چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

كۆمەڵەكان هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران ئاشكرا دەكەن

هەریەك لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان‌و ڕێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران- كۆمەڵە‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە راگەیاندنی جیاجیادا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران رادەگەیەنن.

دەقی راگەیاندنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان:

راگەیاندنی كۆمەڵە
كۆماری ئیسلامی بە شانۆگەریی هەڵبژاردن مەشروعیەت پەیدا ناكات
كەمتر لە دوو هەفتەی دیكە شانۆگەریی هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی لەئێران بەڕێوەدەچێت. هەر وەك تەواوی دەورەكانی پێشووی ئەم شانۆگەرییە ئێستاش زۆر بێ شەرمانەتر بەهەموو بەرەكانی رابەریی‌و ویلایەتی فەقێ پرۆپاگەندەی بۆ دەكەن. ئەم شانۆگەرییە بڕیارە جارێكی دیكە وەك ئامرازێك بۆ پەردەپۆشكردنی سیاسەتەكانی یەكێك لەدیكتاتۆرترین‌و دژە خەڵكیترین رژیمەكانی هاوچەرخ بەكار بهێنرێت. قانون‌و سیستمی هەڵبژاردن لەم رژیمەدا نەك تەنیا لە قازانجی بەشداری خەڵك‌و كاندیدە سەربەخۆكان‌و غەیری خودییەكان بچوكترین گۆڕنكاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵكو رۆژ بەرۆژ ‌و دەورە پاش دەورە بازنەی بەشداریكردنی تەنانەت داكۆكیكارانی سەرسەختی ویلایەتی فەقێ‌و خزمەتگوزارانی دێرینی كۆماری ئیسلامیش بەرتەسكتر بووەتەوە. لەحاڵێكدا كە سیاسەتمەداران‌و بەرپرسانی باڵای رژیم خۆكاندیدكردنیان لەم شانۆگەرییەدا رەتدەكرێتەوە، هەرچەشنە تیۆری‌و بۆچوونێك بۆ بەشداریی لەم شانۆگەرییە، خزمەت بە مانەوەی هارترین بەرەی كۆماری ئیسلامی‌و ئاوەڵاكردنی دەستیان لە بەردەوامبوونی سەركوت‌و دیكتاتۆریی دەكات.
لەتاریكستانێكدا كە كۆماری ئیسلامی بۆ زۆرینەی زۆری خەڵكی ئێرانی دروستكردوە، مەودای هەژاریی‌و سەروەت گەیشتووەتە ئاسمان، بەشی ژیانی كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی‌و زۆربەی زۆری خەڵك، رۆژڕەشی‌و نیگەرانی‌و نائەمنییە، دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی وەك لەشفرۆشی‌و كارتۆن خەوەكان‌و توشبوون بەمادە سڕەكەرەكان‌و بازرگانیكردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، ژیانی خەڵكیان رەشتتر كردوە. كوێی هەڵبژاردن دەتوانێت ئاوڕێك لە ژیان‌و چارەنوسی ئەم خەڵكە بداتەوە؟
خەڵكی كورد كە لەیەكەمین شانۆگەری ریفراندۆم لە 12ی خاكەلێوەی 1358 بە تێكڕا دەنگی “نا”یان بە كۆماری ئیسلامیدا، لەتەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەم رژیمەدا هیچكات رێگەیان بەوە نەداوە بەم جۆرە پیلانانە لەناو خەڵكی كوردستاندا پێگەیەك بۆ خۆی دەستبەر بكات. كۆماری ئیسلامی كە لەهەموو روویەك گەمارۆی كوردستانی داوە‌و یاسای داگیركاریی بەسەردا سەپاندوە، چیتر پێویستی بە دەنگدانی خەڵكەكەی نابێت. لەماوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بەرگریی‌و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان‌و بەرزراگرتنی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی، ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئەم رژیمە‌و هەموو جیهان سەلماند كە كۆماری ئیسلامی‌و یاساكانی‌و دەسەڵاتەكەی لەكوردستاندا هیچ شوێنێكیان نیە. لە هەڵبژاردنەكانیشدا كۆماری ئیسلامی دەبێت هەمان وەڵام لە خەڵكی كورد وەربگرێتەوە كە لە ماوەی 37 ساڵ بەرخۆداندا بە رژیم دراوەتەوە.
لەبارودۆخی ئێستادا كە قەیرانی سیاسی ناوخۆیی رژیم تەشەنەی سەندوە‌و قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان بەرەوڕووی كۆمەڵگای ئێران بووەتەوە‌و، هەژاریی‌و بێكاریی‌و نا ئەمنی‌و بێ ئاسۆیی بۆ داهاتوو تانوپۆی ئەم كۆمەڵگایەكی تەنیوە‌و، داهاتووی كۆمەڵگایەكی 80 ملیۆنی لەپێناو پاراستنی دیكتاتۆرترین‌و دواكەوتووترین رژیم لەناو تاریكیدایە، شانۆگەری هەڵبژاردن بە سیستمی ئیستسوابی بۆ مانەوە‌و بەردەوامبوونی كۆماری ئیسلامییە‌و وەك مەجلیسیەكەی ئێستا، مەجلیسی داهاتووش دەبێت بە یەكێك لە ئۆرگانە سەرەكییەكان‌و یەكێك لە بناغەكانی هێشتنەوەی ئەم رژیمە. مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەم 37 ساڵەدا بێجگە لە بەهێزكردنی پایەكانی ئەم رژیمە هیچی نەكردوە‌و هیچ پرۆژە‌و بەرنامەیەكی بە ئاراستەی باشتركردنی ژیانی خەڵك نەبووە، بە پێچەوانەوە بە ئاراستەی هەژاریی زیاتری خەڵك‌و زۆربوونی دیاردە دزێوە كۆمەڵایەتییەكان هەنگاوی ناوە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان شانۆگەریی هەڵبژاردن لە ئێران رەتدەكاتەوە بە تەواوی بایكۆتی دەكات. خەڵكی ئازادیخوازی ئێران‌و هێزە چەپ‌و سوسیالیست‌و ئازادیخوازكان‌و خەڵكی خەباتكاری كوردستان ئەم جۆرە شانۆگەرییانە قبوڵ ناكەن‌و بەشداریی تێدا ناكەن.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
24ی رێبەندانی 1394

دەقی راگەیەنراوی ڕێكخراوی كوردستانیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران – كۆمەڵە

بانگه‌وازی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بۆ به‌شداری نه‌كردن له‌شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1394 كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!
رۆژی شەممە ١٦ ی ژانویەی ٢٠١۶، بەرابەر لەگەڵ ٢٦ ی بەفرانباری ١٣٩٤، دەستپێکی ئیجرای بەرنامەی ئێقدامی هاوبەش یان ” بەرجام” بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا. لەم رۆژە بەولاوە سەرجەم گەمارۆکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامیەوە ڕادەگیرێن. ئیسلاح خوازانی حکومەتی، ئەندامانی کابینەی دەوڵەت، ڕاگەیەنەرە نێوخۆیی و درەکیەکانی پشتیوانیان هەوڵیاندا بە چۆکداهاتنی ڕژیم لە بەرانبەر ئیمپڕیالیستەکاندا وەک ” سەرکەوتنێکی مێژوویی” پیشان بدەن و بەم جۆرە بەر بە زیاتر ڕیسوا بوونی کۆماری ئیسلامی لەبەر چاوی خەڵک بگرن. ئەوان لە هەمانحاڵدا هەوڵیاندا تا بەڵکو لەم کوڵکە، لە ڕقابەتە نێوخۆییەکان لەوانە لە هەڵبژاردندا، کڵاوێک بۆخۆیان دروست بکەن. ڕەدی سەڵاحیەتی زۆربەی نامزەدەکانی سەربە تەیفی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە لایەن شوڕای نیگابانەوە زەربەیەک بوو لە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی لایەنگرانی دەوڵەتی رۆحانی.
حەسەن رۆحانی، لەم رۆژانەدا دیسان وەعدەی دا کە بە لاچونی تەحریمەکان، ئابووری ئێران گەشە دەکات و وڵات دەکەوێتە سەر مەسیرێک کە بەرەو بەهەشتی بەرین دەچێت. ئەو لە یەکەم کۆبونەوەی خەبەری خۆیدا رۆژی یەکشەممە ٢٧ ی مانگی بەفرانبار دوای ئیجرای بەرجام وەعدەی ڕەونەقی ئابووری ٥ لەسەدی لە ساڵی داهاتودا دا. حەسەن رۆحانی لەم رۆژەدا لە بەیانیەیەکدا وتی: ئەمرۆ سەردەمی تێپەڕین لە تەحریمەکانە بەرەو تەوسعە کە پێویستی بە کاری زیاتر لە لایەن هەموانەوە و بە تایبەت ” لاوانی عەزیز”، واتە کرێکارانی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوە نراوە. ئەو داوای لە بەناو کار ئافەرینان، واتە چەوسێنەرانی، نێوخۆیی و دەرەکی کرد بە خەیاڵی ئاسودە لە نێعمەتەکانی سەرچاوە گرتوو لە بەرجامەوە کەڵ وەربگرن و دەست بدەنە چەوساندنەوە و دزی و ڕانت خۆری.
بەڵام لایەنی بەرانبەر کە لە ئەسڵدا ئیبتیکاری عەمەلی تەسلیمی لە بەرانبەر ئامریکادا بە دەستەوە بوو، دەستی کرد بە کۆمەڵێک بیانو هێنانەوە تا ئیجازە نەدات ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ئیعتیدالیون خۆیان بە سەرکەوتوی ئەم مەیدانە نیشان بدەن. هەواڵنێری ئەمنیەتی فارس، کە نیگەرانی لەبەین چوون و یان لاواز بوونی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی سپایە لە بازاڕە ڕەسمی و ناڕەسمیەکانی دوای بەرجامدا، رۆژی ٢٧ ی بەفرانبار لە وتارێکدا کە بڵاوی کردەوە، بە ئیستناد بە ناوەرۆکی لاپەڕەیەک لە وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا وەبیری هێنایەوە، کە تەحریمەکان هەڵنەگیراون، بەڵکو ” هەڵپەسێراون”. نووسەری وتارەکە هەراو هوریای باڵی ڕەقیبی لەم مەیدانەدا بە دەغەڵکاری ناوبرد و ڕەخنەی لە رۆحانی گرت سەبارەت بەو وەعدانەی کە قابیلی دەستەبەر بوون نین و بردنە سەرەوەی چاوەڕوانی خەڵک.
ئێستا دوای تەسلیم بوونی هەستەیی، دەوڵەتی ئامریکا دەرێژە بە گوشارەکانی بۆسەر ڕژیمی کۆماری ئژیسلامی ئەدات تا سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئامریکادا هاوئاهەنگ بکات. تەحریمی ئەم دواییەی ڕژیم لەبەر ئازمایش کردن و بەرنامەی موشەکی بالستیک، لە ناخی هەراوهوریای ئەم دواییەدا، لەم ڕاستایەدا بەڕێوەچوو.
سەرجەم ڕاگەیەنەرەکانی بۆرژوایی، خاوەنانی سەرمایە و سیاسەتمەدارانی بۆرژوا گوشارە ئابووریەکان و هەڕەشەی نیزامی رۆژئاوا و لە سەرویانەوە ئامریکا بە هۆکاری بەچۆکدا هاتنی کۆماری ئیسلامی دەزانن. بەڵام ئەوان ئەم ڕاستیە دەشارنەوە کە نەفرەت و بێزاری خەڵک لە ڕژیم و مەترسی ئاخێزی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لەم بارەیەوە دەورێکی ئەساسی تری گیڕاوە. خەڵک لە ڕژیم بێزارن و ئاواتە خوازی روخانین، لەبەر ئەمە لە رۆژی ئیجرای بەرجامدا بەتەواوەتی بێ تەفاوەت بوون. نیویورک تایمز رۆژی ٢٨ ی بەفرانبار نووسی کە ” رۆژی دەستپێکی بەرجام” بە ساردی لە لایەن خەڵکەوە وەرگیرا.
بە ملیۆن کرێکاری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، ئەو کرێکارانەی کە لە مەزراکاندا کاردەکەن، بەملیۆن کەسی بێکار لە موعەلیمان و پەرستاران یەکەم کەسانێک بوون کە زۆر ترین سەدەمەیان لە تەحریمەکان بینیوە و هەموو جۆرە داواکاری، ناڕەزایەتی و خەباتێکیان بە بیانوی تەحریمەکان سەرکوت کراوە. ئەوان کەسانێکن کە بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوەنراون و بەدەست چەوسانەوەی توند، دیکتاتۆڕی هار و موسیبەتی کۆمەڵایەتی زیاترەوە ئازاریان چێشتوە و ئازار دەبینن.
پێویستە کرێکاران، لە بەرانبەر کێشمەکێشی ئەو باڵانەدا، کە هەرکامەو بەردی بەشێک لە خاوەنانی دەسەلات و سەرمایە لە سینگ ئەکوتن، هەڵوێستی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. ئەوە روون و ئاشکرایە کە هەر دوو باڵەکەی ڕژیم لە وتووێژی هەستەییدا دۆڕاو بوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە هەراو هوریای سادر کردنی ئینقلابی ئیسلامی و داگیر کردنی سفاڕەتی ئامریکا و شەڕی ئێران و عێڕاق و لە لایەکی دیکەوە بە هێرش لەدژی کڕێکاران، ژنانی ئازادی خواز، لاوان و خوێندکاران، خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و تورکەمەن سەحرا شۆڕشی خەڵکی ئێرانیان توشی شکست کرد. بەڵام ناکۆکیەکانی سیستمی حکومەتی و ئابووریەکەی، خۆڕاگری و خەباتی کرێکاران، ژنان و لاوانی ئەزمون دیتو لە ناخی شۆڕشی ٥٧ دا، شکشت لە شەڕ لەگەڵ عێڕاق، ناکام مانەوەی بەرنامە ئابووری، کۆمەڵایەت، فەرهەنگیەکانی لە نێوخۆ دا و بەرەو شکست چوونی هێژمونی خوازیەکەی لە ناوچەکەدا ئیجازەی ئەم کارەی نەدا تا خۆی لە داوی قەیرانە هەمە لایەنەکان ڕزگار بکات. بە ئیجرا دەرهاتنی بەرجام، کۆتایی شکستی هەوڵەکانی ڕژیم بۆ دەست ڕاگەیشتن بە وەزی ئەتۆمی تۆمار کرد و ئەمەش ئاڵقەیەکی گرنگە لە زنجیرە شکستەکانی ڕژیم.
لاواز تر بوونی ڕژیم لە پرۆسەی مزاکراتدا ڕاستیەکی حاشاگەڵنەگرە و مەترسی ئاخێز لە دژیشی بە هەمان ڕادە ڕاستەقینەیە. بەرز بوونەوەی ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکیش یەکێک لە فاکتۆڕە گرنگەکانە بۆ پەرەسەندنی خەبات و هەوڵدان لە ڕاستای هاوپشتی و ڕێکستنیاندا.
پێویستە هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەبیریان بێت کە قەولەکانی رۆحانی سەبارەت بە بێ ڕەونەقی ئابووری تەنانەت ئەگەر بە زاڵ بوون بەسەر کۆسپە ساختاریە حکومەتی و ئابووریەکانی ڕژیمدا تا ڕادەیەکیش بێتەدی، ئەم ڕەونەقە لە خزمەت سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و لە ڕاستای سەقامگیری ڕژیمدا تەرح ڕێژی کراوە. ئەگەرچی ڕەوتەکان باس لە ناکامی دەوڵەتی رۆحانی لە هێنانەدی بەڵێنەکانی دەکەن، بەڵام هەموو جۆرە هەوڵێک لەم ڕێگایەدا لە ڕاستای بێ ماف تر کردنی کرێکاران و داسەپاندنی هەژاری زیاتر بەسەریاندا ئەنجام دەگرێت. بەڵام کرێکاران لە ڕێگای خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و دروست کردنی بزوتنەوەیەکی متالباتی لەدەوری کۆمەڵێک دروشمی وەک ” زیاد کرانی حەقدەست”، ” کار یان بێمەی بێکاری کافی”، ” ئەمنەیتی پیشەیی و بە دایمی کردنی سەرجەم قەراردادە کاریەکان” و شتی لەم بابەتانە دەتوانن داواکاریە سیاسی و سینفیەکانیان بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن و بە ڕێکخستنی ڕیزەکانیان لەسەر ناوەرۆکی ئەم خەباتە، بوار بۆ روخاندنی کولیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بکەن.

دەقی راگەیەنراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران :

کەمتر لە مانگێک بۆ بەناو ھەڵبژاردنەکانی ئێران ماوە. ئەو ھەڵبژاردنانە ھەم مەجلیسی شورای ئیسلامی و ھەم مەجلیسی خوبرەگان دەگرێتەوە. لەم پەیوەندەدا بەپێویستی دەزانین کە ھەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرببڕین.

یەکەم. لێکدانەوەی کۆمەڵە لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ئێران بۆ ھەمووان روون و ئاشکرایە. ئێمە ئەو ھەڵبژاردنانە ھەموویان بە نادێمۆکراتیک و بەتەواوی ناتەبا لەگەلڕ ھەموو یاسا و رێسا ناسراوە جیھانییەکان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئازاد دەزانین. لەراستیدا نیزامی ویلایەتی فەقیە لەبنەمای خۆیدا لەگەلڕ ھەموو ھەڵبژاردنێکی ئازاد ناتەبایە.

دووھەم. سەرەڕای ئەوە، نیزامی کۆماری ئیسلامی ھەر لەسەرەتای ھاتنەسەر کارییەوە نەیتوانیوە یەکسەر دیاردەی ھەڵبژاردن لە قانوونی ئەساسی ئێران بسڕێتەوە بەڵکوو خۆی ناچار دیوە کە بۆ راگرتنی رواڵەتی مەشروعیەتی خۆی دان بە ھەڵبژاردندا بنێت بەڵام ئەو ھەڵبژاردنانە لە رێگەی دیکەوە لە کەڵک بخات و لە ناوەرۆکی راستەقینەی خۆی بەتاڵیان بکا. میکانیزمی نەزارەتی ئیستیسوابی رێک بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراوە.

نەزارەتی ئیستیسوابی مانای ئەوەیە کە ئۆرگانێک بەناوی شورای نیگابان کە لە شەش ئاخوندی دەستبژێرکراوی ویلایەتی فەقیە و شەش بەناو زانای پەسەندکراوی ھەمان ویلایەتی فەقیە پێک ھاتووە، بۆی ھەیە کە ھەموو کاندیداکانی ھەموو ھەڵبژاردنێک لە ئێراندا بە ناوی ئەوەی سەڵاحییەتیان نییە یان تەنانەت سەڵاحییەتیان مسۆگەر نییە، رەت کەنەوە و بەم جۆرە ھەموو ئاسەوارێکی ھەڵبژاردنێکی راستەقینەیان لێ بسڕنەوە.

لەساڵانی رابوردوودا، ھەتا ھاتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەسارھەڵگرتر و ھەستیارتر بووە، بەتایبەت بەدوای بزووتنەوەی سەوزدا، و ترسی لەوەی کە نەکا ھەڵبژاردنێکی لەدەست دەر بچێ‌ زیاتر بووە، ھەر بۆیە ھەتا ھاتووە تەفسیری توندڕەوانەتریشی لە خودی یاسای نەزارەتی ئیستسیوابی بەکار ھێناوە و ئەوەندەی دیکە بەناو ھەڵبژاردنەکانی ئێرانی بێناوەرۆک و بێمانا و نادێمۆکراتیک کردووە.

سێھەم. حیزبە سیاسییەکان، نە لە ئێران و نە لە کوردستان، ھیچ دەرفەتێکیان بۆ بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا نەدراوەتێ‌، ھەموو ئاسەوارێکی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و تەنانەت نیمچە ئازادیش قەدەغە کراوە.ئازادی رادەبڕین، ئازادی راگەیاندن، ئازادی خۆکاندید کردن، ئازادی کۆبوونەوە و میتینگی ئینتیخاباتی، ئازادی حیزبە سیاسییەکان و تەنانەت ئازادی تاکە سەربەخۆکان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا بوونیان نییە، فەزای ئەمنییەتی و زەبروزەنگ، گرتن و ئیعدام بەتایبەتی لە کوردستان بەردەوامە و بەشی ھەرە زۆری کاندیداکانیش لەلایەن شورای نیگابانەوە رەت کراونەتەوە.لەم حاڵەدا بەشداری لە ھەڵبژاردن بۆ ئێمە و بۆ ھەموو لایەنێکی کە بەجیددی بیر لە مافە دێمۆکراتیکەکانی خەڵک و بیر لە مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بکاتەوە، بەتەواوی بێمانا و بێ‌پاساوە.

چوارەم. کۆمەڵە لایەنگری ھەڵبژاردنی ئازاد، بەگوێرەی پێوەرە ناسراوە جیھانییەکانە و ئەوە بە یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی ھەموو شارۆمەندانی ئێران و کوردستان دەزانێت و ھەوڵدان بۆ ناساندن و چەسپاندنی ئەو میکانیزمە لە کۆمەڵگادا و کردنی بە داخوازییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە کۆمەڵانی خەڵک بتوانن لە دەوری کۆ ببنەوە و بە ھەموو خوازیارانی دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ . ھەڵبژاردنی ئازاد و راستەقینە لەمڕۆدا چەکێکی دەستی تێکۆشەرانی ئازادیخوازە و راستەوخۆ بەدژی کۆماری ئیسلامی و شانۆگەرییەکانی و لە داھاتووشدا مۆدێل و شێوازی دروست و گونجاوی بەڕێوەبردنی ئێران و کوردستانە.

پێنجەم. نەزارەتی ئیستیسوابی وەکوو میکانیزمێکی پێشێل کردنی سەرەتایی¬ترین مافەکانی شارۆمەندان لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا، رۆژ لەگەلڕ رۆژ زیاتر بۆتە مایەی بێزاری و ئیعتیرازی خەڵک.ھەڵوەشاندنەوەی نەزارەتی ئیستیسوابی کە خۆی سووکایەتییەکی گەورەیە بە شعوری خەڵک و ھەموو ھەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامی دەکاتە گاڵتەجاڕ، داخوازییەکی رەوایە کە خەریکە پەرە دەستێنێ‌. کۆمەڵە لەو داخوازییە پشتیوانی دەکات و لەو بڕوایە دایە کە ھەوڵدان بۆ سەندنەوەی ئەو چەکە بەزەبری بزووتنەوەی جەماوەری لە دەست دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ھەوڵێکی گونجاو و رەوایە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٥ رێبەندانی ١٣٩٤ی ھەتاوی
٤ فێوریەی ٢٠١٦ی زاینی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …