سترواو بوون.به‌ڵام ناوه‌ندی ده‌رمانییه‌كان به‌ خزمه‌تگوزاری درێژه‌یان ده‌دا. له‌ ڕۆژگه‌لی ده‌ستپێكی شه‌ڕا نانه‌واخانه‌كان چه‌ند كاتژمێرێ له‌ ڕۆژا ده‌گه‌ڕیان.

خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بۆ خۆپارێزتن له‌ مووشه‌ك وقۆمپاره‌ی فارسه‌كان په‌نایان بردووه‌ ژێر خانه‌كان.
زۆربه‌ی لاوه‌كانی شاره‌كه‌ له‌ ژن بگره‌ تا پیاو بێ‌ وچان به‌ هه‌مو بارێكاله‌ جموجۆڵا بوون. پیاوه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ته‌نشت پێشمه‌رگه‌كانا له‌ هه‌موی به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌ به‌رگریان ده‌كرد.
هێندێكیچ تاقمه‌گه‌لی فریاڕه‌سیان پێك هێنا بوون كه‌ به‌ ماشینه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ ژێر بارانی خۆمپاره‌ و ڕاكێتی هێلیكۆپتره‌كانی پاسداره‌كانا تا ئه‌و جێگا كه‌ بیانتووانیای ئه‌گه‌یشتنه‌‌ فریای كه‌سان و بنه‌ماڵگه‌رێ كه‌ خومپاره‌ خوواردبووییه‌ ماڵه‌كایانا و به‌ بێ گومان كوشته‌و برینداری به‌ جێ هێشتبوو.
هێندێكی دیكه‌ له‌ لاوه‌كان تاقمه‌گه‌لێكیان پێك هێنابوو كه‌ كه‌رسته‌ی خوارده‌مه‌نیان به‌ ناو بنكه‌كانا دابه‌ش ده‌كرد.
فره‌یك له‌م خوارده‌مه‌نیگه‌له‌ هه‌ر ئه‌وكه‌رسته‌گه‌له‌ بوون كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كمی شه‌ڕا له‌ له‌شكری ئێران زه‌وت كرابوون و هێندێكیچی خه‌ڵكی باشه‌ره‌ف و نیشتمان په‌ره‌ستی دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ری سنه‌ بوو كه‌ به‌ شه‌وانا به‌ كه‌روهێسرو قاتر به‌ تووله‌ڕێگاكانه‌وه‌ ئه‌یانگه‌یانده‌ ناو شار.‌ بنكه‌كانیچ خوارده‌مه‌نییه‌كانی دابه‌ش ده‌كرده‌ نیوان خه‌ڵكه‌كه‌.

یه‌كێك له‌ هاووڵاتیان به‌ نێوی‌ نه‌سته‌ره‌ن ئه‌. ده ڵێ:<< ئه‌و ده‌مه‌ من شازده‌ حه‌ڤده‌ساڵم بوو ،له‌ بنكه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمانا له‌ بن خیابان فه‌ره‌حا وه‌كوو فریاڕه‌س ئالیكاریم ده‌كرد. كاری ئێمه‌ بریتی بوو به‌ گه‌ڕان له‌ ناو كۆڵانه ته‌نگ و باریكه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌و بردنی برینداره‌كان هه‌تا سه‌ر خیابان و شاكوچه‌كان تاكو فریاڕه‌سگه‌لێ كه‌ به‌ ماشینه‌كانیان به‌ ناو شارا ده‌سووڕیانه‌وه‌ بتوانن بیانبه‌نه‌ ده‌رمانگا‌ یان ‌ خه‌سته‌خانه‌ ی شۆهه‌دا. له‌ بیرمه‌ كه‌ كۆڵه‌پشتیكم بوو،‌ ته‌نیا چه‌ن پانسمانێك و كه‌مێ چه‌سپ وبتریكی میكرۆكرۆمی تێدا بوو. له‌ ڕاسته‌قینه نه‌ ته‌نیا تیمارگه‌ریم نه‌ده‌زانی به‌ڵكوو ‌به‌و چتا‌نه‌یچه‌ كه‌ بووم ته‌نیا ده‌متووانی برینگه‌لێكی بانڕووییان پێ پانسمان بكه‌م.كاتێ كه‌ ده‌‌گه‌یشتمه‌ بان سه‌ر بریندارگه‌لێكی گرینگ هیچكارێكم پێ نه‌ده‌كرا ته‌نیا هه‌ڕام ده‌كرد سه‌ر خیابان یان شاكوچه‌ كه‌ فریاڕه‌سگه‌لێ كه‌ ماشینیان بوو ئاگادار كه‌م تاكوو برینداره ‌كه‌ هه‌ر چێ زووتر ببه‌نه‌ خه‌سته‌خانه‌. جار وا بوو كه‌ برینداره‌كه‌ ئه‌ونده‌ حاڵی خه‌راپ بوو كه‌ ئه‌وانیچ نه‌یانده‌تووانی كارێكی بۆ بكه‌ن‌. بۆ نموونه‌ ڕۆژێ ڕۆیشتبوومه‌ فریای بنه‌ماڵێ كه‌ قۆمپاره‌یك خوواردبوویه‌ ناو حه‌وشه‌كه‌یانا. كاتێ كه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێنه‌ دایكێكم دی كه‌ له‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ دانیشتبوو ، سه‌ری ساواكه‌ی له‌ بان باوشیه‌وه‌ بوو،كاتێ كه‌ نیزیك بوومه‌وه‌ دیم كه‌ ڕووده‌ی منداڵه‌كه‌ له‌ ژێر كراسه‌كه‌یه‌وه‌ شۆڕبووه‌ته‌وه‌‌. ئه‌مه‌م كه‌ دی به‌ هه‌ڕاهه‌ڵگه‌ڕیامه‌وه‌كه‌ فریاڕه‌سه‌كان ئاگادار كه‌م…. ڕۆژێكی دیكه‌ بریندارێكم دی كه‌ شراپنێلی قۆمپاره‌یك ئێسكی سه‌ری په‌راندبوو و مێژمان ده‌دی …..بینینی ئه‌م دیمه‌نانه‌ گورزێك بوو به‌ ڕۆح و گیانی هه‌ر مرۆڤێكداكه‌ ئاوا ناخوشینێكی ده‌روونی پێدا ئه‌پێچاندكه‌ ٣٥ ساڵ به‌ شوێن ئه‌و ڕووداوه‌ ئێستایش هه‌ر به‌ نیمه‌ شه‌وا خه‌وه‌رم ده‌كاته‌وه‌. جگه‌ له‌ فریاڕه‌سی كارێكی دیكه‌ كه‌ له‌ بنكه‌ به‌ ئه‌ستۆمانا بوو‌‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ خوارده‌مه‌نیك كه‌ به‌ ده‌ستمان ده‌گه‌یشت بڵاو كه‌ینه‌وه‌‌‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمانا. له‌ بیرمه‌ كه‌ بنكه‌كه‌مان‌ ده‌ستی كێشابووه‌ سه‌ر هوماری چێشت خانه‌ی دانشسه‌رای ته‌ربیه‌ت موعه‌لێم و خوارده‌مه‌نێكی زۆر به‌ تایبه‌ت قۆتووی كونسێرڤی ماسی ولوبیا و ڕوب تۆماتێزێكی زۆروه‌ ده‌ستمان گه‌یشتبوو كه‌ هه‌موومان به‌ سه‌ر دانیشتووانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مانا دابه‌ش ‌كرد.>>

نه‌سته‌ره‌ن ئه‌. له‌ درێژه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانیا ده‌ڵێ: << كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌ سێ ماڵی تێدا بوو. ماڵی ئێمه‌، ماڵی حه‌میه‌خانم و ماڵی حاجی ئێقباڵ. حاجی ئێقباڵ پیاوێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوو ماڵێكی دووقاتی بوو كه‌ ژێرخانێكی فره‌ گه‌وره‌ی تێدابوو. ژن و منداڵانی ئه‌م سێ بنه‌ماڵه‌ كه‌ نیزیكه‌ی پازده‌ كه‌س ئه‌بووین له‌ ناو ئه‌و ژێڕخانه‌‌ جێمان گرتبوو. به‌ ناو ڕۆژا،دایكم هه‌ر وه‌كوو حه‌میه‌ خانم و هه‌ر دوو ژنه‌كه‌ی حاجی ئێقباڵ ده‌ڕویشتنه‌وه‌ ماڵی خۆیان و خوارده‌ مه‌نیكیان به‌ په‌له‌ په‌ل ئاماده‌ ده‌كرد و ده‌یانهاورده‌ ژێرخانه‌كه‌. زۆرجار هه‌موومان هه‌رچێكمان بوای له‌ ناو یه‌كا به‌شمان ده‌كرد و ده‌مان خوارد. خوارده‌مه‌نییه‌كان فره‌تر بریتی بوون له چێشتگه‌لێكی ساده‌ وه‌كوو‌ حه‌ڵوا و سێفزه‌وینی وپیاز و كه‌ته‌… چتێكی دیكه‌ م كه‌ له‌ بیره‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ منداڵه‌ بووچكۆله‌كان به‌ شه‌و به‌ ڕۆژا ده‌گیریان و‌ داوێنی دایكیان به‌ر نه‌ده‌دا . كاتێ كه‌ توواشایانم ده‌كرد یان فرمێسك له‌ چاویان ده‌هات یان شوێنی فرێسكی وشكم له‌ بان گۆپیانه‌وه‌ ئه‌دی…به‌ ڕاستی سه‌خت بوو… پیاو و كوڕه‌ گه‌وره‌كان له‌ ناو ڕۆژا هه‌ر له‌ هاتن و چوونا بوون و به‌ شه‌واله‌ ماڵه‌كانی خۆیانا یاكوو له‌ بنكه‌كانا ده‌نووستن.>>

سێ شه‌مه‌ دووی گۆڵان سێهه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
ئه‌وجۆره‌ی كه‌ بۆمان ده‌ر كه‌وت به‌یانی زوو‌، پاسداره‌كانی جێنشین له‌ فڕۆكه‌خانه‌ ده‌یانویست هێرش ‌كه‌نه‌ باشووری شاره‌كه‌وه‌.به ڵام پێش ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ست كه‌نه‌ په‌لاماردان، به‌ پێ تی ڤی نه‌ورۆز كاتژمێر یه‌كی به‌یانی فانتۆمه‌كانی ده‌وڵه‌ت چه‌ندین جار دیواری ده‌نگیان له‌ بان شاره‌كه‌وه‌ شكاند پاشان كاتژمێر پێنجی به‌یانی دیسان هه‌ر ده‌ خوله‌یك جارێ دیواری ده‌نگیان ده‌شكاندو هێلیكۆپتره‌كانیان سنه‌یان گردبووه‌ به‌ر ڕاكێت‌ و له‌ هه‌مان كاتداله‌ سپاگه‌وه‌ سه‌ربازه‌كان ده‌ستیان كردبووه‌ قۆمپاره‌باران كردنه‌ ی گه‌ڕه‌كه‌كان.
له‌ ڕاسته‌قینه‌ ئامانجی ده‌وڵه‌ت له‌ چڕكردنی بۆمبارانه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێشمه‌رگه‌كان بخاته‌ حاڵه‌تی به‌رگری له‌و په‌ڕ شاره‌وه‌، تاكوو پاسداره‌كانیان بتوانن به‌ بێ زه‌حمه‌ت له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ خۆیان بگه‌یننه‌‌ باشووری شاره‌كه‌وه‌.

هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كمی شه‌ڕه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ سه‌ربازه‌كانی سپاگه‌ نه‌توانن له‌ سه‌ربازخانه‌وه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌،پێشمه‌رگه‌كان گرینگیكی تایبه‌تیان به‌ به‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌ربازخانه‌ ده‌دا،بۆیه‌ كه‌ له‌ پاشماوه‌ی به‌ره‌كان نه‌یانده‌توانی ئه‌و جۆره‌ی كه‌ هه‌بووا به‌رگری بكه‌ن.
پاسداره‌كان به‌مه‌ شوێنیان بردبوو. بۆیه‌ كه‌ له‌ باشووره‌وه‌ هێرشیان برده‌ سه‌ر شاره‌كه‌ و تووانیان له‌ چه‌ند كاتژمێرا ساختمانی ڕادیوتێلێڤیزیۆن و ته‌پۆڵه‌ی بلوار و ساختمانی رستووران بان بلوار دابڕ كه‌ن و تۆپ و تانكه‌كان و ته‌كتیره‌نازه‌ بكوژه‌كانیان له‌وێڕا دابمه‌رزنن. به‌ دابڕ كردنی ئه‌م شوێنانه‌ باشوور- ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ ئاسانتر كه‌وته‌ ژێر ئاگری تۆپ و تیری تفه‌نگه‌ دووربیندار و دوورهاوێژه‌ كانی ته‌كتیره‌نازه‌ بكوژه‌كانیان.

له‌م ڕۆژه‌ كه‌ سێهه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ بوو له ده‌وروبه‌ر سه‌ربازخانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ‌ گردی گه‌ڕۆڵا شه‌ڕ به‌ تووندی درێژه‌ی بوو. پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسی ئه‌م به‌ره‌ بوون. ئه‌م به‌ره‌ سه‌ره‌كیترین به‌ره‌ی شه‌ره‌كه‌ بوو.هێزه‌كانی ئێڕانی له‌ ڕۆژای شاره‌وه‌ چه‌ندین جار به‌ هه‌مووی تووانایی خویانه‌وه‌ په‌لاماریان ده‌دا سه‌ر پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر جار له‌ به‌رانبه‌ر به‌رگری ئه‌و قاره‌مانانه،‌ به‌ خۆیان و كوشته‌و برینداره‌كانیانه‌وه‌ پاشه‌كشیان ده‌كرد. ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌كان ڕاسته‌خۆ هیچكامیان خۆبه‌خت نه‌كران به‌ڵام سه‌ربازه‌ فارسه‌كان هه‌ر كات كه‌ پاشه‌كشیان ده‌كرد گه‌ڕه‌كه‌كانیان ده‌خسته‌ ژێر بارانی خۆمپاره‌ی خۆیانه‌وه‌. هه‌ر ئان و ساتێ شارستانیك یان خۆبه‌خت ده‌كرا یان بریندار.

خه‌سته‌خانه‌كه‌ پڕ بوو له‌ بریندارگه‌لێ كه‌ گیانیان له‌ مه‌ترسه‌دا بوو.سه‌رد‌خانه كه‌ی‌ پڕ بووبوو له‌ ته‌رمی هاووڵاتییه‌ كان.هۆی بوونی ئه‌وهه‌مووه‌ ته‌رمه‌ له‌ سه‌ردخانه‌ی خه‌سته‌خانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێران ته‌نانه‌ت وازی له‌ مردووه‌كانیچی نه‌ده‌هاورد،به‌ تۆپ و موشه‌ك و خۆمپاره‌ و تیری ته‌كتیره‌نازه‌كانی ڕێگای گۆڕستانی شاره‌كه‌ی‌ بڕیبوو ونه‌یده‌هێشت كه‌ كورده‌كان خۆبه‌خته‌كانی خۆیان بنێژن!!!. خه‌ڵكه‌كه‌ ناچار بوون ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ ده‌مردن له‌ سه‌ردخانه‌كه‌یا ڕابگرن. ئه‌وانه‌یچه‌ كه‌ له‌ ناو ماڵه‌كانی خۆیانا ده‌مردن كه‌س و كاریان له‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ی خۆیانا ده یا‌نێژا.
هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كمی شه‌ڕه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران شاره‌كه‌ی به‌ هه‌موو بارێكه‌وه‌ گه‌مارۆ دابوو.

به‌ هۆی گه‌مارۆی ئابووری شاره‌كه‌ پێداویست وكه‌رسته‌ی ده‌رمانی بێ ئه‌ندازه‌ كه‌م بوو. پزیشكه‌كان به‌ هه‌زارو یه‌ك زه‌حمه‌ت برینداره‌كانیان ده‌رمان ده‌كرد.
پزیشكه‌كان، تیماركه‌ران وكاركه‌رانی خه‌سته‌خانه‌ بێ وچان به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ خزمه‌تگۆزاریان ده‌كرد. ته‌نیا دوو سێ كاتژمێر له‌ ڕۆژا ده‌نووستن.
ئێستا كه‌ هێزه‌كانی ڕژیم ‌ له‌ بان بلواره‌وه‌ بنكه‌یان گرتبوو به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ باشوور-ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ كه‌وتبووه‌ ژێر ئاگریانه‌وه‌. خه‌سته‌خانه‌ی تازه‌ سازی قانعیچ كه‌وتبووه‌ گۆڕه‌پانی تیریان . ته‌كتیره‌نازه‌‌ فارسه‌كان به‌ تفه‌نگه‌ دووربیندار و دوورهاوێژه‌كانیانه‌وه‌ به‌ ئاسانی خه‌سته‌خانه‌كه‌یان ده‌پێكا. فره‌یك له‌ برینداره‌كانیان خۆبه‌خت كرد،كه‌ ئه‌مه‌یچه‌ بۆ خۆی یه‌كێكی دیكه‌ له‌ جناتاتی جه‌نگی بوو كه‌ ده‌بێ به‌ سییاهه‌ی جنایه‌ته‌كانی جه‌نگی ده‌وڵه‌تی ئێران كۆ بكرێته‌وه‌. به‌ ناچار كاركه‌ران خه‌سته‌خانه‌كه‌یان به‌ جێ هێشت و بریندارگه‌رێك كه‌ زیندوو مابوون به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت برده‌ خه‌سته‌خانه‌ی شوهه‌دا ،،په‌هله‌وی جاران،خه‌سته‌خانه‌ی شوهه‌دا‌ كۆنتروبووچكتر بوو. باڕستی په‌زێرایی له‌و هه‌مووه‌ برینداره‌، كه‌ ئان به‌ ئان هژماریان فره‌تر و فره‌تر ئه‌بوو نه‌بوو.ڕێوبه‌رانی ناچار بوون كه‌ هۆده‌كه‌گه‌لی به‌ڕێبه‌رایه‌تی و ته‌نانه‌ت ڕاڕه‌وه‌كانیچ كه‌ن به‌ ژووری نه‌خۆشه‌كان.
بۆ ده‌رمان كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ چه‌ندین ده‌رمانگه‌ ی گه‌ڕۆكیان دروس كردبوو كه‌ نه‌خوشگه‌لی ئاساییان تێدا تیمار ده‌كرد.
تاقمه‌یكی پزیشك و نه‌شته‌رگه‌ری مرۆڤدۆست هاتبوونه‌ سنه‌.به‌ یارمه‌تی خانم شه‌هین باوه‌فاكه‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌سته‌خانه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو یه‌كمین ده‌رمانگای گه‌ڕۆكیان له‌ ژێر یه‌كێك له‌ ساختمانگه‌لی شارا دروست كرد.
خانم شه‌هین باوه‌فا یه‌كێك له‌ كه‌سانی ده‌گمه‌ن بوو كه‌ شه‌وڕۆژ له‌ گه‌ڵ پزیشكه‌كانی خه‌سته‌خانه‌ كاری ده‌كرد. به‌ هۆی خۆمپاره‌بارانی بێ وچانی پاسداره‌كان نه‌شته‌رگه‌ره‌كان له‌ ژێر خانی ساختمانه‌كه‌ برینگه‌ریان ده‌كرد ‌.

چووار شه‌مه‌ سێ گوڵان چووارمین ڕۆژی شه‌ڕ
له‌چووارمین ڕۆژ‌ی شه‌ڕه‌كه‌ رژیم هه‌ر وه‌ها به‌ ته‌قاندنی تۆپ و هاوێژتنی مووشه‌ك و خومپاره‌ به‌ سه‌ر شاره‌كه‌ درێژه‌ی ده‌دا.پاسداره‌كان جێگه‌گه‌لێكی تایبه‌تیان له‌ شاره‌كه‌ نه‌ده‌پێكا. كوێر كوێرانه‌ هه‌مووی جێگای شاره‌كه‌یان به‌ نیشانه‌ ده‌گرد، وا دیار بوو كه‌ ئامانجی فارسه‌كان كورد كوژی یان ژێنوسایدی كورد بوو. له‌ زمانی یاساییا به‌ مه‌ ده‌ڵێن جنایه‌ت دژی مرۆڤ crime against humanité و genocidكه‌ به‌ ڕۆژی خۆی به‌رپرسانی ئه‌م جنایه‌تانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهه‌ ده‌بێ وڵامی جنایاته‌كانیان بده‌نه‌و سزا بدرێن.

دڕی و دڕنده‌یی فارسه‌كان له‌م شه‌ڕه‌ وا بوو كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وجۆره‌ی كه‌ تی ڤی نه‌ۆرۆز ده‌ڵێ ده‌ره‌جه‌دارێكی فارس كه‌ پسپۆڕی قۆمپاره‌هاوێژتن بوو و نه‌یده‌توانی به‌ كۆمه‌ڵ كۆژی خه‌ڵكی بێ گۆناح درێژه‌ بدات خۆی له‌م ڕۆژه‌ ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.
له‌م شه‌ڕه‌ هێلیكۆپتێره‌ تۆپداره‌كانی ڕژیم ڕاكتیان ده‌هاوێژته‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌و به‌ ڕه‌شاشه‌گه‌لی ٦٨ میلیمیتری خۆیان، مه‌ردمی بێ گۆناحیان ته‌نانه‌ت له‌ ناو ماڵه‌كانی خۆیانا ده‌پێكاند و ده‌كوشت. هه‌رڕۆژ ده‌ها كه‌س به‌م شێوه‌ خۆبه‌خت و بریندار ده‌كران.
من بۆ خۆم بۆ شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سنه‌ نه‌بووم به‌ڵام دایك و باوك و براكانم له‌ وێ بوون. كاتژمێر یازده‌ی به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌ قۆمپاره‌یك خواردبوویه‌ بان هوێشخانه‌كه‌مانا باوك و براكانم له‌ بنكه‌ ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مانا ئه‌بن و دایكم له‌ ئۆتاق نشیمه‌نه‌كه‌ خه‌ریكی كاری ماڵ و گیانی ساق به‌ ده‌ر ده‌با.
ته‌كتیره‌نازه‌ بكۆژه‌كانی ڕژیم كه‌ له‌جێگاگه‌لی ستراتێژیكی شاره‌وه‌ وه‌كوو قه‌ڵا و دیتنگای بلوار بنكه‌یان گرتبوو، به‌ تفه‌نگه‌ دووربینداره‌كانی خۆیانه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێكیان بدیای ده‌یانكوشت.

كاكه‌ حه‌مه سه‌یار ‌ ئه‌ڵێت كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ هێلیكۆپترێكی كۆبرای دی كه‌ له‌ بان گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌ربازخانه‌وه‌ خه‌ریكی هاوێژتنی ڕاكت وبه‌ ڕه‌شاشه‌ ٦٨ میلیمیترییه‌كانی خۆیه‌وه‌ خه‌ریكی تیربارانی خه‌ڵكه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌وته‌ به‌ر ئاگری پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كورد ‌و كه‌وته‌خوواره‌وه‌. لێخۆڕو یارمه‌تیده‌ره‌كه‌ی كه‌وتنه‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌.

هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌كان هه‌وڵێكی زۆریان دا كه‌ قه‌ڵا دابڕ كه‌ن چوونكوو ئه‌م پنته‌ شوێنێكی ستراتێژیكی بوو. قه‌ڵا به‌رزه‌كێكه له‌ ناو ڕاستی شاری سنه‌وه‌‌ كه‌ زاڵه‌‌ به‌ سه‌ر به‌شێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ له‌ گه‌ڕه‌كگانی قه‌تارچیان، سه‌رته‌پۆڵه‌،ئاغه‌زه‌مان، قه‌ڵا چووارلان و جۆراوا. له‌وێڕا، ‌كه‌ ته‌كتیره‌نازه‌ بكۆژه‌‌كانی ڕژیم كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ ‌ هاتبوون و تێابنكه‌یان گرتبوو به‌ چووارلای خویانا تیره‌نازیان ده‌كرد . نه‌ به‌ ژن نه‌ به‌ پیاو نه‌ به‌ لاو نه‌ به‌ منداڵ نه‌ به‌ پیر نه‌ به‌ جوان به‌زه‌ییان نه‌ده‌هاته‌وه‌،به‌ دڕی و دڕنده‌یی تایبه‌تی به‌ فارسه‌كان،ئه‌وه‌یان كه‌ له‌ ناو دووربینی تفه‌نگه‌كانیانا ببینیایت ده‌یان كوشت. هیچ ماشینێ یان ئامبولانسێ نه‌یده‌تووانی به‌ ساقی له‌ گۆڕه‌پانی دیدیانا ڕه‌د بێت. ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم به‌ تایبه‌ت ته‌قه‌یان له‌ ئامبولانسه‌كان ده‌كرد چوون ده‌یانزانی كه‌ برینداری تێدایه‌ و پاش ئه‌وه‌ی كه‌ بگاته‌ خه‌سته‌خانه‌ بیكوژن. تیره‌نازی له‌ ئامبوڵانسه‌كان بۆ كوشتنی برینداره‌كان نه‌ ته‌نیا جه‌نایه‌تێكی دیكه‌ی جه‌نگی ئه‌م ڕژیمه‌ خوێنخواره‌ بوو كه‌ ده‌بێ به‌ سییاهه‌ی جنایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی كۆ بكرگێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر وه‌ها نیشانده‌ری ڕاده‌ی مرۆڤایه‌تی وشارستانه‌تی فارسه‌كان بوو كه‌ ده‌بێ له‌ مێژوودا بنووسرێت.‌

دابڕ كردنی قه‌ڵا ده‌یتووانی گیانی سه‌دهاوسه‌دها بێگوناح بپارێزێ،بۆیه‌ كه‌ نیشتمان په‌ره‌ستان تێده‌كۆشان كه‌ دابڕی كه‌ن. پێشمه‌رگه‌گه‌لی تاقمه‌ی ئارمانجی زه‌حمه ‌تكێشان له‌ دوو پنته‌وه‌: له‌ به‌ر سینما مۆبه‌ێن و پشت قه‌ڵاوه‌ ده‌ستیان كرده‌ هێرش كردن . هه‌ر چه‌نده‌ی كه‌ فره‌یك له‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌ره‌جه‌دارانی كوردێك بوون كه‌ یان له‌ له‌شكه‌ر به‌ تاوانی كورد بوون ده‌ر كرابوون یان خۆیان هه‌ڵاتبوون‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی پیویست ئه‌زموونی سه‌ربازیان بوو به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پاسداره‌كان به‌ چه‌كگه‌لی قورس و نیوه‌ سه‌نگین پڕچه‌ك كرابوون نه‌یانتووانی دزه‌كه‌نه‌ ناو قه‌ڵاكه‌. له‌و هێرشه‌ یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی تاقمه‌ی ئارمانجی زه‌حمه‌تكێشان به‌ نێو موسته‌فا ئابدارجگه‌ر وپێشمه‌رگه‌یكی دیكه‌ به‌ نێوی جه‌مشید مه‌نووچێهری خه‌ڵكی ئاوایی شۆشمێ سه‌ر به‌ شاری نه‌وسوو و عه‌زیز پێشمه‌رگه‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامان خۆبرخت كران.لاوێكی سنه‌یی به‌ نێوی مه‌هدی فاتمی ئه‌ندامی راه‌ كارگه‌ر به‌ گلوله‌یكی ٥٠ میلیمیتری له‌ ڕانه‌وه‌ بریندار كرا. له‌ ئه‌نجاما پێشمه‌رگه‌ كان ده‌ستیان له‌ قه‌ڵا به‌ردا.

پێنج شه‌مه‌ چوواری گوڵان پێنجمین ڕۆژی شه‌ڕ
كۆماری ئیسلامی به‌ مه‌به‌ستی پته‌و كردنی بنكه‌كانی له‌ بان قه‌ڵاوه‌، ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ چوواری مانگی گۆڵان سه‌ربازه‌ كانی به‌ تۆپ و تانك و نه‌فه‌ر به‌ره‌ زرێپۆشه‌كانیان له‌ سه‌ربازخانه‌وه‌ به‌ره‌و خیابان ئۆستانداری خسته‌ ڕێگاوه، كه‌ له‌وێڕا‌ خویان بگه‌یننه‌ بان قه‌ڵاوه‌.
به‌رگری له‌ خیابانی ئۆستانداری به‌ ئه‌ستۆی پێشمه‌رگه ‌كانی ڕێكخراوی چریكه‌كانه‌وه‌‌ بوو. به‌ڵام به‌ هۆی كه‌م بوونی هژماریان پێشمه‌رگه ‌كانی كۆمه‌ڵه‌و فره‌یك له‌ خه‌ڵكی چه‌كدار ڕۆیشتبوونه‌ یارمه‌تییان. به‌ر له‌ گزینگی به‌یانی، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ربازه‌كان كه‌ونه‌ ڕێگه‌وه‌، پاسداره‌كان ده‌ستیان كردبووه‌ خۆمپاره ‌بارانی سنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شه‌قامی ئۆستاندارییان‌ ده‌سنیشان كردبوو.به‌م چه‌شنه‌ ئه‌م ده‌مه‌وبه‌یانییه‌ فره‌یك له‌ خه‌ڵكی بێ به‌رگریان به‌ سییاهه‌ی خۆبه‌خت كراوان كۆ كرده‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ مه‌یلی خۆیان ناوچه‌كه‌یان خۆمپاره‌باران كرد سه‌ربازوپاسداره‌ فارسه‌كان به‌ تۆپ وتانك و زرێپۆشه‌كانیان ده‌ستیان كرده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سپاگه‌وه‌. سه‌ربازه‌كانی پیاده‌ تفه‌نگ به‌ ده‌ست له‌ په‌نای زرێپۆشه‌كانا به‌ ته‌قه‌و ته‌ره‌قه‌ وه‌ ئه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌. به‌ڵام ‌ به‌رانبه‌ربه‌ به‌رگری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ به شه‌ره‌فه‌ كانی كوردستان ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٨ ی به‌یانی هه‌موویان پاشه‌كشیان كرد.
پاش ئه‌م دووادوواچوونه‌وه،‌‌ پاسداره‌كان خۆمپاره‌بارانه ‌كه‌یان به‌ سه‌ر شاره‌كه‌ چڕ كرده‌وه‌. به‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه ‌كانیانه‌وه‌ له‌ بان شاره‌كه‌وه‌ په‌یتاپه‌یتا دیوواری ده‌نگیان ده‌شكاندو هێلیكۆپتره‌ تۆپداره‌كانیان ڕاكتیان به‌ سه‌ر ئه‌و جێگاگه‌له‌ كه‌ خۆمپاره‌ كانی له‌شكه‌ری كۆماری ئیسلامی نه‌یپێكابوو ده‌هاوێژت. به‌ پێ تی ڤی نه‌ۆرۆزله‌ هه‌مان كاتدا ڕادیو تاران ڕای ده‌گه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ سنه‌ ئارام بووه‌ و ته‌قه‌ی تفه‌نگمان تێانه‌بیستووه!!!!!!
پاشان دیسان كاتژمێر نۆ ونیمی به‌یانی سه‌ربازه‌كان به‌ تۆپ وتانك و زرێپۆشه ‌كانیانه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌‌. به‌رامبه‌ر به‌ برگری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌كان،‌ پاش كوشته‌یكی فره‌ بۆ دووهه‌مجار دیسان ناچار كه‌وتن كه‌ پاشه‌ كشی بكه‌ن.

نیزیكه‌ی كاتژمێڕ ١١ی به‌یانی ئێرانییه‌كان بۆ سێهه‌م جار دیسان هه‌وڵیان دا كه‌ بێنه‌ ناو شاره‌وه‌. وا دیار بوو كه‌ چڕی خۆمپاره‌بارانه‌كه‌و شكاندنی بێوچانی دیواری ده‌نگ تێكه‌ڵ به‌ ره‌هێڵی‌ ڕاكێتی هێلیكۆپتره‌كان پێشمه‌رگه‌ی ئه‌ونده‌لاوازكردبووه‌وه‌ كه‌ ده‌وروبه‌ر كاتژمێر١٢سه‌ربازه‌كان تووانیان له‌ سپاگه‌وه‌ خۆیان بگه‌یننه‌ ساختمانی ئۆستاندارییه‌وه‌. به‌رانبه‌ر به‌ پێشڕه‌وی سه‌رباز و پاسداره‌كان پێشمه‌رگه‌ كانی ڕێكخراوه‌كان ده‌ستیان كردبووه‌ پاشه‌كشی.به‌ڵام چه‌ند پێشمه‌رگه‌یك كه‌ له‌ هاوڕێه‌كانیان بڕابوون قاره‌مانانه‌ هه‌ر به‌ به‌رگری درێژه‌یان ده‌دا. هاو كات له‌ گه‌ڵ پێشڕه‌وی تانك و زرێپۆشه‌كان له‌ ناو خیابان ئۆستاندارییه‌وه‌، هێزه‌كانی پیاده‌ی ڕژیم و پاسداره ‌كان و نه‌وكه‌ره‌جاشه‌كانیان ده‌ستیان كردبووه‌ پشكاندنی گه‌ره‌كه‌كانی ئه‌ملاو ئه‌ولای خیابانه‌كه‌وه‌. ده‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ خه‌ڵكیان ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرد و ده‌یانگوستاوه‌‌ بۆسپاگه‌.

بینینی ئه‌م دیمه‌نانه‌ ئێمه‌یان ده‌خسته‌ بیری له‌شكه‌ركێشی نازییه‌كان له‌ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیا كه‌ پاش دابڕ كردنی شارێك چلۆن دانیشتووانیانی به‌ دیل ده‌گرت و ده‌یانگۆستاوه‌.
په‌یوه‌ندی ئه‌م گه‌ڕه‌كانه‌‌ له‌ گه‌ڵ شاره‌كه‌ بڕابوو پێشمه‌رگه‌ نه‌یده‌توانی بگه‌یته‌ فریای خه‌ڵكه‌كه‌.

بۆ چاوترس كردنی كورده‌كان پشكاندنی خانووه‌كان بووبوو به‌ به‌هانه‌یكی باش كه‌ پاسداره‌كان دڕی ودڕنده‌یی و ڕاده‌ی شارستانه‌تی ڕژیمی تاران بنوێنن.‌ پاسداره‌كان ئه‌گه‌ر كه‌سێكیان بدیای كه‌ له‌ خه‌باتگێڕده‌چوو ده‌س به‌ جێ له‌ به‌ر چاوخه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه ‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یا تیربارانیان ده‌كرد‌. بۆ سه‌لماندنی دڕی و دڕه‌نده‌ یی خۆیانه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ی كه‌ ئه‌ڵێن هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پاسدارێك كه‌ به‌ زاراوی ئیسفه‌هانی قسه‌ی ده‌كرد بریندارێكی له‌ پشت ئۆستاندارییه‌وه‌ له‌ به‌ر چاو منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ كوته‌ كاشی سه‌ر بڕیبوو.

له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ پێشمه‌رگه‌یكی قاره‌مان و نیشتمان په‌ره‌ست به‌ نێوی بێهرووز ئه‌سه‌دی ئه‌رده‌ڵان و هاوڕێه‌ دلێرو بوێره‌كه‌ی ئه‌میر مێهره‌بانی‌ هه‌ر دوویان له‌ بان ڕێبه‌رایه‌تی ئاوا له‌ نیزیكی بنكه‌ی ده‌ره‌به‌یان بێخه‌وه‌ر له‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌كان پاشه‌كشیان كردووه‌وپاسداره‌كان گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان دابڕ كردووه‌ به‌ به‌رگری درێژه‌یان ده‌دا. كاتێ كه‌ گولله‌یان نامێنێ له‌ ساختمانه‌كه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌ كه‌ ‌ پاشه‌كشی بكه‌ن. له‌ به‌ر درگاكه‌ بكوژه‌كانی رژیم گه‌له‌كۆمه یان لێ ده‌كه‌ن،ده‌سبه‌سه‌ر یان ده‌كه‌ن و ده‌س به‌ جێ له‌ به‌ر چاو خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ تیربارانیان ده‌كه‌ن.
له‌ پشت په‌نجه‌ره‌ی باڵاخانه‌ی ماڵێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌یڕووانییه‌ به‌ر درگای ڕێبه‌رایه‌تییه‌كه‌،خویشكه‌ ناهمێیه‌كه‌ی ئه‌میر دی كه‌ چلۆن پاسداره‌كان براكه‌ی و بێهرووزیان ده‌سبه‌سه‌ر و تیرباران كردوبه‌ گوێ خوی بیستی كه‌ چلۆن له‌ كاتی تیر بارانا درۆشمی مردن بۆ ڕژیم و ئازادی بۆ كوردستانیان ده‌دا.
خویشكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی ئه‌میر به‌ هاواروداكردن وبه‌گریان ، به واوه‌یلا كردن وبه‌‌ قێڕیان، به‌ ڕۆڕۆكردن و به‌ خۆڕنین، به‌ هه‌ڕاهه‌ڕا ،به‌ پای په‌تییه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ بان ته‌رمه‌كان.

له‌ ترسی ئه‌وه‌یكه‌ فارسه‌كان له‌شی براكه‌یو هاوڕێه‌كه‌ی ته‌فروتوون نه‌كه‌ن له‌ كاتێكدا عازای عه‌نامی له‌ بینینی خوێنی براكه‌ی ده‌له‌رزاو هۆڕهۆڕ ده‌گریا وبه‌ر چاوی ڕه‌ش بوو و په‌نای بۆ ئاسمان ئه‌برد،به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت و مه‌ینه‌ت ئه‌وچنگه‌ پێشه‌ ته‌رمه‌كان به‌ره‌و چه‌می حاجی نه‌سێ ده‌كێشنێ . هه‌ر به‌ ده‌ستی ڕووته‌وه‌ خاكه‌ نه‌رمه‌كه‌ی لای چه‌مه‌كه‌ ئه‌داته‌ ڵاوه‌و چاڵێك ده‌كه‌نێ و ته‌رمه‌كان تێدا ده‌نێژێ.

فه‌رمانده‌كانی ڕژیمی ئیسلامی هێزه‌كانی خویان به‌ هه‌موی گه‌ڕه‌كه‌كانا بڵاو ‌كردبوه‌وه‌‌. پاسداره‌كان و جاشه‌كان دڕندانه، دار و درگاو دیواری ماڵه‌كانیان له‌ هه‌موو كۆڵانێكداتیرباران ده‌كرد. ماڵه‌ چۆڵه‌كانیان تاڵان ده‌كرد.ده‌ڕۆیشتنه‌ ناو حه‌وشی ماڵه‌كان وقێڕه‌ قێڕ فه‌رمانیان به‌ خڵكه‌كه‌ ده‌دا كه‌ له‌ ماڵا بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌ولاوانه‌ی كه‌ محاكمه‌كانی چه‌ند خولكی ئایه‌تۆڵا خه‌ڵخاڵی و تیربارانیه‌كانی به‌ كۆمه‌ڵی لاوه‌كانی سنه‌یان له‌ به‌ر چاو ده‌هێنا خویان له‌ ژێر خانه‌كانا ده‌شارده‌وه‌ . ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌دان كه‌س كه‌ له‌ خانووه‌كانی خویانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌وره‌و بووچك بگره‌ تا پیرو جووان چه‌ژن بووایت چه‌ پیاو چه‌ كوڕ بووایت یان كه‌نیشك هه‌موویانیان خستبووه‌ ڕێگا به‌ پیاده‌ به‌ره‌و سه‌ربازخانه‌. دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ له‌ ناو ته‌رمی خۆبه‌ختان و تانك و دووكه‌ڵی زرێپۆش و زیله‌ سووتاوه ‌كانی ڕژیما به‌ پا خیابانی ئۆستاندارییان به‌ره‌و سپاگه‌‌ ‌پێوا. له‌ ناوگرموهۆڕی سامناكی ته‌قینی تۆپ و ته‌قه‌ی چه‌كگه‌لی سوك و سه‌نگین، تێكه‌ڵ به‌ بۆنی بارووت و گۆگرد خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ربازخانه‌.

پاسداره‌كان دیله‌كانیان به‌ كۆمه‌ڵ ‌خسته‌‌ ناو ئاسایشتگاكان. له‌ ناو هه‌ر ئاسایشتگایك ئه‌ونده‌ خه‌ڵكیان تێ ده‌ترنجاندبوو كه‌ جێگای پا درێژكردنیان نه‌بوو. جاشه‌كان به‌ چڕ وچاوی داپۆشراوه‌ ده‌چوونه‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌ و بێ وچان وه‌كوو هێسر له‌قه‌یان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌وه‌شاند و بۆ ئه‌ربابه‌ فارسه‌كانیان خۆ شیرینیان ده‌كرد.تێده‌كۆشان خه‌باتگێڕه‌كان ده‌سنیشان كه‌ن وبیبه‌نه‌ لای حاجی مه‌سعود غه‌میان یان جۆ خۆریكی دیكه‌ كه‌ ڕاده‌ستی پاسداره‌كانی بكه‌ن. پاسداره‌كانیچ فره‌یكیان به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ به‌ ئه‌شكێڵ ده‌ كێشاو ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌كردو ده‌یان كوشت.ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زیندانی نه‌كرابوون پاش دوو سێ ڕۆژ ده‌سبه‌سه‌ری ئه‌هه‌ناردرانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌. له‌وه‌و دووا ئه‌وگه‌ڕه‌كگه‌له‌ له‌ ژێر چاودێری فره‌ نیزیكی پاسداره‌كان ماوه‌وه‌و نه‌یان ده‌هێشت كه‌ دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كگه‌له‌ به‌ هیچ جۆری له‌ گه‌ڵ پاشماوه‌ی شاره‌كه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌بێت.

له‌م ماوه‌دا دایك و باوكی بێهروز ئه‌سه‌دی ئه‌رده‌ڵان هه‌ر له‌ به‌ سه‌رهاتی كوڕه‌كه‌یان بێخه‌وه‌ر مابوون. له‌ ژێر خۆمپاره ‌وموشه‌كباراناته‌نیا ڕێگه‌یان بۆ دۆزینه‌وه‌ی خه‌وه‌رێ ،تلێفۆن كردن به‌م به‌و بوو كه‌ بێ به‌رهه‌م مابووه‌وه‌.

سێ ڕۆژ پاش ونبوونی ڕۆڵه‌كه‌یان،یه‌كێك له‌ خزمه‌كانیان كه‌ ماڵیان له‌و گه‌ڕه‌كه‌ بوو كه‌ بێهزاد خۆبه‌خت كرابوو تلێفۆنیان لێ ده‌كا. به‌ هه‌زار ئه‌گه‌رومه‌گه‌رو شایه‌د و مایه‌د وتیان كه‌ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر دوو ته‌رمیان له‌ چه‌م حاجی نه‌سێا ئه‌سپه‌رده‌كردووه‌ ئیمكانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ …..
چه‌ند ڕۆژ به‌ شوێن ئه‌م تلێفۆنه‌ ڕژیمی ئێران ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند. باوك ودایكی بێهروز له‌م ئاگربه‌سه‌ كه‌ڵكیان وه‌ر گرت تا بڕۆنه‌ چه‌می حاجی نه‌سێ گۆڕه‌كه‌ بده‌نه‌ لاوه‌. دیان كه‌ ته‌رمی بێهروزه‌.دیان كه‌ چه‌ند تیر له‌ نیزیكه‌وه‌ به‌ سه‌ر و سینه‌ی هاوێژا بوو .
له‌ گه‌ڵ قه‌وم وكه‌س وكاره‌كانیانا ته‌رمه‌كه‌یان نیا بان تاوتێكه‌وه‌ كه‌ له‌ گۆڕستانی سنه‌ بینێژن. له‌ ناو ڕێگا پاسداره‌كان ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن فره‌یك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ر ده‌چن به‌ڵام باوكی و هومایون براكه‌ی به‌ ڕێگاكه‌یان درێژه‌ ده‌ده‌ن. دیسان پاسداره‌كان ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن . ده‌بینن كه‌ ڕێگای گۆڕستانیان لێ به‌ستراوه‌ به‌ ناچار ته‌رمه‌كه‌ ده‌به‌نه‌وه‌ ماڵی خویان و له‌ ناو حه‌وشه‌كه‌ی خۆیانا ئه‌سپه‌رده‌ی ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌م ڕۆژه‌ جه‌نگ به‌ چڕی له‌ هه‌موی به‌ره‌كانی شه‌ڕا به‌ تایبه‌تی له‌ به‌ره‌ی خیابانی ئۆستانداری ،گه‌ڕه‌كی شێخان، گردی گه‌ڕۆڵ و كوێراوا درێژه‌ی هه‌بوو.له‌ ئاكاما چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی كوردستان خۆبه‌خت كران كه‌ بریتی بوون له‌:قوتبه‌دین گۆڵپه‌روه‌ر ئه‌فسه‌ری شۆڕشگێڕی كورد ڕه‌حیم موحه‌مه‌دپه‌نا ده‌ره‌جه‌داری شۆڕشگێڕی كورد. هه‌ر دوویان له‌ سپای ئێران هه‌ڵاتبوون و‌ پێشمه‌رگه‌ی تاقمه‌ی ئارمانجی زه‌حمه‌تكێشان بوون. پێكه‌وه‌ له‌ ناو سه‌نگه‌رێكا له‌ گه‌ڕه‌كی كوێراوا له‌ ژێڕ تیربارانی هێلیكۆپتره‌كانا گیانیان پێشكه‌شی كوردستان كرد و به‌ خوێنی سووریان هێندێ ڕووی ڕژیمیی ئیسلامیان ڕه‌شتر كرد . حه‌مید ئیفتخاری پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌ بنكه‌ی خۆبه‌خت سابر بدوحی خه‌باتی ده‌كرد له‌ گه‌ڵ دوو هاوڕێ خۆی به‌ نێوی ناسر موحه‌مه‌دی و عه‌لی ئه‌حمه‌دزاده‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری خیابانی ئۆستاندارییا خۆبه‌خت كران. هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كیه‌تی نیشتمانی به‌ نێوی عه‌لی شێعا له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌سراوا خۆبه‌خت كرا.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ۆرۆز پێشمه‌رگه‌كان تووانیان ستادی ژاندارمێری بگرن.

هه‌ینی پێنجی گۆڵان ششه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
‌هێزه‌كانی ڕژیم كه‌ ده‌ستیان به‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی نێوان سه‌ربازخانه‌و ئۆستاندارییا كێشابوو و په‌له‌په‌ل بنكه‌كانی خۆیان پته‌وكردبووه‌وه‌ ده‌یان ویست له‌ خیابان شاپووره‌وه‌ خۆیان بگه‌یننه‌ بان قه‌ڵاوه‌. به‌ڵام ده‌یانزانی كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نییه‌. فه‌رمانده‌ی له‌شكه‌رگه‌ له‌ ڕادیۆه‌وه‌ ڕای گه‌یاندبوو كه‌ ده‌یه‌وێت ئامبوولانسێ بنێرێته‌ بان قه‌ڵاوه‌ داواده‌كه‌ین كه‌ كورده‌كان ته‌قه‌ی لێ نه‌كه‌ن.
ده‌وروو وه‌ر نیوه‌ڕۆ ئامبوڵانسه‌كه‌ له‌ ئۆستاندارییه‌وه‌ كه‌وته‌ ڕێگا به‌ره‌و شه‌قامی شاپوور.

پێشمه‌رگه‌ ده‌یزانی كه‌ هه‌ناردنی ئه‌م ئامبولانسه‌ پڵانێكه‌ بۆ پێشڕه‌وی له‌ ناو شاره‌كه‌. له‌ سێڕێانی شه‌قامی ئه‌رده‌ڵانا ته‌قه‌ی لێ ده‌كه‌ن . دووسه‌ربازی كه‌ تێداده‌بێ له‌ ناو ده‌چن. كاتێ كه‌ توواشای ئامبوولانسه‌كه‌ ده‌كه‌ن ده‌بینن كه‌ ده‌به‌فرۆشه‌كان دوو ده‌به‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئاوییان تێدا نرابوو‌!
فه‌رمانده‌كان كه‌ دییان وا ناكرێ، ده‌وروبه‌ر كاتژمێڕ ٣و٤ی دووای نیوه‌ڕۆ دوو زیلی گه‌وره‌یان پڕ كردبوو له‌ پاسدارو به‌ ‌ شوێن دوو تانكی زرێپۆشه‌وه‌ هه‌ناردبوویانه‌ به‌ره‌و ناو شار. تانكه‌كان به‌ پاڵپشتی دوو هێلیكۆپتێری تۆپداره‌وه‌ ئه‌ملاو ئه‌ولای خیابانه‌كه‌یان ده‌كوتاوه‌و ده‌چوونه‌ پێشه‌وه‌و زیله‌كانیچ له‌ پشتیانه‌وه‌‌.
تانكه‌كان به‌ تۆپبارانكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌ملاوئه‌ولای شه‌قامی شاپوور ئه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌. هاو كات هێلیكۆپتێره‌كان له‌ بانه‌وه‌ ماڵه‌كانیان ڕاكێت بارانده‌كردو و به‌ ڕه‌شاشه‌ی ٦٨میلیمیتری بارانی تیریان ئه‌بارییه‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌. له‌‌ له‌شكه‌رگه‌وه‌ فارسه‌كان په‌یتاپه‌یتا خومپاره‌یان ده‌هاوێژته‌ ناو شاره‌كه‌ . هاوكات به‌م هێرشو په‌لاماره‌، جێته‌كانی بۆمبهاوێژی ڕژیم گه‌ڕه‌كگه‌لی په‌راوێزی شاریان:حاجیاو،گردیگه‌ڕۆڵ،فه‌یزاواوئه‌ولیابه‌گیان ڕاكێت و بۆمب باران ده‌ كرد. ده‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ خه‌ڵكی بێ گۆناحیان له‌ ژێر دارو دیواری ڕمیاگی ماڵه‌كانیانا له‌ ناوخوێنا ئه‌تلانده‌وه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ زیندوو ده‌مانه‌وه‌ به‌هاواروداوبه‌ گریان وپروكه‌پروكه‌وه‌ دارو به‌رد و خشت وئاجۆری ماڵه‌ڕماوه‌كانیانا ژێروڕوو ئه‌كرد.به‌ ئۆمێدی ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌رمی خوشه‌ویستێك بدۆزنه‌وه‌.دیمه‌نی ئه‌م بۆمبارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ردمه‌ن بوو كه‌ كه‌س نه‌یده‌توانی سه‌یری بكات. دڕی و دڕه‌نده‌یی فارسه‌كان ته‌نیا یه‌ك چتی ده‌سه‌لماند ئه‌وه‌یچه‌ ئه‌مه‌ بوو كه‌ نه‌ته‌وه‌یكی ملهۆڕ به‌ هه‌مووی دڕه‌نده‌یی خویه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یكیتر كۆمه‌ڵكوژ و قه‌ڵاچۆ بكات و سه‌رزه‌وینه‌كه‌یان بخاته‌ ژێر ده‌ستی خویانه‌وه‌.

كاكه‌ حه‌مه‌ له‌ درێژه‌ دا ده‌ڵێت:‌ ئه‌وڕۆژه‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یكی دیكه‌ له‌ نهۆمی دووهه‌می ساختمانی شاره‌داریا بنكه‌مان گرتبوو و چاوه‌ڕووان بووین كه‌ هێزه‌كانی ڕژیم نیزیك ببنه‌وه‌. كوتوپڕ ده‌نگی موتوری تانكه‌كانم بیست ودیم كه‌ تۆپێكیان ته‌قاندله‌ ساختمانه‌كه. تونوتیژی ته‌قینه‌كه‌ وا بوو كه‌ ساختمانه‌كه‌ی له‌رزانده‌وه‌‌.

تاقمه‌یكی پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌روكایه‌تی كاك شووان له‌ ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی هه‌ینی بنكه‌یان گرتبوو .
له‌وێڕا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ داگیركه‌ره‌كانیان خسته‌ ژێرئاگری خۆیانه‌وه‌. پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان تووانیان هه‌ر دوو زیله‌كه‌ قه‌ڵاچۆ كه‌ن و ١٤بكوژێ كه‌ تێاندابوون له‌ ناو به‌ن. به‌ڵام به‌ هۆی نه‌بوونی چه‌كی پیویست له‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌كانا تانكه‌كان تووانیان خویان بگه‌یننه‌ بان قه‌ڵاوه‌.

تانكه‌كان گه‌یشتبوونه‌ بان قه‌ڵاوه‌ به‌ڵام خوێنخواره‌كان هه‌ر به‌ خۆمپاره‌ وڕاكێتبارانی شاره‌كه‌ درێژه‌یان ده‌دا. له‌ هه‌مو لایكی شاره‌كه‌وه‌ دووكه‌ڵی ماڵه‌سووتاوه‌كان تێكه‌ڵ به‌ هاوارو داو ڕۆڕۆی جه‌رگ سووتاوه‌كان به‌رز ئه‌بووه‌وه‌. له‌ هه‌موو لایكه‌وه‌ ده‌نگی قیژوواژی مناڵه‌كان و هاواری به‌ فریا كه‌وتنی برینداروزیندووه‌كانمان ده‌بیست. له‌م ماوه‌ ڕۆڵه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان چوونه‌ ناو زیله‌كان و ئه‌وه‌ی تیروتفه‌نگ وچه‌ك و خوارده‌مه‌نی تێدا بوو هێناوه‌ كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی گه‌مارۆدراوی شاره‌كه‌ دابه‌شی كه‌ن. پێشمه‌رگه‌كان یه‌كێك له‌وتره‌یلیگه‌ره‌ كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كمی شه‌ڕا له‌ له‌شكه‌ری ئێرانیان زه‌وتكرابوو هێنا و به‌ لاوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر شاره‌داریا دانیا، به‌ جۆرێ كه‌ شه‌قامه‌كه‌ی به‌ند كرد. مه‌به‌ست له‌ به ستنی خیابانه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌گه‌ر ڕژیم بیبووایت دیسان تۆپ و تانك بنێرێته‌ بان قه‌ڵاوه‌ پێشڕه‌ویان ئه‌ونده‌ هێواش بكرێته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ كاتی ئه‌وه‌ی بێ كه‌ به‌رگری له‌ پێشڕه‌وییان بكاته‌وه‌.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م دوو تانكه‌ ئه‌ونده‌ بنكه‌ی پاسداره‌ بكۆژه‌كانی پته‌و كردبووه‌وه‌ كه‌ پیویستی نه‌ده‌كرد كه‌ یارمه‌تیان بۆ بنێرن وتووانیان تا دووایین ڕۆژی شه‌ڕ به‌ كۆشتنی هاووڵاتی بێ گۆناح درێژه‌ بده‌ن.

ئه‌وڕۆژه‌ ئاگری پێشمه‌رگه‌ هێلیكۆپتێرێكی ڕژیمی له‌ ده‌وروبه‌ری خه‌سته‌خانه‌ی سپاگه‌ی خسته‌خواره‌وه‌. له‌ كه‌وتنه‌ خواری ئه‌م ده‌زگاوه‌ وه‌ها ئاگرێ به‌رزبووه‌وه‌ كه‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ی هه‌مووی سپاگه‌كه‌ی گرته‌وه‌.
ئه‌وه‌ ششمین هێلیكۆپتێرێ بوو كه‌ ڕۆڵه‌قاره‌مانه‌كانی كوردستان ده‌یاخسته‌خوواره‌وه‌.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ۆرۆز ئه‌وڕۆژه‌ چه‌ندین سه‌ربازی ئێرانی بۆ ڕاگه‌یاندنی هاوبه‌سته‌گی خۆیان، خۆیانیان ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌كرد.
له‌ بوواری ئه‌م شه‌ڕه‌ چووار پێشمه‌رگی كۆمه‌ڵه‌ گیانبه‌خت كران كه‌ بریتی بوون له‌: حه‌مید فه‌رشچی،ئه‌میر مه‌كتووبی، نادر ئه‌رده‌ڵان و عه‌تاوڵا مه‌حموودی.
به‌ پێ خه‌وه‌رنامه‌ی شماره‌ ٢٥ ی كۆمه‌ڵه‌:
-هێڤی‌ سووری تاران تاقمه‌یكی پزیشكی هه‌ناردووه‌ته‌ سنه‌ به‌ڵام هێزه‌كانی ڕژیم له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سنه‌ گیریانی داوه‌ و ناهێڵن كه‌ بێنه‌ ناو شار.
-سه‌رۆكی خه‌سته‌خانه‌ی شۆهه‌دا وتوویه‌تی كه‌ كوشته‌و بریندارانی چووارشه‌مه‌ سێهه‌می مانگی گۆڵان ١٨٠ كه‌س بووه‌و هی ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ چووارمی مانگی گۆڵان ١٠٠ كه‌س بووه‌.
-له‌شكه‌ری ئێران شاره‌كانی بانه‌ و سه‌قز و مه‌ریوان هه‌ر خۆمپاره‌باران ده‌كات.

شه‌مه‌ ششی گۆڵان حه‌وتمین ڕۆژی شه‌ڕ
ئه‌م ڕۆژه‌ هه‌ر وه‌كوو ڕۆژانی ڕابردوو ڕژیم هه‌مووی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری خومپاره‌ وڕاكه‌ت باران ده‌كرد. وا دیار بوو كه‌ ده‌وڵه‌ت شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی كردبووه‌ به‌هانه‌یك تا كورده‌كان‌ كۆمه‌ڵكوژبكات.
فه‌رمانده‌كان به‌وه‌ شوێنیان بردبوو كه‌ ناتوانن هێزه‌كانی پیاده‌ی خۆیان به‌ تۆپ و تانكه‌وه‌ بنێرنه‌ ناو خیابانه‌كان بۆ دابڕ كردنی شاره‌كه‌. تاكتیكی خویان گۆڕابوو.ده‌یان ئه‌ویست به‌رزاییه‌ ستراتێژیكه‌كانی شاره‌كه‌ دابڕ كه‌ن تا له‌وێڕا به‌ ئاسانی به‌ ڕه‌شاشه‌ی٥٠ و ٦٩ میلیمیترییه‌كانی خویان بتوانن ئه‌ونده‌ خه‌ڵكه‌كه‌كۆمه‌ڵ كوژ كه‌ن تا كه‌سێ له‌ ناو شاره‌كه‌ نه‌مێنێ و پاشان دابڕی كه‌ن.

گردی گه‌ڕۆڵ و تووشنه‌وزه‌ر دوو پنتی ستراتێژیكی شاره‌كه بوون كه‌ پاسداره‌كان ده‌یانو‌یست دابڕیان كه‌ن.
به‌ پێ خه‌وه‌رنامه‌ی شماره‌ ٢٦ی كۆمه‌ڵه‌ ڕۆژی ششی گوڵان گرینگتری ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ چه‌شنه‌ بوون:
دوێنێ شه‌و پێشمه‌رگه‌كان هێرشیان بردووه‌ سه‌ر پاسداره‌كان له‌ ڕادیو تێلێڤیزیۆن، فڕۆكه‌خانه‌، قه‌ڵا، ئۆستانداری و سپاگه‌. فه‌ریك له‌ سه‌ربازه‌كانی ڕژیم كوشته‌و بریندار بوون.

تانكێكی ڕژیم له‌ بان قه‌ڵاوه‌ به‌ ئار پی جی ٧ قه‌ڵاچۆ كرا‌.
تاقمه‌ی پزیشكانی هێڤی سوور كه‌ دوو ڕۆژ بوو كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ گیردرابوون ده‌فره‌تیان پێ درا كه‌ به‌ره‌و ناو شار بكه‌ونه‌ ڕێگاوه‌. به‌ڵام له‌خیابانی ششی به‌همه‌نه‌وه‌، له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی بان ڕادیو تێلێڤیزیۆنه‌وه‌، پاسداره‌كان ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن ،لێخوڕی ئامبوولانسه‌كه‌ ویارمه‌تیده‌ره‌كه‌ی و بێهیارێكی كورد به‌ نێوی ڕه‌شید ده‌كوژگن وئامبوولانسه‌كه‌ هه‌ڵده‌گێڕننه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌.
به‌ پێ خه‌وه‌ره‌كان ده‌ره‌جه‌دارێكی شۆڕشگێڕ سه‌رهه‌نگ سه‌دری فه‌رمانده‌ی سپاگه‌ ‌ كه‌ یه‌كێك له‌ دڕنده‌ترین ئه‌فسه‌رانی سپاگه‌ ئه‌بێت ده‌كوژێت. شه‌ڕ له‌ نیوان سه‌ربازه‌كانی لاینگه‌ر و دژ به‌ شه‌ڕ چه‌ند كوشته‌ ده‌دات.
دوێنێ ٣٠٠ كوردی بێبه‌رگر له‌ ژێر بارانی ڕاكێت و خومپاره‌ی ڕژیما خۆبخت كراون.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ۆرۆز له‌م ڕۆژه‌ ٢٥٠ سه‌ربازی ئێرانی بۆ ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یوه‌ندی خۆیان له‌ گه‌ڵ گه‌لی كوردا خۆیان ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كرد.هه‌ر وه‌ها پێشمه‌رگه‌گان چێشتخانه‌ و هۆماری ته‌قه‌مه‌نی سپاگه‌یان ته قاند.

هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی حیزبی دیموكرات له‌ ده‌ورو به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ به‌ خومپاره‌یكی ٨١ میلیمیتری فڕۆكه‌یكی سه‌ربازی١٠٣ یان كه‌ خه‌ریكی گوزاندنه‌وه‌ی سه‌رباز بوو خسته‌ خوواره‌وه‌و هه‌موی ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ تێدا بوون كوژران.
كاتژمێر ١٢ی نیوه‌ڕۆ پاسداره‌كان به‌ توندوتیژی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گردی گه‌ڕۆڵ و ته‌پۆڵه‌ی شێخ حه‌مه‌سااق كه‌ له‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ بوو. ته‌نیا جاده‌ی سنه‌ مه‌ریوان ئه‌م دوو ته‌پۆڵه‌یه‌ له‌ سپاگه‌ جیا ده‌كرده‌وه‌. ڕۆڵه‌قاره‌مانه‌كانی كورد له‌ بانیه‌وه‌‌ زاڵ بوون به‌ سه‌ر سپاگه‌وه‌. بۆیه‌ كه‌ سه‌ربازه‌كان ده‌یانویست دابڕی كه‌ن. به‌ دابڕ كردنی ئه‌م دوو پنته‌ پاسداره‌كان ده‌یانتووانی به‌ تیرێ دوو نیشان بپێكن:له‌ لایكه‌وه‌ سپاگه‌ یان له‌ ژێر ئاگری پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ر ده‌هاورد، و له‌ لایكی دیكه‌وه‌ خویان به‌ سه‌ر فره‌یك له‌ گه‌ره‌كه‌كانی سنه دا‌ زاڵ ده‌كرد. چه‌ندین جار سه‌ربازه‌كان هێرشیان برده‌ سه‌ر ته‌پۆڵه‌كان به‌ڵام هه‌ر كات به‌ كوشته‌ و بریندارێكی فره‌وه‌ پاشه‌كشیان ده‌كرد. له‌ بوواری ئه‌م هێرش و پاشه‌كشییه‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی گردی گه‌ڕۆڵ و كوێراوا له‌ ژێر ئاگری پاسداره‌كانا كرابوونه‌ كه‌لاواوه‌. دانیشتووانی ئه‌م گه‌ڕه‌كگه‌له‌ فره‌تر چینی زه‌حمه‌تكێشی گوندگه‌لی ژاوه‌رۆ و كه‌ڵاترزان بوون كه‌ به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت ماڵگه‌رێكیان له‌ خشت و به‌رد بۆ خویان دروست كر‌دبوو كه‌ به‌رگه‌ی خۆمپاره‌و ڕاكێتی پاسداره‌كانی نه‌ده‌گرت.

دانیشتووانی ئه‌م گه‌ڕه‌كگه‌له‌ له‌ شه‌ڕی خوێنینی نه‌ورۆزی ٥٨ كه‌وتبوونه‌ ژێر تۆپ و تانكی پاسداره‌كان خوسار و زیانێكی فره‌یان پێ گه‌یشتبوو. به‌ڵام ئه‌مجار هه‌موو چتێكی خویان له‌ ده‌ست دابوو و فره‌یكێچیان لێ خۆبه‌خت كرابوون‌ و فره‌یكیچیان ئاواره‌ی ناو شاره‌كه‌ بوون . ته‌نیا چه‌ند پیرێ له‌ نێو ئه‌ووێرانه‌گله‌ كه‌ هێزی هه‌ڵاتنیان نه‌مابوو مابوونه‌وه‌و به‌ هه‌مووی هێز و باوه‌ڕی خویانه‌وه‌ یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان ده‌دا.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ هێلكۆپتێرێكی كۆبرای ڕژیم له‌ بان جاده‌ی سنه‌ دیوانده‌ره‌ نیزیك به‌ ئاوایی ساتێڵه‌راكێتێكی ‌هاوێژێته‌ بان مینیبووسێ، پێنج كه‌سیان لێ خۆبه‌خت كراو ١٥كه‌سیان به‌ توندوتیژی سووتاوو و برینداركرابوون. پاسداره‌ دڕنده‌كان له‌م شه‌ڕه‌ ته‌نانه‌ت به‌زه‌ییان به‌ ئاژه‌ڵه‌كانیچانه‌ده‌هات، لێخوڕی هه‌ر ئه‌وهێلیكۆپتره پاش خۆبه‌خت و برینداركردنی ئه‌و هه‌مووه‌ كه‌سه‌ ڕانه‌كانی ده‌وروبه‌ری ساتێڵه‌ی به‌ ڕه‌شاشه‌ تیرباران كرد ئه‌وه‌ی كه‌ په‌ز و بزن بوو مردن.
دووانیوه‌ڕۆی ئه‌وڕۆژه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری قشڵاخا پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی كوردستان هێلیكۆپتێرێكی تۆپداریان خسته‌ خواره‌وه‌ و لێخۆڕه‌كه‌ی و یاریده‌ره‌كه‌ی له‌ ناو چوون.

ده‌مه‌ودووایی ئێواره‌ كه‌ بوولێڵه‌ بوو وهه‌وا به‌ره‌وتاریكی ئه‌چوو پێشمه‌رگه‌كانی قاره‌مان له‌ به‌ره‌ی گردی گه‌ڕۆڵا هێرشێكی چڕیان كرده‌ سه‌ر پاسداره‌كان و سه‌نگه‌رێكیان كه‌وته‌ ژێڕ چنگی ڕۆڵه‌قاره‌مانه‌كانی كوردستان. له‌م هێرشه‌ حه‌وت پاسدار له‌ ناوچوون و هێندێكیان لێ بریندار كران، دوو چه‌كی سۆك و ڕه‌شاشێكی ٥٠ میلیمیتری كه‌وته‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌كان. له‌ بوواری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌كان به‌ نێوی فوواد عه‌ره‌ب ناسراو به‌ ئه‌بووشاهین كه‌ ئه‌ندامی ڕێكخراوی یه‌كیه‌تی كومونیست بوو خوبه‌خت كرا.

فه‌رمانده‌كانی ڕژیم هێزگه‌لی ته‌ڕوتازه‌ی خۆیانیان‌ به‌ هێلیكۆپتر‌ له‌ كرماشانه‌وه‌ هێنابووه‌ فڕۆكه‌خانه وله‌وێڕا گوزایاندبووه‌وه‌ بان ته‌پۆڵه‌كانی ڕادیوتێلێڤیزیۆن و گه‌ڕه‌كگه‌لێ كه‌ له‌ ژێڕ كۆنترۆڵی خویاندابوو. ده‌یانویست ته‌پۆڵه‌ی ستراتێژیكی تووشنه‌وزه‌ر له‌ باشووری شاره‌وه‌ دابڕ كه‌ن. ته‌پۆڵه‌ی تووشنه‌وزه‌ر خه‌زێنه‌ی ئاوی تێدابوو و زاڵ بوو به‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كگه‌لی سپووراوا، گریاشان ، به‌شێكی گرینگ له‌ گه‌ڕه‌كگه‌لی شه‌قامی سیرووس و شه‌قامی ژاندارمێرییا. ده‌یانویست به‌ دابڕ كردنی ئه‌م ته‌پۆڵه‌ به‌شێكی فره‌ گه‌وره‌ له‌ شاره‌كه‌ بگرنه‌ ژێر ئاگری خۆیانه‌وه‌ و به‌ كۆمه‌ڵكۆژی خویان به ئاسانی درێژه‌ بده‌ن. چه‌ندین ڕۆژ ماڵگه‌رێ كه‌ له‌ مه‌سیری ئه‌م ته‌پۆڵه‌ بوون به‌ چڕی خۆمپاره‌باران ده‌كران و دانیشتووانی بێبه‌رگریان ده‌كوشت.

یه‌كشه‌مه‌ حه‌وتی گۆڵان هه‌شتمین ڕۆژی شه‌ڕ
پاش گزینگی ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ حه‌وتی گۆڵان هێزه‌كانی ڕژیم ده‌ستیان كردبووه‌ پێشڕه‌وی به‌ره‌و ته‌پۆڵكه‌ی توشنه‌وزه‌ر. هاوكات هێلیكۆپتێره‌كان تاقمه‌یكی كۆماندۆیان له‌ بان ته‌پۆڵكه‌ كه‌ی توشنه‌وزه‌ر‌ پیاده‌كرد. پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی حیزبی دیموكرات به‌ نێوی په‌رویز مورادی كه‌ به‌رپرسی ئه‌م به‌ره‌بوو خۆ به‌خت كرا.
كاك جه‌هانگیر وه‌ریانی ئه‌ڵێ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی خۆیانا واته‌ له‌ گه‌ڕه‌كی مووساییه‌كانا به‌ تیری اه‌ناسه‌ی پاسداره‌كانی بان قه‌ڵاوه‌ بریندار كراو خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه كه‌ ڕزگاریان كرد.

كاك حه‌مه‌ ئه‌ڵێ :كاكه‌ شوان من و چه‌ن پێشمه‌رگه‌یكی دیكه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌ی حاجیاوا بووین، هه‌نارده‌‌ به‌ره‌ی گریاشان. به‌ڵام كار له‌ كار ترازابوو. هێزه‌كانی ڕژیم مه‌كۆی خویانیان له‌ بان توشنه‌وزه‌ره‌وه‌ پته‌وكردبووه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌یده‌توانی له‌وێڕا بنبڕیان بكا.
كاك حه‌مه‌ ده‌ڵێ پاش ئه‌م شكسته‌ له‌وێڕا له‌ كۆڵانه‌كانی ته‌نگ و ته‌سكی گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامی سیروسمان پێواو خومان گه‌یانده‌ كۆڵانه‌كانی پشت كه‌ڵانته‌ری و ده‌وروبه‌ری ساختمانی كانوونی كاراموزی . كوتوپڕ خۆمپاره‌یكی ١٢٠ میلیمیتری كه‌وته‌ ناوڕاس چه‌ند لاوێك كه‌ به‌ ده‌ور یه‌كترینا له‌ به‌ر كانوونا دانیشتبوون. یه‌كده‌س هه‌موویان خۆبه‌خت كران. دیمه‌نێكی بێئه‌ندازه‌ سامناك بوو ئاگر و دووكه‌ڵ و خوێن و مه‌رگ . له‌ بان دیواره‌كانه‌وه‌ خوێن پرژیابوو و به‌ سه‌ر ئه‌ردا به‌م لاوبه‌ولا ئێسك و كۆشتمان ده‌بینی كه‌ په‌رژوبه‌ڵا داكه‌وتبوون.

خه‌وه‌رنامه‌ی ژماره‌ ٢٨ كۆمه‌ڵه‌ حه‌وتمی گۆڵان به م چه‌شنه‌ قسه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كات:
به‌ هۆی خومپاره‌بارانی پاسداره‌كان هه‌ر دوو خه‌سته‌خانه‌ی سنه‌ له‌ كار كه‌وتوون.
ته‌نیا خه‌سته‌خانه‌ی شوهه‌دا كه‌ كار ده‌كات ئاراسته‌ی خومپاره‌ ڕای گرتووه‌ . پزیشكه‌كان و كارمه‌ندانی خه‌سته‌خانه‌كه‌ تێلێگرامێكیان بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌ناردووه‌ داوا له‌ ڕژیم ده‌كه‌ن كه‌ خه‌سته‌خانه‌كه‌ خومپاره‌باران نه‌كات.
ده‌مه‌ونیوه‌ڕۆ پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات مه‌كۆی پاسداره‌كانیان له‌ بان ته‌پۆڵه‌ی ڕادیو تێلێڤیزیۆنا ئاڕاسته‌ی خۆمپاره‌كانی خویان كرد و فره‌یك له‌ سه‌ربازه‌كانیان برینداركردووه‌ چووار پاسداریان له‌ ناوبردووه‌. دوو پێشمه‌رگه‌ی دیموكراتیش بریندار بوون.

ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعاتی حه‌وتمی گۆڵان وای نووسی:
<< وائه‌ڵێن كه‌ شێخ عیزه‌دین ڕاده‌گه‌ینێ كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كا‌نی سنه‌و سه‌قزا سه‌دها كه‌س كوشته‌و بریندار بوون. ده‌رمان كردنی برینداره‌كان پڕ دژواره‌. ڕژیم خانووه‌كان بۆمباران ده‌كات خه‌سته‌خانه‌ی سه‌قزی دابڕ كردووه‌وهه‌ر دوو خه‌سته‌خانه‌ی سنه‌ی كاول كردووه‌ته‌وه‌.>>
ڕۆژنامه‌ی كه‌یهان حه‌وتمی گۆڵان:
<< له‌ وڵامی ڕۆژنامه‌نووسی كه‌یهان جه‌نابی شێخ عیزه‌دین سه‌رۆكی لێژنه‌ی وتووێژی كوردستان ده‌فه‌رمووێ : لێژنه‌ی وتووێژی كوردستان نوێنری گرۆیكی تایبه‌ت نییه‌ به‌ڵكوو ده‌سته‌یكه‌ كه‌ گه‌لی كورد لێ پشتیوانی ده‌كه‌ن.ئه‌وه‌ بزاننكه‌ نه‌ گه‌لی كورد نه‌ ڕێكخراوه‌ڕامیارییه‌كان چه‌ك دانانن. چوونكوو ئه‌گه‌ر چه‌ك دابنین نه‌ وته‌یك بۆ وتن ئه‌مێنێ و نه‌ وتووێژێك. ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت شه‌ڕێكی تازه‌ی به‌ توندوتیژی به‌ ئێمه‌ی سه‌لماندووه‌. ده‌وڵه‌ت ده‌بێ هێزه‌كانی خوی بكێشێته‌وه‌و سه‌بازه‌كان بگێڕنه‌وه‌ بۆ ناو سپاگه‌كانی خویان. ده‌بێ شاره‌كه‌ چۆڵ كه‌ن. ده‌ست له‌ گه‌مارۆی ئابووری شاره‌كان بكێشن و به‌ پێ گه‌ڵاڵه‌ی ٢٦ ماده‌یی ده‌ست كه‌ینه‌وه‌ به‌ وتوێژ.ئه‌گینا گه‌لی كوردو پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی ئاماده‌ن له‌ نیشتمانی خویان به‌رگری بكه‌ن و هه‌موو جۆر هێرشێكی ده‌وڵه‌ت تێكبشكێنن. له‌ ئه‌نجاما ته‌نیا ڕێگایك كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ر وتووێژه‌.>>

ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعاتی حه‌وتی گۆڵانی ١٣٥٩:
خه‌ڵكی پیرانشار له‌ بڕیارنامه‌یكی پێنج ماده‌یی داوا له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كا كه‌ له‌ سنه‌ ده‌ست له‌ شه‌ڕ هه‌ڵبگرێ.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ورۆز ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆحاجیاوا و گردی گه‌ڕۆڵ بۆمباران كرا.خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ بتوانن خۆبه‌خته‌كانی خۆیان بشۆرن ئه‌سپه‌رده‌ ده‌كه‌ن.
ده‌نگبێژی سپای پاسداران به‌ ڕۆژنامه‌ نووسان ڕاده‌گه‌ینێ كه‌ پاسداره‌كانی ئیسلام له‌ سنه‌ دژ به‌ گاور و ترۆریسته ‌چه‌كداره‌كانا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
له‌ هه‌مانكاتدا پاسداره‌كان داوای ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن. پێشمه‌رگه‌كان ده‌ڵێن به‌و مه‌رجه‌ ئاگربه‌ست قه‌بووڵ ده‌كه‌ن كه‌ پاسداره‌كان هه‌ڵگه‌ڕنه‌وه‌ ناو سه‌ربازخانه‌، ڕادیو تێلێڤیزیۆن به‌ ده‌ستی گه‌له‌وه‌ بێ ، ده‌وڵه‌ت زیانی خه‌ڵكه‌كه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌و، له‌ گه‌ڵ نوێنرانی گه‌لی كوردا وتووێژبكات.

دووشه‌مه‌ هه‌شتی گۆڵان نۆهه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
ئه‌ڕۆژیچ هه‌ر وه‌كوو ڕۆژانی ڕابردوو شه‌ڕ درێژه‌ی هه‌بوو. له‌ به‌ره‌ی گردی گه‌ڕۆڵا شه‌ڕ به‌ توندوتیژی درێژه‌ی هه‌بوو. به‌شگه‌لێ له‌م گه‌ڕه‌كه‌ چه‌ندین جار له‌ ناو ڕۆژا له‌ نیوان پاسداروپێشمه‌رگه‌كانا ده‌ساوده‌س كرابوو.
پاسداره‌كان بێوجان شاره‌كه‌یان خومپاره‌باران ده‌كرد. كوشتنی خه‌ڵكی بێگۆناح بوبوو به‌ كایه‌ێك بۆ پاسداره‌ بكوژه‌كانی ڕژیمه‌وه‌. به‌ تفه‌نگه‌ دووربینداره‌كانیان كێان بویستای ده‌یانكوشت.

پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شه‌قامی ٢٥ی شاریوه‌را به‌ ڕه‌شاشه‌یكی ٥٠میلیمیتری هێلیكۆپتێرێكی تۆپداریان خسته‌ خوواره‌وه‌.
پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی حیزبی دیموكرات له‌ ناوچه‌ی خه‌سراوا هێلیكۆپتێریكی تۆپداریان خسته‌خواره‌وه‌. به‌ شوێن ئه‌مه‌ هێلیپكۆتره‌كان نه‌یانده‌وێرا نزمه‌فڕی بكه‌ن. به‌ به‌رزه‌فڕی له‌ بان شاره‌كه‌وه‌ باڵیانده‌گرته‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ نیشانه‌گیری بكه‌ن گه‌ڕه‌كه كانیان ڕاكێت و تیرباران ده‌كرد. سنه‌ییه‌كان خۆبه‌خته‌كانی خویان هه‌ر وه‌كوو ڕۆژانی ڕابردوو له‌ ناو باخچه‌كانیانا ئه‌سپه‌رده‌ ده‌كرد.

به‌ پ تی ڤی نه‌ورۆز له‌م ڕۆژه‌ له‌شكه‌ری ئێران ئاگربه‌ستێكه‌ی شكاند.
ئه‌و ڕۆژه‌ هژماره‌كی فره‌ له‌ پێشمه‌رگه‌كانی هه‌مووی ڕێكخراوه‌كان خۆبه‌خت‌ یان بریندار كرابوون. دوو پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموكرات به‌ نێوی جه‌ماڵ كیانی و حه‌یبه‌ڵا نادری له‌ به‌ره‌كانی باشووری شارا خوبه‌خت كران. هه‌ر وه‌های كه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ی چریكه‌كان:جه‌میل تووفانی له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌ڵا و غه‌فار یه‌عقوبی له‌ به‌ره‌ی گردی گه‌ڕۆڵا خوبه‌خت كران.

هه‌مو ڕۆژێ هژماری خۆبه‌خته‌كان فره‌تر وفره‌تر ده‌بوونه‌وه‌. خه‌ڵكی بێ به‌رگری ئاسایی بێ وچان خۆبه‌خت ده‌كران. ماڵه‌كانیان به‌ ته‌قه‌ی قۆمپاره‌ كاول ده‌بوو و ده‌سووتا. شه‌وانی تاریك به‌ نووری ته‌قینه‌وه‌ی خۆمپاره‌كان رووناك ده‌كرا.بۆنی دووكه‌ڵ و بارووت له‌ ناو شاره‌كه‌ پێچاو.
پاسداره‌كان هه‌رڕۆژ شوێنێكی ستراتێژیكی تازه‌یان دابڕ ده‌كرد. بكۆژه‌كانیان به‌ قه‌ناسه‌ دووربینداره‌كانیانه‌وه‌ خه‌ڵكێكی فره‌تریان خۆبه‌خت ده‌كردو ترس و خۆف و سام و تێرۆرێكی بێئه‌ندازه‌یان ان خستبووه‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌.

به‌ دابڕ كردنی پنتگه‌لی ستراتێژیكی شاره‌كه‌ پاسداره‌كان چه‌نبه‌ری گه‌مارۆیان هه‌ر ڕۆژ ته‌نگتر ده‌كرده‌وه‌ و خه‌ڵكێكی فره‌تریان ده‌كۆشت. پاسداره‌كان ده‌یانویست به‌ كوشت و كوشتار خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ست له‌ پشتیوانی ڕۆڵه‌كانی خویان وه‌ر گرن و شاره‌كه‌ دیسان داگیر كه‌ن.
پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستیان كردبووه‌ خه‌نه‌ق و كه‌نداو و قۆمه‌ش كه‌ندن. تا گه‌ڕه‌كگه‌لی ئه‌ملاوئه‌ولای خیابانه‌كان به‌ یه‌ك په‌یوه‌ند بده‌ن. دیواری نیوان خانوه‌كانیانا كونا ده‌كرد. خویان بۆ شه‌ڕێكی شاری ته‌ن به‌ ته‌ن ئاماده‌ ده‌كرد.

ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌مووی ڕێكخراوه‌كانی كوردستان له‌ سنه‌ كۆبوونه‌وه‌یكیان پێك هێنا و نوێنری هه‌مووی بنكه‌كان تێدا به‌شداریان كردبوو.ده‌ستیان كرده‌ قسه‌كردن سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی به‌رگری. له‌و دانیشتنه‌قسه‌یكی فره‌ كرا به‌ڵام بڕیارێك ده‌رنه‌بڕا.ته‌نیا نوێنری حیزبی دیموكرات ڕای گه‌یاند كه‌ هه‌ر چێ زووتر مه ڵامحه‌مه‌و جووانڕۆیی ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموكرات و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی حیزبی شیوعی عێراق له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یكی زۆر كه‌ چه‌كی سۆك و نیوه‌ قورسیان پێه‌ دێنه‌ یارمه‌تیمان . ئه‌م خه‌وه‌ره‌ وه‌كوو پووش و ئاگر به‌ ناو شاره‌كه‌ بڵاو كراوه‌و ئاگری ئۆمێدی له‌ ناو دڵی خه‌ڵكه‌كه‌ ڕۆشن كرده‌وه‌.

هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بكۆژه‌كانی ڕژیم ڕێگای گۆڕستانیان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ستبوو. خه‌ڵكه‌كه‌ خوبه‌خته‌كانی خویان به‌ ناچار له‌ ناو حه‌وشه‌كانی خویانا ئه‌سپه‌رده‌ ده‌كرد. شاره‌كه‌ گه‌مارۆ درا بوو خووارده‌مه‌نی قات بوو….

ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات هه‌شتی گوڵان ١٣٥٩:
مه‌ڵامحه‌مه‌و ڕه‌بێعی به‌رنوێژی هه‌ینی كورده‌ موسڵمانه‌كانی كرماشان تێلێگرامێ بۆ سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌نی سه‌در ده‌نێرێ داوی لێ ده‌كا كه‌ ده‌وڵه‌ت بهێڵێ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بتوانن كوژراوه‌كانی خویان له‌ گۆڕستانا بنێژن. كه‌ برینداره‌كان ده‌رمان بكرن. كه‌ ده‌ست له‌ گه‌ماری شاره‌كه‌ وه‌ربگرن. كه‌ شه‌ڕ ڕاوستێ.

سێشه‌مه‌ نۆی گۆڵان ده‌همین ڕۆژی شه‌ڕ
له‌م ڕۆژیچه‌ هه‌ر وه‌كوو ڕۆژانی ڕابردوو پاسداره‌كان شاره‌كه‌یان موشه‌ك و قۆمپاره‌باران ده‌كردو هه‌ر سات و ئانێ قوربانیك زیاده‌ ده‌كرا.
براكه‌م ئه‌رده‌شیر ده ڵێ‌:ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ به‌ر مزگه‌وت مه‌ڵا سه‌یره‌ دانیشتبووم و توواشای ده‌وروبه‌رم ده‌كرد. بیستم كه‌ كه‌سێ به‌ ده نگێكی فره‌ ناسك و شیرینه‌وه‌‌ ‌سروودی ئه‌ی شه‌هیدان ده‌خوێنێ. لام كرده‌وه‌ دیم كه منداڵێكی پێنج شش ساڵه‌ یه‌،كه‌ به‌ جل و به‌رگی كوردی و‌ فه‌ره‌نجی له‌ سه‌ر شان سرووده‌كه‌ ده‌خوێنێ و به‌ره‌و مزگه‌وت دێت. له‌م كاته‌دا،له‌ پڕ قۆمپاره‌یك خواردییه‌ به‌ین من و ئه‌وا. شراپنێلێكی قۆمپاره‌كه‌ دای لێ و دیم كه‌ سه‌ری په‌ڕی و خوێن فیچقه‌ی كردو فوواره‌ ی به‌ست و هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

ڕژیم له‌شكه‌ری زه‌نجانی له‌ ڕێگای بیجاڕه‌وه‌ به‌ره‌و دیوانده‌ره‌ هه‌ناردبوو كه‌ ڕێگا له‌ پێشمه‌رگه‌ بگرن تا یارمه‌تی بۆ سنه‌ نه‌نێرن.
جووتیارانی به‌ شه‌ره‌فی ناوچه‌كه‌ ده‌ها پێشمه‌رگه‌ی خویانیانی ئاماده‌كردبوو كه‌ هێرش كه‌نه‌ ستوونی سه‌ربازی ئێرانه‌وه‌. هه‌ر چه‌نده‌ی كه‌ سه‌ربازه‌كانی ئێران پڕ چه‌كتر و فره‌ فره‌تر له‌ پێشمه‌رگه‌كان بوون. كاك موزه‌فه‌ر موحه‌مه‌دی به‌ر پرسی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بڕیاری هێرش كردن به‌ سه‌ر ستوونه‌كه‌یا دا.
ده‌وروبه‌ری نیوه‌ شه‌و پێشمه‌رگه‌ هێرش ده‌باته‌ سه‌ر ستوونه‌كه‌ هژمارێكی زۆر له‌ سه‌ربازه‌كان ده‌كۆژگن وبریندار ده‌بن و زیانێكی زۆریان پێ گه‌یشت.
له‌م شه‌ڕه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان خوبه‌خت كران.كاك ڕه‌حمان شه‌ریفی و كوڕه‌كه‌ی كاك ئیسماعیل شه‌ریفی . و كاك حه‌سه‌ن فه‌لاحی. كاك ڕه‌حمان شه‌ریفی خه‌ڵكی ناوچه‌ی ساراڵ و ئاوایی كانی چه‌رمگ بووكه‌ ساڵهای ساڵ بوو وه‌كوو قاره‌مانێكی دژی ده‌ره‌به‌گی ناسراو بوو وخه‌ڵكه‌كه‌ زۆر خوشیان ده‌ویست.
له‌م ڕۆژه‌ مه‌ڵامحه‌مه‌و جووانڕۆیی له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانیا هاتنه‌ ناو شاری سنه‌وه‌.

چوارشه‌مه‌ ده‌ی گوڵان یازده‌هه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
ڕۆژێك پاش گه‌یشتنی مه‌ڵامحه‌مه‌و جووانڕۆیی له‌ به‌ر بنكه‌ی حیزبا قۆمپاره‌یك ده‌ته‌قێت . پێشمه‌رگه‌یكی قاره‌مانی دیموكرات به‌ نێو ئه‌حمه‌و خه‌لیلی به‌ هۆی شراپنێلێكی قۆماره‌یكه‌وه‌ خوبه‌خت ده‌كرێ. مه‌ڵامحه‌مه‌و چه‌ن پێشمه‌رگه‌یكی دیكه‌ ده‌س به‌ جێ ده‌ڕونه‌‌ فریای كا ئه‌حمه‌و‌.

پاسداره‌كان هه‌میشه‌ پاش هاوێشتنی قۆمپاره‌ یان تۆپێ به‌ شوێنێكا پاش چه‌ند خوله‌یك دیسان تۆپ یان قومپاره‌یكیتریان ده‌هاوێژته‌ هه‌ر ئه‌و جێگا. چوونكوو ده‌یان زانی كه‌ ده‌س به‌ جێ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌چنه‌ فریای كوشته‌ یان برینداره‌كانه‌وه‌ به‌م چه‌شنه‌ ده‌توانن ئه‌وانیچ بكوژن. مه‌ڵامحه‌مه‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ ده‌ڕۆنه‌ فریای ئه‌حمه‌و خه‌لیلی. به‌ڵام پاسداره‌كان قۆمپاره‌یكی دیكه‌ ده‌هاوێژنه‌ هه‌ر ئه‌ جێگا. له‌ به‌رهه‌ما پێشمه‌رگه‌یك به‌ نێوی جه‌بار كوكویی خه‌ڵكی حه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌لی مه‌نبه‌ری ، به‌ختیار نادری و عه‌بدۆلا جه‌واهێری خه‌ڵكی كامیاران خوبه‌خت ده‌كرن. یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی حزب به‌ نێوی ئه‌حمه‌و عه‌زیزی به‌ توندی له‌ لای ڕانییه‌وه‌ بریندار ئه‌بێت و كاك مه‌ڵامحه‌مه‌و جووانڕۆیی له‌ ئه‌ژنووه‌وه‌ بریندارئه‌بێت. برینداره‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی كاك مه‌ڵامحه‌مه‌و ده‌به‌نه‌ ئاوایی مه ڵه‌كشان و پێشمه‌رگه‌كانی مه‌ڵامحه‌مه‌و به‌م چه‌شنه‌ له‌ شار ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ . خه‌ڵكی سنه‌ كه‌ به‌ هاتنی ئه‌وان دڵگه‌رم بووبوونه‌وه‌ زۆر ناهمێ ده‌بنه‌وه‌.
ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات ده‌ی گوڵان ١٣٥٩ده‌نووسێ:
حیزبی دیموكرات سێشه‌مه‌ ٩ی گۆڵان ئاگر به‌ست ڕاده‌گه‌ینێ.داوا له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كا كه‌ له‌ شاره‌كانی سنه‌، سه‌قز،مه‌ریوان و بانه‌ شه‌ڕ ڕاوستێنێ و گه‌ڵاڵه‌ی شش ماده‌یی خودموختاری كوردستان ڕابگه‌ینێ. هه‌ر وه‌ها داوا له‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌كاكه‌ ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌ ڕێه‌وه‌ ببه‌ن.
به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌ هیچ جۆری ئاگربه‌ستی حیزبی دیموكراتی په‌سه‌ند نه‌كرد. هه‌ر وه‌های كه‌ وتمان له‌ ڕۆژی ده‌ی گۆڵان مه‌ڵامحه‌مه‌و جووانڕۆیی به‌ سه‌ختی بریندار كرا و ١٢ پێشمه‌رگی قاره‌مانی دیموكرات خوبه‌خت كران.

ڕۆژی ده‌ی گۆڵان فه‌رمانده‌كانی ڕژیم تێده‌كۆشن به‌ تێكڕا سنه‌ گه‌مارۆ بده‌ن. ده‌یانویست له‌ پنتگه‌لی ستراتێژیكی باكوور و باكووری ڕۆژاوای شاره‌كه‌ دابڕ كه‌ن. و بتوانن ڕێگای یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌كان ببڕن.ده‌وڵه‌ت هێزه‌كانی مێكانیزه‌ی خوی به‌ پشتیوانی چه‌ندین هێلیكۆپته‌ر له‌ سپاگه‌وه‌ له‌ رێگای سوورێزه‌وه‌ به‌ره‌و ته‌پۆڵه‌كانی ئاوایی نه‌نه‌ڵه‌ كه‌ به‌ سه‌ر جاده‌ی فه‌یزاوا زاڵ بوون هه‌نارد. پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان كه‌ زۆرتر كۆمه‌ڵه‌ بوون به‌ كه‌ڵك وه‌ر گرتن له‌ قومپاره‌ی ١٢٠ و تۆپی ٦٠ میلیمیتری هێرشیان برده‌ سه‌ر سه‌ربازه‌كان و ناچاریان كرد كه‌پاشه‌كشی كه‌ن. له‌م هێرشه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون و ١٢ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی دیموكرات خۆبه‌خت كران كه‌ بریتین بوون له:‌ عه‌زیم مه‌نبه‌ری، جافر مه‌نبه‌ری، كه‌ریم مه‌نبه‌ری، حه‌به‌ڵا حه‌سه‌نپوور، جه‌ماڵ پیرزاده‌، ساڵه‌ح موحه‌مه‌دی، مه‌سعوود مورادی، سه‌لاح موحه‌مه‌دی، وریا ڕه‌حمانی، حه‌مه‌ سه‌مه‌دی و عه‌بدوڵا ئیبراهیمی . هه‌ر وه‌ها دوو پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێوی جه‌ماڵ نه‌به‌وی و فه‌ره‌ج عه‌بدی خوبه‌خت كران. فه‌ره‌ج غه‌ندی لاوێكی ١٧ ساڵه‌ بوو كه‌ له‌ بنه‌ماڵێكی هه‌ژارا له‌ دایك بووبوو. خه‌ڵكی ئاوایی خانه‌گا له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامانا بوو. كاك فه‌ره‌ج به‌ قاره‌مانی له ڕۆژی یه‌كمی شه‌ڕا له‌ شپرز كردنی ستوونی له‌شكه‌ری ئێران هاو به‌شی كردبوو.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ورۆز چه‌ندین ماڵ له‌ شه‌قامی شاپوورا به‌ هۆی قۆمپاره‌ ئاگریان گرت. و خه‌سته‌خانه‌ی شۆهه‌دا كه‌ پڕ بوو له‌ بریندار پاش قۆمپاره‌باران به‌ سه‌دها كه‌س تێدا خۆبه‌خت و بریندار ده‌بن.

پێنجشه‌مه‌ یازده‌ی گوڵان دووازده‌هه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
له‌م ڕۆژه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی حیزبی دیموكرات به‌ نێوی ئیسماعیل تاكی و عه‌لی حوسه‌ینپه‌ناهی خوبه‌خت كران.هه‌روه‌هاله‌ گه‌ڕه‌كی چووارباخا یه‌كێك له‌ چالاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێوی فه‌ڕۆخ ڕه‌شیدی به‌ شراپنێلی قومپاره‌یك خۆبه‌خت كرا.
كاك حه‌مه‌ ئه‌ڵێ:‌ هه‌وا تاریك و ڕوون بوو كه‌ كاك شووان په‌یامی هه‌ناردبوو بۆمان كه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی بنكه‌ی باخ مێلیا بچین بۆ لای ئه‌و له‌ فه‌یزاوا. كاتێ كه‌‌ گه‌یشتینه‌ به‌ره‌وه‌‌ كاك شووان ده‌ستی به‌ قسه‌ كردن بۆمان كرد و وتی كه‌ به‌یانی پاسداره‌كان قه‌راره‌ له‌ ناوچه‌ی نه‌نه‌ڵه‌ ڕه‌د بن.ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانئه‌وێ ده‌توانن له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ بێن تا بچین و خۆمان بۆیان دابگرین.

كاك شووان خه‌ریك قسه‌كردن بوو ،كه‌ كوتوپڕ پێشمه‌رگه‌یك هاته‌ ناوه‌و وتی كه‌ پێشمه‌رگه‌یكی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێو حوسه‌ین ڕه‌حیمی له‌ پشت حمام كه‌مانگه‌ره‌وه‌ شێراپنێلی قومپاره‌یك لێ خواردوه‌ و خۆبه‌خت بووه‌. هه‌مو كه‌س كاك حوسه‌ینیان ده‌ناسی. خه‌وه‌ری مه‌رگی ئه‌و جامێره‌‌ ده‌نگی له‌ هه‌مومانی بڕی. كوتوپڕ یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كان كه‌ به‌ سه‌ر پاوه‌ ڕاوستابوو كه‌وته‌ له‌رزین و دانیشت. كاك حه‌سه‌ن بوو برای كاك حوسه‌ین.كاك شووان سه‌رخوشی لێ كرد و ئیسرارێكی زۆری لێ كرد كه‌ بڕۆیته‌وه‌ بۆ‌ لای بنه‌ماڵه‌كه‌ی و بمێنێه‌وه‌ ، كاك حه‌سه‌ن قه‌بووڵی نه‌كرد و له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانا ماوه‌.
كاكه‌ حه‌مه‌ ئه‌ڵێ : له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان به‌ شه‌وا ڕوێشتینه‌ بان ته‌پۆڵه‌گه‌ل و به‌رزاییه‌كانی ناوچه‌ی فه‌یزاواو نه‌نه‌ڵه‌ و چاوه‌ڕووانی هێزه‌كانی ڕژیم ماین ،به‌ڵام وادیار بوو كه‌ سه‌ربازه‌كان به‌رنامه‌كه‌یان گوڕا بوو و نه‌هاتن.

شه‌وی ڕابردوو تاقمه‌یك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وچریك هێرشه‌كی چڕیان كردبووه‌ سه‌ر ساختمانی ئۆستانداری كه‌ بووبوو به‌ بنكه‌ی پاسداره‌كان. به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ ڕژیم به‌ هه‌موی هێزی خویه‌وه‌ شاره‌كه‌ی مووشه‌ك و قۆمپاره‌باران ده‌كرد و هه‌ر كاتژمێر ده‌ها و ده‌ها هاووڵاتی بێ به‌رگریان له‌ ژن و پیاو بگره‌ تا پیر ومنداڵ خۆبه‌خت ده‌كرد.پاسداره‌كان سنه‌یان كردبووه‌ پیشانگه‌ی دڕی و دڕنده‌یی خۆیانه‌وه‌‌، ده‌ستی نازییه‌كانیان به‌ستبووه‌وه‌.
سه‌ردخانه‌ی خه‌سته‌خانه‌ پڕ بوو له‌ته‌رم كه‌ یه‌ك له‌ بان یه‌كه‌وه‌ دانرابوون. بۆ سه‌رد هێشتنی سه‌ردخانه‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ تا ئه‌وجێگا كه‌ بیانتووانیای سه‌هۆڵیان له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌هاورد چوونكوو هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كمه‌وه‌ قۆمپاره‌ خواردبوویه‌ ده‌ستگا سه‌ردكه‌ره‌كه‌ی سه‌ردخانه و له‌ كار كه‌وتبوو.‌خه‌ڵكه‌كه‌ خۆبه‌خته‌كانی خویان له‌ ناو باخچه‌كانا ده‌نێژا. برینداره‌كان له‌ ناو ڕاڕه‌وه‌كانی خه‌سته‌خانه‌ به‌سته‌ری كردبوو. ده‌رمان یان نه‌بوو یان كه‌م بوو. پاسداره‌كان نه‌یان ده‌هێشت ده‌رمان و پزیشك و برینپێچ وتیماركه‌ر بێنه‌ ناو شاره‌كه‌. هژماری پزیشك و تیماركه‌ری خه‌سته‌خانه‌ زۆر كه‌م بوون. ئه‌وانه‌یچ كه‌ بوون بریتی بوون له‌ كورده‌كان و چه‌ند مرۆڤدوستێكی چه‌پ كه‌ به‌ هه‌زار مه‌ترسه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێرانه‌وه‌ هاتبوون.

فه‌رمانده‌كانی ڕژیم حه‌د وسنوورێكیان له‌ دڕی و دڕه‌نده‌یی بۆ خویان دانه‌نرا بوو. به‌ هه‌مووی هێزی خویانه‌وه‌ شاره‌كه‌یان ده‌كوتاوه‌و خه‌ڵكی بێتاوانیان له‌ ناو خوێنیانا ده‌تلانده‌وه‌،جه‌رگی دایكه‌كانیان ده‌سووتاند، ئاهه وناڵه‌ی هه‌تیمه‌كان ئاسمانیان ئه‌دڕی.
هێزه‌كانی ڕژیم ده‌یانزانی كه‌ پێشمه‌رگه‌كان هێزی درێژه‌دان به‌ شه‌ڕیان نییه‌.بۆیه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌تیان به‌‌ سه‌ر شاره‌كه‌ چڕ كردبووه‌وه‌.تا بتوانن هه‌ر چێ زووتر پێشمه‌رگه‌كان له‌ شاره‌كه‌ ده‌ر كه‌ن و ده‌ست كه‌ن به‌ كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵی لاوه‌كانی سنه‌.
هه‌ر چه‌نده‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌كان ده‌یانزانی كه‌ ناتوانن شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن له‌ گه‌ڵ ڕژیما بكه‌ن به‌ڵام ده‌یانویست تا دووایین گولله‌ له‌ كوردستان به‌رگری بكه‌ن و نه‌هێڵن نیشتمانیان به‌ چه‌كمه‌ی پاسداره‌كان چه‌په‌ڵ بكرێت.
به‌ پێ تی ڤی نه‌ورۆز هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌كان به‌ری پێشڕه‌وی پاسداره‌كانیان له‌ حه‌سه‌ناواو شه‌ریفاوا گرتبوو و پاشه‌كشیان پێان كرد.مزگه‌وتی حاجی حه‌سه‌ن و زه‌ینه‌لعابدین به‌ قۆمپاره یه‌كده‌س وێران كران.
ڕۆژنامه‌ی كه‌یهان یازده‌ی گوڵان ٥٩:
حیزبی دموكرات دیسان داوای ئاگربه‌ست ده‌كاو ده‌خوازێ وتووێژ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تا ده‌بێ.

هه‌ینی دووانزه‌ی گولان سێزده‌همین ڕۆژی شه‌ڕ
٢٤ كاتژمێر به‌ شوێن داوای حیزبی دیموكرات بۆ ئاگربه‌ست و دووایی هێنان به‌ شه‌ڕ، كۆماری ئیسلامی هێرشی خوی به‌ سه‌ر سنه‌ چڕتر كرده‌وه‌و به‌ كوشت و كوشتاری به‌رفراوانی خه‌ڵكه‌كه‌ درێژه ی دا.رژیم تێ ده‌كۆشا تا چه‌نبه‌ری گه‌مارۆه‌كه‌ ته‌نگتر بكاته‌وه‌.
بۆته‌نگتر كردنی گه‌مارۆی شاره‌كه‌ سه‌ربازه‌كان له‌ بان پردی قشڵاخه‌وه‌ ڕه‌د بوون و به‌ره‌و ئاوایی فه‌ره‌جه‌ كه‌وتبوونه‌ ڕێگاوه‌ وده‌یانویست باكوور و باكوور-ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ گه‌مارۆ به‌نه‌وه‌. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كانی كۆمه ڵه‌ ڕێگایان لێ ده‌گرن و نه‌قشه‌ی پاسداره‌كانیان پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ وپاشه‌كشیان پێان كرد.

له‌ باشووری ڕۆژاوای سنه‌وه‌ گرۆیكیتر له‌ پاسداره‌كان به‌ چه‌كگه‌لی قورسی خویانه‌وه‌ ویستیان له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌ریفاوا ده‌وربده‌نه‌وه‌و بڕۆن خه‌سراوا دابڕ كه‌ن. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی دیموكرات به‌ هه‌موی هێزی خۆیانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌وان ڕاوستان‌. پاسداره‌كان تووانیبویان هێندێ پێشڕه‌وی بكه‌ن. به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دیمۆكرات به‌ یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و چریكه‌كان و چه‌كداره‌كانی فره‌یك له‌ بنكه‌كان تووانیان پاشه‌كشی به‌ پاسداره‌كان بكه‌ن.

له‌ بوواری ئه‌م شه‌ڕێ پێشمه‌رگه‌یكی ڕاه‌ كارگه‌ر به‌ نێوی سادق بتیا و دوو پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموكرات به‌ نێوی ئه‌حمه‌و موحه‌مه‌دی و حوسه‌ین قومری خوبه‌خت كران. پێشمه‌رگه‌یكی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێومه‌نسوور بێهزاد موتله‌ق ناسراو به‌ سه‌عی خوبه‌خت كرا. كاك حه‌مه‌ سه‌یار ئه‌ڵێ كه‌ كاك بێهزاد فه‌رمانده‌ی په‌لێ بوو كه‌ ئه‌و تێدا بوو.

به‌ پێ تی ڤی نه‌ورۆزنیزیكه‌ی كاتژمێر چووار پاش نیوه‌ڕۆ سه‌رباز و پاسداره‌كان له‌ ته‌پۆڵه‌ی تووشنه‌وزه‌ره‌وه‌ هاتبوونه‌ خوواره‌وه‌ كه‌ هێرش كه‌نه‌ ناو شاره‌كه‌ پێشمه‌رگه ‌قاره‌مانه‌كان به‌ر پێشڕه‌وییان ده‌گرن و ده‌بێته‌ شه‌ڕ.ده‌ورووه‌ر نیوه‌شه‌و شه‌ڕ دووایی دێت و پاسداره‌كان به‌ ده‌ها كوشته‌وه‌ پاشه‌كشی ده‌كه‌ن.
له‌ هه‌مان كاتا له‌ ژێر ئاگری قۆمپاره‌كان فره‌تر له‌ دووسه‌د دوكان ئاگر ده‌گرن.

له‌ بانه‌
هاو كات له‌ گه‌ڵ شه‌ڕی سنه‌ له‌ بانه‌ و مه‌ریوان و سه‌قزاله‌ نیوان كورده‌كان و فارسه‌كانا شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو. پێشمه‌رگه ‌قاره‌مانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ سپاگه‌ی بانه‌یان گه‌مارۆدابوو. پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بان ساختمانی جه‌لبی سه‌یاحان شوێنیان گرتبوو. له‌وێڕا سپاگه‌ی كۆنه‌ڕێوی وسه‌نگه‌ره‌كانی ناو سپاگه‌یان تیرباران ده‌كرد. جووڵه‌یان له‌ سه‌ربازه‌كان بڕیبوو. ئه‌وڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌یكی قاره‌مانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێو عوسمان سه‌بۆكبار خوبه‌خت كرا.
پێشمه‌رگه‌كان سه‌نگه‌ره‌كانی خویان له‌ ناو شاره‌كه‌ پته‌و كردبووه‌وه‌. بۆ ئاسان كردن و بێ مه‌ترسه‌ كردنی ڕێگاگه‌لی په‌یوه‌ندی له‌ ناو شاره‌كه‌ له‌ ناو دیواری به‌ین ماڵه‌كانا زه‌نبووره‌یان كردبووه‌وه‌ تا له‌م ماڵ به‌و ماڵ بتوانن به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناو كۆڵان و شه‌قامه‌كانا ڕه‌د بن بتوانن له‌ ناو شاره‌كه‌ هات وچوو بكه‌ن.و یارمه‌تی به‌ به‌ره‌ی سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ده‌ور سپاگه‌دا بگه‌ینن.
تاقمه‌ی پزیشكی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بانه‌ بریتی بوو له‌ دوكتور شاكری، دوكتور ئه‌حمه‌و عه‌زیزپوور، دوكتور عوسمان فه‌تحی و دوو دوكتوری هێندی كه‌ هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ی بانه‌ كاریان ده‌كرد.ئه‌م تاقمه‌ له‌ خه‌سته‌خانه‌ی بانه‌ كاریان ده‌كرد و مزگه‌وتێكیان له‌ ده‌وروبه‌ری بانه‌ كردبووه‌ خه‌سته‌خانه‌ و برینداه‌كانیان ده‌رمان ده‌كرد.
به‌رپه‌سی تاقمه‌ی قومپاره‌ ئه‌ندازی كۆمه‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌یكی به‌ڕێز بوو به‌ نێوی جه‌لیل مۆعین ئه‌فشار كه‌ به‌ قومپاره‌٨٠میلیمیترییه‌كانی خویه‌وه‌ ‌پاسداره‌كانی ڕژیمی ناچار كردبوو كه‌ خویان له‌ ناو كه‌نداو ره‌هه‌نه‌كانی سپاگه‌ بشارنه‌وه‌.

شه‌مه‌ سێزده‌ی گوڵان چووارده‌هه‌مین ڕۆژی شه‌ڕ
هه‌ر چه‌نده‌ی كه‌ سه‌رانسه‌ری شه‌و ته‌قه‌ی تیرمان له‌م لاو له‌ولای شاره‌كه‌وه‌ ده‌بیست به‌ڵام هه‌ر وه‌كوو ڕۆژانی ڕابردوو ئه‌م به‌یانیچه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ ته‌قه‌ی تۆپ و قۆمپاره‌ی پاسداره‌كانه‌وه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵزرنگیان.ده‌وڵه‌تیج هه‌ر سوور بوو له‌ سه‌ر له‌ ناو بردنی كورده‌كان، به‌ پێ ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات سێزده‌ی گوڵان١٣٥٩به‌نیسه‌در، سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ كۆبوونه‌وه‌یكی گشتی له‌ ئه‌سپه‌هان ڕای گه‌یاند كه‌ كورده‌كان ئه‌مه‌ نه‌و ئه‌وه‌نه‌…. جاڕی حیزبی دیموكرات بۆ ئاگر به‌ست په‌سه‌ند ناكات…. هه‌تا پێشمه‌رگه‌كان له‌ ناو نه‌چوون ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌ر به‌ شه‌ڕ درێژه‌ ده‌دات….

به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدابه‌نیسه‌در لێژنه‌یكی هه‌ناردبووه‌ مه‌هاباد تا له‌ گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كورده‌كانا وتووێژبكات!!!ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات سێزده‌ی گوڵان١٣٥٩له‌م بابه‌ته‌وه‌ وا ده‌نووسێ:به‌ فه‌رمانی به‌نیسه‌ر لێژنه‌یك له‌ تارانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ دوكتور حه‌سه‌ن ئه‌رده‌ڵان، دوكتور ئیبراهیم یونسی و به‌ڕێز مۆعته‌مێد وه‌زیری، هاتوونه ته‌‌ مه‌هاباد تا له‌ گه‌ڵ نوێنرانی كورده‌كانا وتووێژ بكه‌ن. نوێنرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان، شاخه‌ی كوردستانی ڕێكخراوی چریكه‌كانی فیدایی گه‌لی ئێران و ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌رئه‌وه‌ی ڕێكه‌وتن كه‌ ئه‌گه‌رده‌وڵه‌تی ئێران به‌ شێوه‌یكی فه‌رمی ئاگربه‌ست ڕابگه‌ینێ ئه‌مانیچ ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌ ڕێه‌وه‌ ده‌به‌ن و ڕێزی لێ ده‌گرن.

له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌ كه‌ له‌ فه‌رمانداری مه‌هابادا به‌ ڕێه‌وه‌ ‌چوو نوێنرانی كورده‌كان و ده‌ڵه‌تی ئێران له‌ سه‌رئه‌وه ڕێكه‌وتن كه‌ به‌ دووای ئاگربه‌سته‌كه‌ به‌نیسه‌در گه‌ڵاڵه‌ی ششماده‌یی سه‌ربه‌خویی كوردستان به‌ شێوه‌یكی فه‌رمی ڕابگه‌ینێت و كورده‌كانیچ لێژنه‌یك هه‌ڵبژێرن كه‌ بڕۆنه‌ تاران وله‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تاله‌ سه‌رورده‌كارییه‌كانی خۆدمۆختاریا وتووێژ بكه‌ن.
هاو كات له‌ گه‌ڵ مانۆڤری ته‌بلیغاتی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی فارسه‌كان له‌ قۆمپاره‌باران كردنی شاره‌كه‌ به‌رده‌وام بوون. كاره‌بای سه‌ردخانه‌ی خه‌سته‌خانه‌ بێوچان ده‌بڕا.‌ بۆ ڕاگرتنی گرمی سه‌ردخانه‌كه‌ له‌ ژێر سفره‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ته‌وه‌سه‌هۆڵیان له‌ ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه‌ ده‌هێنا وده‌یان ڕژانده‌ بان ته‌رمه‌كان.
بۆ ڕێزگرتن له‌ ته‌رمی پاسداره‌كانی ئێرانییه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ هێندێ له‌ پێشمه‌رگه‌كانی بنكه‌كانی فه‌رمانبه‌ر كردبوو كه‌ ته‌رمی پاسداره‌كان و سه‌ربازه‌كانی ڕژیم كه‌ دوێنێ شه‌و كوژرابوون له‌ بان گۆڕستانی تایله‌وه‌ به‌ خاك بنێژن. پێشمه‌رگه‌كان له‌ ژێر ئاگری قومپاره‌ی پاسداره‌كان له‌ ناو تاریكایی شه‌وا ته‌رمه‌كانیان له‌ گۆڕستانی تایله‌ به‌ خاك نێژا.
بۆ پووچه‌ڵ كردنی مانۆڤری ته‌بلێغاتی ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵه‌ له‌ خه‌وه‌رنامه‌ی ‌ ژماره‌ ٣٣ ی خۆی به‌ مێژوی سێزده‌هۆمی گۆڵانی ١٣٥٩ هێندێ ڕاسته‌قینه‌ به‌م شێوه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ڕاگه‌یاند:

هاونیشتمانانی شۆڕشگێڕ:
سێزده‌ڕۆژه‌ كه‌ گه‌لی كورد به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵ كوژی به‌رگری ده‌كا.دوێنێ شه‌و به‌نی سه‌در له‌ ڕادێوا ڕای گه‌یاند كه‌ شاری سنه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌س پاسداره‌كان وپێشمه‌رگه‌كان خه‌ریكن ده‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ سنه‌ به‌ جێ ده‌هێڵن….هه‌ر وه‌های كه‌ خوتان ده‌بینن به‌ درۆ و ده‌ڵه‌سه‌ ده‌یانئه‌وێ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌كان بشكێنن.
له‌ هه‌مان كاتا كه‌ سه‌رۆك كۆماری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌ بێشه‌رمی خه‌ریك درۆوتن بوو، ئێمه‌ ته‌رمی ٩٢ پاسدار وسه‌ربازی ئێرانمان له‌ بان زیاره‌تانی بانتایله‌وه‌‌ به‌ خاك نێژا. هێزه‌كانی ڕژیم برینداریان زۆره‌ .به‌ پێ خه‌وه‌ره‌كان فره‌تر له‌ هه‌زار برینداری ڕژیمیان هه‌ناردووه‌ته‌ خه‌سته‌خانه‌كانی كرماشان . له‌م كاته‌دا سپاگه‌كانی ڕژیم له‌ بانه‌ و مه‌ریوانا وان له‌ ژێر ئاگری پێشمه‌رگه‌كانی قاره‌مانی كوردستانا.خه‌ڵك بێ وچان دروشم ده‌ده‌ن و ئه‌ڵێن تۆپ، تانك، فڕۆكه‌ ئێمه‌ له‌ شاره‌كه‌مان به‌ ده‌ر ناكه‌ن. ماڵه‌كانمان سه‌نگه‌ری ئێمه‌یه‌ ده‌سته‌كانمان ڕه‌شاشه‌یه‌ و دڵمان نارنجه‌كه‌. مردن بۆ به‌نیسه‌در مردن بۆ جاشه‌كان. به‌نیسه‌در بزانه‌ چه‌كه‌كانمان هی خومانه‌ و به‌ كه‌سی ناده‌ین…..

كاك حه‌مه‌ ئه‌ڵێ بۆ خوم ئه‌وشه‌وه‌ له‌ بیر نابه‌مه‌وه‌. ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی شاره‌كه‌ له‌ ناو تاریكاییا بوو كاره‌بای زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان بڕابوو. له‌ ناو بۆنی بارووت و دووكه‌ڵ وته‌قه‌ی قۆمپاره‌ و ده‌نگی دروشم دانی گه‌لمان ده‌بیست….

له‌م ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌یكی قاره‌مانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ نێوی ئه‌حمه‌و عه‌باسی له‌ به‌ره‌ی حاجیاوا خۆبه‌خت كرا. له‌ دڕێژه‌ی شه‌ڕی ده‌روونیا پاسداره‌ان له‌ ڕادیوا ڕایان گه‌یاند كه‌ به‌یانی یه‌كشه‌مه‌ چووارده‌ی گوڵان ١٣٥٩ به‌ ماوه‌ی شش كاتژمێر له‌ كاتژمێری ده‌ی به‌یانی هه‌تا چوواری پاش نیوه‌ڕۆ ئاگربه‌ست ڕاده‌گه‌ینن تاكوو پێشمه‌رگه‌كان بتوانن له‌ جاده‌گه‌لی كرماشان و هه‌ماانا شاره‌كه‌ به‌ جێ بهێڵن…

…..

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …