بە هۆی تەقەی هێزە نیزامیەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران حەفتەی رابردوو چوار کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار کراون و ژمارەیەک ئەسپیش کوژراون.
رۆژی یەکشەممە 6/3/2016 هێزەكانی رژیمی ئیسلامی لە سنوری باشماخ- مەریوان تەقەیان لە كۆڵبەرێكی كورد بە ناوی “مادێح پەرتەوی” كرد كە بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لاوێکی دیکە بە ناوی “س.ئەلف”ە کە بە توندی بریندار بوە و رەوانەی نەخۆشخانەی قەڵادزێ کراوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانیش؛ رۆژی پێنجشەممە 9/3/2016 لە نزیک ئاواییەکی ناوچەی هەورامان، هێزێکی چەکداری پاسگای “ژاڵانە” هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک کۆڵبەری کورد و وێڕای بریندارکردنی ٢ کۆڵبەر، ٢ کەسی دیکەشیان قۆڵبەست کردووە.
جێگەی ئاماژەیە بە پێی هەواڵەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە 25 کۆڵبەری کورد لە لایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە دراونەتەوە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو ڕێژەیە، ١٣ کەس کوژراو و ١٢ کەسی دیکەش بریندار کراون و هەروەها بە دەیان سەر حەیوانی کۆڵبەرانی کورد کوژراون.