جه‌نگی بۆڕیەکان و داهاتوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست/ د.سەردار عەزیز

له رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمرۆدا، کۆمەڵێک جەنگ بەڕێوەدەچێت. یەکێک لەو جەنگانە جەنگی ڕاکێشانی بۆڕیەکانە. مەبەستمان له بۆڕی، بۆڕی گاز یان غازە. گاز دوای نەوت گرنگترین سەرچاوی وزەیە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، هەتابێت گرینگی زیاتر دەکات. کاتێک ئەم کاڵایە بەهای زیاتر دەکات، ئەوا ململانێ بۆ دابینکردن و بەبازارکردنی توندتردەبێت. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگایەکی پڕ له گازی سروشتی. کوردستانی خۆشمان دەوڵەمەندە بەم سەرچاوەیە.

یەکێک له وەرچەرخانە کاریگەرەکانی سەردەمی جیهانگیری ئەوەیە که کڕیار گرنگتره له فرۆشیار. ئەمە رەنگە هەروەها دەرئەنجامی ئابوری باڵای بازاڕبێت. بۆیە وڵاتانی خاوەن گاز له ململانێدان کە چۆن بگەنە بازاڕ. گاز بۆئەوەی بگاتە بازار پێویستی بە دانانی بۆڕی هەیە. بۆڕی دەبێت بە خاکدا ڕابکێشرێت. بۆیە دەبێت جێگایەک هەبێت له سەرچاوەی گازەوە هەتا جێگای فرۆشتن که بە بێ مەترسی ئەم بۆڕیەی پێادا تێپەڕێت.

ئەمە کرۆکی ململانێی جیوپۆلتیکە لە ناوچەکدا. ململانێی جیوپۆلەتیک یانی ململانێ لە سەر خاک.
ماوەیەک لەمەوپێش هیوایەک هاتە ئاراوە که رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغی ململانێی له سەر خاک تێپەڕاندوە، چوەتە قۆناغی ململانێ لە سەر کاڵا و بازاڕ و یەکتر تەواوکردن. بەڵام پاش بەهاری عەرەبی، دیسانەوه ململانێ لە سەر خاک و خەڵک سەری هەڵدایەوە.

کاتێک ململانێ له سەر خاک بە مەبەستی ڕاکێشانی بۆڕی دێتە ئاراوە، مانای وەهایە که دەبێت خاکێک هەبێت له ژێردەستی خەڵکانێکدابێت که رێگە بدات بۆڕی لایەنێک ڕابکێشرێت و بۆڕی لایەنێکی تر ڕانەکێشرێت. بۆ مەبەستی ئاسانکاری بۆڕیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناوی تایفەکانیانەوە ناو دەنێین، بۆڕی سوننی، بۆڕی شیعە، پاشان قسەیەک لە سەر بۆڕی کورد ئەکەین.

ئەگەر لەم نەخشەیە بنواڕین دەبینین بۆڕیەکی ئێرانی شیعی هەیە، که له ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت بە مەبەستی گەیشتن بە دەرایای ناوەڕاست، بە عێراق و سوریادا تێدەپەڕێت. بۆ ئەوەی ئەم بۆڕیە فەراهەم بێت دەبێت

١ ئێران و عێراق و سوریا رژێمە سیاسیەکانیان پێکەوە بگونجێن و خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش بە. هاوبەشی تایفی: شیعە/عەلەوی یان غەیرە سوننی لێرەدا پێکەوەگرێدەری هاوبەشە.
٢ ئەم بۆڕیە بۆئەوەی فەراهەم بێت دەبێت رێگربێت له بۆڕی سوننی که له قەتەرەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ تورکیا و ئەوروپا. بەم پێیە دەبێت سوننەی عەرەب و تورکیا له سوریا بکرێنە دەرەوە.
٣ روسیا که یاریکەرێکی سەرەکیە لە سوریا هیچ کام لەم بۆڕیانەی پێباش نیە. روسیا حەزناکات که ئەروپا ببێتە خاوەن سەرچاوەی تری گاز، چونکە ئەروپا حەزدەکات که ئەمە روبدات، بەڵام بۆ روسیا زیانە، چونکو هێندی تر گاز له سیاسی دەخات.
٤ ئەمریکا بۆڕی سوننی پێباشە، بەڵام دەزانێت بۆئەوەی ئەمە بکات دەبێت روبەری روسیا ببێتەوە، بۆیە ئەم کارە ناکات.
٥ هەردو سوننە و شیعە له گەڵ مانەوی سوریان بە یەک پارچەیی چونکە پەرتبونی سوریا خزمەت بە هیچ کام له پرۆژەکان ناکات.
٦ بۆڕی سوننە لاواز چونکە سعودیە هێندە بایەخی پێنادات، سعودیەکان هەرچی گازیان هەیە خۆیان بەکاری دەهێنن. بۆیە ململانێکە لە نێوان روسیا و ئێراندایە.
٧ روسیا سوریای فیدرالی پێباشە چونکه ئەم پرۆسەیە ئاسان نابێت کاتێک زیاتر له هێزێک له ئارادایە بۆ دانوستان و رازیکردن بۆ ڕاکێشانی بۆڕی.
٨ روسیا دەیەوێت کورد بکاتە بەربەستی رێگری له راکێشانی بۆڕی ئێران و سوننە و کورد خۆشی. بەهاتنی پەکەکە بۆ ناو پرۆسەی هەناردەی وزە ئەم ئامانجە فەراهەم دەبێت.
٩ نە ئێران، نە روسیا پێیان باش نیە هیچ گازێک بگاتە تورکیا چونکە دەیانەوێت تورکیا وەک بازاڕی خۆیان بمێنێتەوە. ئێران و روسیا هەردو گاز بە تورکیا دەفرۆشن، بەڵام روسیا دەیەوێت پشکی شێری بەرکەوێت.
١٠ روس دەیانەوێت تورکیا وەک ئۆکرانیا لێبکەن کە بیکەنە رێڕەو بۆ تێپەڕینی گازەکەیان بۆ بازار، بەڵام تورکەکان سیاسەتی هەب-یان هەیە، کە یانی کڕینی گاز و فرۆشتی لەلایەن تورکیا خۆیەوە، نەک تەنها وەرگرتنی باجی تێپەڕین.
١١ بۆڕی کوردستان که پلانە بۆ تورکیا رابکێشرێت ئێستا لە هەناو ئەم ململانێ جیوپۆلەتیکیانەدایە. ئێران و روسیا پێیان باشە ئەم بۆڕیە نەگاتە تورکیا. ئێران رێگە دەدات که ئەم بۆڕیە بە خاکی ئەودا تێپەڕیت بەڵام ئەمە هەنگاوێکە بۆ کوشتنی گازی هەرێم، وەک سەرچاوەیەکی دابینکردن.
١٢ بۆڕی کوردستان که ئێران دەبێت لە بەندەرەکانی ئێران بە شلی بفرۆشرێت، کە هەمان رێگایە قەتەر پەیڕەوی دەکات، بەڵام ئەم رێگەیە بێسودە. له کاتێکدا هیچ بەهایەکی سیاسی بۆ گازی کوردستان ناهێڵێت له هەمانکاتدا لە روی ئابوریەوە روبەروی کێشەی دەکاتەوە.
١٣ دەنگۆی ئەوە هەیە کە شاندێکی یەکێتی بچێتە ئەنکەرە بۆ ئەم مەبەستە، ئایا یەکێتی بانگهێشتکراون یان خۆیان دەڕۆن؟ ئەوە پرسیارە؟ ئایا چ دیدێکیان هەیە له نێوان ئێران و تورکیادا؟ ئایا بەرژەوەندی کوردستان لەبەرچاو دەگرن یان گیرفانی چەند کەسێک؟؟
١٤ ئەوەی لە روی گەورەترەوە لە ئارادایە، ئەمریکیەکان هەوڵدەدەن که ئەروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پێکەوەببەستن بەمەبەستی رێگری له روسیا
١٥ ئێستا ئیسرائیلیەکانیش خاوەن غازن بەم زوانە، ئەوان چی لێدەکەن؟؟ کێبرکێ لە نێوان یونان و تورکیادا لە ئارادیە بۆ هەناردەکردنی، بەڵام خۆیان دیدی تریان هەیە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …