دوو شه‌ممه‌ 2 ئه‌یلول 2024

من نفره‌ت له‌ کرێکاری ده‌که‌م / حسەین شەبەق

من نفره‌ت له‌ کرێکاری ده‌که‌م و هه‌رگیز له‌و قسه‌یه‌ی خۆم په‌شیمان نابمه‌وه‌.

کرێکاری چ شانازییه‌کی تێدایه‌ که‌ من پشتیوانی لێ بکه‌م. بۆ کرێکاربوون هه‌‌رگیز پیرۆزبایی له‌ هیچ کرێکارێک ناکه‌م.له‌ هه‌موو ژیانمدا هه‌وڵم داوه‌ تووشی ژیانی کرێکاری نه‌بم ئه‌گه‌رچی تووش بووم و زۆریش چه‌رمه‌سه‌ریم به‌سه‌ر هاتووه‌.
له‌بیرمه‌ که‌ مناڵ بووم. ژیانی پر ره‌نج و ئازاری جووتیار و قه‌ره‌ و کرێکارانی ئاوایه‌که‌ی خۆمان ئازاری ده‌دام. به‌ تایبه‌ت به‌ هاوینان که‌ چین چین ئاره‌قه‌ی مه‌ڵه‌غانگێرانم ده‌دیت زۆر پێی تێک ده‌چووم. که‌چی ئه‌وان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووه‌ ره‌نج و ئازاره‌ قا قا پێده‌که‌نین و پر به‌ دڵ گۆرانی زۆر خۆشان ده‌وته‌وه‌.
که‌ مێرمناڵ بووم زگم به‌ کرێکاران ده‌سووتاو جیاوازی چینایه‌تیم له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست پێده‌کرد. من له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی کرێکار له‌ دایک نه‌بووم، به‌ڵام زیاتر له‌ هه‌ر که‌س حه‌زم ده‌کرد له‌ گه‌ڵ ئه‌وان هه‌ستم و دانیشم و قسه‌ بکه‌م. ئه‌وه‌ش وای کرد که‌ ورده‌ ورده‌ له‌وانه‌وه‌ فێری راستگۆیی و مێهره‌بانی و سۆز و خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌ ببم.

کاتێک گه‌نج بووم، کرێکاریم کرد، ئه‌ویش کاتێک بوو که‌ شاری ره‌شت ده‌رسم ده‌خوێند و رێگای هاتنه‌وه‌ بۆ مهاباد به‌ هۆی شه‌ری حکوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ داخرابوو، ئه‌و کات به‌ ناچاری و له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاورێی خوێنکارم ده‌ستمان کرد به‌ کرێکاری. ناچاری و ئیجباری بوو. هه‌تا زیاتر کارم ده‌کرد، زیاتر رقم له‌و ژیانه‌ هیچ و پووچه‌ ده‌بووه‌وه‌. زۆر به‌سه‌رهاتی تاڵ و ناخۆشمان به‌سه‌ر هات تا توانمان به‌ حاڵ له‌سه‌ر پێی خۆمان راوه‌ستین و حه‌قی خۆمان له‌ سه‌رکارگه‌ره‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کان وه‌رگرین.

کاتێک که‌ هاتم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی هه‌موو هاورێکانم وه‌کوو شانازی هه‌ر وشه‌ی کاریگه‌ر کاریگه‌ریان له‌ سه‌ر زار بوو. من که‌ ئه‌و ژیانه‌ پیسه‌م تاقی کردبووه‌وه‌، نه‌مده‌زانی ئه‌وان بۆچی ئاوان و ده‌ڵێن چی و مه‌به‌ستیان چیه‌.

له‌و ژیانه‌دا تووشی سیاسی و سیاسه‌تمه‌داری وابووم که‌ خۆراکی شه‌و و رۆژیان هه‌ڵکوتن به‌ ده‌ست و بازوو و به‌ژن و باڵای کریکاره‌وه‌ بوو. به‌ مرووری زه‌مان من نامۆییم به‌ بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ کرد و لێره‌دا هه‌ستم به‌ هه‌ڵه‌ یان ناراستی‌یه‌ک ده‌کرد. ده‌مزانی که‌ شتێک له‌ جێی خۆی نیه‌. ورده‌ ورده‌ له‌و جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌ و له‌و جۆره‌ که‌سانه‌ فاسیله‌م گرت و هه‌تا زیاتر زه‌مان تێپه‌ر بوو زیاتر زانیم من له‌ گه‌ڵ ئه‌وان هاورێ و هاوبیر نیم.

ئێستا نه‌ کرێکارم و نه‌ پێشمه‌رگه‌. له‌ ولاتی غه‌ریبی پاش ره‌نجێکی زۆر ده‌رسم خویند و بووم به‌ معلم واته‌ مامۆستا. ئێستا بیری هاورێ ساکاره‌کانی ده‌ورانی مناڵیم ده‌که‌م. ئێستاش خۆشه‌ویستی و مێهره‌بانی ئه‌وان بانگم ده‌کا. ئێستاش پێم خۆشه‌ میوانی ماڵی دایه‌ زارا بم له‌ گونده‌که‌ی خۆمان و چاییه‌کی دیکه‌ به‌ قاپه‌ فافۆنه‌که‌ی ئه‌وان بخۆمه‌وه‌. ئێستاش ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ جارێکی دیکه‌ گوێم له‌ قاقای پێکه‌نین و دڵخۆشی مه‌ڵه‌غانگێره‌کانی وزنده‌رێ بێت و گوێ له‌ گۆرانیه‌ خۆشه‌کانیان بگرم. ئێستاش بیری هاورێ کرێکاره‌کانم ده‌که‌م که‌ چۆن دوای ته‌وابوونی کار له‌ خۆشیان ده‌ستیان ده‌کرد به‌ گۆرانی و هه‌ڵپه‌رکێ.

به‌ڵی ئێستا و له‌ رۆژی کرێکاردا من جارێکی دیکه‌ نفره‌ت له‌ ژیانی کرێکاری ده‌که‌م و نفره‌ت له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ کرێکار هه‌ڵده‌ڵێن و هه‌روه‌ها نفره‌ت له‌وانه‌ ده‌که‌م که‌ بوونه‌ بناغه‌ بۆ داامه‌زراندنی ژیانی کرێکاری.

خۆشه‌ویستان کرێکاری شانازی نیه‌، سووکایه‌تیه‌ به‌ رووح و هه‌ست و شعوور و جسمی مرۆڤه‌کان. ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ به‌ حوکمی نیزامی چه‌وسێنه‌ری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ رێگا و مه‌ودای ژیانێکی شیاوی ئینسانیان لێ زه‌وت کراوه‌. تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌ان له‌ ژێر ئه‌و باری قورسی چه‌وسانه‌وه‌یه‌ دا نه‌بان چه‌نده‌ گۆرانی خۆشتریان ده‌چری؟ چه‌نده‌ دڵسۆزتر و مێهره‌بانتر ده‌بوون؟ چه‌ند ژیان به‌ ئازادی ئه‌وانه‌وه‌ جوانتر ده‌بوو؟

من پێم وایه‌ راستگۆترین و شۆرشگێرترین که‌س ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ نفره‌ت له‌ کریکاری و ژیانی کرێکاری بکات.
ئازیزان هێنده‌ ده‌ست و بازوو و مه‌چه‌کی به‌ هێزی کرێکاران نیشان مه‌ده‌ن. ئه‌وان وانین که‌ ئێوه‌ ده‌یبینن. ئه‌وان هیچ له‌ پلاکارت و کارت پۆستاله‌کانی ئێوه‌ ناچن. ئه‌وان خۆیان به‌ هیچ جۆر دڵخۆش نین به‌م ژیانه‌ په‌ست و بێ بایخه‌. له‌ راستی دا خۆفرۆشی هه‌ر رۆژه‌‌ی مێلیونان مرۆڤ له‌ سه‌ده‌ی 21دا نه‌ک هه‌ر شانازی نیه‌، نه‌ک هه‌ر جوان نیه‌، به‌ڵکوو له‌که‌ی نه‌نگی هه‌موو به‌شه‌رییه‌تی سه‌رده‌مه‌.
مه‌رگ و نه‌مان بۆ ئه‌و بیره‌ی پارێزه‌ری ژیانی کرێکاری و چینایه‌تی‌یه‌. مه‌رگ و نه‌مان بۆ ژیانی کرێکاری. بژی ئه‌و گۆرانیه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ دێته‌ده‌ر. بژی ئه‌و پێکه‌نین و قاقایه‌ی که‌ مناڵێک دڵخۆش ده‌کات. بژی راستگۆیی و مرۆڤایه‌تی.

ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ کۆ ده‌کاته‌وه‌ به‌ ته‌نیا هه‌ر مرۆڤایه‌تی‌یه‌ و به‌س.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …