چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

گوردانی شوان.. ساتەکانی ئاخر (1-2) / پرشنگ محەمەدی

بە هاتنی ٢٧ و ٢٨ی رەشەممە ڕێز ئەگرین نەک لە مەرگ بەڵکوو لە گیانبەختکردن و ژیانی گوردانی شوان!

ئەو ڕۆژە بیارە دێیەکی سەر سنورری کوردستان و لە نزیک ساری هەڵبجە، بوو بە جێگای دیدار تازەکردنەوەی کەسانیکی زۆر. گۆردانی ئاریز ماوەیک بوو لە بیارە جیگیر ببوون. ئەو ڕۆژە گوردانی شوان گەیشتبوونە بیارە و ئەوان لە جێگای ئارێز دائەمەزران.
ئەو کەسانە کە دەمێک ئەبوو یەکتریان نەدیتبوو، یەکیان لە ئامیز ئەگرت و تاسەی دیداریان بە شۆخی هەر قسەو باسێک کە بۆیان ئەهات، ئەشکاند. گوردانی ئارێز بەرەو چنارە بۆ حەسانەوە بەڕێ کران و پێشمەرگەکانی گوردانی شوانیش خۆێان لە گەڵ جێگا و ئەرکە تازەکانیان رێک ئەخست. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ماوەیەک بوو مەقڕێکی لە بیارە کردبوەوە. بۆ هەر ماوەیەکی دیاری کراو هێزێک بۆ جێگیر بوون لەو مەقەڕە ئەناردران بۆ بیارە. ئەرکی ئەو هێزە ئاگاداری لە جم و جۆڵی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دابین کردنی پەیوەندی لە گەڵ ناوەوەی کوردستان بوو.

ساڵەکانی ١٣٦٦ و ١٣٦٧، ئاگری شەڕی ئیران و عێراق گەیشتبووە سنوورەکانی کوردستانیش. بە درێژایی ئەو سنوورە هیزەکانی هەر دوو بەرەی شەڕ ڕوو بە یەکتر دامەزرابوون و یەکتیان بە هە موو جۆرە چەکێک ئاگر باران ئەکرد. بەڵام ئەوەی کە بەو یاگرە زۆرتر ئەسووتاو لە بەین ئەچوو نەک هێزەکانی شمشێر و عەمامە، بەڵکوو ماڵ و حاڵی خەڵک بوو. سنوورەکان وەزعیکی زۆر ناخۆسیان هەبوو. لە پیرانشارەوە هەتاکوو مەریوان، ئەو سنوورە ساڵیانێکی زۆر بوو جێگای پەڕینەوەی خەڵک بوو. هەزاران کەس نانی خۆیان و منداڵیان بە قاچاقچیەتی دابین ئەکرد. ئەو ساڵانە شەڕی ئەو دووانە سنوورەکانی کردبوو بە دەشتی مین و بۆمب.

وەزعەکە بۆ هێزی پێشمەرگەش هەتا ئەهات ناخۆشتر ئەبوو. پێشمەرگە بع حەسانەوەو دابین کردنی پیداویستیەکانی ئەبوایە لەو سنوورە بپەریاتەوە. هێشتنەوەو پەیداکردنی ڕێگایەک بۆ چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە، ببوو بە مەترسیەک. زۆر جار ئەو جێگانە کە ئەدۆزرانەوە کەشف ئەبوون و ئەبوایە بە خۆ لە خەتەر خستنیکی زۆر، ڕێگایەکی دیکە بدۆزرایێتەوە. بڕینی ئەو سنوورانە زۆر بجار بە شەر ئەکراو زۆر پێشمەرگە لە چەند شەڕی سەر سنوورەکاندا گیانیان بەخت کرد. ئەو ساڵانە ساڵانێکی سەخت و ڕەش و ناخۆش بون، بەڵام بەوەشەوە هەرگیز کاری لە سەر ورەی ئەو کوڕ و کجانە نەکرد وا ئەو سنوورە ئاگراویانەیان ئەبری و دواتر خۆیان لە کوردستان بڵاو ئەکردەوە.
ئەو ساڵە ڕەشەی ٦٦، ئەو ئاگرە وەک بورکانێک لە سەر سنوورەکانەوە دەرکەوت و مۆری لە بیارە و هەلبجە ئەبردەوە.

