رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی 28/4/2016 زیندانیانی شاری مهاباد بە هۆی گوشاری زیندانبانەکان و قازی چاودێر و نەبوونی پێداویستی و هەروەها کەموکۆریەکانی ناو زیندان، دەستیان دایە مانگرتن.
بە پێی هەواڵەکان ماوەێکە گوشار بۆ سەر زیندانیانی شاری مهاباد زیادی کردوە و بە تایبەت بە هۆی ئاکار و هەلسوکەتی خراپ و گوێنەدانی قازی چاودێر و بەرپرسانی زیندان بە داواکاری بەندکراوان، نزیک بە 500 زیندانی دەستیان داوەتە مانگرتن و لە نیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە چێشت و نانی زیندانیان وەرنەگرتوە و بە شێوەی رەسمی مانگرتنی خۆیان بە بەرپرسانی زیندان راگەیاندوە و دوای ئەوە زیندانی شاری مهاباد هێزێکی تایبەتی بۆ چوە و بەرپرسانی ئەو زیندانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
دوای بڵاوبوونەوە هەواڵەکە، بەرپرسانی زیندان چوونەتە ناو بەندەکان و داوایان لە زیندانیەکان کردوە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن، بەڵام بەندکراوان لە وڵامدا وتوویانە کە تا گەیشتن بە هەموو داخوازیەکانیان، درێژە بە مانگرتن دەدەین.
جێگەی ئاماژەیە کەلە شاری تەورێزیش، محەمەد ئەمین ئاگوشی، زیندانی سیاسی كورد، لە رۆژی یەكشەممە ٥ گوڵانەوە لە زیندانی تەورێز دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و خوازیاری گواستنەوەی بۆ زیندانی زاهیدان بوو.