ئەوەی ئەمڕۆ لەکوردستان دەیبینین، تەنها یەک ناوی هەیە…. شکستو هیچی تر!
ئەوەی پێی دەوترا “ئەزموونی دیموکراسی کوردستان”و وەک سەرەتایەک بۆ بنیادنانی دامودەزگای دەوڵەتی پێیان دەفرۆشتین، پاش کودەتاکەی پارتی بەسەر پەرلەمانی شەرعیدا، تووشی ترسناکترین شکستی خۆی بووە.
ئەوەی پێی دەوترا یەکهەڵوێستی بەرامبەر دەرەوە، ئەمڕۆ لە گێژاوی دابەشبوون بەسەر بەرە دژ بە یەکەکانی ناوچەکەدا، شکستێکی دیکە بۆ خۆی تۆمار دەکات، بەجۆرێک کەس نازانێت پارتی لەگەڵ تورکیاو سعوودیەدا چی دەکاتو یەکێتی لەگەڵ بەغداو ئێران چی دەڵێت!
ئەوەی پێی دەوترا سیاسەتی ئابووریو بڕیاری سەربەخۆی هەرێم لەبواری سامانی سروشیدا یاخود “بە دوبەی کردنی کوردستان!”، تووشی شکستێک بووە کە خەریکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ قاتوقڕیی نەوەدەکان.
کارەسات ئەوەیە، هیچ یەکێک لەسەرۆکو بەرپرسەکان ئەوەندە ئازایەتی ئەدەبییان تێدا نیە بەخەڵکی خۆیان بڵێن: “ئێمە بەرپرسین… داوای لێبوردن لەخەڵک دەکەین”. هەرکەسە ئەویدی تاوانباردەکات!
سەیریش ئەوەیە سەرباری هەموو ئەو شکستانەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکو کابینە حکومییەکانییەوە، حیزبێکمان هەیە کە تا دوێنێ گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بوو، هیشتا شەڕ لەسەر ئەوە دەکات وەزیرەکانی بگێڕنەوە بۆ ناو ئەو حکومەتەی خودی خۆی بە “شکستخواردوو”ی دەزانێت!
لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەو لایەنەی لەناو هەموو حیزبەکاندا گەورەترین بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی لە ئەستۆیە (دیارە پاش ئەویش هاوپەیمانە ستراتیجییکەی!)، لەنێو تەپۆتۆزی شکستەکاندا لافی دەوڵەتی کوردی لێدەداو دەڵێ ئەوەی بڕواش ناکات، خائینو دوژمنی کوردە!
دەوڵەتی کوردی ئاواتێکە نەوە لەدوای نەوەی ئەم میللەتە خەونیان بینیوەو دەیبینن. بەڵام بەڕێزان بەچی باوەڕ بکەین؟ بەو ژێرخانە ئابوورییەی بۆ دەوڵەتەکەتان دروستکردووە؟ بەو دامودەزگا دەوڵەتییانەی خۆتان پێش هەموو کەسێک ژێرپێی دەخەن؟ بەو هێزی پێشمەرگە یەکگرتوو و مەشقپێکراوەی دروستتان کردووە؟ بەو تێگەیشتنە ناوچەییو نێودەوڵەتییەی بۆ بەدەوڵەت بوون بەدەستان هێناوە؟ بەو هەوڵو ماندووبوونەی بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی کوردستان لەدەوری ئەو ئاماجە سەرفتان کردووە؟
ئەگەر بە ڕاستتانەو دەتانەوێ خەونی هەموومان بەدی بێنن، فەرموون… جارێ پێش هەموو شتێک لەو کەلە بەرزە وەرنەخوارەوەو باوەش بۆ خەڵکی خۆتانو هێزە سیاسییەکانی وڵاتەکەی خۆتان بکەنەوە. ئەو پرۆسە سیاسییە راست بکەنەوە کە بە دەستی خۆتان لنگەوقووچتان کردەوە. خۆ ئێوە هەمیشە لە وەڵامی رەخنەکاندا دەتانوت “لەسەر کەموکوڕییەکانی ناوچەی سەوز گلەییمان لێمەکەن؟ ئێمە لەوێ دەسەڵاتمان نیە”! باشە دەوڵەت بۆ نیوەی هەرێم دروستدەکەن یان بۆ هەموو کوردستان؟ ئەگەر بۆ هەموو کوردستانە، ئەی نابێ ئەو ناوچانەش بخەنە ریزی خۆتانەوە کە دەسەڵاتتان بەسەریاندا نیە؟
ئەگەر بەڕاست دەوڵەتتان دەوێ، فەرموون پلانەکەتان لەگەڵ هێزەکانی تری کوردستاندا بخەنە سەر مێزی گفتوگۆو پێکەوە هەنگاوەکان دەستنیشان بکەن، ئەرکو بەرپرسیارێتییەکان دابەش بکەن، بەرنامە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەگەرو پێشهاتەکان دانێن…
کە هیچ یەکێک لەمانە نابینین، بەڵکو رێک پێچەوانەکەی دەبینین، ئیدی بۆ ناهەقمان دەگرن ئەگەر بڵێین ئەم دروشمبازییە، جگە لە گەمەکردن بە هەستو نەستی خەڵکو خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتیی شکستەکان، هیچ شتێکی دیکە نیە؟ دەوڵەت بە خەزێنەی بەتاڵو خەڵکی برسیو هێزی سیاسیی لێکترازاو دروست دەکرێ؟
سەرچاوە: ئاوێنە