گوردانی شوان، هەر وەک هەموو گوردانەکانی دیکە لە چەندین پەل پێک ئەهات و شۆکێ فەرماندەی گشتیی گوردانی شوان بوو. فەرماندەهی پەلەکان و دەستەکانیش لە سەر سانی چەندین کەسی بە ئەزموون و لێهاتووی وەک سەباح بوو. ئەرکی سیاسی گوردانی شوان لە سەر شانی کاک قادر بوو. پەلەکان بە دوو دەستە دابەش ئەکران و کۆمەڵێکی دیکە لە کەسەکانی بە ئەزموون فەرماندە و بەڕێوەبەری سیاسی ئەو دەستانە بوون. هاوین و پاییزی ٦٦ کۆمەڵێک پێشمەرگەی تازە وەکوو ماشاڵا، جەماڵ، مەنسوور، ڕزوان و ……….بە گوردانی شوان درابوون و هێشتا یەکەمین ساڵی پێشمەرگایەتیان تەواو نەکردبوو. ساڵی ١٣٦٥ و ٦٦ کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوان گەیشتبوونە ناوەندی فێرکردنی پێشمەرگایەتی لە مالوومە لە بەهاری ١٣٦٦دا ئەو ناوەندە گوێزرایەوە بۆ چنارە کە خۆی پێشتر جێگای دێیەکی کوردستان بوو کە لە لایەن بەعسەوە چۆڵ کرابوو. لەو بەهارەدا چەندین پەلی تازە چەکدار کران. لە ماوەی ئامادەکردنی سیاسی و نیزامیان بۆ پەیوەست بوون بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، ئەم کەسانە هەر کامیان دارای کۆمەڵێک خسڵەت و ئەزموونی جۆراوجۆر بوون و لە ئاکامدا لە گەڵ جێگای نوێ و کەسانی نوێ و بیری نوێ تێکەڵ ئەبوون و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیان رەنگینتر ئەکرد. ماشەڵا مێهرپەنا کەسێک بوو کە ژیانی لە نێو هەژاری و تەنگدەستی و مەینەتەکانی ژیان، و نەک خۆشیەکانی، تێپەڕ کردبوو. بۆ یەکێک لە هاوڕێیانی گێڕایەوە، دارای خۆشکێکی زەحمەتکێش و مێهرەبانم، ژیانم هەر بە کار کردن تێپەڕ کرد. لە ژیاندا رووبەڕووی مەینەتی زۆر و لەوانە مەوادی موخەدر بوومەوە. لەو چاڵە تاریکەدا ساڵیانێک چەقیم. ئێستا خۆم بە ئازاد ئەزانم. من بۆ هاتنەدەرەوە لەو چاڵە هێزێکم ئەویست و ئەو هێزەم لێرە وەدەست هێنا.

هەتا ئەم هێزە بە هێزتر ئەبوو، مەواد و سەرچاوەی ئازارەکان وشکتر ئەبوون. همایون کە هاوڕێیەکی ماشاڵا بوو و ئەویش لەو چاڵە ڕەشەدا ساڵیانێک چەقیبوو، هاوینی پێشتر لە ناوچەی بانە گیانی بەختکردبوو. ئەوان ئەیانزانی بۆ پڕ کردنەوەی چاڵە ڕەشەکان نەک تەنها بە گژیدا چوونەوە بەڵکوو گیانبەختکردنیش لە سەر ڕێدایە. ئەم جارە ماشاڵا بوو کە رووبەڕووی تاقیکردنەوەی ژیان ئەبوەوە.

رۆژەکانی نیوەی مانگی ڕەشەممە هەواڵەکان باسی ئەوەیان ئەکرد کە هێزێکی زۆری ئێران کە لە سەر سنوور کۆ بوەتەوە، لەوانەیە لە هەر ساتدا دەست بە هیرش بۆ ئەو ناوە بکات. عیراقیس هێزێکی زۆری لە دەورووبەری چۆمی سیروان و شاری هەڵەبجە دامەزراندبوو. هێرشی ئێران لە ڕۆژەکانی ٢٤ و ٢٥دا دەستی پێ کردو بیارەو چەند دێهاتێکی دیکە و دەورووبەری هەڵەبجە کەوتنە بەر لافاوی هێرشی سەدان هەزار کەس لە سپای ئێران و لە جێگا هەڵکەندران. گوردانی شوان بۆ هەڵەبجە پاشەکشەیان کرد. لە کاتی گەیشتنیان بۆ ئەوێ، تەیارەکانی عێراق دەستیان کرد بە بۆردمان کردنی ناوچەکەو و هەروەها بە بۆمبی کیمیایی هەڵەبجەیان بۆردومان کرد. تەمێکی زەرد جیگای ئاسمانی شینی ئەو شارە بێ ئازارەی گرتەوەو گیانی هەزاران کەسی لە یەک ساتدا گرت. زۆرێک لە پێشمەرگەکانی گوردانی شوان تووشی گازگیراوی بوون و پاشەکشەکەیانی لە ناوچەکە تووشی گیر و گرفتێکی گەورە کرد.

بەڵام سەرەڕای ئەوە، هەموو هەر پێکەوە هەنگاویان هەڵئەهێنا. ئەوە ڕەسمی گوردانی شوان یش بوو. شۆکێ کە بە تەمەن لاو بوو بەڵام بۆ تێگەیشتووی نیزامی و بیری تیژی، ناو بانگی هەبوو، یەبوایە هیزەکەی هەتا ئەیتوانی بەرەو چۆمی سیروان بباتە دواوە.. ئەگەر چی لە نزیک هەڵبجە بۆ دەربازبوونیان ڕێگایەکی دیکە بەرەو ناوەوەی ئێران کەوتە سەرڕێیان، بەڵام گوردانی شوان بەرەو چۆمی سیروان ڕێگای گرتە بەر و چاوەڕوان بوون کە لەوێوە هاوڕێیانی ئەو بەر سیروان بە کەڵک وەرگرتن لە گەمی بیانپەڕێنەوە.
گوردانی شوان بەرەو ئاوەکە نزیک ئەبوونەوە و لە هەمان کاتدا ئاگر لە پشتیانەوە بۆیان ئەهات. گوردانی شوان، پەروەردەی شەڕانێکی گەورە و ساڵانێکی پڕ لە سەختی بوو. ناوی شوان خۆی لە کاک شوانەوە هاتبوو، کەسێک کە لە زۆر جێگا دۆزخی بۆ دوژمن کردبووەوە و کەسانی وەک شۆکێ، خەسرەو، جەلال ڕەزمەندە، غوڵام ز. ، جەلال پێنجوێنی، جەواد فەدەوی، کەماڵ قۆتبی، سەباح، قادر زەندی، شەهلا کڵاقووچی، فتح ڵا، مەهنازو…….. پەروەردە کردبوو.

هەڵسووڕانی سیاسی و نیزامی لە زستانە سەختەکەی ١٣٦١ لە دەورووبەری جادەی سنە – دیواندرە، گەشتەکانی ساڵەکانی بەهار و هاوینی ٦٢ لە ناوچە داگیرکراوەکانی سنە و کامیاران، شەڕەکەی هاڵەئەرە لە زستانی ١٣٦٤ ناسراو بە “ ئەحمەد یەک “ و “ ئەحمەد دوو “، گرتنی پایەگا و مەقەڕەکانی کۆماری ئیسلامی لە خواشت، توارمەڵا، باینچۆ، گوڕیچە، تەوریوەر، گزگزارەو دەیانی دیکە و هەروەها دەیان شەڕی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەکان، هەموو ئەمانە گۆشەیەکن لە ژیان و خەباتی گوردانی شوان و هەروەها ناوی شوانی کربوەوە ناوێکی خۆشەویست بۆ خەلکی کوردستان و ناوێکی ترسناک بۆ پاسدارە چڵکنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

درێژەی هەیە

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …